
Season 43 · Episode 17
حزقیال ٢٨: ١٦ - ٣٠: ٢٦
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
May 30, 202522m 29s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
حزقیال ٢٨: ١٦ - ٣٠: ٢٦
- 16بەهۆی فراوانبوونی بازرگانییەکەت،
- پڕ بوویت لە ستەم و
- گوناهت کرد.
- لەبەر ئەوە ئەی کەڕوبی پاسەوان،
- وەک گڵاوییەک لە کێوی خوداوە فڕێمدایت،
- لەناو بەردە ئاگرینەکاندا دەرمکردیت.
- 17لەبەر جوانییەکەت لەخۆبایی بوویت،
- لە پێناوی شکۆی خۆت داناییەکەتت بە گەندەڵی بەکارهێنا.
- لەبەر ئەوە فڕێمدایتە سەر زەوی،
- تۆم کرد بە دیمەنێک بۆ ئەوەی پاشایان تەماشات بکەن.
- 18لەبەر زۆری تاوانەکانت و ناپاکیت لە بازرگانییەکەت
- پیرۆزگاکانی خۆتت گڵاوکرد.
- لەبەر ئەوە ئاگرێکم داگیرساند لە تۆوە دەرچوو،
- تۆی هەڵلووشی،
- دەتکەمە خۆڵەمێش لەسەر زەوی،
- لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی سەیریان دەکردیت.
- 19هەموو ئەوانەی لەنێو گەلان تۆیان ناسی
- واقیان لێت وڕدەمێنێت،
- چونکە بوویتە پەند و
- ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
- 20فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 21«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە سەیدا بکە و پێشبینی لەسەر بکە،
- 22بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”ئەی سەیدا، من لە دژی تۆم و
- لە ناوەڕاستی تۆدا شکۆمەندی خۆم دەردەخەم.
- کاتێک سزای ئەو دەدەم و
- پیرۆزی خۆم دەردەخەم،
- ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.
- 23دەرد دەنێرمە سەری و
- خوێن بەناو کۆڵانەکانیدا دەڕوات.
- لە هەموو لایەکەوە شمشێر دێتە سەری و لە ناوەڕاستیدا کوژراوەکان دەکەون،
- کە لە هەموو لایەکەوە دێتە سەری،
- ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
- 24«”لەمەودوا ئەو گەلانەی کە لە دەوروبەری بنەماڵەی ئیسرائیلن، ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکەن بۆیان نابنە چقڵی چەقیو و دڕکی بە ئازار. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.
- 25«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل کۆدەکەمەوە، لەنێو ئەو گەلانەی کە بۆ ناویان پەرتەوازە بوون، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم. ئیتر لە خاکەکەی خۆیاندا نیشتەجێ دەبن، ئەوەی دام بە یاقوبی بەندەی خۆم.
- 26ئینجا بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن و خانوو بنیاد دەنێن و ڕەز دەچێنن. کاتێک سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە لە دەوروبەریان سووکایەتییان پێ کردن، بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، خودای ئەوانم.“»
حزقیال ٢٩
- 1لە دوازدەی مانگی دەی ساڵی دەیەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە فیرعەونی پاشای میسر بکە و پێشبینی لەسەر هەموو میسر بکە.
- 3قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”ئەی فیرعەونی پاشای میسر، من لە دژی تۆم،
- ئەی تیمساحە گەورە ڕاکشاوەکە لەناو لقەکانی نیل،
- ئەوەی گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و
- من بۆ خۆم دروستم کردووە.‘
- 4قولاپ لە شەویلگەت دەکەم،
- ماسی چەمەکانت بە پوولەکەکانتەوە دەلکێنم.
- بە هەموو ئەو ماسییانەوە کە بە پوولەکەکانتەوە لکاون،
- لە ناوەڕاستی چەمەکانت دەرتدەهێنم.
- 5لە چۆڵەوانی بەجێت دەهێڵم،
- خۆت و هەموو ماسی چەمەکانت.
- لە دەشتودەر دەمریت،
- نە خڕدەکرێیتەوە و نە هەڵدەگیرێیتەوە.
- تۆ دەکەمە خۆراکی
- گیانلەبەری زەوی و باڵندەی ئاسمان.
