PLAY PODCASTS
ئیرمیا ٤: ١ - ٦: ٣٠
Season 39 · Episode 5

ئیرمیا ٤: ١ - ٦: ٣٠

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

April 5, 202523m 36s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

ئیرمیا ٤: ١ - ٦: ٣٠

  • 1یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەڕایتەوە،
  • بگەڕێوە لای من.
  • ئەگەر بتە قێزەونەکانت لەبەردەمم لابدەی،
  • گومڕا نابیت،
  • 2ئەگەر بە ڕاستی و دادپەروەری و ڕاستودروستییەوە
  • سوێند بخۆیت: ”بە یەزدانی زیندوو،“
  • ئەوسا نەتەوەکان بەو بەرەکەتدار دەبن و
  • شانازی بەوەوە دەکەن.»
  • 3یەزدان ئەمە بە پیاوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەفەرموێت:
  • «زەوی بەیارتان بکێڵن و
  • لەناو دڕکوداڵدا مەچێنن.
  • 4ئەی پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم،
  • خۆتان بۆ یەزدان خەتەنە بکەن،
  • دڵتان خەتەنە بکەن،
  • نەوەک تووڕەییم بجۆشێت و وەک ئاگر بسووتێنێت،
  • لەبەر خراپی کردەوەکانتان،
  • بسووتێنێت و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.»
  • 5«لە یەهودا ڕایبگەیەنن، لە ئۆرشەلیم دەنگتان ببیسترێت، بڵێن:
  • ”لە خاکەکە فوو بە کەڕەنادا بکەن!“
  • بە دەنگی بەرز بانگەواز بکەن و بڵێن: ”کۆببنەوە!
  • با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان!“
  • 6ئاڵا بەرز بکەنەوە بۆ چوونە سییۆن!
  • خۆتان بدەنە پەنا! ڕامەوەستن!
  • چونکە من لە باکوورەوە بەڵا دەهێنم،
  • تێکشکانێکی گەورە.»
  • 7شێر لە لانەکەیەوە هاتە دەرەوە،
  • تێکشکێنەری نەتەوەکان بەڕێکەوت.
  • لە شوێنەکەی خۆی هاتە دەرەوە
  • بۆ ئەوەی خاکەکەت وێران بکات.
  • شارۆچکەکانت کاول دەبن
  • بێ ئاوەدانی دەبن.
  • 8لەبەر ئەمە جلوبەرگی گوش لەبەر بکەن،
  • لە خۆتان بدەن و واوەیلا بکەن،
  • چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان
  • هێشتا دانەمرکاوەتەوە.
  • 9یەزدان دەفەرموێت: «جا ئەوە دەبێت لەو ڕۆژەدا،
  • پاشا و پیاوە گەورەکان جەرگبڕاو دەبن،
  • کاهینەکان دەحەپەسێن و
  • پێغەمبەرەکان واقیان وڕدەمێنێت.»
  • 10جا گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، بێگومان ئەم گەلە و ئۆرشەلیمت بە تەواوی فریودا، فەرمووت: ”ئاشتیتان بۆ دەبێت،“ کەچی شمشێر گەیشتە گیانمان.»
  • 11لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە،
  • 12بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.»
  • 13تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت،
  • گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە،
  • ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن.
  • قوڕبەسەرمان، وێران کراین!
  • 14ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت.
  • هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لە ناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟
  • 15دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت،
  • کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت.
  • 16«نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە،
  • با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن:
  • ”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن،
  • بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە.
  • 17لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە،
  • چونکە لە من یاخی بوون.“»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 18«ڕەفتار و کردەوەکانت
  • ئەمەیان پێکردیت،
  • ئەمە سزاکەتە،
  • چەند تاڵە!
  • چونکە گەیشتە دڵت.»
  • 19ئەی ئازارم، ئەی ئازارم!
  • من لەتاو ئێشم دەتوێمەوە.
  • دڵم ژان دەکات!
  • دڵەکوتێمە، بێدەنگ نابم،
  • چونکە گوێم لە دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی جەنگ بوو.
  • 20کارەسات لەدوای کارەسات دێت،
  • هەموو خاکەکە وێران بوو.
  • لەپڕ خێوەتەکانم وێران بوون،
  • لە چرکەیەکدا پەناگاکانم.
  • 21هەتا کەی ئاڵای جەنگ دەبینم و
  • گوێم لە دەنگی کەڕەنا دەبێت؟
  • 22«گەلەکەم گێلە و
  • من ناناسێت.
  • ئەوان کوڕی دەبەنگن،
  • ئەوان تێنەگەیشتوون،
  • ئەوان دانان بۆ کاری خراپە،
  • بەڵام نازانن چۆن چاکە بکەن.»
  • 23تەماشای زەویم کرد،
  • بێ شێوە و بەتاڵ بوو،
  • بەرەو ئاسمانیش،
  • ڕووناکییەکەی نەمابوو.
  • 24تەماشای چیاکانم کرد دەهەژان،
  • هەموو گردەکانیش لەق بوون.
  • 25تەماشام کرد، هیچ کەسێک دیار نەبوو،
  • باڵندەکانی ئاسمانیش هەموو هەڵاتبوون،
  • 26تەماشام کرد، باخەکان چۆڵەوانین و
  • هەموو شارۆچکەکانی کاول بوون
  • لەبەردەم یەزدان، لە ڕووی گڕی تووڕەییەکەی.
  • 27سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:
  • «هەموو زەوی وێران دەبێت،
  • بەڵام بە تەواوی کۆتایی پێ ناهێنم.
  • 28لەبەر ئەمە زەوی شیوەن دەگێڕێت،
  • ئاسمانیش لە سەرەوە تاریک دادێت،
  • لەبەر ئەوەی من قسەم کرد و پاشگەز نەبوومەوە،
  • بڕیارم دا و بڕیارەکەم ناگۆڕم.»
  • 29لە دەنگی سوار و تیرهاوێژ
  • هەموو شارۆچکەکان ڕایانکرد.
  • هەندێک چوونە ناو دارستانەکان،
  • هەندێک سەرکەوتنە سەر بەردەکان.
  • هەموو شارۆچکەکان بەجێهێڵراون،
  • هیچ کەسێک تێیاندا نیشتەجێ نییە.
  • 30تۆش ئەی نەتەوە وێرانەکە، چی دەکەیت؟
  • بۆچی بەرگی ئاڵ لەبەر دەکەیت و
  • خشڵی زێڕ بە خۆتەوە دەکەیت؟
  • بۆچی بە کل چاوەکانت ڕەش دەکەیت؟
  • بێهوودە خۆت جوان دەکەیت،
  • لەبەرچاوی ئەوینداران کەوتووی،
  • ئەوان داوای گیانت دەکەن.
  • 31هاوارێکم بیست وەک هاواری ژنێکی ژانگرتوو بوو،
  • لە ناخۆشیدا وەک یەکەم منداڵی بێت.
  • دەنگی سییۆنی کچ هەنسک دەدات،
  • دەست پان دەکاتەوە، دەڵێت:
  • «وەی لە من! دەبوورێمەوە،
  • گیانم لەبەر بکوژان دەردەچێت!»

