PLAY PODCASTS
كرداری نێردراوان ٧: ١ - ٦٠
Season 14 · Episode 9

كرداری نێردراوان ٧: ١ - ٦٠

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

November 14, 202323m 23s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

كرداری نێردراوان ٧: ١ - ٦٠

  • 1سەرۆکی کاهینان لێی پرسی: «ئایا ئەو تۆمەتانە ڕاستن؟»
  • 2ئەویش گوتی: «برایان و باوکان گوێ بگرن، خودای شکۆمەندی بۆ ئیبراهیمی باوکمان دەرکەوت کاتێک لە میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئەوەی لە حاران نیشتەجێ بێت،
  • 3پێی فەرموو: ﴿خاک و کەسوکارت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.﴾
  • 4«خاکی کلدانییەکانی بەجێهێشت و لە حاران نیشتەجێ بوو. دوای مردنی باوکی، خودا لەوێوە گواستییەوە بۆ ئەم خاکەی ئێوە ئێستا تێیدا نیشتەجێن.
  • 5لێرەدا هیچ میراتێکی نەدایێ، تەنانەت شوێن پێیەکیش. بەڵام خودا بەڵێنی پێدا کە بە موڵک بیداتە خۆی و وەچەکەی لەدوای خۆی، هەرچەندە هێشتا منداڵی نەبوو.
  • 6خوداش ئاوای فەرموو: ﴿نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە.
  • 7بەڵام ئەو نەتەوەیەش حوکم دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن،﴾ خودا فەرموویەتی، ﴿دوای ئەوە دێنە دەرەوە و لەم شوێنە دەمپەرستن.﴾
  • 8خوداش پەیمانی خەتەنەکردنی لەگەڵ ئیبراهیم بەست. ئاوا ئیسحاقی بوو، لە تەمەنی هەشت ڕۆژیدا خەتەنەی کرد. ئیسحاقیش یاقوبی بوو، یاقوبیش دوازدە باوکانی یەکەمینی بوو.
  • 9«باوکانیش چاویان بە یوسف هەڵنەهات، فرۆشتیانە میسر. بەڵام خودای لەگەڵ بوو،
  • 10لە هەموو ناخۆشییەکانی ڕزگاری کرد، لەبەردەم فیرعەونی پاشای میسردا نیعمەت و دانایی پێدا. ئەویش کردی بە فەرمانڕەوای میسر و سەرپەرشتیاری هەموو ماڵەکەی خۆی.
  • 11«ئینجا قاتوقڕی و تەنگانە بەسەر هەموو میسر و کەنعاندا هات، باوباپیرانمان خواردنیان دەست نەدەکەوت.
  • 12یاقوب بیستی لە میسر دانەوێڵە هەیە، جاری یەکەم باوکانمانی نارد.
  • 13بۆ جاری دووەم یوسف بە برایانی ناسرا، بنەماڵەی یوسفیش بۆ فیرعەون دەرکەوت.
  • 14ئیتر یوسف ناردی یاقوبی باوکی بە هەموو کەسوکاریەوە بۆ میسر بانگکرد، کە حەفتا و پێنج کەس بوون.
  • 15جا یاقوب بۆ میسر دابەزی و مرد، خۆی و باوباپیرانمان.
  • 16ئینجا بۆ شەخەم گەڕاندیانەوە و لەو گۆڕە ناشتییان کە ئیبراهیم لە شەخەم بە بڕێک زیو لە کوڕەکانی حەمۆری کڕی.
  • 17«بەڵام ئەو کاتەی بەڵێنەکە نزیک دەبووەوە کە خودا بە ئیبراهیمی دا، گەل لە میسر پەرەیان دەسەند و زۆردەبوون،
  • 18تاکو ﴿لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.﴾
  • 19لەگەڵ گەلەکەمان بە فێڵ دەجوڵایەوە و خراپەی لەگەڵ باوباپیرانمان کرد، ناچاری دەکردن منداڵە ساواکانیان دووربخەنەوە تاکو بمرن.
  • 20«لەو کاتەدا موسا لەدایک بوو. لەبەرچاوی خودا جوان بوو، سێ مانگ لە ماڵی باوکی بەخێوکرا،
  • 21کاتێک دوورخرایەوە، کچی فیرعەون هەڵیگرتەوە و کردییە کوڕی خۆی و بەخێوی کرد.
  • 22موساش لەناو هەموو دانایی میسرییەکاندا پەروەردە کرا، بە توانا لە قسە و کرداردا.
  • 23«کاتێک تەمەنی بووە چل ساڵ، بڕیاری دا سەردانی برا ئیسرائیلییەکانی بکات.
  • 24یەکێکیانی بینی ستەمی لێ دەکرێت، بەرگری لێکرد و دادوەریی بۆ ستەملێکراو کرد، میسرییەکەی کوشت.
  • 25وایزانی برایانی تێدەگەن کە خودا لەسەر دەستی ئەو ڕزگاریان دەکات. بەڵام تێنەگەیشتن.
  • 26بۆ بەیانی دوو لە برا عیبرانییەکانی بینی کە شەڕیان دەکرد، هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە، گوتی: ”ئێوە بران، بۆچی دەست بۆ یەکتری درێژ دەکەن؟“
  • 27«بەڵام ئەوەی ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد، پاڵێکی پێوەنا و گوتی: ﴿کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟
  • 28ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک دوێنێ میسرییەکەت کوشت؟﴾
  • 29موساش بەهۆی ئەم قسەیەوە هەڵهات، لە خاکی میدیان بووە بێگانە و لەوێ دوو کوڕی بوو.
  • 30«دوای ئەوەی چل ساڵ تەواوبوو، ﴿فریشتەیەک لە بیابانی شاخی سینا لەنێو دەوەنێکی داگیرساودا بۆی دەرکەوت.﴾
  • 31موساش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو، دەچووە پێش تاکو لە نزیکەوە سەیر بکات، دەنگی یەزدان هات:
