
Season 12 · Episode 7
دادوهران ١٠: ٣ - ١١: ٣١
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
October 25, 202323m 4s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دادوهران ١٠: ٣ - ١١: ٣١
- 3ئینجا لەدوای ئەو یائیری گلعادی هەستا و بیست و دوو ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
- 4سی کوڕی هەبوو و سواری سی گوێدرێژ دەبوون و سی شارۆچکەیان هەبوو، پێیان دەگوترا حەڤۆت یائیر کە هەتا ئەمڕۆش وایان پێ دەڵێن و لە خاکی گلعادە.
- 5یائیرش مرد و لە قامۆن نێژرا.
- 6نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری. بەعلەکان و عەشتۆرەتەکان و خوداوەندەکانی ئارام، سەیدا، مۆئاب، عەمۆنییەکان و فەلەستییەکانیان پەرست و وازیان لە یەزدان هێنا و نەیانپەرست.
- 7لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیلییەکان هاتە جۆش و ڕادەستی فەلەستییەکان و عەمۆنییەکانی کردن.
- 8ئەوانیش لەو ساڵەوە نەوەی ئیسرائیلیان تێکشکاند و ستەمیان لێکردن. بۆ ماوەی هەژدە ساڵ نەوەی ئیسرائیلیان دەچەوساندەوە، هەموو ئەوانەی کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بوون لە خاکی ئەمۆرییەکان ئەوانەی لە گلعاد بوون.
- 9عەمۆنییەکان لە ڕووباری ئوردونیش پەڕینەوە بۆ جەنگ لە دژی یەهودا و بنیامین و بنەماڵەی ئەفرایم، بۆیە ئیسرائیل زۆر پەرێشان بوون.
- 10جا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئێمە گوناهمان کرد دەرهەق بە تۆ، چونکە وازمان لە خودای خۆمان هێنا و بەعلەکانمان پەرست.»
- 11یەزدانیش بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «کاتێک میسری، ئەمۆری، عەمۆنی، فەلەستی،
- 12سەیدائی، عەمالێقی و ماعۆنییەکان، تەنگیان پێتان هەڵچنی، ئیتر هاوارتان بۆ کردم، ئایا منیش لە دەستیان ڕزگارم نەکردن؟
- 13بەڵام ئێوە وازتان لێ هێنام و خودای دیکەتان پەرست. لەبەر ئەوە ئیتر ڕزگارتان ناکەم.
- 14بڕۆن هاوار بکەن بۆ ئەو خوداوەندانەی هەڵتانبژاردوون، با لە کاتی تەنگانەتان ئەوان ڕزگارتان بکەن.»
- 15نەوەی ئیسرائیلیش بە یەزدانیان گوت: «گوناهمان کرد، جا چی بە باش دەزانیت پێمانی بکە، تەنها هەر ئەمڕۆ دەربازمان بکە.»
- 16ئیتر خوداوەندە بێگانەکانیان لەنێو خۆیاندا لابرد و یەزدانیان پەرست. یەزدان بەهۆی کڵۆڵیی ئیسرائیلەوە دڵتەنگ بوو.
- 17ئینجا لەشکرەکانی عەمۆنییەکان بانگ کران و کۆبوونەوە و لە گلعاددا چادریان هەڵدا، کوڕانی ئیسرائیلیش کۆبوونەوە و لە میچپا چادریان هەڵدا.
- 18ئیتر ڕابەرەکانی گەلی گلعاد بە یەکتریان گوت: «ئەو پیاوەی دەست بکات بە جەنگ لەگەڵ عەمۆنییەکان، ئەوا ئەو دەبێت بە سەرۆکی هەموو خەڵکی گلعاد.»
دادوهران ١١
- 1یەفتاحی گلعادی جەنگاوەرێکی بەهێز بوو، کوڕی لەشفرۆشێک بوو، گلعادیش باوکی بوو.
- 2ژنەکەی گلعاد چەند کوڕێکی بوو، کاتێک کوڕەکان گەورە بوون یەفتاحیان دەرکرد و پێیان گوت: «نابیت بە میراتگر لە ماڵی باوکمان، چونکە تۆ کوڕی ژنێکی دیکەیت.»
- 3بۆیە یەفتاح لە دەست براکانی هەڵات و لە خاکی تۆڤ نیشتەجێ بوو، چەند پیاوێکی یاخی و چاونەترس لە دەوری کۆبوونەوە و دوای کەوتن.
- 4ئینجا پاش ماوەیەک عەمۆنییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان.
- 5کاتێک عەمۆنییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان، پیرانی گلعاد چوون بۆ ئەوەی یەفتاح لە خاکی تۆڤەوە بهێنن.
- 6بە یەفتاحیان گوت: «وەرە ببە بە سەرکردەمان هەتا لە دژی عەمۆنییەکان بجەنگین.»
- 7یەفتاحیش بە پیرانی گلعادی گوت: «ئایا ئێوە نەبوون کە ڕقتان لێم بووەوە و لە ماڵی باوکم دەرتانکردم؟ بۆچی ئێستا هاتوون بۆ لام کە لە تەنگانە دان؟»
- 8پیرانی گلعادیش بە یەفتاحیان گوت: «بۆیە ئێستا گەڕاوینەتەوە بۆ لات هەتا لەگەڵمان بێیت و لە دژی عەمۆنییەکان بجەنگین و ببیت بە سەرکردەمان بەسەر هەموو دانیشتووانی گلعاد.»
- 9یەفتاحیش بە پیرانی گلعادی گوت: «ئەگەر منتان گەڕاندەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدان ئەوانی بەدەستمەوە دا، ئەوا بەڕاستی من دەبمە سەرکردەتان؟»
- 10پیرانی گلعادیش بە یەفتاحیان گوت: «با یەزدان لەنێوانمان شایەت بێت، بە دڵنیاییەوە ئاوا دەکەین بەپێی ئەوەی گوتت.»
