
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ئیرمیا ٢: ١ - ٣: ٢
- 1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«بڕۆ و بە ئۆرشەلیمی ڕابگەیەنە با خەڵکەکە بیبیستن، بڵێ:
- «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «”بە یادی خۆمم هێنایەوە، دڵسۆزی کاتی مێردمنداڵیت و
- خۆشەویستی کاتی بووکێنیت،
- بەدوای مندا ڕۆیشتیت لە چۆڵەوانی،
- بە خاکێکدا کە کشتوکاڵی تێدا نەبوو.
- 3ئیسرائیل بۆ یەزدان پیرۆز بوو،
- یەکەمین بەرهەمی بەروبوومەکەیەتی.
- هەموو ئەوانەی خواردیان تاوانیان کرد،
- بەڵایان بەسەردا هات.“»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 4گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب،
- ئەی هەموو خێڵەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل،
- 5یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «باوباپیرانتان چ کەموکوڕییەکیان لە مندا بینی
- کە لێم دوور کەوتنەوە؟
- چوون دوای بتی پووچ کەوتن و
- خۆیان پووچ کرد.
- 6پرسیاریان نەکرد: ”کوا یەزدان،
- ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێناین،
- ئەوەی ئێمەی بەناو چۆڵەوانیدا برد،
- بە خاکێکی ڕووتەن و چاڵوچۆڵدا،
- بە خاکێکی وشک و سێبەری مەرگ،
- بە خاکێکدا کە کەسی پێدا تێنەپەڕیبوو،
- کەس لەوێ نیشتەجێ نەببوو؟“
- 7ئێوەم هێنایە ناو خاکێکی بەپیت
- بۆ ئەوەی بەروبووم و بەرهەمە چاکەکانی بخۆن.
- بەڵام هاتن و زەوییەکەی منتان گڵاو کرد،
- میراتەکەی منتان قێزەون کرد.
- 8کاهینەکان پرسیاریان نەکرد:
- ”کوا یەزدان؟“
- ئەوانەی مامۆستای تەوراتن نەیانناسیم،
- ڕابەرەکان لێم یاخی بوون،
- پێغەمبەرەکان بەهۆی بەعلەوە پێشبینییان کرد،
- دوای بتی پووچ کەوتن.»
- 9یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە دیسان دادگاییتان دەکەم،
- منداڵی منداڵیشتان پەلکێشی دادگا دەکەم.
- 10لە کەنارەکانی کیتیم بپەڕنەوە و ببینن،
- بنێرن بۆ قێدار و بە وردی سەرنج بدەن،
- ببینن ئاخۆ شتی وەک ئەمە بووە؟
- 11ئایا هیچ نەتەوەیەک خوداوەندەکانی خۆی گۆڕیوە؟
- هەرچەندە خودا نین.
- بەڵام گەلەکەی من خودای شکۆمەندیان گۆڕییەوە
- بە بتی پووچ.
- 12ئەی ئاسمان، لەبەر ئەمە واقت وڕبمێنێت،
- موچڕکەت پێدابێت و زۆر سەرسام بە.»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 13«گەلەکەم دوو خراپەی کردووە:
- وازیان لە من هێنا،
- من کە کانی ئاوی ژیانم،
- هەروەها ئەمباراویان بۆ خۆیان هەڵکەند،
- ئەمباراوی شکاو کە ئاو ڕاناگرێت.
- 14ئایا ئیسرائیل کۆیلەیە؟ یان کوڕی کۆیلەی لەدایک بووی ماڵە؟
- بۆچی بوو بە تاڵانی؟
- 15بەچکە شێران بەسەریدا نەڕاندیان،
- دەنگیان هات،
- خاکەکەیان وێران کردووە،
- شارۆچکەکانی سووتاون، بێ دانیشتووانن.
- 16هەروەها نەوەی مەمفیس و تەحپەنحێس
- تەپڵی سەری تۆیان تراشیووە.
- 17ئایا تۆ ئەمەت بە خۆت نەکرد،
- کە وازت لە یەزدانی پەروەردگارت هێنا
- کاتێک بە ڕێگادا دەیبردیت؟
- 18ئێستا بۆچی دەچیتە میسر
- بۆ خواردنەوەی ئاوی نیل؟
- ئێستا بۆچی دەچیتە ئاشور
- بۆ خواردنەوەی ئاوی ڕووباری فورات؟
- 19خراپەی خۆت تەمبێت دەکات و
- هەڵگەڕانەوەت سەرزەنشتت دەکات.
- جا بزانە و ببینە کە بۆتان خراپ و تاڵە،
- کاتێک واز لە یەزدانی پەروەردگارت دەهێنیت و
- ترسی منت لە دڵدا نییە،»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
- 20«تۆ لە کۆنەوە نیری خۆتت شکاندووە،
- کۆتەکانت پساندووە،
- گوتت: ”تۆ ناپەرستم!“
- تۆ بە ڕاستی لەسەر هەموو گردێکی بەرز و
- لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا
- وەک لەشفرۆشێک ڕاکشایت.
- 21من وەک شامێوێک
- لە نایابترین جۆر تۆم چاند،
- ئیتر چۆن لێم گۆڕایت،
- گۆڕایت بۆ زڕمێو؟
- 22هەرچەندە بە سۆدەش خۆت بشۆیت،
- زیاد سابوونیش لە خۆت بدەیت،
- هێشتا لەکەی تاوانەکەت لەبەردەممە.»
