
Season 17 · Episode 7
یهكهم پاشایان ١١: ١ - ١٢: ٣٣
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
January 16, 202421m 55s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
یهكهم پاشایان ١١: ١ - ١٢: ٣٣
- 1سلێمان پاشا سەرەڕای کچەکەی فیرعەون زۆر ژنی دیکەی بێگانەی خۆشویست، لە مۆئابی و عەمۆنی و ئەدۆمی و سەیدائی و حیتییەکان،
- 2لەو گەلانەی کە یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، نەوەک دڵتان بۆ لای خوداوەندەکانیان ڕابکێشن.» لەگەڵ ئەوەشدا سلێمان خۆشیویستن و دڵی پێیانەوە بەند بوو.
- 3حەوت سەد ژنی خانەدان و سێ سەد کەنیزەی هەبوو، جا ژنەکانی دڵیان هەڵگەڕاندەوە.
- 4ئەوە بوو لە تەمەنی پیری سلێمان، ژنەکانی دڵیان بەلای خوداوەندەکانی دیکەدا ڕاکێشا، دڵی وەک دڵی داودی باوکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی تەواو نەبوو.
- 5ئیتر سلێمان دوای عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائییەکان و دوای مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان کەوت.
- 6سلێمان لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە پێچەوانەی داودی باوکی، بە تەواوی دوای یەزدان نەکەوت.
- 7لەو کاتەدا سلێمان لەسەر یەکێک لە کێوەکانی بەرامبەر ئۆرشەلیم لەلای ڕۆژهەڵاتی شارەکە نزرگەیەکی سەر بەرزایی بۆ کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و هەروەها بۆ مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان بنیاد نا.
- 8هەمان کاریشی بۆ هەموو ژنە بێگانەکانی کرد، کە بخووریان دەسووتاند و قوربانییان سەردەبڕی بۆ خوداوەندەکانیان.
- 9یەزدان لە سلێمان تووڕە بوو، چونکە دڵی لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل هەڵگەڕایەوە، ئەوەی دوو جار بۆی دەرکەوت.
- 10هەرچەندە فەرمانی بە سلێمان کردبوو کە دوای خودای دیکە نەکەوێت، بەڵام ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکرد، سلێمان گوێڕایەڵ نەبوو.
- 11یەزدان بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەم هەڵوێستەت و گوێڕایەڵنەبوونت بۆ پەیمان و فەرزەکەی من کە فەرمانم پێ کردیت، پاشایەتییەکەت لێ پارچەپارچە دەکەم و دەیدەمە خزمەتکارەکەت،
- 12بەڵام لەبەر داودی باوکت لە ماوەی پاشایەتی خۆت نایکەم. لە دەستی کوڕەکەت پارچەپارچەی دەکەم،
- 13لەگەڵ ئەمەش هەموو پاشایەتییەکەی لێ ناستێنمەوە، بەڵکو هۆزێکی پێدەدەم، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم کە هەڵمبژاردووە.»
- 14ئینجا یەزدان دوژمنێکی لە سلێمان هەستاندەوە کە هەدەدی ئەدۆمی بوو، لە بنەماڵەی شاهانەی ئەدۆم بوو.
- 15کاتێک داود لە ئەدۆم بوو، یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپا چوو بۆ ئەوەی کوژراوەکان بنێژێت و هەرچی نێر لە ئەدۆم ماوە بیانکوژێت.
- 16یۆئاب و هەموو ئیسرائیل شەش مانگ لەوێدا مانەوە هەتا هەموو نێرێکیان لە ئەدۆم لەناوبرد.
- 17بەڵام هەدەد کە هێشتا مێردمنداڵێکی بچووک بوو، لەگەڵ چەند پیاوێکی ئەدۆمی لە خزمەتکارانی باوکی بۆ میسر هەڵاتن.
- 18ئینجا لە میدیانەوە هەستان و چوونە پاران، چەند پیاوێکیان لە پارانەوە لەگەڵ خۆیاندا برد و چوونە میسر بۆ لای فیرعەونی پاشای میسر، ئەویش خانووی دایە هەدەد و فەرمانی دا خواردنی بدرێتێ و زەویشی پێدا.
- 19هەدەد لەبەرچاوی فیرعەون پەسەند بوو، خوشکی تەحپەنێسی شاژنی دایێ ببێتە ژنی.
- 20خوشکەکەی تەحپەنێس کوڕێکی لێی بوو بە ناوی گەنوڤەت، تەحپەنێس لەنێو ماڵی فیرعەون پەروەردەی کرد، لەنێو کوڕەکانی فیرعەون.
