
Season 16 · Episode 13
سامۆئێلی دووهم ٢٣: ١ - ٢٤: ٢٥
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
January 9, 202419m 51s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
سامۆئێلی دووهم ٢٣: ١ - ٢٤: ٢٥
- 1ئەمانەش دواهەمین وشەکانی داودن:
- «ئەمە وەک سروش درا بە داودی کوڕی یەسا،
- ئەو پیاوەی کە لەلایەن خودای هەرەبەرز پایەبەرز بووە،
- دەستنیشانکراوەکەی خودای یاقوب و
- زەبووربێژە دەنگ خۆشەکەی ئیسرائیل:
- 2«ڕۆحی یەزدان لە ڕێگەی منەوە دوا،
- وشەکەشی لەسەر زمانم بوو.
- 3خودای ئیسرائیل فەرمووی،
- تاشەبەردەکەی ئیسرائیل لەگەڵ من دوا:
- ”کاتێک کەسێک بە ڕاستودروستی فەرمانڕەوایەتی خەڵک دەکات،
- کاتێک بە لەخواترسییەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
- 4ئەوا وەک ڕووناکی بەیانە لە کاتی خۆرهەڵاتن
- لە بەیانییەکی ساماڵ،
- وەک ڕووناکی بێگەردی پاش بارانە
- کە گیای تازە لە زەوییەوە دەهێنێتە دەرەوە.“
- 5«ئایا ماڵەکەم لەلای خودا بەم جۆرە نییە؟
- پەیمانێکی هەتاهەتایی لەگەڵ بەستووم،
- کە لە هەموو ڕووێکەوە ڕێکوپێک و مسۆگەرە.
- ئەی هەموو ڕزگاری و
- ئارەزووێکم ناهێنێتە دی؟
- 6بەڵام بەدکاران هەموویان وەک دڕک فڕێدەدرێن،
- کە بە دەست کۆناکرێنەوە.
- 7هەرکەسێک کە خۆی لە دڕکەکان بدات،
- ئامێری ئاسن و داری ڕم بەکاردەهێنێت؛
- ئەمانە لە شوێنی خۆیاندا بە ئاگر دەسووتێنرێن.»
- 8ئەمانەش ناوی پاڵەوانەکانی داودن:
- یۆشێڤ بەشەڤەتی تەحکەمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا هەشت سەد کەسی کوشت.
- 9پاش یۆشێڤ، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە. ئەو لە پەس دەممیم لەگەڵ داود بوو، کاتێک گاڵتەی بەو فەلەستییانە کرد کە بۆ جەنگ کۆببوونەوە، پیاوانی ئیسرائیلیش پاشەکشەیان کرد.
- 10ئەو هەستا و هەتا دەستی شل بوو لە فەلەستییەکانی دا، دەستی بە شمشێرەکەیەوە نووسا و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا ڕزگارییەکی گەورەی ئەنجام دا. کاتێک لەشکرەکەشی بۆ لای ئەلعازار گەڕانەوە هیچ نەمابوو تەنها تاڵانکردن نەبێت.
- 11پاش ئەلعازاریش، شەممای کوڕی ئاگێی هاراری دێت. کاتێک فەلەستییەکان لەشکریان لە شوێنی پەڵە نیسکێکدا کۆکردەوە، لەشکری ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات.
- 12بەڵام شەمما لە ناوەڕاستی پەڵە نیسکەکەدا ڕاوەستا و بەرگری کرد و لە فەلەستییەکانی دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشی.
- 13سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت لە وەرزی دروێنەدا دابەزین بۆ لای داود لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون.
- 14لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێتلەحم بوو.
- 15داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «خۆزگە کەسێک لە بیرەکەی لای دەروازەکەی بێتلەحم ئاوی بۆ دەهێنام!»
- 16ئیتر سێ پاڵەوانەکە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێتلەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی.
- 17گوتی: «ئەی یەزدان، لە من بەدوور بێت ئەمە بکەم. ئەمە خوێنی ئەو پیاوانەیە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە.» لەبەر ئەوە داود نەیویست بیخواتەوە.
- ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.
- 18ئەبیشەی برای یۆئاب، کوڕی چەرویاش ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو.
- 19ئایا ئەو زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ نەدەگیرا؟ ئەو بوو بە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.
