
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
وتهكان ١: ١ - ٤٠
- 1ئەمە ئەو وتانەیە کە موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت، لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون، لە دەشتودەر لە عەراڤا، بەرامبەر بە سوف لەنێوان پاران و تۆفەل و لاڤان و حەچێرۆت و دی زاهاڤ.
- 2(لە حۆرێڤەوە لەسەر ڕێگای کێوی سێعیر بۆ قادێش بەرنێعە گەشتێکی یازدە ڕۆژەیە.)
- 3لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی چلەمین، موسا وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردبوو لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا دوا.
- 4ئەمە دوای ئەوە بوو کە سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکانی بەزاند کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو، عۆگی پاشای باشانی شکاند کە لە عەشتارۆت فەرمانڕەوا بوو لە ئەدرەعی.
- 5موسا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە خاکی مۆئابدا دەستی بە ڕوونکردنەوەی ئەم فێرکردنە کرد و گوتی:
- 6یەزدانی پەروەردگارمان لە حۆرێڤ پێی فەرمووین: «ئیتر بەسە! ماوەیەکی زۆرە لەم کێوە دانیشتوون،
- 7ڕووتان وەربگێڕن و کۆچ بکەن و بڕۆن بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەمۆرییەکان و دەرودراوسێکانی لە عەراڤا و چیا و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و کەناری دەریای خاکی کەنعان و لوبنان هەتا ڕووباری گەورە، واتا ڕووباری فورات.
- 8بڕوانن ئەوا خاکەکەم لەپێش داناون، بڕۆنە ناوی و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بەوان و نەوەکانی دواتریان بدات.»
- 9لەو کاتەدا لەگەڵتاندا دوام و گوتم، «ناتوانم بە تەنها بارتان هەڵبگرم،
- 10یەزدانی پەروەردگارتان زۆری کردوون و ئەوەتا ئەمڕۆ ئێوە وەک ئەستێرەی ئاسمانن لە زۆریدا.
- 11با یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان هەزار قات زیاترتان بکات و بەرەکەتدارتان بکات، هەروەک بەڵێنی پێدان،
- 12بەڵام چۆن بە تەنها قورسایی و بارگرانی و ناکۆکییەکانتان هەڵبگرم؟
- 13لە هۆزەکانتان پیاوی دانا و تێگەیشتوو و ڕێزدار هەڵبژێرن و لەسەرتان دایاندەنێم.»
- 14ئێوەش وەڵامتان دامەوە و گوتتان، «ئەوەی گوتت باشە، با بیکەین.»
- 15جا پیاوە گەورەکانی هۆزەکانی ئێوەم برد، پیاوانی دانا و ڕێزدار، ئەوانم کرد بە سەرۆک بەسەرتانەوە، کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان و کوێخاکان بۆ هۆزەکانتان.
- 16لەو کاتەشدا فەرمانم بە دادوەرەکانتان کرد و گوتم: «گوێ لە داوا و سکاڵای گەلەکەتان بگرن و بە ڕاستودروستی دادوەرییان بکەن، جا چ داواکە لەنێوان دوو ئیسرائیلیدا بێت یان لەنێوان ئیسرائیلییەک و نامۆیەکدا بێت.
- 17لە دادوەریدا لایەنگری مەکەن، وەک یەک گوێ لە گەورە و بچووک بگرن، لە کەس مەترسن، دادوەریکردن هی خودایە و ئەو داوایانەی بۆتان زەحمەت بێت، ئەوا بۆ منی دەهێنن هەتا گوێم لێی بێت.»
- 18لەو کاتەشدا فەرمانم پێکردن سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی کە دەیکەن.
- 19ئینجا لە حۆرێڤ کۆچمان کرد و ئەو چۆڵەوانییە مەزنە ترسناکەمان گرتەبەر کە لە ڕێگای ناوچە شاخاوییەکانی ئەمۆرییەکان بینیتان، هەروەک یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێ کردین و هاتین هەتا قادێش بەرنێعە.
- 20پێم گوتن: «ئەوا هاتنە ناوچە شاخاوییەکانی ئەمۆرییەکان کە یەزدانی پەروەردگارمان پێمان دەدات.
- 21بڕوانن! یەزدانی پەروەردگارتان خاکەکەی لەبەردەمتان داناوە، سەربکەون و دەستی بەسەردا بگرن، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێی فەرموون. مەترسن و ورە بەرمەدەن.»