- ئەمە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 23«ئیتر چۆن دەڵێیت: ”گڵاو نەبووم،
- دوای بەعلەکان نەکەوتووم؟“
- تەماشای ڕێگاکەی خۆت بکە لە دۆڵەکە،
- بزانە چیت کردووە.
- تۆ وەک وشترە سووکەکەی کە لە ڕۆیشتندا بەلادادێی،
- 24وەک کەرەکێوییەکەی کە فێری چۆڵەوانیت،
- لەتاو هەوەسی با هەڵدەمژێت،
- لە کاتی بەتەڵەب هاتنی کێ دەیگێڕێتەوە؟
- هەموو ئەوانەی داوای دەکەن
- بەبێ ماندووبوون لە کاتی زاوزێ دەیدۆزنەوە.
- 25ئەوەندە مەگەڕێ تاوەکو ئەوەی پێیەکانت ڕووت بێتەوە و
- گەرووت وشک بێت.
- بەڵام گوتت: ”بێهوودەیە!
- نا! چونکە خوداوەندە بێگانەکانم خۆشویستووە،
- دوای ئەوان دەکەوم.“
- 26«وەک شەرمەزاری دز کە دەگیرێت،
- ئاوا بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاربوون،
- خۆیان و پاشا و میر و
- کاهین و پێغەمبەرەکانیان.
- 27هەریەکەیان بە دار دەڵێت: ”تۆ باوکی منیت“ و
- بە بەرد: ”تۆ منت بووە.“
- پشتیان تێ کردم
- نەک ڕوو،
- بەڵام لە کاتی بەڵایاندا دەڵێن:
- ”هەستە و ڕزگارمان بکە!“
- 28ئیتر کوا خوداوەندەکانت کە بۆ خۆت دروستت کردن؟
- با هەستن، ئەگەر لە کاتی بەڵادا دەتوانن ڕزگارت بکەن!
- ئەی یەهودا،
- خوداوەندەکانت بەقەد ژمارەی شارۆچکەکانتن.»
- 29یەزدان دەفەرموێت: «بۆچی سکاڵام لێ دەکەن؟
- هەمووتان لێم یاخی بوون،
- 30بەخۆڕایی سزای منداڵەکانتانم دا،
- تەمبێکردنیان وەرنەگرت،
- شمشێرەکانتان پێغەمبەرەکانتانی خوارد،
- وەک شێرێکی لەناوبەر.
- 31«ئەی نەوە، ئێوە ئاگاداری فەرمایشتی یەزدان بن:
- «ئایا بۆ ئیسرائیل بووم بە چۆڵەوانی،
- یان خاکی تاریک و تنۆک؟
- بۆچی گەلەکەم دەڵێن: ”بەڕەڵا بووین،
- ئیتر بۆ لات نایەینەوە؟“
- 32ئایا کچ خشڵی خۆی لەبیر دەکات،
- یان بووک جلی بووکێنی؟
- بەڵام گەلەکەی خۆم ڕۆژانێکی بێشومار
- منیان لەبیر کرد.
- 33تۆ چەند لێزانیت لە گەڕان بەدوای خۆشەویستیدا!
- تەنانەت سۆزانییەکانیشت فێری ڕێگای خۆت کرد.
- 34هەروەها بە جلەکانتەوە دەبینرێت،
- خوێنی گیانی نەدارە بێتاوانەکان،
- هەرچەندە ئەوانت لە کاتی دیواربڕیندا نەگرت.
- بەڵام لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە
- 35دەڵێیت: ”من بێتاوانم،
- خودا لە من تووڕە نییە.“
- بەڵام دادگاییت دەکەم،
- چونکە گوتت: ”گوناهم نەکرد.“
- 36بۆچی زۆر دەگەڕێیت
- بۆ گۆڕینی ڕێگاکانت؟
- هەروەها لە میسریش شەرمەزار دەبیت،
- وەک چۆن لە ئاشور شەرمەزار بوویت.
- 37هەروەها میسر بەجێدەهێڵیت و
- وەک دیل دەستەکانت بەسەر سەرتەوە دەبن،
- چونکە ئەوانەی تۆ پشتیان پێ دەبەستیت یەزدان ڕەتیکردنەوە،
- بەوان سەرکەوتوو نابیت.»
ئیرمیا ٣
- 1«ئەگەر پیاو ژنی خۆی تەڵاق بدات و
- ژنەکەی لەلای بڕوات و شوو بە پیاوێکی دیکە بکات،
- ئایا کابرا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە لای ئەو ژنە؟
- ئایا ئەو خاکە بە تەواوی گڵاو نابێت؟
- بەڵام تۆ لەشی خۆتت بە زۆر دۆست فرۆشت،
- ئایا ئێستا دەگەڕێیتەوە لام؟»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 2«چاو هەڵبڕە بۆ گردۆڵکەکان و ببینە!
- بزانە جێی ژووانێک هەیە کە لێی زەلیل نەکرابیت؟
- وەک کۆچەر لە چۆڵەوانی
- لەسەر ڕێگاکان بۆ خۆشەویستان دانیشتیت.
- بە لەشفرۆشیت و بە خراپەت
- خاکەکەت گڵاو کرد.