- 20بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت.
- 21ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی.
- 22ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد.
- 23لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.
- 24ئەمانە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکە بوون:
- عەساهێلی برای یۆئاب،
- ئێلحانانی کوڕی دۆدۆی بێتلەحمی،
- 25شەممای حەرۆدی،
- ئەلیقای حەرۆدی،
- 26حەلەچی پەلتیی،
- عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی،
- 27ئەبیعەزەری عەناتۆتی،
- مەڤونەیی حوشاتی،
- 28چەلمۆنی ئەحۆحی،
- مەهەرەیی نەتۆفایی،
- 29حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفایی،
- ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین،
- 30بەنایای پیرعاتۆنی،
- هیدەی لە شیوەکانی گاعەشەوە،
- 31ئەبیعەلڤۆنی عەرڤاتی،
- عەزماڤێتی بەرحومی،
- 32ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی،
- کوڕەکانی یاشێن،
- یۆناتانی کوڕی
- 33شەممای هاراری،
- ئەحیامی کوڕی شاراری هاراری،
- 34ئەلیفەلەتی کوڕی ئەحەسبەیی مەعکاتی،
- ئەلیعامی کوڕی ئەحیتۆفەلی گیلۆنی،
- 35حەسرۆی کارمەلی،
- پەعەرەیی ئەربی،
- 36یەگالی کوڕی ناتانی چۆڤائی،
- کوڕی هەگری،
- 37چەلەقی عەمۆنی،
- نەحەرەیی بئێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،
- 38عیرای یەتری،
- گارێڤی یەتری و
- 39ئوریای حیتی.
- هەموویان سی و حەوت کەس بوون.
سامۆئێلی دووهم ٢٤
- 1دووبارە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیل جۆشا و داودی لێ هاندان و فەرمووی: «بڕۆ سەرژمێری ئیسرائیل و یەهودا بکە.»
- 2پاشا بە یۆئاب و بەو فەرماندانەی سوپای گوت کە لەلای بوون: «ئێستا بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بگەڕێن، لە دانەوە هەتا بیری شابەع، جەنگاوەران تۆمار بکەن بۆ ئەوەی ژمارەیان بزانم.»
- 3یۆئابیش بە پاشای گوت: «با یەزدانی پەروەردگارت جەنگاوەران سەد ئەوەندە زیاتر بکات و پاشای گەورەم بە چاوی خۆی ئەوە ببینێت، بەڵام بۆچی پاشای گەورەم ئەم کارەی پێ باشە؟»
- 4لەگەڵ ئەوەشدا پاشا بڕیارەکەی خۆی بەسەر یۆئاب و سەرکردەکانی سوپادا سەپاند، ئیتر ئەوان لەبەردەم پاشا چوونە دەرەوە تاوەکو جەنگاوەرانی ئیسرائیل تۆمار بکەن.
- 5دوای ئەوەی لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، لە نزیکی عەرۆعێر لەلای باشووری شارۆچکەکە کە لەناو دەربەندەکەیە چادریان هەڵدا. پاشان چوونە ناو خاکی گاد و دوای ئەوەش بەردەوام بوون هەتا شارۆچکەی یەعزێر.
- 6پاشان چوونە گلعاد و ناوچەی تەحتیم حۆدشی و ئینجا چوونە دان یەعەن و سووڕانەوە بۆ سەیدا.
- 7دوای ئەوە چوونە قەڵای سور و هەموو شارۆچکەکانی حیڤی و کەنعانییەکان. لە کۆتاییدا چوونە نەقەبی یەهودا بۆ بیری شابەع.
- 8بەناو هەموو خاکەکەدا گەڕان و دوای نۆ مانگ و بیست ڕۆژ گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
- 9یۆئاب ئەنجامی سەرژمێرییەکەی دایە پاشا: لە ئیسرائیل هەشت سەد هەزار پیاوی بە توانا لە بەکارهێنانی شمشێر هەبوون، لە یەهوداش پێنج سەد هەزار هەبوون.
- 10پاش سەرژمێریکردنی گەل، داود تووشی ئازاری ویژدان بوو، بە یەزدانی گوت: «زۆر گوناهم کرد لەوەی کە کردم. ئێستاش ئەی یەزدان، لە تاوانی خزمەتکارەکەت خۆشبە، چونکە ڕەفتارێکی زۆر گێلانەم کرد.»
