PLAY PODCASTS
ئیرمیا ٣١: ١ - ٣٢: ٤٤
Season 39 · Episode 15

ئیرمیا ٣١: ١ - ٣٢: ٤٤

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

April 15, 202522m 38s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

ئیرمیا ٣١: ١ - ٣٢: ٤٤

  • 1یەزدان دەفەرموێت: «لەو کاتەدا، دەبم بە خودای هەموو خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانیش دەبن بە گەلی من.»
  • 2یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «ئەو گەلەی لە دەمی شمشێر دەربازبوون
  • لە چۆڵەوانی میهرەبانییان دەستکەوت،
  • کاتێک هاتم ئیسرائیل بحەوێنمەوە.»
  • 3لە دێرزەمانەوە یەزدانمان بۆ دەرکەوتووە و دەفەرموێت:
  • «بە خۆشویستنێکی هەتاهەتایی ئێوەم خۆشدەوێت،
  • لەبەر ئەوە بەردەوامیم دا بە خۆشەویستی نەگۆڕم بۆ ئێوە.
  • 4ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بنیادت دەنێمەوە،
  • بنیاد دەنرێیتەوە.
  • دووبارە دەفەکانت هەڵدەگریتەوە
  • بۆ ناو سەمای بەزمگێڕان دەچیت.
  • 5دووبارە ڕەزەمێو دەچێنیت
  • لە چیاکانی سامیرە،
  • ڕەزەوانەکان دەچێنن و
  • بەرەکەی دەخۆن.
  • 6ڕۆژێک دێت
  • چاودێران لە شاخەکانی ئەفرایم بانگەواز دەکەن:
  • ”وەرن، با بۆ سییۆن سەربکەوین،
  • بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان.“»
  • 7یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «بە شادییەوە گۆرانی بۆ یاقوب بڵێن،
  • هاواری خۆشی بکەن بۆ سەر باشترین نەتەوە.
  • با ستایشتان ببیسترێت و بڵێن:
  • ”ئەی یەزدان، گەلی خۆت ڕزگار بکە،
  • پاشماوەکەی ئیسرائیل!“
  • 8ئەوەتا من لە خاکی باکوورەوە دەیانهێنمەوە،
  • لە هەموو لایەکی زەوی کۆیان دەکەمەوە،
  • لەنێویان شەل و نابینا دەبێت
  • ژنی سکپڕ و ژانگرتوو پێکەوە،
  • کۆمەڵێکی گەورە دەگەڕێنەوە بۆ ئێرە.
  • 9بە گریانەوە دێن،
  • لەو کاتەی دەیانگەڕێنمەوە دەپاڕێنەوە،
  • بەلای ڕووبارە ئاوەکاندا دەیانبەم،
  • بە ڕێگایەکی ڕاست، تێیدا ساتمە ناکەن و ناکەون،
  • چونکە من باوکی ئیسرائیلم،
  • ئەفرایم نۆبەرەمە.
  • 10«ئەی نەتەوەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
  • لە کەنارە دوورەکان ڕابگەیەنن:
  • ”ئەوەی ئیسرائیلی پەرتەوازە کرد، کۆیان دەکاتەوە،
  • وەک شوان مێگەلی خۆی دەپارێزێت،“
  • 11چونکە یەزدان نرخی ئازادبوونی یاقوبی دا،
  • لە دەست ئەوەی لەو بەهێزتر بوو کڕییەوە.
  • 12جا دێن و لە بەرزاییەکانی سییۆن هاواری خۆشی دەکەن.
  • لەبەر خێروبێری یەزدان دەگەشێنەوە،
  • بەسەر دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەوە،
  • بەسەر بەرخ و گوێرەکەوە.
  • وەک باخچەیەکی تێر ئاو دەبن،
  • جارێکی دیکە سیس نابن.
  • 13ئەوسا پاکیزەکان سەما دەکەن و دڵشاد دەبن،
  • گەنجان و پیران پێکەوە.
  • شینیان دەگۆڕم بە شادی،
  • دڵنەواییان دەکەم و لەدوای پەژارەییان دڵخۆشیان دەکەم.