ئیرمیا ٥

  • 1«بەناو شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا هاتوچۆ بکەن،
  • ئێستا تەماشا بکەن و بزانن،
  • لەناو گۆڕەپانەکانی بگەڕێن.
  • ئەگەر یەکێکتان بینییەوە
  • دادپەروەر بێت و بەدوای ڕاستیدا بگەڕێت،
  • ئەوا من لەم شارە خۆشدەبم.
  • 2هەرچەندە دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو،“
  • هێشتا بە درۆ سوێند دەخۆن.»
  • 3ئەی یەزدان، ئایا چاوت بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت؟
  • لێت دان بەڵام ئازاریان پێ نەگەیشت،
  • تێکت شکاندن بەڵام ڕەتیانکردەوە تەمبێ بکرێن.
  • ڕووی خۆیان لە بەرد ڕەقتر کرد،
  • تۆبەکردنیان ڕەتکردەوە.
  • 4بەڵام من گوتم: «ئەوانە هەژارن،
  • نەزان بوون،
  • چونکە ڕێگای یەزدان ناناسن و
  • نازانن خودا داوای چییان لێ دەکات.
  • 5کەواتە دەچمە لای گەورە پیاوان و
  • قسەیان لەگەڵ دەکەم،
  • بێگومان ئەوان ڕێگای یەزدان دەناسن و
  • دەزانن خودا داوای چییان لێ دەکات.»
  • بەڵام ئەوان پێکەوە نیریان شکاند،
  • بەندیان پساند.
  • 6لەبەر ئەوە لە دارستان شێر هێرشیان دەکاتە سەر،
  • گورگی بیابان دەیانفەوتێنێت،
  • پڵنگ لە دەوری شارۆچکەکانیان خۆی مات دەدات،
  • تاکو ئەوەی لێی بێتە دەرەوە پارچەپارچەی بکات،
  • چونکە یاخیبوونەکانیان زۆربوون،
  • هەڵگەڕانەوەکانیان گەورە بوون.
  • 7«بۆچی دەبێت لێت خۆشبم؟
  • کوڕەکانت وازیان لێ هێنام و
  • سوێند بەوە دەخۆن کە خودا نییە.
  • کە تێرم کردن، داوێنپیسییان کرد،
  • پاڵەپەستۆیانە بۆ ماڵی لەشفرۆش.
  • 8بوون بە ئەسپی خورت و بە عیتە،
  • هەریەکە بەسەر ژنی برادەرەکەیدا دەحیلێنێت.
  • 9ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
  • ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 10«سەربکەونە سەر پەرژینی ڕەزەمێوەکان و تێکیان بدەن،
  • بەڵام بە تەواوی مەیفەوتێنن.
  • لقەکانی لێ بکەنەوە،
  • چونکە هی یەزدان نین.
  • 11بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا
  • بە تەواوی ناپاکییان لێکردم.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 12درۆیان بە دەمی یەزدانەوە کرد،
  • گوتیان، «ئەو هیچ ناکات!
  • بەڵامان بەسەرنایەت،
  • شمشێر و قاتوقڕی نابینین.
  • 13پێغەمبەرەکان بوون بە هاژەی با،
  • وشەکە لەواندا نییە،
  • ئەوەی گوتیان بەسەریان دەهێنرێت.»
  • 14لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت:
  • «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە ئەو قسانەیان کرد،
  • ئەوەتا من وتەکانم لە دەمی تۆدا دەکەمە ئاگر،
  • ئەم گەلەش دەکەم بە دار و دەیانخوات.»