- 11پێش ئەوەی داود بەیانی لە خەو هەستێت، فەرمایشتی یەزدان بۆ گادی پێغەمبەر هاتبوو، ئەوەی پەیامی خودای بە داود ڕادەگەیاند، پێی فەرمووبوو:
- 12«بڕۆ بە داود بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من سێ هەڵبژاردە دەخەمە بەردەمت و تۆش یەکێکیان هەڵبژێرە بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەم لەسەرت.“»
- 13ئیتر گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «ئایا لە خاکەکەتدا سێ ساڵ قاتوقڕیت بەسەربێت؟ یان سێ مانگ لەبەردەم دوژمنەکانت هەڵبێیت و ئەوانیش ڕاوت بنێن؟ یان سێ ڕۆژ دەرد لە خاکەکەتدا بڵاو ببێتەوە؟ ئێستا بزانە و ببینە، چی وەڵامی خودا بدەمەوە کە منی ناردووە.»
- 14داودیش بە گادی گوت: «زۆر لە تەنگانەدام، با بکەوینە دەستی یەزدان، چونکە ئەو بەزەیی زۆرە، بەڵام با نەکەوینە ژێر دەستی مرۆڤەوە.»
- 15لەبەر ئەوە یەزدان لە بەیانییەوە هەتا کاتی دیاریکراو دەردی خستە ناو ئیسرائیلەوە، ئیتر لە دانەوە هەتا بیری شابەع حەفتا هەزار پیاو مردن.
- 16فریشتەکە دەستی بۆ ئۆرشەلیم درێژکرد بۆ ئەوەی وێرانی بکات، بەڵام یەزدان کارەساتەکەی ڕاگرت، بەو فریشتەیەی فەرموو کە گەلی لەناودەبرد: «بەسە! ئێستا دەست هەڵبگرە!» لەو کاتەدا فریشتەکەی یەزدان لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی بوو.
- 17کاتێک داود فریشتە لەناوبەرەکەی گەلی بینی، بە یەزدانی گوت: «من گوناه و تاوانم کردووە، بەڵام ئەم مەڕانە چییان کردووە؟ تکایە با سزاکەت بۆ من و بنەماڵەکەم بێت.»
- 18لەو ڕۆژەدا گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «سەربکەوە و لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی قوربانگایەک بۆ یەزدان دابمەزرێنە.»
- 19داودیش بەپێی قسەکەی گاد، هەروەک یەزدان فەرمانی دابوو سەرکەوت.
- 20کاتێک ئەرەونا تەماشای کرد و بینی وا پاشا و خزمەتکارەکانی دێنە لای، ئەرەونا چووە دەرەوە، کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی.
- 21ئەرەونا گوتی: «پاشای گەورەم بۆچی هاتووە بۆ لای خزمەتکارەکەی؟»
- داودیش گوتی: «بۆ ئەوەی جۆخینەکەت لێ بکڕم تاکو قوربانگایەک بۆ یەزدان بنیاد بنێم و دەردەکە لە کۆڵ گەل ببێتەوە.»
- 22ئەرەوناش بە داودی گوت: «با پاشای گەورەم ئەوەی بەلایەوە باشە بیبات و بیکاتە قوربانی. تەماشا بکە. ئەوە گا بۆ قوربانی سووتاندن و جەنجەڕ و نیری گایەکان بۆ دار.
- 23ئەی پاشا، ئەرەونای خاوەنیان هەمووی دەداتە پاشا.» هەروەها ئەرەونا بە پاشای گوت: «یەزدانی پەروەردگارت لێت ڕازی بێت.»
- 24بەڵام پاشا بە ئەرەونای گوت: «نەخێر، بەڵکو بە نرخ لە تۆی دەکڕم و قوربانی سووتاندنی بە خۆڕایی بۆ یەزدانی پەروەردگارم سەر ناخەم.»
- لەبەر ئەوە داود جۆخینەکە و گایەکانی بە پەنجا شاقل زیو کڕی.
- 25داود لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەرخست. ئیتر یەزدانیش لەبەر خاکەکە وەڵامی دایەوە و دەردەکە لە ئیسرائیل دوور کەوتەوە.