PLAY PODCASTS
سامۆئێلی دووه‌م ٦: ١ - ٢٣
Season 16 · Episode 3

سامۆئێلی دووه‌م ٦: ١ - ٢٣

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

December 30, 202320m 5s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

سامۆئێلی دووه‌م ٦: ١ - ٢٣

  • 1دووبارە داود هەموو پیاوە هەڵبژاردەکانی ناو ئیسرائیلی کۆکردەوە، سی هەزار کەس بوون.
  • 2ئینجا داود و هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون لە بەعلەی یەهوداوە بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودا بهێننەوە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە»، ناوی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە.
  • 3سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، لە ماڵی ئەبینادابەوە هەڵیانگرت، ئەوەی لە گردەکەیە. کوڕەکانی ئەبینادابیش، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانە نوێیەکەیان لێدەخوڕی و
  • 4لە ماڵی ئەبینادابەوە لەگەڵ سندوقی خودا بردیان. ئەحیۆ لەبەردەم سندوقەکەوە دەڕۆیشت،
  • 5داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم یەزداندا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و شەقشەقە و سەنج.
  • 6کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی ناخون، عوزا دەستی بۆ سندوقی خودا درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا.
  • 7ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و خودا لەوێ لەسەر هەڵەکەی لێیدا و هەر لەوێ لەلای سندوقی خودا مرد.
  • 8داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا ناودەبردرێت.
  • 9ئەو ڕۆژە داود لە یەزدان ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی یەزدان لەلای من بێت؟»
  • 10لەبەر ئەوە داود نەیویست سندوقی یەزدان بگوازێتەوە بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی.
  • 11سێ مانگ سندوقی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی مایەوە، یەزدانیش عوبێد ئەدۆم و هەموو ماڵەکەی بەرەکەتدار کرد.
  • 12ئەوە بوو بە داودی پاشا ڕاگەیەنرا و گوترا: «بەهۆی سندوقی خوداوە یەزدان ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەرچی هەیەتی بەرەکەتداری کردووە.» لەبەر ئەوە داود چوو بە خۆشییەوە سندوقی خودای لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە هێنا بۆ شاری داود.
  • 13لەدوای ئەوەی هەڵگرانی سندوقی یەزدان شەش هەنگاویان هەڵهێنا، گایەک و گوێرەکەیەکی قەڵەوی سەربڕی.
  • 14داودیش ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو، بە هەموو هێزییەوە لەبەردەم یەزداندا سەمای دەکرد.
  • 15هەروەها داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بە هوتاف و بە دەنگی کەڕەناوە سندوقی یەزدانیان سەرخست.
  • 16کاتێک سندوقی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری کرد و بینی داودی پاشا لەبەردەم یەزدان هەڵدەبەزێتەوە و سەما دەکات، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.
  • 17ئیتر سندوقی یەزدانیان هێنایە ژوورەوە، لە ناوەڕاستی ئەو چادرەی داود بۆی دامەزراندبوو لە شوێنی خۆی دایاننا، داود قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی لەبەردەم یەزداندا سەرخست.
  • 18پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد.
  • 19هەر یەکێک لە هەموو گەل، واتا تەواوی ئامادەبووانی کۆمەڵی ئیسرائیل، بە پیاو و بە ئافرەتەوە، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی بەسەریاندا دابەش کرد. ئینجا هەموو گەل هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی گەڕایەوە.
  • 20داودیش بۆ ئەوەی داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی بکات گەڕایەوە ماڵەوە. میخەلی کچی شاول چووە پێشوازی داود و گوتی: «ئەمڕۆ پاشای ئیسرائیل چەند گەورە بوو کە بێ ئەوەی خۆی بپۆشێت لەبەردەم کەنیزەکانی خزمەتکارەکانی دەرکەوت، وەک ناکەس بەچەیەک کە خۆی نەپۆشێت!»
  • 21داودیش بە میخەلی گوت: «ئەمە لەبەردەم یەزدان بوو، ئەوەی لە جێگای باوکت و هەموو ماڵەکەی هەڵیبژاردم بۆ ئەوەی بمکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلی یەزدان. لەبەر ئەوە لەبەردەم یەزدان ئاهەنگ دەگێڕم.
  • 22لەوەش زیاتر لە پایەی خۆم دێنمە خوارەوە و خۆم نزم دەکەمەوە، بەڵام لەلای ئەو کەنیزانەی باست کردن، ئەوا ڕێزدار دەبم.»
  • 23میخەلی کچی شاولیش هەتا ئەو ڕۆژەی مرد منداڵی نەبوو.