- 21هەدەد لە میسر بوو کاتێک بیستی کە داود لەگەڵ باوباپیرانی سەری ناوەتەوە و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپاش مردووە، ئینجا هەدەد بە فیرعەونی گوت: «ڕێم بدە با بچمەوە خاکەکەم.»
- 22فیرعەونیش پێی گوت: «لەلای من لە چیت کەمە هەتا داوای چوونەوە بکەیت بۆ خاکەکەت؟»
- هەدەدیش گوتی: «لە هیچ، تەنها ڕێم بدە.»
- 23خودا دوژمنێکی دیکەی لە سلێمان هەستاندەوە کە ڕەزۆنی کوڕی ئەلیاداع بوو، ئەوەی لەلای گەورەکەیەوە هەڵاتبوو، کە هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا بوو.
- 24لە کاتی کوشتارەکەی داود لە دژی هێزی چۆڤا، پیاوی لە خۆی کۆکردەوە و بووە سەردەستەیەکی چەتە، چوونە دیمەشق و لەوێ نیشتەجێ بوون، لە دیمەشق فەرمانڕەوایەتییان کرد.
- 25جا ڕەزۆن لە سەردەمی سلێمان بووە دوژمنی ئیسرائیل، ئەمە سەرەڕای ئەو خراپەیەی کە هەدەد دەیکرد، ڕەزۆن بووە فەرمانڕەوای خاکی ئارام و ڕقی لە ئیسرائیل بووەوە.
- 26هەروەها یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کە خەڵکی چەرێدا بوو لە ئەفرایم، یەکێک بوو لە کاربەدەستەکانی سلێمان، لە پاشا یاخی بوو. دایکیشی بێوەژنێک بوو بە ناوی چەروعا.
- 27یاخیبوونەکەشی لە دژی پاشا بەم شێوەیە بوو: ئەوە بوو کە سلێمان تەلانەکەی دروستکرد و کەلێنەکانی شاری داودی باوکی چاککردەوە،
- 28بینی کە ئەم پیاوە پاڵەوان و بەهێزە، گەنجێکی کارامە و چالاکە، ئیتر یارۆڤعامی کرد بە سەرپەرشتیاری هەموو کاری بێگاری هۆزەکانی یوسف.
- 29ئەوە بوو کە یارۆڤعام لە ئۆرشەلیم دەهاتە دەرەوە، ئاحییای شیلۆنیی پێغەمبەر لە ڕێگادا تووشی بوو، کەوایەکی نوێی لەبەر بوو. بە تەنها هەردووکیان لە دەشتودەر بوون،
- 30ئاحییاش کەوا نوێیەکەی کە لەبەریدا بوو دایکەند و کردی بە دوازدە پارچەوە.
- 31بە یارۆڤعامی گوت: «دە پارچە بۆ خۆت ببە، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان پارچەپارچە دەکەم و دە هۆز بە تۆ دەدەم.
- 32یەک هۆزیش بۆ ئەو دەبێت لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم ئەو شارەی کە هەڵمبژاردووە.
- 33ئەو کارە دەکەم، چونکە ئەوان وازیان لێ هێنام و کڕنۆشیان بۆ عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائی و کەمۆشی خودای مۆئابی و مۆلەخی خودای عەمۆنییەکان برد. بە ڕێگای مندا نەڕۆیشتن هەتا وەک داودی باوکی سلێمان ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەن و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنن.
- 34«”بەڵام هەموو پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان ناستێنمەوە، بەڵکو بە درێژایی ژیانی دەیکەمە پاشا، لەبەر داودی بەندەم ئەوەی کە هەڵمبژارد، ئەوەی فەرمان و فەرزەکانی منی بەجێهێنا.
- 35پاشایەتی لە دەست کوڕەکەی دەستێنمەوە و دە هۆزی دەدەم بە تۆ.
- 36یەک هۆزیش دەدەمە کوڕەکەی، تاوەکو هەمیشە بۆ داودی بەندەم وەک چرایەک بێت لەبەردەممدا لە ئۆرشەلیم، ئەو شارەی بۆ خۆمم هەڵبژارد هەتا ناوم لەوێدا دابنێم.
- 37تۆش دەبەم و فەرمانڕەوایەتی دەکەیت بەسەر هەموو ئەوەی دڵت ئارەزووی بکات و بەسەر ئیسرائیلدا دەبیت بە پاشا.
- 38ئەگەر بێت و گوێڕایەڵی هەموو ئەوە بیت کە فەرمانت پێدەدەم و بە ڕێگاکانمدا بڕۆیت و ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەیت و فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، وەک چۆن داودی بەندەم کردی، ئەوا لەگەڵتدا دەبم و بنەماڵەیەکی چەسپاوت بۆ بنیاد دەنێم وەک چۆن بۆ داودم بنیاد نا و ئیسرائیلت دەدەمێ.