  • 14کاهینەکان تێر دەکەم لە چەوری،
  • گەلەکەم لە خێروبێرم تێر دەبن.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 15یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،
  • گریان و شیوەنێکی گەورە،
  • ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت،
  • ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،
  • چونکە نەماون.»
  • 16یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «واز لە گریان بهێنە و
  • چاوت فرمێسک هەڵنەڕێژێ،
  • چونکە کردەوەکەت پاداشتی هەیە.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • «لە خاکی دوژمن دەگەڕێنەوە.
  • 17کەواتە هیوا بە دواڕۆژت هەیە.
  • منداڵەکانت دەگەڕێنەوە خاکی خۆیان.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 18«بە دڵنیاییەوە گوێم لێ بوو ئەفرایم ئاخی هەڵدەکێشا:
  • ”وەک گوێرەکەیەکی دەستەمۆنەکراو تەمبێت کردم،
  • من تەمبێ بووم.
  • بمگەڕێنەوە لای خۆت، دەگەڕێمەوە،
  • چونکە تۆ یەزدانی پەروەردگاری منی.
  • 19لەدوای گومڕابوونم،
  • پەشیمان بوومەوە،
  • لەدوای تێگەیشتنم،
  • لە سنگی خۆمم دا.
  • شەرمەزار بووم و گاڵتەم پێ کرا،
  • چونکە ڕیسوایی کاتی مێردمنداڵیم بە کۆڵمەوە بوو.“
  • 20ئایا ئەفرایم کوڕی ئازیزم نییە،
  • ئەو منداڵەی دڵم پێی خۆشە؟
  • لەبەر ئەوەی هەر کاتێک لە دژی ئەو دەدوێم،
  • دووبارە دێتەوە یادم.
  • لەبەر ئەوە هەناوم بۆی دەسووتێت،
  • بە تەواوی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 21«نیشانە بۆ خۆت بچەقێنە و
  • ڕێوشوێن دابنێ.
  • بە وردی بڕوانە ڕێگاکە،
  • ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن.
  • ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بگەڕێوە،
  • بگەڕێوە بۆ شارۆچکەکانت.
  • 22هەتا کەی بەم لاو بەو لادا دەڕۆیت،
  • ئەی کچی هەڵگەڕاوە؟
  • چونکە یەزدان شتێکی نوێی لەسەر زەوی بەدیهێناوە:
  • ژن پیاو دەپارێزێت.»
  • 23یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «کاتێک ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە، جارێکی دیکە ئەم وشانە لە خاکی یەهودا و لە شارۆچکەکانی دەڵێنەوە: ”ئەی نشینگەی ڕاستودروستی، ئەی کێوی پیرۆز! یەزدان بەرەکەتدارت بکات.“
  • 24جا خەڵکەکە لە یەهودا و هەموو شارۆچکەکانی نیشتەجێ دەبن، جوتیار و ڕەوەندەکان لەگەڵیان دەبن.
  • 25ماندوو دەبووژێنمەوە، هەموو سیسێک تێر دەکەم.»
  • 26لێرەدا بەئاگاهاتم و تەماشای دەوروبەرم کرد. خەوەکەم خۆش بوو.
  • 27یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت، ژمارەی خەڵک و ژمارەی ئاژەڵ لە ئیسرائیل و یەهودا زۆر زیاد دەکەم.
  • 28جا چۆن چاودێر بووم بۆ ڕیشەکێشکردن و ڕووخاندن، بۆ کاولکاری، بۆ لەناوبردن و بەڵا بەسەرهێنان، ئاواش چاودێر دەبم بۆ بنیادنانەوە و چاندن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 29«لەو ڕۆژانەدا ئیتر ناڵێن:
  • «”باوکان بەرسیلەیان خوارد،
  • ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبێت.“
  • 30بەڵکو هەرکەسە و بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، هەرکەسێک بەرسیلە بخوات ددانی خۆی ئاڵ دەبێت.»
  • 31یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت،
  • پەیمانێکی نوێ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و
  • بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
  • 32وەک ئەو پەیمانە نابێت
  • کە لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم،
  • ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت
  • بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم،
  • چونکە ئەوان پەیمانەکەی منیان شکاند،
  • هەرچەندە من مێردی ئەوان بووم.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 33یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە
  • لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم،
  • فێرکردنەکانم دەخەمە ناو مێشکیان و
  • لەسەر دڵیان دەینووسم.
