PLAY PODCASTS
زه‌بوره‌كان ٦١: ١ - ٦٦: ٢٠
Season 29 · Episode 31

زه‌بوره‌كان ٦١: ١ - ٦٦: ٢٠

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

September 4, 202424m 46s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

زه‌بوره‌كان ٦١: ١ - ٦٦: ٢٠

  • 1ئەی خودایە، گوێت لە هاوارم بێت،
  • گوێ لە نوێژەکەم بگرە.
  • 2لەوپەڕی زەوییەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم،
  • کە دڵم لاواز دەبێت،
  • پێشڕەویم بکە بۆ سەر تاشەبەردێکی لە خۆم بڵندتر،
  • 3چونکە تۆ پەناگای منی،
  • قوللەیەکی بەهێزی لە ڕووی دوژمن.
  • 4با هەتاهەتایە لە پیرۆزگای تۆدا نیشتەجێ بم و
  • پەنا بهێنمە ژێر سێبەری باڵەکانت.
  • 5ئەی خودایە، چونکە تۆ گوێت لە نەزرەکانم گرت،
  • منت کردە میراتگر لەگەڵ ئەوانەی ترسی ناوی تۆ لە دڵیانە.
  • 6درێژە بدە بە ڕۆژانی تەمەنی پاشا،
  • بە ساڵانی تەمەنی بۆ نەوە دوای نەوە.
  • 7با هەتاهەتایە لە ئامادەبوونی خودا دابنیشێت،
  • دڵسۆزی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ئەو بپارێزن.
  • 8ئەوسا هەتاهەتایە گۆرانی بۆ ناوی تۆ دەڵێم،
  • ڕۆژ بە ڕۆژیش نەزرەکانم بەجێدەهێنم.

زه‌بوره‌كان ٦٢

  • 1گیانم تەنها بە خودا ئارام دەبێت،
  • ڕزگاریشم لەلای ئەوەوە دێت.
  • 2تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە،
  • پەناگای منە، هەرگیز نالەقێم.
  • 3هەتا کەی هێرش دەکەنە سەر مرۆڤێک؟
  • ئایا هەمووتان وەک دیوارێکی لار تێکی دەدەن،
  • وەک شوورایەکی داڕووخاو؟
  • 4تەنها پیلان بۆ ئەوە دەگێڕن
  • کە ئەو لەو پلەوپایەیە بخەن،
  • خۆشییان لە درۆوە دێت.
  • بە دەم داوای بەرەکەت دەکەن،
  • بەڵام لە دڵەوە نەفرەت.
  • 5ئەی گیانی من، تەنها بە خودا ئارام بە،
  • چونکە ئومێدی من لەلای ئەوەوە دێت.
  • 6تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە،
  • پەناگای منە، نالەقێم.
  • 7ڕزگاری و شکۆمەندی من بە خوداوە بەندە،
  • تاشەبەردی بەهێزمە، پەناگای منە.
  • 8هۆ خەڵکینە، هەموو کاتێک پشت بەو ببەستن،
  • دڵی خۆتانی لەبەردەم هەڵبڕێژن،
  • چونکە خودا پەناگای ئێمەیە.
  • 9ئادەمیزاد تەنها هەناسەیەکە،
  • مرۆڤ تەنها درۆیەکە،
  • ئەگەر بخرێنە تای تەرازوو هیچ نین،
  • هەموو پێکەوە تەنها هەناسەیەکن.
  • 10پشت بە زۆرداری مەبەستن،
  • پۆز بە ماڵی دزراوەوە لێمەدەن.
  • ئەگەر سامانتان زیادی کرد،
  • دڵی خۆتانی پێوە مەبەستن.
  • 11جارێک خودا فەرموویەتی،
  • دوو جار بیستوومە:
  • کە هێز هەر هی خودایە،
  • 12هەروەها کە خۆشەویستی نەگۆڕ هەر هی تۆیە، ئەی پەروەردگار.
  • بێگومان تۆش، هەرکەسێک
  • بەپێی کردەوەی خۆی پاداشت دەدەیتەوە.

زه‌بوره‌كان ٦٣

  • 1ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت،
  • گیانم تینووی تۆیە،
  • جەستەم شەیدای تۆیە،
  • لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.
  • 2لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و
  • هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.
  • 3لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە،
  • لێوەکانم ستایشت دەکەن.
  • 4بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم،
  • بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.
  • 5گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ و چەوری،
  • بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.
  • 6لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم،
  • بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە،
  • 7چونکە تۆ هاریکارم بوویت،
  • لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.
  • 8گیانم بە تۆوە بەندە،
  • دەستی ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.
  • 9بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن،
  • بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە.
  • 10ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و
  • دەبن بە خۆراکی چەقەڵ.
  • 11بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت،
  • هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن،
  • چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت.