- 39نەوەی داودیش زەلیل دەکەم لەبەر ئەمە، بەڵام نەک بۆ هەتاهەتایە.“»
- 40سلێمان هەوڵی کوشتنی یارۆڤعامی دا، بەڵام یارۆڤعام هەستا و هەڵات بۆ میسر بۆ لای شیشەقی پاشای میسر و هەتا کاتی مردنی سلێمان لە میسردا مایەوە.
- 41ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی سلێمان و هەموو ئەوەی کردی و داناییەکەی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی سلێمان تۆمار کراون.
- 42سلێمان چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد.
- 43پاشان سلێمان لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شارەکەی داودی باوکی نێژرا. ئیتر ڕەحەڤەعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
یهكهم پاشایان ١٢
- 1ڕەحەڤەعام چوو بۆ شەخەم، چونکە هەموو ئیسرائیل چووبوونە ئەوێ بۆ ئەوەی بیکەنە پاشا.
- 2یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ئەوەی لەبەردەم سلێمان پاشا هەڵاتبوو هێشتا لە میسر بوو، بەڵام کاتێک ئەمەی بیست، لە میسرەوە گەڕایەوە.
- 3پاشان بەدوایاندا نارد، ئینجا یارۆڤعام و تەواوی کۆمەڵەی ئیسرائیل چوونە لای ڕەحەڤەعام و پێیان گوت:
- 4«باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کرد، بەڵام ئێستا تۆ لە ئەرکە سەختەکەی باوکت و لە نیرە قورسەکەی ئێمە سووک بکەرەوە، ئێمەش خزمەتت دەکەین.»
- 5ڕەحەڤەعامیش وەڵامی دانەوە: «بڕۆن و پاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.» گەلیش ڕۆیشتن.
- 6ئینجا ڕەحەڤەعام پاشا ڕاوێژی بەو پیرانە کرد کە لە خزمەتی سلێمانی باوکیدا بوون کاتێک لە ژیاندا بوو، لێی پرسین: «تەگبیرتان چییە، چۆن وەڵامی ئەم گەلە بدەمەوە؟»
- 7ئەوانیش قسەیان لەگەڵی کرد و گوتیان: «ئەگەر لە ئەمڕۆوە ببیتە خزمەتکاری ئەم گەلە، خزمەتیان بکەیت و ڕازییان بکەیت و قسەی چاکیان لەگەڵ بکەیت، ئەوا بۆ هەمیشە دەبنە بەندەی تۆ.»
- 8بەڵام ڕەحەڤەعام ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە پێیان دا و ڕاوێژی بەو گەنجانە کرد کە لەگەڵی گەورە ببوون و خزمەتیان دەکرد.
- 9لێی پرسین: «ئێوە ڕاتان چییە؟ بە چی وەڵامی ئەم گەلە بدەینەوە، کە قسەیان لەگەڵ کردووم و گوتیان: ”ئەو نیرەی باوکت کە لەسەر ئێمەی داناوە سووکی بکەرەوە“؟»
- 10ئەو گەنجانەش کە لەگەڵی گەورە ببوون، وەڵامیان دایەوە: «ئەو گەلەی کە پێیان گوتی: ”باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کردووە، بەڵام تۆ نیرەکەمان لەسەر سووک بکە،“ تۆ پێیان بڵێ: ”پەنجە تووتەم لە کەمەری باوکم ئەستوورترە.
- 11باوکم بە نیرێکی قورس باری کردوون، ئێستاش من زیاتر دەخەمە سەر نیرەکەتان. باوکم بە قامچی تەمبێی کردوون، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.“»
- 12لە ڕۆژی سێیەم یارۆڤعام و هەموو گەل هاتنە لای ڕەحەڤەعام، هەروەک پاشا پێی گوتبوون: «لەپاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.»
- 13پاشا بە توندی وەڵامی گەلی دایەوە، ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە بۆیان کرد،
- 14بەپێی ئامۆژگاری گەنجەکان قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «باوکم نیرەکەی ئێوەی قورس کرد، منیش نیرەکەتان قورستر دەکەم؛ باوکم بە قامچی تەمبێی کردن، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.»
- 15پاشا گوێی لە گەل نەگرت، ئەمە بە ویستی یەزدان بوو، هەتا فەرمایشتەکەی بهێنێتە دی، ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئاحییای شیلۆنی بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی فەرمووبوو.
- 16کاتێک هەموو ئیسرائیل بینییان پاشا گوێی لێ نەگرتن، گەل وەڵامی پاشایان دایەوە:
- «چ بەشێکمان لەگەڵ داود هەیە،
- چ میراتێک لە کوڕی یەسا؟
- ئەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە چادرەکانتان!