  • من دەبم بە خودای ئەوان و
  • ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
  • 34لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی
  • یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت: ”یەزدان بناسە،“
  • چونکە هەموویان دەمناسن،
  • لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،
  • چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم،
  • چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 35یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
  • ئەوەی خۆری داناوە
  • بۆ درەوشانەوە لە ڕۆژ،
  • فەرزی مانگ و ئەستێرەکانیش
  • بۆ درەوشانەوە لە شەو،
  • ئەوەی دەریا دەوروژێنێت،
  • شەپۆلەکانی هاژەیان دێت،
  • ناوی یەزدانی سوپاسالارە،
  • 36یەزدان دەفەرموێت:
  • «ئەگەر ئەم فەرزانە لەبەرچاوم نەمێنن،
  • ئەوسا ڕەچەڵەکی ئیسرائیلیش کپ دەبن
  • لەوەی بە درێژایی ڕۆژگار لەبەردەمم ببن بە نەتەوە.»
  • 37یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «ئەگەر ئاسمان لە سەرەوە بپێورێت،
  • ئەگەر بناغەکانی زەوی لە ژێرەوە بپشکنرێن،
  • ئەوسا منیش هەموو ڕەچەڵەکی ئیسرائیل ڕەت دەکەمەوە،
  • لەبەر هەموو ئەوەی کردیان.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 38یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، شارەکە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت، لە قوللەی حەنەنێلەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە.
  • 39لەوێوە گوریسی پێوانە بەسەر گردی گارێڤ درێژ دەکرێت و دەسووڕێتەوە بۆ گۆعە.
  • 40تەواوی ئەو دۆڵەی لاشە و خۆڵەمێشی تێدا فڕێدەدرێت، هەروەها هەموو کێڵگەکان بۆ دۆڵی قدرۆن لە ڕۆژهەڵات تاوەکو دەروازەی ئەسپ پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان، هەتاهەتایە ڕیشەکێش ناکرێت و جارێکی دیکە کاول ناکرێتەوە.»

ئیرمیا ٣٢

  • 1ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، لە ساڵی دەیەمی سدقیای پاشای یەهودا کە دەکاتە ساڵی هەژدەمینی نەبوخودنەسر.
  • 2ئەو کاتە لەشکری پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دابوو، یەرمیای پێغەمبەریش لە حەوشەی پاسەوانەکانی کۆشکی پاشای یەهودا بەند کرابوو.
  • 3سدقیای پاشای یەهودا یەرمیای بەند کردبوو، پێی گوت: «بۆچی بەم پەیامە پێشبینیت کرد؟ گوتت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خەریکم ئەم شارە دەدەمە دەست پاشای بابل و دەیگرێت.
  • 4سدقیای پاشای یەهوداش لە دەست بابلییەکان دەرباز نابێت، بەڵکو دەدرێتە دەست پاشای بابلەوە، ڕووبەڕوو قسەی لەگەڵ دەکات، چاوەکانی ئەو دەبینێت.
  • 5سدقیا دەباتە بابل، لەوێ دەمێنێتەوە هەتا سزاکەی تەواو وەردەگرێت. ئەگەر لەگەڵ بابلییەکان بجەنگن سەر ناکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
  • 6ئینجا یەرمیا گوتی: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
  • 7حەنەمێلی کوڕی شەلومی مامت دێتە لات و پێت دەڵێت: ”ئەو کێڵگەیەی لە عەناتۆت هەمە بۆ خۆتی بکڕە، چونکە ماف و ئەرکی تۆیە بیکڕیتەوە.“
  • 8«جا بەپێی فەرمایشتی یەزدان حەنەمێلی کوڕی مامم هاتە لام بۆ حەوشەی پاسەوانەکان و پێی گوتم: ”کێڵگەکەم بکڕە، ئەوەی لە عەناتۆتە لە خاکی بنیامین، چونکە مافی کڕینەوە و خاوەنداریێتیت هەیە، بۆ خۆت بیکڕە.“
  • «جا زانیم ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 9منیش کێڵگەکەم لە حەنەمێلی کوڕی مامم کڕی، ئەوەی لە عەناتۆتە، زیوەکەشم بۆی کێشا، حەڤدە شاقل زیو.
