PLAY PODCASTS
یه‌كه‌م هه‌واڵی ڕۆژان ١٦: ٨ - ١٧: ٢٧
Season 20 · Episode 6

یه‌كه‌م هه‌واڵی ڕۆژان ١٦: ٨ - ١٧: ٢٧

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

March 18, 202419m 42s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

یه‌كه‌م هه‌واڵی ڕۆژان ١٦: ٨ - ١٧: ٢٧

  • 8ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
  • کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
  • 9گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
  • هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
  • 10شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
  • با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
  • 11پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
  • بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
  • 12باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
  • پەرجوو و حوکمەکانی دەمی.
  • 13ئەی نەوەی ئیسرائیلی بەندەی ئەو،
  • ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
  • 14ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
  • حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.
  • 15بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
  • ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
  • 16ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
  • ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد،
  • 17وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
  • وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
  • 18فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ،
  • بەشە میراتی خۆتانە.»
  • 19ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو،
  • کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
  • 20لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە،
  • لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
  • 21لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات،
  • بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
  • 22«دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن،
  • خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»
  • 23ئەی هەموو زەوی، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
  • ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
  • 24لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن،
  • لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.
  • 25یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە،
  • سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە،
  • 26چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن،
  • بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
  • 27شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان،
  • هێز و شادمانی لە نشینگەکەیدان.
  • 28ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن،
  • ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
  • 29ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
  • دیاری بهێنن و وەرنە بەردەمی،
  • کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
  • 30ئەی هەموو خەڵکی زەوی لەبەردەمی بلەرزن،
  • جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت.
  • 31با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت،
  • لەنێو نەتەوەکاندا بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!»
  • 32با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،
  • با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.
  • 33ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان لەبەردەم یەزدان گۆرانی دەڵێن،
  • چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات.
  • 34ستایشی یەزدان بکەن لەبەر ئەوەی چاکە،
  • خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
  • 35بڵێن: «ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ڕزگارمان بکە،
  • لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە و فریامان بکەوە،
  • بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و
  • شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.»
  • 36ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
  • لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
  • ئینجا هەموو گەل گوتیان «ئامین!» و «ستایشی یەزدان بکەن.»
  • 37داود لەوێدا لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان، ئاساف و هاوکارەکانی بەجێهێشت تاکو بە بەردەوامی لەبەردەم سندوقەکە خزمەت بکەن، هەر خزمەتێک لە ڕۆژی خۆیدا.
  • 38هەروەها عوبێد ئەدۆم و هاوکارەکانیشی کە شەست و هەشت کەس بوون، بۆ یارمەتیدانی ئەوان، بەجێی هێشتن. عوبێد ئەدۆمی کوڕی یەدوتون و حۆسا هەردووکیان دەرگاوان بوون.
  • 39داود سادۆقی کاهین و برا کاهینەکانیشی لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان، ئەوەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو، بەجێی هێشتن،
  • 40بۆ ئەوەی بە بەردەوامی قوربانی سووتاندن لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بەیانییان و ئێواران بەپێی هەموو ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە، ئەوەی فەرمانی بە ئیسرائیل کرد.
  • 41لەگەڵ ئەوانیش، هێیمان و یەدوتون و پاشماوەی هەڵبژێردراوەکان ئەوانەی ناویان هات تاکو سوپاسی یەزدان بکەن، چونکە «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
  • 42لەگەڵ ئەوانیش هێیمان و یەدوتون بەرپرسی ژەنینی کەڕەنا و سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە بوون لە کاتی گۆرانی و ستایشەکانیان بۆ خودا. کوڕەکانی یەدوتونیش دەرگاوان بوون.
  • 43پاشان هەموو گەل هەرکەسە و بۆ ماڵی خۆی بەڕێکەوت و داودیش گەڕایەوە بۆ ئەوەی داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی خۆی بکات.