  • 15یەزدان دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل،
  • ئەوەتا من نەتەوەیەک لە دوورەوە دەهێنمە سەرتان،
  • نەتەوەیەکی پتەو و دێرینە،
  • نەتەوەیەکە زمانەکەیان نازانن،
  • لە قسەکردنیان تێناگەن.
  • 16تیردانەکەی وەک گۆڕی دەم کراوەیە،
  • هەموو پاڵەوانن.
  • 17دروێنە و نانت دەخوات،
  • کوڕ و کچت دەخوات،
  • مەڕ و مانگات دەخوات،
  • مێو و هەنجیرت دەخوات.
  • شارە قەڵابەندەکانت کە تۆ پشتت پێ بەستوون،
  • بە شمشێر دەفەوتێنێت.»
  • 18یەزدان دەفەرموێت: «هەروەها لەو ڕۆژانەدا، کۆتاییتان پێ ناهێنم.
  • 19جا کە دەڵێن: ”لەبەر چی یەزدانی پەروەردگارمان هەموو ئەمەی پێکردین؟“ پێیان دەڵێیت: ”لەبەر ئەوەی وازتان لێ هێنام و لە خاکەکەتان خوداوەندە بێگانەکانتان پەرست، ئاوا دەبێت بێگانە پەرستی بکەن لە خاکێک کە هی ئێوە نییە.“
  • 20«ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب ڕابگەیەنن و
  • با لەناو یەهودا ببیسترێت، بڵێن:
  • 21ئەی گەلی گێل و بێ مێشک، ئێستا گوێ لەمە بگرن،
  • ئەی ئەوانەی چاوتان هەیە و نابینن،
  • گوێتان هەیە و نابیستن:
  • 22ئایا لە من ناترسن؟»
  • هەروەها یەزدان دەفەرموێت:
  • «ئایا لەبەردەمی من نالەرزن؟
  • من کە لمم بۆ دەریا کرد بە سنوور،
  • بەربەستێکی هەتاهەتاییە و لێی تێناپەڕێت.
  • شەپۆل خۆی پێدا دەدات و سەرکەوتوو نابێت،
  • هاژەی دێت و تێناپەڕێت.
  • 23بەڵام ئەم گەلە دڵێکی منجڕ و یاخی هەیە،
  • لەڕێ لایاندا و ڕۆیشتن.
  • 24لە دڵی خۆیاندا ناڵێن،
  • ”ئێستا با لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین،
  • ئەوەی باران دەبارێنێت، یەکەم باران و دوا باران لە وەرزی خۆی،
  • لە هەفتە دیاریکراوەکانی دروێنە دڵنیامان دەکاتەوە.“
  • 25تاوانەکانتان ڕێگرییان لەم بەرەکەتانە کرد،
  • گوناهەکانتان لە چاکە بێبەشی کردن.
  • 26«بەدکاران لەنێو گەلەکەمدا دەبینرێنەوە،
  • وەک ڕاوچی خۆیان ماتداوە و چاو دەگێڕن،
  • تەڵە دەنێنەوە و مرۆڤ دەگرن.
  • 27وەک قەفەزی پڕ لە باڵدار،
  • ماڵەکانیان پڕە لە فێڵ،
  • لەبەر ئەمە گەورە و دەوڵەمەند بوون،
  • 28قەڵەو و تێر بوون.
  • هەروەها لە خراپەکاریدا بێ سنوورن،
  • پارێزەرایەتییان بۆ سکاڵای هەتیو نەکرد هەتا سەرکەوتوو بن،
  • بەرگرییان لە مافی هەژاران نەکرد.
  • 29ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
  • ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 30«تۆقین و سەرسوڕماویێک
  • لە خاکەکەدا ڕوویدا:
  • 31پێغەمبەرەکان بە درۆ پێشبینی دەکەن،
  • کاهینەکانیش بە ویستی خۆیان فەرمانڕەوایەتی دەکەن،
  • گەلەکەشم حەزیان لەم دۆخەیە.
  • بەڵام لە کۆتاییەکەیدا ئێوە چی دەکەن؟