- 11ئینجا یەفتاح لەگەڵ پیرانی گلعاددا ڕۆیشت و گەل کردیان بەسەرکردە و فەرماندەی خۆیان و یەفتاحیش هەموو قسەکانی خۆی لە میچپا لەبەردەم یەزدان دووبارە کردەوە.
- 12ئینجا یەفتاح چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای عەمۆنییەکان ڕەوانە کرد و گوتی: «چیم لەگەڵ تۆ هەیە، تۆ هاتوویتە سەرم هەتا لە خاکەکەم لە دژم بجەنگیت؟»
- 13پاشای عەمۆنییەکانیش بە نێردراوەکانی یەفتاحی گوت: «لەبەر ئەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتتنیدا لە میسر خاکەکەی بردووم، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و هەتا ڕووباری ئوردون، ئێستاش بە ئاشتی بیگەڕێنەوە.»
- 14ئینجا یەفتاح دووبارە چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای عەمۆنییەکان ڕەوانە کردەوە و
- 15پێی گوت:
- «یەفتاح ئاوا دەڵێت: ئیسرائیل خاکی مۆئاب و خاکی عەمۆنییەکانی نەبردووە،
- 16چونکە لە کاتی هاتنی ئیسرائیل لە میسرەوە بەناو چۆڵەوانیدا هەتا دەریای سوور ڕۆیشت و هات بۆ قادێش.
- 17ئیتر ئیسرائیل چەند نێردراوێکی نارد بۆ لای پاشای ئەدۆم و گوتی: ”لێمانگەڕێ با بەناو خاکەکەتدا تێپەڕ بین،“ بەڵام پاشای ئەدۆم گوێی نەگرت. هەروەها نێردراویان بۆ لای پاشای مۆئاب نارد، بەڵام ڕازی نەبوو. ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە قادێش مانەوە.
- 18«ئینجا بەناو چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و بەدەوری خاکی ئەدۆم و خاکی مۆئابدا سووڕانەوە، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە هاتن بۆ خاکی مۆئاب و لە کەناری ئەرنۆن چادریان هەڵدا، نەهاتنە ناو خاکی مۆئاب، چونکە ڕووباری ئەرنۆن سنووری مۆئاب بوو.
- 19«پاشان ئیسرائیل چەند نێردراوێکی بۆ لای سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان و پاشای حەشبۆن نارد و پێی گوتن: ”لێمانگەڕێن با بەناو خاکەکەتاندا تێپەڕین بۆ شوێنەکەمان.“
- 20بەڵام سیحۆن متمانەی بە ئیسرائیل نەبوو بەناو سنوورەکەیدا تێبپەڕێت، بەڵکو سیحۆن هەموو هێزەکانی کۆکردەوە و لە یەهەچ چادریان هەڵدا و لە دژی ئیسرائیل جەنگان.
- 21«ئینجا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سیحۆن و هەموو سوپاکەی دا بەدەست نەوەی ئیسرائیلەوە و ئەوانیان بەزاند. ئیتر ئیسرائیل بوو بە خاوەنی هەموو زەوی ئەمۆرییەکان و دانیشتووانی ئەو خاکە،
- 22دەستیان بەسەر هەموو سنووری ئەمۆرییەکاندا گرت، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و لە چۆڵەوانییەوە هەتا ڕووباری ئوردون.
- 23«ئێستاش کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمۆرییەکانی لەبەردەم ئیسرائیلی گەلی خۆی دەرکردووە، ئایا بە چ مافێک تۆ خاوەنداریێتی دەکەیت؟
- 24ئایا نابیتە خاوەنی ئەوەی کە کەمۆشی خوداوەندت پێت دەدات؟ ئێمەش خاوەنی هەموو ئەوانەین کە یەزدانی پەروەردگارمان لەبەردەمماندا وەدەرینان.
- 25ئێستاش ئایا تۆ بەڕاستی لە بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب چاکتریت؟ ئایا ئەو بەربەرەکانێی ئیسرائیلی کرد، یاخود لە دژیان جەنگا؟
- 26ئەو کاتەی ئیسرائیل لە حەشبۆن و گوندەکانی و عەرۆعێر و گوندەکانی و هەموو شارۆچکەکانی کەناری ئەرنۆن سێ سەد ساڵ نیشتەجێ بوو، بۆچی لەو کاتەدا بەدەستت نەهێنایەوە؟
- 27من هیچ گوناهم دەرهەق بە تۆ نەکردووە، بەڵام تۆ خراپەم لەگەڵ دەکەیت بە شەڕکردن لەگەڵ من. با ئەمڕۆ یەزدانی دادوەر حوکم لەنێوان ئیسرائیل و عەمۆنییەکاندا بدات.»
- 28بەڵام پاشای عەمۆنییەکان گوێی لە قسەکانی یەفتاح نەگرت کە بۆی نارد.
- 29جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەر یەفتاح. لە گلعاد و مەنەشە پەڕییەوە و میچپای گلعادیشی تێپەڕاند، لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر عەمۆنییەکان پێشڕەویی کرد.
- 30ئینجا یەفتاح نەزری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەگەر عەمۆنییەکانت دا بەدەستمەوە،
- 31ئەوا لە کاتی گەڕانەوەمدا بە سەرکەوتوویی لەلای عەمۆنییەکانەوە، ئەوەی بۆ پێشوازیلێکردنم لە دەرگای ماڵەکەمەوە بێتە دەرەوە، ئەوە بۆ یەزدان دەبێت و وەک قوربانی سووتاندن پێشکەشی دەکەم.»