
Season 9 · Episode 6
وتهكان ٨: ١ - ٩: ٦
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
August 13, 202327m 4s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
وتهكان ٨: ١ - ٩: ٦
- 1ئاگاداربن بە جێبەجێکردنی هەموو ئەو فەرمانانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم هەتا بژین و زۆر بن و ئەو خاکەی یەزدان سوێندی خواردووە بۆ باوباپیرانتان بچنە ناوی و دەستی بەسەردا بگرن.
- 2هەموو ئەو ڕێگایانەشتان لە یاد بێت، کە یەزدانی پەروەردگارتان لە ماوەی ئەم چل ساڵە لە چۆڵەوانیدا ئێوەی پێدا برد هەتا بێفیزتان بکات و هەڵتانبسەنگێنێت تاکو ئەوەی لەناو دڵتانە بیزانێت، ئاخۆ فەرمانەکانی پەیڕەو دەکەن یان نا.
- 3جا بێفیزی کردن و برسی کردن و مەنی دەرخوارد دان، کە پێشتر نەتاندەزانی و باوباپیرانتیشتان نەیاندەزانی تاکو فێرتان بکات کە مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی یەزدانەوە دێتە دەرەوە.
- 4جلەکانتان بەبەرتانەوە کۆن نەبوون و پێتان نەئاوسا لەم چل ساڵەدا،
- 5جا لە دڵتانەوە بزانن وەک چۆن مرۆڤ کوڕەکەی تەمبێ دەکات، ئاوا یەزدانی پەروەردگارتان تەمبێی کردن.
- 6فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریشتان پەیڕەو بکەن هەتا ڕێگاکانی بگرنەبەر و لێی بترسن،
- 7چونکە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتە خاکێکی باش، خاکێک کە جۆگەکان و گۆماوەکان و سەرچاوەی کانیاوەکان هەڵدەقوڵێنە نێو دۆڵ و چیاکان،
- 8خاکی گەنم و جۆ و مێو و هەنجیر و هەنار، خاکی زەیتی زەیتوون و هەنگوین.
- 9خاکێکە نانی کەمی تێدا ناخۆن و تێیدا پێویستیتان بە هیچ شتێک نابێت، خاکێک بەردەکانی ئاسنە و لە چیاکانی مس هەڵدەکۆڵن.
- 10جا کاتێک خواردتان و تێر بوون، ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان دەکەن لەبەر ئەو خاکە باشەی پێیدان.
- 11ئاگاداربن نەوەک یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بکەن و فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێنەهێنن، ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم،
- 12نەوەک کاتێک خواردتان و تێر بوون و خانووی خۆشتان دروستکرد و نیشتەجێ بوون و
- 13مانگا و مەڕتان زیادی کرد و زێڕ و زیوتان بۆ زیاد بوو، هەموو ئەوەی هەتانە زیاد بوو،
- 14لووتتان بەرز بێت و یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بچێت کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان.
- 15ئەوەی بە چۆڵەوانی مەزن و ترسناکدا ئێوەی برد، شوێنی ماری ژەهراوی و دووپشک و خاکی تینووێتی و بێ ئاو، ئەوەی لە بەردەئەستێ ئاوی بۆ دەرهێنان.
- 16ئەوەی لە چۆڵەوانی مەنی دەرخوارد دان کە باوباپیرانتان نەیاندەزانی، هەتا بێفیزتان بکات و هەڵتانبسەنگێنێت بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا چاکەتان لەگەڵدا بکات.
- 17هەروەها نەوەک لە دڵی خۆتاندا بڵێن، «هێزی خۆمان و توانای دەستمان ئەم سامانەی بۆ دروستکردین،»
- 18بەڵکو یەزدانی پەروەردگارتان لە یاد بێت، ئەو هێزتان دەداتێ بۆ سامان دروستکردن، هەتا ئەو پەیمانەی خۆی بەجێبگەیەنێت کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد وەک ئەمڕۆ.
- 19ئەگەر یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر کرد و بەدوای خوداوەندانی دیکە کەوتن و پەرستتان و کڕنۆشتان بۆ بردن، ئەوا ئەمڕۆ شایەتیتان لەسەر دەدەم کە بێگومان لەناودەچن،
- 20وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەبەردەمتان لەناویان دەبات، ئێوەش لەناو دەبردرێن لەبەر ئەوەی ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون.
وتهكان ٩
- 1ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، ئەمڕۆ ئێوە خەریکن لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوەوە و گەلەکانی ناوی دەربکەن، ئەوان لە ئێوە مەزنتر و بەهێزترن، شارەکانیان گەورە و شوورادارن هەتا ئاسمان.
- 2نەتەوەیەکی مەزن و باڵا بەرز، نەوەی عەناق، کە بەوانتان زانیوە و بیستووتانە کە گوتراوە: «کێ لە ڕووی نەوەی عەناق دەوەستێت؟»
- 3جا ئەمڕۆ بزانن کە یەزدانی پەروەردگارتان لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە وەک ئاگرێکی سووتێنەر، ئەو لەبەردەمتاندا لەناویان دەبات و زەلیلیان دەکات و ئێوەش دەریاندەکەن و بە خێرایی لەناویان دەبەن، هەروەک یەزدان بەڵێنی پێدان.
- 4کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتاندا لایان دەبات، لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «لەبەر ڕاستودروستیمان یەزدان ئێمەی هێنایە ئێرە هەتا دەست بەسەر ئەم خاکەدا بگرین،» بەڵکو لەبەر بەدکاری ئەو گەلانەیە، یەزدان لەبەردەمتاندا دەریاندەکات.
- 5لەبەر ڕاستودروستی و دڵپاکیتان نییە کە دەچنە ناوەوە تاکو دەست بەسەر زەوییەکەیاندا بگرن، بەڵکو لەبەر بەدکاری ئەو گەلانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتان دەریاندەکات و هەتا ئەو بەڵێنەش جێبەجێ بکات کە یەزدان سوێندی لەسەر خوارد بۆ باوباپیرانتان، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.
- 6جا بزانن لەبەر ڕاستودروستیتان نییە یەزدانی پەروەردگارتان ئەو خاکە باشەتان پێدەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن، چونکە ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن.