
Season 43 · Episode 16
حزقیال ٢٧: ١ - ٢٨: ١٥
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
May 29, 202523m 33s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
حزقیال ٢٧: ١ - ٢٨: ١٥
- 1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ سور بگێڕە.
- 3بە سور بڵێ: ئەی نیشتەجێ لەلای گەرووی دەریا، ئەوەی لە زۆربەی کەنارەکان بازرگانی لەگەڵ گەلان دەکات، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”ئەی سور، تۆ گوتت
- ’من تەواو جوانم.‘
- 4سنوورەکانت لەناو جەرگەی دەریاکان،
- بنیادنەرانت جوانی تۆیان تەواو کرد.
- 5هەموو تەختە دارەکانیان
- لە دار سنەوبەری سنیر بۆت دروستکرد.
- لە لوبنانەوە دارێکی ئورزیان هێنا
- تاکو داری ئاڵات بۆ دروستبکەن.
- 6لە دار بەڕووەکانی باشان
- سەوڵەکانی تۆیان دروستکرد.
- تەختەداری درێژی کەشتییەکەت لە داری سەروون لە کەنارەکانی قوبرسەوە هێنراون،
- بە عاج ڕازاوەن.
- 7کەتانی نەخشێنراوی میسر
- چارۆکەکەتە هەتا بۆت ببێتە ئاڵا.
- قوماشی مۆر و ئەرخەوانی لە کەنارەکانی ئەلیشایەوە
- چەترت بوون.
- 8خەڵکی سەیدا و ئەرڤاد
- سەوڵیان بۆ لێدەدایت.
- ئەی سور، پیاوە داناکانت کە لەناوتدا بوون،
- ئەوان کەشتیوانت بوون.
- 9پیرانی جوبەیل و داناکانی لەسەر پشتی تۆ بوون،
- کون و کەلێنەکانیان بۆت پڕ دەکردەوە.
- هەموو کەشتییەکانی دەریا و کەشتیوانەکانیان هاتنە تەنیشتت،
- بۆ بازرگانیکردن بە کەلوپەلەکانت.
- 10«”پیاوانی فارس و لوود و پووت
- لە ڕیزی سوپاکەت جەنگاوەرت بوون،
- قەڵغان و کڵاوی ئاسنینیان لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
- ئەوانە شکۆیان بە تۆ بەخشی.
- 11نەوەی ئەرڤاد لەگەڵ سوپاکەت
- بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت بوون،
- گەمادییەکان لەناو قوللەکانت بوون،
- قەڵغانەکانیان بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
- ئەوانە جوانی تۆیان تەواو کرد.
- 12«”تەرشیش بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری کاڵاکانت بازرگانی لەگەڵ دەکردیت، زیو و ئاسن و تەنەکە و قورقوشمی بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 13«”یۆنان و توبال و مەشەک بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، کۆیلە و کەلوپەلی بڕۆنزیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 14«”دانیشتووانی بێتتۆگەرما ئەسپ و ئەسپی سواری و هێستریان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 15«”خەڵکی ڕودس بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زۆر لە کەنارەکان بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی تۆ بوون، لە جیاتی نرخەکەی عاج و داری ئەبەنوسیان پێدەدایت.
- 16«”ئارامییەکان لەبەر زۆری کارە دەستکردەکانت بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، بەردە پیرۆزە، قوماشی ئەرخەوانی، کاری ئەتەمین، کەتانی ناسک، مەرجان و یاقووتیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 17«”یەهودا و خاکی ئیسرائیل بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، گەنمی مینیت و شیرینەمەنی و هەنگوین و زەیت و مەرهەمی هەتووانیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 18«”دیمەشق بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بەهۆی زۆری کارە دەستکردەکانت و فرەیی سامانەکەت، شەرابی حەلبۆن و خوری چاحەریان لەگەڵت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 19«”دانییەکان و یۆنانییەکان لە ئوزال ئاڵوگۆڕیان بە کاڵاکانت دەکرد، ئاسنی کوتراو و کاسیا و قامیشی بۆنخۆشیان لەگەڵ کەلوپەلەکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 20«”دیدان بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون.
- 21«”عەرەبستان و هەموو میرەکانی قێدار بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، لە بەرخ و بەران و نێری، بەمە بازرگانییان لەگەڵ کردیت.
- 22«”بازرگانەکانی شەبا و ڕەعما بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زێڕ و هەموو جۆرە بۆنێکی خۆش و بەردە گرانبەهاکانیان لە باشترین جۆر لەگەڵ کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 23«”حەڕان و کەنێ و عەدەن و بازرگانەکانی شەبا و ئەشوور و کیلمەد بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت.
- 24ئەوانە لە بازاڕەکانت بە جل و بەرگی جوان، قوماشی مۆر، کاری ئەتەمین، بەڕەی چنراو و ڕەنگین بە دەزووی ڕستراو و پتەو بازرگانییان لەگەڵ کردیت.
- 25«”کەشتییەکانی تەرشیش کاڵاکانت بار دەکەن.
- لە باری گران لەناو جەرگەی دەریاکان پڕیت.
- 26ئەوانەی سەوڵت بۆ لێدەدەن
- بۆ ناو ئاوە زۆرەکان دەتبەن،
- بەڵام بای ڕۆژهەڵات لەناو
- جەرگەی دەریاکان تێکتدەشکێنێت.
- 27سامان و کاڵا و کەلوپەلەکانت،
- کەشتیوان و دەریاوان و وەستاکانت،
- ئاڵوگۆڕکەران بە کەلوپەلەکەت، هەموو جەنگاوەرەکانت کە لەناو تۆدان،
- هەموو سەرنشینەکانت کە لە ناوەڕاستی تۆن،
- لە ڕۆژی ژێر ئاو کەوتنت
- دەکەونە ناو جەرگەی دەریاوە.
- 28لە دەنگی هاواری کەشتیوانەکانت
- کەنارەکان دەلەرزن.
- 29هەموو سەوڵلێدەر و کەشتیوانە بە ئەزموونەکان و
- کەشتیوانە ئاساییەکانی دەریا،
- لە کەشتییەکانیان دادەبەزن و
- لەسەر کەنار ڕادەوەستن،
- 30دەنگیان بۆت بەرز دەکەنەوە و
- بە تاڵییەوە دەقیژێنن،
- خۆڵ دەکەن بەسەر سەری خۆیاندا و
- لەناو خۆڵەمێش خۆیان دەگەوزێنن.
- 31بۆ تۆ پرچی سەریان دەتاشن و
- جلوبەرگی گوش دەپۆشن.
- بە تاڵی گیانەوە گریانێکی تاڵ
- بۆت دەگریێن.
- 32لە کاتی گریانیان لاوانەوەیەک بەرز دەکەنەوە،
- بۆت دەلاوێننەوە:
- ’کێ وەک سور لەناو جەرگەی دەریا
- بێدەنگی نواند؟‘
- 33کاتێک کاڵاکانت بە دەریاکاندا ناردە دەرەوە،
- گەلانێکی زۆرت تێر کرد.
- بە زۆری سامان و کەلوپەلەکانت
- پاشایانی زەویت دەوڵەمەند کرد.
- 34کاتێک لە دەریاکان تێکشکایت
- لەناو قووڵایی ئاوەکان،
- کەرەستە و هەموو سەرنشینەکەت
- لەگەڵت نوقوم بوون.
- 35هەموو دانیشتووانی کەنارەکان
- واقیان لێت وڕدەمێنێت،
- پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،
- ڕوخساریان دەشێوێت.
- 36بازرگانانی نێو گەلان فیکەت بۆ لێ دەدەن،
- کۆتاییەکەت ترسناک دەبێت و
- ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
حزقیال ٢٨
- 1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، بە سەرۆکی سور بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”لەبەر لەخۆباییبوونەکەت گوتت:
- ’من خوداوەندێکم،
- لەسەر تەختی خوداوەندیێتی دادەنیشم
- لەناو جەرگەی دەریاکان.‘
- بەڵام تۆ مرۆڤیت نەک خوداوەند،
- هەرچەندە وا بزانیت وەک خوداوەندێک دانایت.
- 3ئایا تۆ لە دانیال داناتری؟
- هیچ نهێنییەک لێت ناشاردرێتەوە؟
- 4بە دانایی و تێگەیشتنت سامانت بۆ خۆت دەست کەوت،
- زێڕ و زیوت لە گەنجینەکانت کۆکردەوە.
- 5بەهۆی شارەزایی زۆرت لە بازرگانی
- سامانەکەتت زیاد کرد،
- جا لەبەر دەوڵەمەندییەکەت
- لەخۆبایی بوویت.
- 6«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”وا دەزانیت کە دانایت،
- کە دانایی خوداوەندت هەیە،
- 7هەر لەبەر ئەوەش من بێگانە دەهێنمە سەرت،
- دڕندەترینی نەتەوەکان،
- شمشێرەکانیان هەڵدەکێشنە سەر جوانی و داناییەکەت،
- شکۆ درەوشاوەکەت دەبڕن.
- 8لەناو جەرگەی دەریاکان
- بە مردنی خوێناوی دەمریت،
- شۆڕت دەکەنەوە ناو جیهانی مردووان.
- 9ئایا لەبەردەم بکوژەکانت
- دەڵێیت: ’من خوداوەندم‘؟
- نەخێر، بەڵکو تۆ لەناو دەستی ئەوانە دایت کە دەتدەنە بەر شمشێر،
- تەنها مرۆڤیت، نەک خوداوەند.
- 10بە مردنی خەتەنەنەکراوان دەمریت،
- بە دەستی بێگانان.
- من بەڵێنم دا، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
- 11فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 12«ئەی کوڕی مرۆڤ، بۆ پاشای سور بلاوێنەوە و پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”تۆ نموونەی تەواوەتی بوویت،
- پڕ لە دانایی و جوانی تەواو بوویت.
- 13لە عەدەنی بەهەشتی خودا بوویت،
- هەموو بەردێکی گرانبەها تۆی دەڕازاندەوە:
- یاقووت، یاقووتی زەرد، زمروود،
- زەبەرجەد، بەردی عاشقبەند، یەشب،
- یاقووتی شین، بەردە پیرۆزە و زمروودی سەوز.
- چواردەوری بەردە گرانبەهاکەت بە زێڕ نەخشێنرا بوو،
- لە ڕۆژی بەدیهێنانت ئامادە کران.
- 14تۆ کەڕوبی دەستنیشانکراو بوویت بۆ پاسەوانی،
- ئەم ئەرکەم بە تۆ سپاردبوو.
- تۆ لەسەر کێوی پیرۆزی خودا بوویت،
- بەناو بەردە ئاگرینەکاندا هاتوچۆت دەکرد.
- 15تۆ لە کردەوەکانت تەواو بوویت،
- لە ڕۆژی بەدیهێنانتەوە
- هەتا ئەو ڕۆژەی خراپەت تێدا بەدیکرا.