  • 10گرێبەستم لە کاغەزێک نووسی و مۆرم کرد و چەند کەسێکم لێکرد بە شایەت، زیوەکەشم بە تەرازوو کێشا.
  • 11گرێبەستی کڕینەکەم لە دوو وێنەدا برد، وێنەیەکی داخراو کە مەرج و بەندەکانی تێدابوو، لەگەڵ وێنەیەکی کراوە،
  • 12گرێبەستی کڕینەکەم دایە باروخی کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، لەبەرچاوی حەنەمێلی ئامۆزام و ئەو شایەتانەی لە گرێبەستی کڕینەکە نووسرابوون، هەروەها لەبەرچاوی هەموو ئەو جولەکانەی لە حەوشەی پاسەوانەکان دانیشتبوون.
  • 13«لەبەرچاویان باروخم ڕاسپارد و گوتم:
  • 14”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل دەفەرموێت: ئەم گرێبەستانە هەڵبگرە، گرێبەستە مۆرکراوەکەی کڕین و ئەم لەبەرگیراوەیەی گرێبەستەکە لەناو گۆزەیەکی گڵین دابنێ، تاوەکو بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە،
  • 15چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: جارێکی دیکە دیسان لەم خاکەدا خانوو و کێڵگە و ڕەز دەکڕدرێتەوە.“
  • 16«دوای ئەوەی گرێبەستەکەی کڕینم دایە باروخی کوڕی نێرییا، نوێژم بۆ یەزدان کرد و گوتم:
  • 17«ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا تۆ بە توانای مەزن و دەستی بەهێزەوە ئاسمان و زەویت دروستکردووە و هیچ شتێک لەلای تۆ قورس نییە.
  • 18خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران بەدەردەخەیت، بەڵام تۆ سزای کوڕ دەدەیت لەسەر ئەو تاوانەی باوکی لەپێش ئەو کردوویەتی. ئەی خودای گەورە و پاڵەوان، ئەوەی ناوت یەزدانی سوپاسالارە،
  • 19لە پلاندانان مەزنی، لە کارکردندا بە توانای، چاوەکانت لەسەر هەموو ڕەفتارەکانی ئادەمیزاد کراوەن، هەتا هەریەکە و پاداشتی شایستەی ڕەفتار و کردەوەکانی بدەیتەوە.
  • 20تۆ نیشانە و پەرجووەکانت لە خاکی میسردا نواند، بەردەوام هەتا ئەمڕۆش لە ئیسرائیل و لەنێو هەموو مرۆڤایەتیدا دەیاننوێنیت، بەمەش ناوێکت بەدەستهێناوە کە هێشتا ماوە.
  • 21بە نیشانە و پەرجوو، بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە ترسێکی گەورەوە، ئیسرائیلی گەلی خۆتت لە خاکی میسر دەرهێنا.
  • 22ئەم خاکەت پێدان کە سوێندت خواردبوو بیدەیتە باوباپیرانیان، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
  • 23جا هاتن و بوونە خاوەنی، بەڵام گوێیان لە تۆ نەگرت، فێرکردنی تۆیان پەیڕەو نەکرد، ئەوانەیان نەکرد کە تۆ فەرمانت پێکردن بیانکەن. جا هەموو ئەم خراپەیەت بەسەریاندا هێنا.
  • 24«ئەوەتا مەتەرێز بۆ دەست بەسەرداگرتنی شارەکە لێدراوە. شارەکە بەهۆی شمشێر و قاتوقڕی و دەردەوە ڕادەستی بابلییەکان دەکرێت کە لە دژی دەجەنگن. هەروەک دەیبینیت، ئەوەی تۆ فەرمووت ڕوویدا.
  • 25ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ خۆت پێت فەرمووم: ”بە شایەتی چەند شایەتێک کێڵگەکە بە زیو بۆ خۆت بکڕە،“ کەچی شارەکەت داوەتە دەست بابلییەکان.»