- 6ئەو کاتە هەموو دانیشتووانی میسر دەزانن کە من یەزدانم.
- «”تۆ گۆچانی قامیش بوویت بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
- 7کە تۆیان بە دەست گرت، شەق شەق بوویت و ناو شانی ئەوانت دڕی، کە خۆیان بەسەرتدا دا، شکایت و پشتی ئەوانیشت شکاند.
- 8«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من شمشێرێکت دەهێنمە سەر، مرۆڤ و ئاژەڵت لێ ڕیشەکێش دەکەم.
- 9خاکی میسر دەبێت بە کاولگە و چۆڵەوانی، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
- «”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ڕووباری نیل هی منە و من دروستم کردووە،‘
- 10لەبەر ئەوە من لە دژی تۆ و چەمەکانی تۆم، خاکی میسر دەکەم بە کەلاوەی کاول و چۆڵ، لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان و هەتا سنووری کوش.
- 11نە پێی مرۆڤی تێدا ڕەت دەبێت و نە پێی ئاژەڵ، بۆ چل ساڵ کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت.
- 12خاکی میسر دەکەم بە چۆڵەوانی نێو خاکە چۆڵەکان، شارەکانیشی بۆ ماوەی چل ساڵ لەناو شارە کاولەکان چۆڵ دەبێت، میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و لەنێو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.
- 13«”لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە کۆتایی چل ساڵەکە میسرییەکان لەو گەلانە کۆدەکەمەوە کە تێیاندا پەرشوبڵاو بوون.
- 14ڕاپێچکراوەکانی میسر دەگەڕێنمەوە بۆ شانشینی باشووری میسر، بۆ نیشتیمانی دایکیان دەیانگەڕێنمەوە و لەوێ دەبن بە پاشایەتییەکی نزم و بێ نرخ.
- 15بێ نرخترین پاشایەتی دەبێت، ئیتر بەسەر نەتەوەکاندا بەرز نابێتەوە. لاوازیان دەکەم بۆ ئەوەی بەسەر نەتەوەکاندا زاڵ نەبن.
- 16لەمەودوا میسر نابێت بە پاڵپشتی بنەماڵەی ئیسرائیل، بەڵکو تاوانەکەیان دێتەوە یادیان، کاتێک ڕوویان لە میسر کرد، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“»
- 17لە یەکی مانگی یەکی ساڵی بیست و حەوتەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 18«ئەی کوڕی مرۆڤ، نەبوخودنەسری پاشای بابل لەشکرەکەی خۆی لە جەنگێکی قورسدا لە دژی سور بەکارهێنا، هەتا ئەوەی هەموو سەرێک ڕووتایەوە و هەموو شانێک داماڵرا، بەڵام نە خۆی و نە لەشکرەکەی لەو جەنگەی کە ڕابەرایەتی کرد هیچ پاداشتێکیان لە سور دەست نەکەوت.
- 19لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خاکی میسر دەدەمە نەبوخودنەسری پاشای بابل، جا سامانەکەی دەبات، دەیدزێت و تاڵانی دەکات، دەبێتە کرێ بۆ لەشکرەکەی.
- 20خاکی میسرم بە ئەو دا وەک پاداشت بۆ ماندووبوونەکەی، چونکە ئەو و سوپاکەی لە پێناوی مندا جەنگان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 21«لەو ڕۆژەدا هێزی بنەماڵەی ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە، دەمی تۆش لەنێویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
حزقیال ٣٠
- 1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”واوەیلا بکەن،
- ’ئای بۆ ئەو ڕۆژە!‘
- 3چونکە ڕۆژەکە نزیکە،
- ڕۆژەکەی یەزدان نزیکە،
- ڕۆژێکی بە هەورە،
- کاتی وێرانبوونی نەتەوەکان دەبێت.
- 4شمشێرێک دێتە سەر میسر،
- ترس دێتە سەر کوش.
- کاتێک کوژراوان لە میسر دەکەون،
- سامانەکەی دەبردرێت و
- بناغەکانی دەڕووخێنرێت.
- 5کوش و لیبیا، لوود و هەموو عەرەبستان، کووب و نەوەکانی خاکی پەیمان، لەگەڵ میسر بە شمشێرەکە دەکەون.