ئیرمیا ٦

  • 1«ئەی نەوەی بنیامین،
  • لە ئۆرشەلیم هەڵبێن!
  • لە تەقۆعە فوو بە کەڕەنادا بکەن!
  • لەسەر بێت‌هاکارەم ئاگر وەک نیشانە هەڵبکەن!
  • چونکە بەڵا و شکستێکی گەورە
  • لە باکوورەوە دەرکەوتووە.
  • 2من سییۆنی کچ لەناو دەبەم،
  • کچە جوان و نازدارەکە.
  • 3شوانەکان بە مێگەلەکانیانەوە بۆ لای ئەو دێن،
  • ڕەشماڵەکان لە دەوری هەڵدەدەن و
  • هەرکەسە لە بەشی خۆی دەلەوەڕێنێ.»
  • 4«جەنگێک لە دژی سییۆن ئامادە بکەن!
  • هەستن بە نیوەڕۆ هێرش ببەین!
  • بەڵام بە داخەوە، ڕۆژ ئاوا بوو،
  • سێبەرەکانی ئێوارە درێژبوونەوە.
  • 5کەواتە هەستن بە شەو هێرش ببەین،
  • قەڵاکانی وێران بکەین!»
  • 6یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
  • «دار ببڕنەوە و
  • مەتەرێز لە دەوری ئۆرشەلیمەوە دابڕێژن.
  • دەبێت ئەو شارە سزا بدرێت،
  • چونکە سەراپای پڕ ستەمە.
  • 7وەک کانییەک ئاوەکەی هەڵبقوڵێت،
  • ئاوا خراپییەکەی هەڵدەقوڵێت.
  • توندوتیژی و ڕفاندنی تێدا دەبیسترێت،
  • هەمیشە لەبەردەمم نەخۆشی و برینداری هەیە.
  • 8ئەی ئۆرشەلیم، ئاگاداربە،
  • نەوەک پشتم لە تۆ بکەم،
  • نەوەک بتکەمە خاکێکی وێران،
  • ئیتر کەسی تێدا نیشتەجێ نەبێ.»
  • 9یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
  • «با پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی بچنرێنەوە،
  • بە تەواوی وەک ڕەزەمێو،
  • با دەستت بەسەر لقەکاندا بگێڕیت،
  • وەک کەسێک ترێ دەچنێتەوە.»
  • 10بۆ کێ قسە بکەم؟ کێ ئاگادار بکەمەوە؟
  • کێ گوێم لێ دەگرێت؟
  • ئەوەتا گوێیان داخراوە
  • بۆ ئەوەی نەتوانن گوێ شل بکەن.
  • فەرمایشتی یەزدان بۆیان بووە بە ڕیسوایی،
  • دڵیان پێی خۆش نییە.
  • 11لەبەر ئەوە پڕبووم لە تووڕەیی یەزدان،
  • بێزاربووم لە دەستپێوەگرتنی.
  • ئینجا یەزدان پێی فەرمووم:
  • «تووڕەییەکەم بەسەر منداڵانی کۆڵاندا هەڵبڕێژە
  • بەسەر تێکڕای کۆڕی گەنجان،
  • ژن لەگەڵ مێرد دەبردرێت،
  • پیر لەگەڵ بەساڵاچووان.
  • 12ماڵەکانیان بۆ خەڵکی دیکە دەبن،
  • کێڵگە و ژنەکانیان پێکەوە،
  • چونکە دەستم بۆ سەر دانیشتووانی خاکەکە
  • درێژ دەکەم.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 13«لە بچووکیان هەتا گەورەیان،
  • هەموویان پەرۆشی قازانجن،
  • لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین،
  • هەموو ساختە دەکەن.
  • 14برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و
  • دەڵێن: ”ئاشتی، ئاشتی!“
  • بەڵام ئاشتی نییە.
  • 15ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟
  • نەخێر! شەرمەزار نەبوون،
  • هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.
  • لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،
  • لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 16یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «لەسەر ڕێگاکان بوەستن و تەماشا بکەن،
  • پرسیاری ڕێچکە کۆنەکان بکەن،
  • ڕێگا چاکەکە لەکوێیە، پێیدا بڕۆن،
  • حەسانەوە بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە.
  • بەڵام گوتتان: ”پێیدا ناڕۆین.“
  • 17چاودێرم بەسەرتانەوە دانا، گوتم:
  • ”گوێ بۆ دەنگی کەڕەنا شل بکەن!“
  • بەڵام گوتتان: ”گوێ شل ناکەین.“
  • 18لەبەر ئەوە ئەی نەتەوەکان، گوێ بگرن،
  • ئەی شایەتەکان، بزانن چییان بەسەردێت.
  • 19ئەی زەوی، گوێ بگرە:
  • ئەوەتا من بەڵا بەسەر ئەم گەلەدا دەهێنم،
  • بەروبوومی بیرکردنەوەکانیانە،
  • چونکە گوێیان بۆ وشەکانم شل نەکرد و
  • فێرکردنی منیان ڕەتکردەوە.
  • 20بەلامەوە گرنگ نییە، بخوور لە شەباوە بێت و
  • قامیشی بۆنخۆش لە خاکێکی دوورەوە؟
  • قوربانی سووتاندنەکانتان قبوڵ نین و
  • قوربانییە سەربڕدراوەکانتان لەلای من خۆش نین.»
  • 21لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «من کۆسپ بۆ ئەم گەلە دادەنێم،
  • باوکان و کوڕان پێکەوە ساتمەی لێ دەکەن،
  • دراوسێ و هاوڕێ لەناودەچن.»
  • 22یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «ئەوەتا! سوپایەک لە خاکی باکوورەوە دێت،
  • نەتەوەیەکی مەزن لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێت.
  • 23کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە،
  • دڵڕەقن و بەزەییان نییە،
  • دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و
  • سواری ئەسپ دەبن،
  • وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن
  • بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی سییۆنی کچ.»
  • 24هەواڵی ئەوانمان بیست،
  • ورەمان ڕووخا،
  • تووشی تەنگانە بووین،
  • تووشی ئازار بووین وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
  • 25دەرمەچن بۆ کێڵگە!
  • بە ڕێگادا مەڕۆن!
  • چونکە دوژمن شمشێری پێیە،
  • لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.
  • 26ئەی گەلەکەم، جلوبەرگی گوش بپۆشە،
  • خۆت لە خۆڵەمێش بگەوزێنە،
  • شینی تاقانەیەک بۆ خۆت بگێڕە، بە لاوانەوەیەکی تاڵ،
  • چونکە لەناکاو تێکدەر بەسەرماندا دەدات.
  • 27«ئەی یەرمیا، تۆم لەنێو گەلەکەم دانا،
  • وەک تاقیکەرەوە و سەنگی مەحەک،
  • بۆ ئەوەی ڕەفتاریان بزانیت و
  • تاقییان بکەیتەوە.
  • 28هەموو یاخی و کەللەڕەقن،
  • بە پەلەن بۆ بوختانکردن،
  • ئەوان بڕۆنز و ئاسنن،
  • هەموو تێکدەرن.
  • 29مووشەی دێت مووشەدەمە
  • بۆ ئەوەی بە ئاگر قورقوشم بفەوتێنێت،
  • بەڵام بێهوودە زێڕنگەر بێگەردی دەکات،
  • بەدکاران بێگەرد نابن.
  • 30پێیان دەگوترێت زیوی ناپەسەند،
  • چونکە یەزدان پەسەندی نەکردوون.»