  • 26ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
  • 27«من یەزدانم، خودای هەموو ئادەمیزاد، ئایا هیچ شتێک هەیە بۆ من قورس بێت؟
  • 28لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەم شارە بدەمە دەست بابلییەکان و دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و بیگرێت.
  • 29جا بابلییەکان کە لە دژی ئەو شارە دەجەنگن، دێنە ناوی بە ئاگر گڕی تێبەردەدەن، ئەو ماڵانەش دەسووتێنن کە لە سەربانەکانیان بخووریان بۆ بەعل سووتاند و شەرابی پێشکەشکراویان پێشکەشی خوداوەندەکانی دیکە کرد بۆ ئەوەی پەستم بکەن.»
  • 30یەزدان دەفەرموێت: «نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا هەر لە گەنجیێتییانەوە تەنها خراپەیان لەبەرچاوم کردووە، چونکە نەوەی ئیسرائیل بە دروستکراوەکانی دەستیان تەنها پەستیان کردم.
  • 31لەو ڕۆژەوەی ئەم شارەیان بنیاد ناوە هەتا ئەمڕۆ، بۆ من بووەتە مایەی تووڕەبوون و هەڵچوونم، کە دەبێت لەبەردەمم ڕایماڵم.
  • 32نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پەستیان کردم، بە هەموو ئەو خراپانەی کردیان، ئەوان و پاشا و سەرکردە و کاهین و پێغەمبەرەکانیان، پیاوانی یەهودا و خەڵکی ئۆرشەلیم.
  • 33جا پشتیان تێکردم نەک ڕوو، لە کاتێکدا من بەردەوام فێرم دەکردن، بەڵام نە گوێیانگرت و نە تەمبێ بوون.
  • 34بەڵکو بتە قێزەونەکانیان لەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە و گڵاویان کرد.
  • 35هەروەها نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، کە لە دۆڵی بەن‌هینۆمە، تاوەکو کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی بۆ مۆلەخ بسووتێنن، ئەو شتە قێزەونانەیان کرد و وایانکرد یەهودا گوناه بکات، کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بە خەیاڵیشمدا هاتووە.
  • 36«ئێوە دەربارەی ئەو شارە دەڵێن: ”بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دراوەتە دەست پاشای بابل.“ بەڵام یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت:
  • 37ئەوەتا من کۆیان دەکەمەوە، لە هەموو ئەو خاکانەی کە بە تووڕەیی و هەڵچوونمەوە و بە پەستییەکی مەزنەوە دەرمکردن بۆیان، دەیانگەڕێنمەوە ئەم شوێنە و بە ئاسوودەیی نیشتەجێیان دەکەم.
  • 38ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان.
  • 39یەک دڵ و یەک ڕێبازیان پێدەدەم، بۆ ئەوەی هەردەم لێم بترسن، بۆ چاکەی خۆیان و چاکەی کوڕەکانیان لەپاش خۆیان.
  • 40پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم، کە خۆمیان لێ نەکێشمەوە و بەردەوام چاکەیان لەگەڵدا بکەم، ترسی خۆم بخەمە دڵیان، بۆ ئەوەی لێم لانەدەن.
  • 41پێیان شاد دەبم کە چاکەیان لەگەڵدا بکەم، بە دڵنیاییەوە، بە هەموو دڵم و لە ناخمەوە، لەم خاکەدا دەیانڕوێنم.
  • 42«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: هەروەک هەموو ئەم خراپە گەورانەم بەسەر ئەم گەلەدا هێنا، ئاواش من هەموو ئەو چاکەیەیان بەسەردا دەهێنم کە بەڵێنم پێیان دا.
  • 43جا کێڵگە دەکڕدرێتەوە لەم خاکەی کە دەڵێن: ”وێرانە، نە مرۆڤ و نە ئاژەڵی تێدا نییە، دراوەتە دەست بابلییەکان.“
  • 44بە شایەتی چەند شایەتێک بە زیو کێڵگە دەکڕن، گرێبەست لە کاغەزێک دەنووسن و مۆری دەکەن، لە خاکی بنیامین و دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە شارۆچکەکانی یەهودا، لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان، لە زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.