- ئەی داود، تەماشای ماڵەکەت بکە!»
- ئیتر ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە چادرەکانیان.
- 17بەڵام ڕەحەڤەعام هێشتا پاشایەتی دەکرد بەسەر ئەو ئیسرائیلییانەی لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون.
- 18ڕەحەڤەعام پاشا ئەدۆنیرامی نارد، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو، بەڵام هەموو ئیسرائیل بەردبارانیان کرد و مرد. ئیتر ڕەحەڤەعام پاشا پێڕاگەیشت کە سواری گالیسکەکەی بێت و بەرەو ئۆرشەلیم هەڵبێت.
- 19بەو شێوەیە هەتا ئەمڕۆ ئیسرائیل لە بنەماڵەی داود یاخی بوون.
- 20کاتێک هەموو ئیسرائیل بیستیان کە یارۆڤعام گەڕاوەتەوە، هێنایانە ئەنجومەن و کردیانە پاشای هەموو ئیسرائیل. کەسیش دوای ماڵی داود نەکەوت، تەنها هۆزی یەهودا نەبێت.
- 21کاتێک ڕەحەڤەعام گەیشتە ئۆرشەلیم، هەموو بنەماڵەی یەهودا و هۆزی بنیامینی کۆکردەوە، سەد و هەشتا هەزار جەنگاوەری هەڵبژارد، هەتا لە دژی ئیسرائیل بجەنگن و پاشایەتییەکە بۆ ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان بگەڕێننەوە.
- 22بەڵام پەیامی خودا بۆ شەمەعیای پیاوی خودا هات:
- 23«بە ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، پاشای یەهودا و هەموو بنەماڵەی یەهودا و بنیامین و بە پاشماوەی گەل بڵێ،
- 24”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: مەچن و لە دژی نەوەی ئیسرائیلی براتان مەجەنگن. هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی بگەڕێتەوە، چونکە ئەمە لەلایەن منەوەیە.“» ئەوانیش گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان بوون و بەگوێرەی فەرمانی یەزدان گەڕانەوە.
- 25ئینجا یارۆڤعام شارۆچکەی شەخەمی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمی کردە شارێکی قەڵابەند و تێیدا نیشتەجێ بوو، لەوێشەوە پەنیێلی نۆژەن کردەوە.
- 26یارۆڤعام لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئێستا پاشایەتییەکە بۆ ماڵی داود دەگەڕێتەوە.
- 27ئەگەر ئەم گەلە سەربکەون بۆ ئەوەی لە پەرستگای یەزدان، لە ئۆرشەلیم قوربانی پێشکەش بکەن، دڵی ئەم گەلە بۆ گەورەکەیان دەبێت، ڕەحەڤەعامی پاشای یەهودا، منیش دەکوژن و دەگەڕێنەوە لای ئەو.»
- 28پاش ڕاوێژکردن پاشا دوو گوێرەکەی زێڕینی دروستکرد و بە گەلی گوت: «ئەی ئیسرائیل، بۆ ئێوە زەحمەتە سەربکەونە ئۆرشەلیم. ئەوەتا خوداوەندەکانتان، ئەوانەی ئێوەیان لە خاکی میسر دەرهێنا.»
- 29ئینجا یەکێکیانی لە بێتئێل دانا و ئەوی دیکەیان لە دان.
- 30ئەم کارەش بووە گوناه. گەل بۆ پەرستنی یەکێکیان دەچوونە بێتئێل و هەتا دانیش دەچوون بۆ پەرستنی ئەوەی دیکە.
- 31یارۆڤعام نزرگەکانی سەر بەرزاییشی دروستکرد، لە هەموو لایەکی گەلەوە خەڵکی کردە کاهین، هەرچەندە لە نەوەی لێڤیش نەبوون.
- 32ڕۆژی پازدەی مانگی هەشتی کردە جەژن، هەروەک ئەو جەژنەی لە یەهودا هەبوو، قوربانی سەرخستە سەر قوربانگاکە. بەم جۆرەی کرد لە بێتئێل، قوربانی بۆ ئەو دوو گوێرەکەیە سەربڕی کە دروستی کردن، هەروەها لە بێتئێل کاهینانی ڕاگرت بۆ نزرگەکانی سەر بەرزایی کە دروستی کردبوون.
- 33لە پازدەی مانگی هەشت، لەو مانگەی کە خۆی بۆ خۆی دایهێنابوو قوربانی سەرخستە سەر قوربانگاکە کە لە بێتئێل دروستی کردبوو. جەژنی بۆ نەوەی ئیسرائیل دانا و بۆ بخوور سووتاندن سەرکەوتە سەر قوربانگا.