PLAY PODCASTS
زه‌بوره‌كان ١٤٤: ١ - ١٥٠: ٥
Season 29 · Episode 54

زه‌بوره‌كان ١٤٤: ١ - ١٥٠: ٥

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

September 27, 202420m 27s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

زه‌بوره‌كان ١٤٤: ١ - ١٥٠: ٥

  • 1ستایش بۆ یەزدان، تاشەبەردی من،
  • ئەوەی مەشق بە دەستم دەکات بۆ شەڕ،
  • پەنجەکانم بۆ جەنگ.
  • 2ئەو خودای خۆشەویستم و قەڵامە،
  • پەناگا و دەربازکەرە بۆم،
  • قەڵغانمە و پشتم بەو بەستووە،
  • ئەوەی گەلەکانی خستووەتە ژێر ڕکێفم.
  • 3ئەی یەزدان، مرۆڤ چییە هەتا گرنگی پێبدەیت؟
  • کوڕی مرۆڤ چییە هەتا تۆ بیری لێ بکەیتەوە؟
  • 4مرۆڤ لە هەناسەیەک دەچێت،
  • ڕۆژگاریشی وەک سێبەرێکی تێپەڕیوە.
  • 5ئەی یەزدان، ئاسمانەکەت لێکبکەوە و وەرە خوارەوە،
  • دەست بدە چیاکان و دووکەڵ دەکەن.
  • 6چەخماخە بدە و دوژمنەکانم پەرت بکە،
  • تیرت تێگرە و بیانبەزێنە.
  • 7لە بەرزاییەوە دەستت درێژ بکە،
  • فریام بکەوە و دەربازم بکە،
  • لە ئاوی زۆر و لە دەستی بێگانە،
  • 8ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،
  • سوێندخواردنیان ساختەیە.
  • 9ئەی خودایە، گۆرانییەکی نوێت بۆ دەڵێم،
  • بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقات بۆ دەژەنم،
  • 10بۆ ئەوەی ڕزگاری دەدات بە پاشایان،
  • ئەوەی داودی بەندەی خۆی لە شمشێری بەدکار دەرباز دەکات.
  • 11دەربازم بکە و لە دەست بێگانە فریام بکەوە،
  • ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،
  • سوێندخواردنیشیان ساختەیە.
  • 12ئیتر کوڕەکانمان لە سەردەمی لاویێتییان
  • وەک نەمامی گەشەکردوو دەبن،
  • کچەکانمان وەک ستونی داتاشراوی
  • گۆشەی کۆشک دەبن.
  • 13ئەمبارەکانمان پڕ دەبن
  • لە هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک،
  • مەڕەکانمان یەکە و هەزار و
  • بە دەیان هەزار دەبن لەناو کێڵگەکانمان،
  • 14گایەکانمان باری قورس ڕادەکێشن.
  • بێ شکانی شوورا و بێ ڕاپێچکردن،
  • شەقامەکانمان هاواری تەنگانەیان لێ نایێت!
  • 15خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی ئاوای بۆ ببێت،
  • خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی یەزدان خودایانە.