- 6«”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «”هاوپەیمانانی میسر دەشکێن و
- هێزەکەی لەدەست دەدات کە مایەی شانازییەتی،
- خەڵکەکەشی لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان
- بە شمشێرەکە دەکوژرێن.“»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 7«”وەک خاکەکانی دەوروبەریان چۆڵ دەبن،
- شارەکانیان لە ڕیزی شارە کاولەکان دەبن.
- 8بەوە دەزانن کە من یەزدانم،
- کاتێک ئاگر لە میسر بەردەدەم و
- هەموو یارمەتیدەرانی تێکدەشکێنرێن.
- 9«”لەو ڕۆژەدا، نێردراوان بە سواری کەشتی لەلای منەوە دێن بۆ تۆقاندنی کوشی لەخۆڕازی، ئینجا لە ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێتە سەریان، چونکە ئەوەتا دێت.
- 10«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”من ئاپۆرەی سوپای میسر لەناودەبەم،
- بە دەستی نەبوخودنەسری پاشای بابل.
- 11ئەو بە خۆی و بە لەشکرەکەیەوە دڕندەترینی نەتەوەکانن،
- بۆ کاولکردنی خاکەکە دەهێنرێن،
- جا شمشێرەکانیان بۆ سەر میسر هەڵدەکێشن،
- خاکەکە پڕ دەکەن لە کوژراو.
- 12چەمەکانی نیل وشک دەکەم و
- خاکەکە دەفرۆشم بە خراپەکاران،
- بە دەستی بێگانان
- خاکەکە و هەرچی تێیدایە کاولی دەکەم.
- من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
- 13«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”بتەکان لەناودەبەم و
- کۆتایی بە پەیکەرەکانی نێو مەمفیس دەهێنم،
- لەمەودوا هیچ میرێک لە خاکی میسر هەڵناکەوێت،
- ترس دەخەمە سەر خاکی میسر.
- 14پاشایەتی باشووری میسر تێکدەدەم و
- ئاگر لە چۆعەن بەردەدەم و
- لە شاری تیب سزا دەسەپێنم.
- 15تووڕەیی خۆم بەسەر شاری پەلوزیوم دەبارێنم،
- قەڵاکەی میسر،
- ئاپۆرەی سوپای تیب ڕیشەکێش دەکەم.
- 16ئاگر لە میسر بەردەدەم،
- پەلوزیوم ئێشی پێ دەگات.
- تیب تەفروتونا دەبێت،
- مەمفیسیش هەموو ڕۆژێک لە تەنگانەدا دەبێت.
- 17گەنجەکانی ئۆن و پیڤەسەت
- بە شمشێر دەکوژرێن،
- ئەو دوو شارەش ڕاپێچ دەکرێن.
- 18لە تەحپەنحێس ڕۆژ تاریک دادێت
- کاتێک نیرەکانی میسر دەشکێنم،
- شانازی هێزی نامێنێت.
- هەورێک میسر دادەپۆشێت،
- شارۆچکەکانی ڕاپێچ دەکرێن.
- 19لە میسر سزا دەسەپێنم،
- ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
- 20لە حەوتی مانگی یەکی ساڵی یازدەیەمین، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 21«ئەی کوڕی مرۆڤ، من بازووی فیرعەونی پاشای میسرم شکاند. یەکناگرێتەوە، نە بە پەلیکە دار و نە بە پێچانەوەی، بۆ ئەوەی بەهێز بێت و شمشێر بەدەستەوە بگرێتەوە.
- 22لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی فیرعەونی پاشای میسرم. هەردوو بازووی دەشکێنم، ساغەکە و شکاوەکە، شمشێر لە دەستی بەردەدەمەوە.
- 23میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.
- 24هەردوو بازووی پاشای بابل توند دەکەم و شمشێری خۆم دەدەمە دەستییەوە. هەردوو بازووی فیرعەونیش دەشکێنم و لەبەردەمی وەک نوزانەوەی بریندار دەنوزێتەوە.
- 25بازووەکانی پاشای بابل توند دەکەم، بەڵام بازووەکانی فیرعەون دەکەون. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شمشێری خۆم دەدەمە دەست پاشای بابل و بەسەر خاکی میسردا هەڵیدەکێشێت.
- 26میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»