یه‌كه‌م هه‌واڵی ڕۆژان ١٧

  • 1پاش ئەوەی داود لە کۆشکەکەی نیشتەجێ بوو، داود بە ناتانی پێغەمبەری گوت: «من لێرە لە کۆشکێکی دروستکراو بە داری ئورز نیشتەجێم و سندوقی پەیمانی یەزدانیش لەژێر چادردایە.»
  • 2ناتانیش بە داودی گوت: «هەموو ئەوەی لە دڵتدایە بیکە، چونکە یەزدانت لەگەڵە.»
  • 3بەڵام هەر لەو شەوەدا فەرمایشتی خودا بۆ ناتان هات:
  • 4«بڕۆ بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەو کەسە تۆ نیت کە ماڵێک بۆ نیشتەجێبوونم بنیاد دەنێت.
  • 5لەو ڕۆژەوەی کە ئیسرائیلم لە میسر دەرهێناوە هەتا ئەمڕۆ لە ماڵدا نیشتەجێ نەبووم، بەڵکو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە چووم، هەر لەنێو چادری پەرستندا بووم.
  • 6لە هەموو هاتوچۆکردنەکانم لەگەڵ هەموو ئیسرائیل، ئایا هیچ قسەیەکم کرد لەگەڵ یەکێک لە ڕابەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی فەرمانم پێکردن بۆ ئەوەی شوانایەتی گەلەکەم بکەن، ’بۆچی ماڵێکتان لە داری ئورز بۆ دروستنەکردووم؟‘ “
  • 7«ئێستاش ئاوا بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: من تۆم لە شوانایەتی مەڕەوە برد و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم.
  • 8لەگەڵتدا بووم بۆ هەر شوێنێک چووبیت و هەموو دوژمنەکانی تۆم لەبەردەمت بڕیوەتەوە. ئێستا ناوێکت بۆ دروستدەکەم وەک ناوی گەورەکان کە لەسەر زەوین.
  • 9شوێنێکیش بۆ ئیسرائیلی گەلەکەم دیاری دەکەم و دەیچێنم و لە جێی خۆی نیشتەجێی دەکەم، ئیتر وەک پێشوو بێزار ناکرێن و خەڵکانی ناڕەوا نایانچەوسێننەوە،
  • 10وەک ئەو سەردەمانەی ڕابەرم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەم دادەنا. منیش تۆ لە دەستی هەموو دوژمنەکانت دەحەوێنمەوە.
  • «”پێت ڕادەگەیەنم کە یەزدان خۆی ماڵت بۆ دروستدەکات.
  • 11کاتێک ژیانت تەواو دەبێت و دەچیتە پاڵ باوباپیرانت، من وەچەکەت دادەمەزرێنم، ئەوەی لەدوای خۆت لە کوڕەکانت دەبێت، پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم.
  • 12ئەو ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێت و منیش بۆ هەتاهەتایە تەختەکەی جێگیر دەکەم.
  • 13من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من. خۆشەویستییە نەگۆڕەکەم بۆ ئەو داناماڵرێت، هەروەک چۆن دامماڵی لەوەی لەپێش تۆ بوو.
  • 14بۆ هەتاهەتایەش لە ماڵەکەم و لەناو پاشایەتییەکەمدا دایدەنێم، هەتاهەتایە تەختەکەی جێگیر دەبێت.“»
  • 15ئینجا ناتان بەپێی وشەکانی ئەم سروشە قسەی لەگەڵ داود کرد.
  • 16ئەوسا داودی پاشا چوو و لەبەردەم یەزدان دانیشت و گوتی:
  • «یەزدانی پەروەردگار، من کێم و بنەماڵەکەی من کێیە کە تۆ بەم پایەیەت گەیاندووم؟
  • 17ئەی خودایە، تۆ هێشتا ئەمەت بە کەم زانی، هەر لەبەر ئەوە هاتیت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئاییندەی ماڵی ئەم بەندەیەت بەڵێنی گەورەتر بدەیت. ئەی یەزدانی پەروەردگار، بە کەسێکی پایەبەرز داتنام و تەماشات کردم.
  • 18«ئیتر داود چی زیاتر بە تۆ بڵێت کە بەندەکەتت پایەدار کردووە؟ چونکە تۆ بەندەکەی خۆت دەناسیت.
  • 19ئەی یەزدان، تۆ لە پێناوی بەندەکەت و بە خواستی دڵی خۆت ئەم کارە گەورەت کردووە، بۆ ئەوەی ئەم هەموو بەڵێنە گەورانە بزانرێن.
  • 20«ئەی یەزدان، کوا هاوتای تۆ؟ بێجگە لە تۆ خودایەک نییە لە هەموو ئەوەی بە گوێی خۆمان گوێمان لێبووە.
  • 21هەروەها کێ وەک ئیسرائیلی گەلەکەی تۆیە؟ ئەم گەلە تاکە نەتەوەیەکە لە زەویدا کە خودا هات بۆ ئەوەی گەلێک بۆ خۆی بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆی دابنێت و کاری مەزن و سامناک بکات، بە دەرکردنی نەتەوەکان لەبەردەم گەلەکەت، ئەوەی لە میسر بۆ خۆت کڕیتەوە.
  • 22ئەی یەزدان، تۆ گەلی ئیسرائیلت بۆ هەتاهەتایە کردە گەلی خۆت و تۆش بوویتە خودایان.
  • 23«ئەی یەزدان، ئێستاش ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە بەندەکەت و بە ماڵەکەی فەرمووت، با بۆ هەتاهەتایە بچەسپێت. هەروەک فەرمووت ئاوا بکە،
  • 24بیچەسپێنە، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە ناوت مەزن بێت و بگوترێت: ”یەزدانی سوپاسالاری خودای ئیسرائیل، خودای ئیسرائیلە!“ با ماڵی داودی بەندەشت لەبەردەمتدا جێگیر بێت.
  • 25«ئەی خودای من، بۆ بەندەکەی خۆتت ئاشکرا کرد کە ماڵێکی بۆ بنیاد دەنێیت، لەبەر ئەمە بەندەکەت ئازایەتی لە خۆیدا بینی لەبەردەمتدا نزا بکات.
  • 26ئەی یەزدان، تۆ خودایت، بەڵێنی ئەم چاکەیەت بە بەندەکەت داوە.
  • 27ئێستاش ڕەزامەندی بفەرموو بۆ ئەوەی ماڵی بەندەکەت بەرەکەتدار بکەیت، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە لەبەردەمت بێت، ئەی یەزدان، چونکە تۆ بەرەکەتدارت کردووە و بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتدار دەبێت.»