زه‌بوره‌كان ١٤٥

  • 1بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا،
  • هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
  • 2هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم،
  • هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
  • 3یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە،
  • مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.
  • 4هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات،
  • پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.
  • 5دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن،
  • منیش لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
  • 6دەربارەی هێزی کردەوە سامناکەکانت دەدوێن،
  • منیش مەزنیت ڕادەگەیەنم.
  • 7یادی زۆری چاکەی تۆ هەڵدەڕێژن،
  • گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا دەڵێن.
  • 8یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،
  • پشوودرێژە و پڕە لە خۆشەویستی نەگۆڕ.
  • 9یەزدان بۆ هەمووان چاکە،
  • بەزەییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
  • 10ئەی یەزدان، هەموو ئەوانەی دروستت کردوون ستایشت دەکەن،
  • خۆشەویستانت ستایشت دەکەن.
  • 11دەربارەی شکۆمەندی شانشینەکەت دەدوێن،
  • باسی پاڵەوانیێتی تۆ دەکەن،
  • 12تاکو پاڵەوانیێتیت لەلای هەموو ئادەمیزادێک زانراو بێت،
  • هەروەها پایەبەرزی شکۆی شانشینەکەت.
  • 13شانشینەکەت شانشینی هەموو سەردەمێکە،
  • فەرمانڕەوایەتیشت بەسەر هەموو نەوەکانەوەیە.
  • یەزدان لە هەموو بەڵێنەکانی دڵسۆزە،
  • خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
  • 14یەزدان پشتگیرە بۆ هەموو کەوتووەکان،
  • ڕاستکەرەوەیە بۆ هەموو ئەوانەی چەماونەتەوە.
  • 15چاوی هەمووان هیوای بە تۆیە،
  • تۆش لە کاتی خۆیدا خواردنیان دەدەیتێ.
  • 16دەستت دەکەیتەوە و
  • ئارەزووی هەموو زیندووێک تێر دەکەیت.
  • 17یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە،
  • خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
  • 18یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
  • لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.
  • 19ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن،
  • گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.
  • 20یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت،
  • بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.
  • 21دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ،
  • با هەموو گیاندارێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.

زه‌بوره‌كان ١٤٦

  • 1هەلیلویا!
  • ئەی گیانی من ستایشی یەزدان بکە.
  • 2هەتا لە ژیاندام ستایشی یەزدان دەکەم،
  • هەتا ماوم مۆسیقا بۆ خودای خۆم دەژەنم.
  • 3نە پشت بە میرەکان ببەستن،
  • نە بە ئادەمیزاد کە ڕزگارییان لەلا نییە.
  • 4کە ڕۆحی دەرچوو بۆ خۆڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە،
  • لە هەمان ڕۆژدا پلانەکانی دەسڕێتەوە.
  • 5خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و
  • هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،
  • 6دروستکەری ئاسمان و زەوی و
  • دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە،
  • ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.
  • 7دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات،
  • نان دەداتە برسییەکان.
  • یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،
  • 8یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە،
  • یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە،
  • یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.
  • 9یەزدان نامۆکان دەپارێزێت،
  • یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات،
  • بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.
  • 10یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات،
  • ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت.
  • هەلیلویا.

زه‌بوره‌كان ١٤٧

  • 1هەلیلویا!
  • چەندە باشە مۆسیقا ژەنین بۆ خودامان!
  • ستایشکردن چەندە خۆشە و شیاوە!
  • 2یەزدان ئۆرشەلیم بنیاد دەنێتەوە،
  • ڕاپێچکراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە.
  • 3دڵشکاوان چاک دەکاتەوە و
  • برینیان ساڕێژ دەکات.
  • 4ژمارەی ئەستێرەکان دیاری دەکات و
  • هەریەکەیان بە ناوێک بانگ دەکات.
  • 5پەروەردگارمان گەورەیە و هێزی زۆرە،
  • تێگەیشتنی بێ سنوورە.
  • 6یەزدان یارمەتی بێفیزەکان دەدات و
  • بەدکاران بەرەو زەوی نزم دەکاتەوە.
  • 7بە سوپاسەوە گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
  • بە قیسارە مۆسیقا بۆ خودامان بژەنن.
  • 8ئەوەی ئاسمان بە هەور دادەپۆشێت،
  • باران بۆ زەوی ئامادە دەکات،
  • گیا لەسەر چیاکان دەڕوێنێت،
  • 9خۆراکی ئاژەڵ و
  • بێچووە قەلەڕەشی دەم بە قیڕە دەدات.
  • 10یەزدان بە هێزی ئەسپ خۆشحاڵ نابێت،
  • بە قاچی مرۆڤ دڵشاد نییە،
  • 11بەڵام یەزدان بەوانە دڵشادە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
  • ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەیە.
  • 12ئەی ئۆرشەلیم، ستایشی یەزدان بکە،
  • ئەی سییۆن، ستایشی خودات بکە.
  • 13یەزدان شمشیرەی دەروازەکانت بەهێز دەکات،
  • کوڕەکانت لەناو خۆت بەرەکەتدار دەکات.
  • 14لە سنوورەکانت ئاشتی بەرقەرار دەکات،
  • لە باشترین گەنم تێرت دەکات.
  • 15فەرمانەکەی بۆ سەر زەوی دەنێرێت،
  • پەیامی ئەو زوو دێتەجێ.
  • 16بەفر وەک خوری دەبارێنێت،
  • زوقم وەک خۆڵەمێش بڵاو دەکاتەوە.
  • 17تەرزە وەک نانەڕەق فڕێدەدا.
  • کێ لە ڕووی سەرمای ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
  • 18پەیامی خۆی دەنێرێت و دەیانتوێنێتەوە.
  • بای خۆی هەڵدەکات و ئاو بەڕێدەکەوێت.
  • 19پەیامی خۆی بە یاقوب ڕادەگەیەنێت،
  • فەرز و حوکمەکانی بە ئیسرائیل.
  • 20ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە،
  • حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە.
  • هەلیلویا!