زه‌بوره‌كان ٦٤

  • 1ئەی خودایە، گوێ لە دەنگی سکاڵام بگرە،
  • ژیانم لە مەترسی دوژمنانم بپارێزە.
  • 2لە پیلانی بەدکاران بمشارەوە،
  • لە کۆمەڵی خراپەکاران.
  • 3کە زمانی خۆیان وەک شمشێر تیژ کردووە،
  • قسە تاڵەکانیان وەک تیری هاوێژراوە.
  • 4لە بۆسەکانیانەوە تیر لە کەسی بێ کەموکوڕی دەگرن،
  • لەناکاو تێی دەگرن و ناترسن.
  • 5بۆ کاری خراپە یەکتری هاندەدەن،
  • دەربارەی شاردنەوەی داوەکانیان دەدوێن،
  • دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟»
  • 6تەگبیر بۆ تاوان دەکەن،
  • دەڵێن: «پیلانێکی تەواومان داڕشت!»
  • بێگومان دڵ و دەروونی مرۆڤ قووڵە.
  • 7بەڵام خودا تیریان تێدەگرێت،
  • لەناکاو برینداریان دەکات.
  • 8زمان درێژییان دەبێتە هۆی کەوتنیان،
  • هەرکەسێک کە دەیانبینێت سەری بادەدات.
  • 9هەموو ئادەمیزاد دەترسن،
  • کاری خودا ڕادەگەیەنن و
  • بیردەکەنەوە لەوەی کە کردی.
  • 10با ڕاستودروستان بە یەزدان دڵخۆش بن و
  • پەنا ببەنە بەر ئەو،
  • با هەموو دڵڕاستان ستایشی بکەن!

زه‌بوره‌كان ٦٥

  • 1ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە،
  • نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین.
  • 2ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت،
  • هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت.
  • 3کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو،
  • تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد.
  • 4خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و
  • نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین!
  • تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت،
  • لە پەرستگای پیرۆزی تۆ.
  • 5بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە،
  • ئەی خودای ڕزگارکەرمان،
  • ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و
  • دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن،
  • 6کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە،
  • بە توانا خۆتت چەکدار کردووە،
  • 7کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە،
  • هەڵچوونی شەپۆلەکانیان،
  • هەروەها ئاژاوەی گەلان.
  • 8ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەترسن.
  • لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران،
  • گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.
  • 9بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت،
  • زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت،
  • جۆگەکانی خودا پڕ ئاون،
  • دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت،
  • چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
  • 10هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و
  • تەخت و ڕێکیان دەکەیت،
  • بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و
  • بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
  • 11بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و
  • ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
  • 12لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن،
  • ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
  • 13مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن،
  • دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان،
  • لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.

زه‌بوره‌كان ٦٦

  • 1ئەی سەراپای زەوی، بە شادمانییەوە هاوار بۆ خودا بکەن!
  • 2بە شکۆمەندی ناوی ئەو گۆرانی بڵێن،
  • ستایشی شکۆدار بکەن!
  • 3بە خودا بڵێن: «کردەوەکانت چەند سامناکن!
  • هێزت ئەوەندە گەورەیە،
  • دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن.
  • 4سەراپای زەوی کڕنۆشت بۆ دەبەن،
  • گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێن،
  • گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێن.»
  • 5وەرن کردارەکانی خودا ببینن،
  • کارە سامناکەکەی لە پێناوی ئادەمیزاد!
  • 6دەریای گۆڕی بۆ وشکانی،
  • ئەوان بە پێیان لە ڕووبار پەڕینەوە.
  • با بە ئەو شادمان بین.
  • 7بە توانای خۆی هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
  • چاوەکانی چاودێری نەتەوەکان دەکەن،
  • با یاخییەکان خۆیان بەرامبەری هەڵنەکێشن.
  • 8ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن،
  • با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،
  • 9کە گیانی ئێمەی بە زیندوویی پاراستووە و
  • نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.
  • 10ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە،
  • وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.
  • 11ئێمەت خستووەتە داوەوە و
  • باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.
  • 12تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن،
  • بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین،
  • بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.
  • 13بە قوربانی سووتاندنەوە دێمە پەرستگاکەت،
  • نەزرەکانم بەجێدەهێنم،
  • 14ئەو نەزرانەی کە لە کاتی تەنگانەدا،
  • لێوەکانم بەڵێنی پێدابوون و بە دەممدا هاتبوون.
  • 15ئاژەڵی قەڵەو دەکەمە قوربانی،
  • لەگەڵ بۆنی دووکەڵی قۆچی قوربانی،
  • تەگە و گات بۆ دەکەمە قوربانی.
  • 16ئەی هەموو لەخواترسەکان، وەرن و گوێ بگرن،
  • با پێتان بڵێم چی بۆ من کردووە.
  • 17بە دەمی خۆم هاوارم بۆی کرد،
  • ستایشکردنی لەسەر زمانم بوو.
  • 18ئەگەر دڵم حەزی لە خراپە بووایە،
  • پەروەردگار گوێی لێ نەدەگرتم،
  • 19بەڵام بێگومان خودا گوێی لێ گرتم،
  • گوێی لە دەنگم بوو لە کاتی نوێژکردنم.
  • 20ستایش بۆ خودا،
  • کە نە نوێژەکەی منی لە خۆی دوورخستەوە و
  • نە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی لە من.