- 22جا هەمووتان هاتنە لای من و گوتتان: «با چەند پیاوێک لەپێش خۆمان بنێرین بۆ ئەوەی سیخوڕیەتی خاکەکەمان بۆ بکەن و هەواڵی ئەو ڕێگایەمان بۆ بهێننەوە کە پێیدا دەڕۆین و ئەو شارۆچکانەی بۆی دەچین.»
- 23ئەو قسەیەم بەلاوە باش بوو، دوازدە پیاوم لێ دەرهێنان، لە هەر هۆزێک پیاوێک.
- 24جا چوون و سەرکەوتنە سەر ناوچە شاخاوییەکە و هاتنە دۆڵی ئەشکۆل و سیخوڕییان کرد و
- 25لەگەڵ دەستیان لە بەروبوومی خاکەکەیان بۆ هێناینەوە و هەواڵیان پێ ڕاگەیاندینەوە و گوتیان: «ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارمان پێمان دەدات، باشە.»
- 26بەڵام ئێوە ڕازی نەبوون سەربکەون و لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارتان یاخی بوون و
- 27لەناو چادرەکانتان کەوتنە بۆڵەبۆڵ و گوتتان: «یەزدان ڕقی لە ئێمەیە لەبەر ئەوە ئێمەی لە خاکی میسر دەرهێنا هەتا بمانداتە دەستی ئەمۆرییەکان و لەناومان ببەن.
- 28بۆ کوێ سەردەکەوین؟ براکانمان ورەیان ڕووخاندین و گوتیان: ”گەلێکی لە ئێمە مەزنتر و باڵا بەرزترن، شارەکان مەزن و شوورادارن هەتا ئاسمان، هەروەها لەوێ نەوەی عەناقمان بینی.“»
- 29منیش پێم گوتن: «مەتۆقن و لێیان مەترسن.
- 30یەزدانی پەروەردگارتان کە لەپێشتانەوە دەڕوات، ئەو بۆتان دەجەنگێت، بەگوێرەی هەموو ئەوەی لەپێش چاوتان لە میسر بۆی کردن،
- 31هەروەها لە دەشتودەر کە بینیتان چۆن یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیگرتن هەروەک باوک کوڕەکەی هەڵدەگرێت، لە هەموو ئەو ڕێگایەی گرتتانەبەر هەتا هاتنە ئەم شوێنە.»
- 32لەگەڵ ئەوەشدا بڕواتان بە یەزدانی پەروەردگارتان نەبوو،
- 33ئەوەی لە ڕێگا لەپێشتانەوە چوو هەتا شوێنێکتان بۆ بدۆزێتەوە بۆ چادرهەڵدانتان، لە شەودا لەناو ئاگردا بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایەتان پیشان بدات کە پێیدا دەڕۆن و لە ڕۆژیشدا لەناو هەور.
- 34جا یەزدان گوێی لە دەنگی قسەکانتان بوو، تووڕە بوو و سوێندی خوارد و فەرمووی:
- 35«هیچ کەسێک لەم خەڵکە لەم نەوە بەدکارە ئەو خاکە چاکە نابینێت کە سوێندم خوارد بیدەم بە باوباپیرانتان،
- 36تەنها کالێبی کوڕی یەفونە نەبێت، ئەو دەیبینێت و ئەو خاکە دەدەمە ئەو کە پێی لێناوە و دەیدەمە کوڕەکانیشی، چونکە بە هەموو دڵییەوە بەدوای یەزدان کەوت.»
- 37بەهۆی ئێوەوە یەزدان لە منیش تووڕە بوو و فەرمووی: «تۆش بۆ ئەوێ ناچیت.
- 38یەشوعی کوڕی نون کە لەبەردەمت وەستاوە دەچێتە ئەوێ، هانی بدە، چونکە خاکەکە وەک میرات بۆ ئیسرائیل دابەش دەکات،
- 39بەڵام منداڵەکانتان کە گوتتان دەبنە دیل و کوڕەکانتان ئەوانەی هەتا ئەمڕۆ چاکە و خراپەیان نەزانیوە، ئەوان دەچنە ئەوێ و دەیدەمە ئەوان و ئەوان دەستی بەسەردا دەگرن،
- 40بەڵام ئێوە ڕووتان وەربگێڕن و کۆچ بکەن بۆ دەشتودەر، لەسەر ڕێگای دەریای سوور.»