زه‌بوره‌كان ١٤٨

  • 1هەلیلویا!
  • لە ئاسمانەوە ستایشی یەزدان بکەن،
  • لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
  • 2ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،
  • ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
  • 3ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،
  • ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
  • 4ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،
  • ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.
  • 5با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
  • چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
  • 6هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
  • فەرزی داناوە بەسەرناچێت.
  • 7لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
  • ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
  • 8بروسکە و تەرزە، بەفر و تەم،
  • ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
  • 9چیاکان و هەموو گردەکان،
  • داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
  • 10گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
  • خشۆک و باڵدار،
  • 11پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
  • میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
  • 12گەنجان و کچان،
  • پیران و منداڵان.
  • 13با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
  • چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
  • شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
  • 14پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
  • تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
  • نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.
  • هەلیلویا.

زه‌بوره‌كان ١٤٩

  • 1هەلیلویا!
  • گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
  • ستایشی لەناو کۆڕی خۆشەویستانیەتی.
  • 2با ئیسرائیل بە دروستکەری دڵخۆش بێت،
  • با کوڕانی سییۆن بە پاشایان شاد بن.
  • 3با بە هەڵپەڕکێ ستایشی ناوی بکەن،
  • بە دەف و قیسارە مۆسیقای بۆ بژەنن،
  • 4چونکە یەزدان دڵشادە بە گەلەکەی،
  • بێفیزەکان بە ڕزگاری دەڕازێنێتەوە.
  • 5با خۆشەویستانی بەم شکۆمەندییەوە شاد بن،
  • با لەناو نوێنەکانیان گۆرانی بڵێن.
  • 6با ستایشکردن بۆ خودا لەسەر زاریان بێت،
  • شمشێری دوودەمیان بەدەستەوە بێت،
  • 7بۆ ئەوەی تۆڵە لە نەتەوەکان بکەنەوە،
  • گەلان سزا بدەن،
  • 8بۆ ئەوەی پاشاکانیان بە زنجیر ببەستنەوە،
  • کۆت بکەنە دەستی پیاوماقوڵانیان،
  • 9بۆ ئەوەی حوکمی نووسراویان بەسەردا جێبەجێ بکەن.
  • ئەمەش شکۆمەندییە بۆ هەموو خۆشەویستانی.
  • هەلیلویا.

زه‌بوره‌كان ١٥٠

  • 1هەلیلویا!
  • ستایشی خودا بکەن، لە پیرۆزگاکەی،
  • ستایشی بکەن، لە گەردوونی هێزی،
  • 2ستایشی بکەن، بۆ پاڵەوانیێتی،
  • ستایشی بکەن، بەپێی زۆری مەزنایەتی،
  • 3بە دەم دەنگی کەڕەناوە ستایشی بکەن،
  • بە دەم ساز و قیسارەوە ستایشی بکەن،
  • 4بە دەف و هەڵپەڕکێ ستایشی بکەن،
  • بە ئامێری ژێدار و شمشاڵ ستایشی بکەن،
  • 5بە سەنجی بیستراو ستایشی بکەن،
  • بە سەنجی دەنگ بەرز ستایشی بکەن!
  • 6با هەموو ئەوەی هەناسە دەدات ستایشی یەزدان بکات!
  • هەلیلویا.