  • 32﴿من خودای باوکانت، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبم.﴾ بەڵام موسا لەرز گرتی و نەیوێرا سەیر بکات.
  • 33«﴿جا یەزدان پێی فەرموو: پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە.
  • 34بەڕاستی من ئەزیەتی گەلەکەی خۆمم لە میسر بینی و گوێم لە ناڵەیان بوو، هاتمە خوارەوە تاکو دەربازیان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسر.﴾
  • 35«ئەو موسایەی ڕەتیان کردەوە و گوتیان: ﴿کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟﴾ هەر ئەو بوو خودا وەک گەورە و ئازادکەر بە دەستی ئەو فریشتەیە ناردی کە لە دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت.
  • 36جا موسا گەلەکەی لە‏ میسر هێنایە‏ دەرەوە، پەرجوو و نیشانەی کرد لە خاکی میسر، لە دەریای سوور، هەروەها لە ماوەی چل ساڵدا لە چۆڵەوانی.
  • 37«ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: ﴿خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.﴾
  • 38هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ.
  • 39«بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر لێی دەدا.
  • 40بە هارونیان گوت: ﴿چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە تاکو پێشڕەویمان بکەن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.﴾
  • 41لەو ڕۆژانەدا بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروستکرد و قوربانییان بۆ کرد، بە دەستکردی خۆیان دڵشاد بوون.
  • 42بەڵام خودا ڕووی لێ وەرگێڕان و وازی لێ هێنان ئەستێرەکانی ئاسمان بپەرستن، وەک لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە:
  • «﴿ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی
  • قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟
  • 43نەخێر، بەڵکو نزرگەی بتی مۆلەختان
  • لەگەڵ ئەستێرەی خوداوەندەکەتان هەڵگرت، ڕێفان،
  • ئەو پەیکەرانەی دروستتان کرد تاکو بیانپەرستن.
  • لەبەر ئەوە من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە بابل دوورترە.﴾
  • 44«چادری پەرستنی شایەتیش لە چۆڵەوانیدا لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، هەروەک ئەوەی خودا فەرمانی بە موسا کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی.
  • 45جا باوباپیرانمان چادری پەرستنیان وەرگرت و لەگەڵ یەشوع بردیانە ناو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان دەریکردن هەتا ڕۆژانی داود،
  • 46ئەوەی لەلای خودا ڕەزامەندی بەدەستهێنا، ئەویش هەوڵی دا نشینگەیەک بۆ خودای یاقوب دروستبکات.
  • 47کەچی ئەوە سلێمان بوو کە ماڵێکی بۆ دروستکرد.
  • 48«بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، هەروەک پێغەمبەر ئیشایا گوتوویەتی:
  • 49«﴿ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە،
  • چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟
  • یەزدان دەفەرموێ،
  • لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
  • 50ئایا دەستی من هەموو ئەم شتانەی دروستنەکردووە؟﴾
  • 51«ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنەنەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن!
  • 52باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان.
  • 53ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.»
  • 54کاتێک ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا گوێیان لەم قسانەی ستیفانۆس بوو، دڵیان پڕبوو لە قین و ددانیان لێی جیڕکردەوە.
  • 55بەڵام ستیفانۆس پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز، چاوی بڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و عیساش لە دەستەڕاستی خودا وەستابوو.
  • 56گوتی: «دەبینم ئاسمان کراوەتەوە و کوڕی مرۆڤیش لە دەستەڕاستی خودا ڕاوەستاوە.»
  • 57بەمە گوێی خۆیان توند گرت و هەمووان بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و تێکڕا پەلاماریان دا،
  • 58بردیانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد. شایەتەکانیش جلەکانیان داکەند و خستیانە بەرپێی گەنجێک کە ناوی شاول بوو.
  • 59کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!»
  • 60ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست.