PLAY PODCASTS
دادوه‌ران ١٧: ١ - ٢١: ٢٥
Season 12 · Episode 11

دادوه‌ران ١٧: ١ - ٢١: ٢٥

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

October 29, 202323m 28s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

دادوه‌ران ١٧: ١ - ٢١: ٢٥

  • 1پیاوێک هەبوو لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بە ناوی میخا،
  • 2بە دایکی گوت: «ئەو هەزار و سەد شاقل زیوەی لە تۆ دزرا و منیش گوێم لێبوو نەفرەتت لە دزەکەی کرد، ئەوەتا زیوەکە لەلای منە و من بردم.»
  • دایکیشی گوتی: «یەزدان بەرەکەتدارت بکات کوڕم!»
  • 3کاتێک هەزار و سەد شاقل زیوەکەی بۆ دایکی گەڕاندەوە، دایکی گوتی: «بە دەستی خودی خۆم زیوەکەم بۆ یەزدان تەرخان کردووە لە پێناوی کوڕەکەم، بۆ دروستکردنی پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراو. ئێستاش دەیگەڕێنمەوە بۆت.»
  • 4جا کاتێک زیوەکەی گەڕاندەوە بۆ دایکی، دایکیشی دوو سەد شاقل زیوی برد و دای بە زیوگەرێک، ئەویش پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراوی لێ دروستکردن و هەردووکیان لە ماڵی میخادا بوون.
  • 5جا میخا بتخانەی هەبوو، ئێفۆد و بتی دروستکرد و ئەرکی بە یەکێک لە کوڕەکانی سپارد و کردی بە کاهین بۆ خۆی.
  • 6لەو سەردەمەشدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو، هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.
  • 7گەنجێک لە بێت‌لەحمی یەهودا هەبوو لەناو هۆزی یەهودا، خۆی لێڤی بوو و لەوێ نیشتەجێ بوو.
  • 8لە شارۆچکەکەوە لە بێت‌لەحمی یەهوداوە ڕۆیشت هەتا لە هەرکوێیەک بۆی ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بێت. کاتێک بەڕێوە بوو، هات بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا.
  • 9میخاش پێی گوت: «لەکوێوە هاتوویت؟»
  • ئەویش گوتی: «من لێڤیم و خەڵکی بێت‌لەحمی یەهودام و دەڕۆم بۆ ئەوەی لە هەرکوێیەک بۆم ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بم.»
  • 10میخاش پێی گوت: «لەلای من بمێنەوە و ببە بە باوک و کاهینم، لە ساڵێکدا دە شاقل زیو و دەستێک جل و خواردنت دەدەمێ.» جا لێڤییەکەش لەگەڵی چوو و
  • 11ڕازی بوو لەگەڵ پیاوەکە بمێنێتەوە، گەنجەکە بۆی بووە یەکێکی وەک کوڕەکانی.
  • 12ئینجا میخا لێڤییەکەی دامەزراند و گەنجەکە بووە کاهینی و لەناو ماڵەکەی ژیا.
  • 13جا میخا گوتی: «ئێستا زانیم یەزدان چاکەم لەگەڵدا دەکات، چونکە لێڤییەکە بووە بە کاهینم.»

دادوه‌ران ١٨

  • 1لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو.
  • لەو ڕۆژانەشدا هۆزی دانییەکان بەدوای شوێنێکدا دەگەڕان بۆ نیشتەجێبوون، چونکە هەتا ئەو ڕۆژەش لەنێو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هیچ میراتێکیان بەرنەکەوتبوو.
  • 2جا نەوەی دان لە چۆرعا و لە ئەشتائۆلەوە پێنج جەنگاوەری لێهاتوویان لە تێکڕای خێڵەکەیانەوە نارد، بۆ ئەوەی سیخوڕی بەسەر خاکەکەوە بکەن و بیپشکنن، پێیان گوتن: «بڕۆن و خاکەکە بپشکنن.»
  • جا ئەوانیش هاتن بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا و لەوێ مانەوە.
  • 3لەو کاتەدا کە ئەوان لە نزیک ماڵی میخا بوون، دەنگی کوڕە لێڤییەکەیان ناسییەوە و چوون بۆ ئەوێ و لێیان پرسی: «کێ تۆی هێناوە بۆ ئێرە؟ لەم شوێنە چی دەکەیت؟ چیت لێرە هەیە؟»
  • 4ئەویش پێی گوتن: «میخا ئەمە و ئەوەی بۆ کردووم و بە کرێی گرتووم و بووم بە کاهینی.»
  • 5ئەوانیش پێیان گوت: «تکایە لە خودا بپرسە و بزانە لەو ڕێگایەدا سەرکەوتوو دەبین کە پێیدا دەڕۆین؟»
  • 6کاهینەکەش وەڵامی دانەوە: «بە سەلامەتی بڕۆن، ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن چاوی یەزدانی لەسەرە.»
  • 7ئینجا پێنج پیاوەکە ڕۆیشتن و هاتنە لەیش، تەماشایان کرد ئەو گەلەی تێیدایە بە ئاسوودەیی دەژین، وەک نەریتی سەیدائییەکان، ئاسوودە و خاوەن متمانە بوون، چونکە زەوییەکە لە هیچ شتێکدا کەموکوڕی نەبوو و دەوڵەمەندیش بوون. جگە لەوەش لە سەیدائییەکانەوە دووربوون و پەیوەندیشیان بە کەسەوە نەبوو.
  • 8جا هاتنەوە بۆ لای خزمەکانیان بۆ چۆرعا و ئەشتائۆل و خزمەکانیان لێیان پرسین: «ها هەواڵ چی بوو؟»
  • 9ئەوانیش گوتیان: «هەستن با بچینە سەریان، چونکە بینیمان خاکەکە زۆر چاکە، جا بێدەنگ مەبن و لە ڕۆیشتن تەمبەڵی مەکەن بۆ ئەوەی بچنە ناو خاکەکەوە و ببن بە خاوەنی.
  • 10کاتێک دەگەنە ئەوێ، گەلێکی خاوەن متمانە و خاکێکی لە دوو لاوە بەر فراوان دەبینن. خودا خستوویەتییە ژێر دەستتانەوە و شوێنێکە لەسەر ڕووی زەوی کەموکوڕی لە هیچ شتێک نییە.»
  • 11ئیتر شەش سەد پیاوی چەکدار لە خێڵی دانییەکان لە چۆرعا و ئەشتائۆلەوە بۆ شەڕکردن بەڕێکەوتن.
  • 12پیاوەکان سەرکەوتن و لە قیریەت یەعاریم لە یەهودا چادریان هەڵدا، لەبەر ئەوە هەتا ئەمڕۆش بەو شوێنە دەگوترێت مەحەنێی دان، شوێنەکەش لە ڕۆژئاوای قیریەت یەعاریمەوەیە.
  • 13لەوێشەوە پەڕینەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و هاتن بۆ ماڵی میخا.
  • 14ئینجا ئەو پێنج پیاوەی کە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خاکی لەیشەوە چووبوون، بە خزمەکانیان گوت: «ئایا دەزانن لەم ماڵەدا ئێفۆد و بت و پەیکەری داتاشراو و بتی لەقاڵبدراو هەیە؟ کەواتە ئێستا بیربکەنەوە چی بکەن.»
  • 15ئینجا ڕوویان کردە ئەوێ و هاتن بۆ ماڵی میخا، سڵاویان لە کوڕە لێڤییەکە کرد.
  • 16شەش سەد پیاوە چەکدارەکەی نەوەی دان بە هەموو چەک و تفاقەوە لەبەردەم دەرگاکە ڕاوەستان.
  • 17ئەو پێنج پیاوەی کە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خاکەکەوە چووبوون، سەرکەوتن و چوونە ژوورەوە بۆ ئەوێ، پەیکەرە داتاشراوەکە و ئێفۆدەکە و بتەکان و بتە لەقاڵبدراوەکەیان برد، کاهینەکەش لەبەردەم دەرگاکە لەگەڵ شەش سەد پیاوە چەکدارەکە ڕاوەستابوو.
  • 18کاتێک پێنج پیاوەکە چوونە ناو ماڵی میخا و پەیکەرە داتاشراوەکە و ئێفۆدەکە و بتەکان و بتە لەقاڵبدراوەکەیان برد، کاهینەکە لێی پرسین: «ئەوە چی دەکەن؟»
  • 19ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بێدەنگ بە! دەستت بخەرە سەر دەمت و لەگەڵمان وەرە، ببە بە باوک و کاهینمان. چاکترە کاهینی ماڵی یەک پیاو بیت، یاخود کاهینی هۆزێک و خێڵێک لە ئیسرائیلدا؟»
  • 20ئیتر کاهینەکەش دڵخۆش بوو، ئێفۆدەکە و بتەکان و پەیکەرە داتاشراوەکەی برد و چووە ڕیزی گەلەکەوە.
  • 21ئینجا ڕۆیشتن، منداڵ و ئاژەڵی ماڵی و هەرچی بەهادار بوو دایانە پێش خۆیان.
  • 22کاتێک لە ماڵی میخا دوور کەوتنەوە ئەو پیاوانەی کە لەناو ماڵەکانی نزیک ماڵی میخا بوون، دوای نەوەی دان کەوتن و پێیان گەیشتن.
  • 23هاواریان لە نەوەی دان کرد. ئەوانیش ئاوڕیان دایەوە و بە میخایان گوت: «ئەوە چیتە، پیاوەکانت بانگکردووە بۆ ئەوەی شەڕ بکەن؟»
  • 24ئەویش گوتی: «ئەو بتانەی دروستم کردن لەگەڵ کاهینەکە بردووتانە و ڕۆیشتوون، هیچم بۆ نەماوەتەوە، ئیتر چۆن پێم دەڵێن، ”ئەوە چیتە؟“»
  • 25نەوەی دانیش وەڵامیان دایەوە: «با لەنێوماندا گوێمان لە دەنگت نەبێت، نەوەک ئەم پیاوە سەرگەرمانە پەلامارت بدەن و گیانی خۆت و خێزانەکەت بکێشن.»
  • 26ئینجا نەوەی دان ڕێگای خۆیان گرتەبەر، کە میخاش بینی لەو بەهێزترن، گەڕایەوە و چووەوە بۆ ماڵەکەی.
  • 27بەڵام ئەوان ئەوەی میخا دروستی کردبوو لەگەڵ کاهینەکەیدا بردیان و چوونە لەیش، بۆ لای گەلێکی ئاسوودە و خاوەن متمانە، جا دایانە بەر شمشێر و شارەکەیان سووتاند.
  • 28کەسیش نەبوو بە هانای بگات، چونکە شارەکە لەناو دۆڵی بێت‌ڕەحۆڤ بوو کە لە سەیداوە دوور بوو، پەیوەندیشیان بە کەسەوە نەبوو.
  • ئینجا دانییەکان شارەکەیان بنیاد ناوە و تێیدا نیشتەجێ بوون و
  • 29شارەکەیان ناو نا دان، بە ناوی دانی باپیر گەورەیانەوە کە یەکێک بوو لە کوڕەکانی ئیسرائیل، بەڵام پێشتر شارەکە ناوی لەیش بوو.
  • 30ئینجا نەوەی دان پەیکەرە داتاشراوەکەیان بۆ خۆیان دانا و یۆناتانی کوڕی گێرشۆمی کوڕی موسا خۆی و کوڕەکانی بوون بە کاهینی هۆزی دانییەکان هەتا ڕۆژی ڕاپێچکردنی خەڵکی خاکەکە.
  • 31بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە ماڵی خودا لە شیلۆ بوو، ئەو پەیکەرە داتاشراوەی کە میخا دروستی کردبوو بۆ خۆیان دایاننا.

دادوه‌ران ١٩

  • 1لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو.
  • پیاوێکی لێڤی لە شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمدا نیشتەجێ بوو، کەنیزەیەکی هێنا خەڵکی بێت‌لەحمی یەهودا بوو.
  • 2ئیتر کەنیزەکە داوێنپیسی کرد و چووەوە بۆ ماڵی باوکی لە بێت‌لەحمی یەهودا، چوار مانگ لەوێ مایەوە.
  • 3ئینجا پیاوەکەی هەستا و بەدوایدا چوو بۆ ئەوەی ئاشتی بکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە، ئیتر خزمەتکارەکەی و دوو گوێدرێژی لەگەڵ خۆی برد. ژنەکەش پیاوەکەی بردە ناو ماڵی باوکی. کاتێک باوکی کیژەکە بینی بە دڵخۆشییەوە بەخێرهاتنی کرد.
  • 4خەزووری واتا باوکی کیژەکە گلی دایەوە و سێ ڕۆژ لەگەڵیدا مایەوە، خواردیان و خواردیانەوە و لەوێ مایەوە.
  • 5لە ڕۆژی چوارەمدا بەیانی زوو لە خەو هەستان و لێڤییەکە خۆی ئامادە کرد بۆ ڕۆیشتن، باوکی کیژەکە بە زاواکەی گوت: «تۆ بە پارووە نانێک بەری دڵت بگرە و پاشان لەگەڵ ئەوان بڕۆ.»
  • 6ئینجا هەردووکیان دانیشتن و خواردیان و پێکەوە خواردیانەوە، باوکی کیژەکە بە پیاوەکەی گوت: «ڕازی بە و ئەمشەویش بە خۆشی بەسەربەرە.»
  • 7جا کە پیاوەکە هەستا بڕوات، خەزووری زۆری لێکرد، تاکو شەوێکی دیکە لەوێ بمێنێتەوە.
  • 8پاشان بۆ سبەینێ لە ڕۆژی پێنجەمدا هەستا بۆ ئەوەی بڕوات، باوکی کیژەکە گوتی: «بەری دڵت بگرە ئینجا بڕۆ!» ئینجا هەتا دوای نیوەڕۆ مانەوە و هەردووکیان نانیان خوارد.
  • 9ئیتر پیاوەکە هەستا بۆ ئەوەی لەگەڵ کەنیزەکەی و خزمەتکارەکەیدا بڕوات، جا خەزووری، واتا باوکی کیژەکە، گوتی: «ئەوا ڕۆژ لە ئاوابوونە، لەبەر ئەوە بمێنەوە. وا کۆتایی ڕۆژە، ئەمشەویش بە خۆشی بەسەربەرە، سبەینێ زوو بکەوە ڕێ و بگەڕێوە بۆ شوێنی خۆت.»
  • 10بەڵام پیاوەکە نەیویست بمێنێتەوە، بەڵکو هەستا و ڕۆیشت، گەیشتە بەرامبەر یەبوس، واتا ئۆرشەلیم، دوو گوێدرێژە کورتانکراوەکەی و کەنیزەکەی لەگەڵدا بوو.
  • 11لەو کاتەدا لە نزیک یەبوس بوون و ڕۆژ زۆر نزیک بوو لە ئاوابوون، خزمەتکارەکە بە گەورەکەی گوت: «وەرە با بچین بۆ ئەم شارەی یەبوسییەکان و تێیدا بمێنینەوە.»
  • 12بەڵام گەورەکەی پێی گوت: «ناچین بۆ شارێکی بێگانە کە هیچ کەسێکی لێ نییە لە نەوەی ئیسرائیل بێت، بەڵکو دەپەڕینەوە بۆ گیڤعا.»
  • 13ئینجا بە خزمەتکارەکەی گوت: «با بەرەو پێش بچین، بەڵکو شەو لە گیڤعا یان لە ڕامە بمێنینەوە.»
  • 14ئیتر پەڕینەوە و ڕۆیشتن، لە نزیک گیڤعای بنیامینەوە خۆریان لێ ئاوابوو.
  • 15بەلای گیڤعادا لایاندا و چوونە ئەوێ تاکو شەو لەوێ بمێننەوە. لە مەیدانی شارەکە دانیشتن، بەڵام کەس نەیگرتنە خۆیان بۆ ئەوەی لە ماڵەکەیدا بمێننەوە.
  • 16لەو کاتەدا پیرەمێردێک دەمەو ئێوارە لە کێڵگەوە لە کار دەگەڕایەوە، ئەم پیاوە خەڵکی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، لە گیڤعادا نیشتەجێ بوو، خەڵکی شارەکەش بنیامینی بوون.
  • 17پیرەمێردەکە چاوی هەڵبڕی و پیاوە ڕێبوارەکەی لەناو مەیدانی شارەکەدا بینی، پێی گوت: «بۆ کوێ دەچیت و لەکوێوە هاتوویت؟»
  • 18ئەویش پێی گوت: «ئێمە لە بێت‌لەحمی یەهوداوە هاتووین بۆ شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەچین. من خەڵکی ئەوێم و چووم بۆ بێت‌لەحمی یەهودا، ئێستا بەرەو ماڵی یەزدان دەچم و کەسیش نییە بمگرێتە خۆی.
  • 19هەروەها کا و ئالیکمان پێیە بۆ گوێدرێژەکانمان، خۆم و ژنەکەم و خزمەتکارەکەم نان و شەرابمان پێیە. پێویستمان بە هیچ نییە.»
  • 20پیرەمێردەکە گوتی: «بەخێر بێیت، هەموو پێداویستییەکانت لەسەر من، بەڵام لە مەیدانەکە مەمێنەوە.»
  • 21ئینجا بردی بۆ ماڵی خۆی و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان، قاچیان شوشت و خواردیان و خواردیانەوە.
  • 22لەو کاتەدا کە دەحەوانەوە، پیاوە بەدڕەوشتەکانی شارەکە ماڵەکەیان گەمارۆ دا و لە دەرگاکەیان دا، لەگەڵ پیرەمێردەکەی خاوەنی ماڵەکە قسەیان کرد و گوتیان: «ئەو پیاوەی کە هاتە ناو ماڵەکەت بیهێنە دەرەوە بۆ ئەوەی لەگەڵی جووت بین.»
  • 23خاوەن ماڵەکە چووە دەرەوە بۆ لایان و پێی گوتن: «نا براکانم، کاری خراپ مەکەن. لەبەر ئەوەی ئەم پیاوە هاتووەتە ناو ماڵەکەی من، ئەم بێ ئابڕووییە مەکەن.
  • 24ئەوەتا کچە پاکیزەکەم و کەنیزەی پیاوەکە، تکایە با بیانهێنمە دەرەوە و لاقەیان بکەن، چیتان پێ خۆشە لەگەڵیاندا بیکەن، بەڵام ئەم بێ ئابڕووییە لەگەڵ ئەم پیاوەدا مەکەن.»
  • 25بەڵام پیاوەکان نەیانویست گوێی لێ بگرن. ئیتر پیاوەکە کەنیزەکەی گرت و ناردییە دەرەوە بۆیان. ئەوانیش بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لاقەیان کرد و بە خراپی لەگەڵیدا ڕایانبوارد، بەرەبەیان بەڕەڵایان کرد.
  • 26بەرەبەیان ژنەکە هات و هەتا ڕۆژ بووەوە لە بەردەرگای ماڵی پیاوەکەدا کەوت، کە گەورەکەشی لەوێ بوو.
  • 27کاتێک گەورەکەی بەیانی هەستا و دەرگاکانی ماڵەکەی کردەوە و هاتە دەرەوە هەتا بەڕێ بکەوێت، لەو کاتەدا ژنە کەنیزەکەی لە بەردەرگای ماڵەکە کەوتبوو و دەستی لەسەر سەکۆیەکە بوو.
  • 28پێی گوت: «هەستە با بڕۆین.» بەڵام وەڵام نەبوو. ئینجا خستییە سەر گوێدرێژەکە و گەڕایەوە بۆ شوێنەکەی خۆی.
  • 29کاتێک گەیشتەوە ماڵ، چەقۆیەکی هێنا و کەنیزەکەی گرت و پەلپەلی کرد، کردی بە دوازدە پارچە و ناردنی بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل.
  • 30جا هەرکەسێک بینی گوتی: «لە ڕۆژی کۆچکردنی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسرەوە هەتا ئەمڕۆ شتی وا نەبووە و نەبینراوە. لێی وردبنەوە و ڕاوێژ بکەن و قسەی لەسەر بکەن!»

دادوه‌ران ٢٠

  • 1ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل هاتنە دەرەوە و کۆمەڵەکە وەک یەک پیاو لەبەردەم یەزدان کۆبوونەوە لە میچپا، لە دانەوە هەتا بیری شابەع و هەروەها خاکی گلعاد.
  • 2سەرۆکەکانی هەموو گەل، هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی گەلی خودا وەستان و ژمارەیان چوار سەد هەزار پیادەی شمشێر بەدەست بوو.
  • 3نەوەی بنیامینیش بیستیانەوە کە نەوەی ئیسرائیل سەرکەوتوون بۆ میچپا. جا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «قسە بکەن ئەم کارە خراپە چۆن ڕوویدا؟»
  • 4پیاوە لێڤییەکە مێردی ژنە کوژراوەکە وەڵامی دایەوە و گوتی: «من و کەنیزەکەم هاتینە گیڤعای بنیامین بۆ ئەوەی شەو لەوێ بەسەربەرین.
  • 5جا خەڵکی گیڤعا شەو هاتنە سەرم و لە ماڵەکەدا گەمارۆیان دام و بەتەمابوون بمکوژن، کەنیزەکەی منیان لاقە کرد هەتا مرد.
  • 6منیش کەنیزەکەی خۆمم گرت و لەتلەتم کرد و ناردم بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل، چونکە ئەوانە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییان لە ئیسرائیل ئەنجام داوە.
  • 7ئێستاش هەموو نەوەی ئیسرائیل لێرەیە، جا ڕاوێژ و بڕیاری خۆتان بڵێن.»
  • 8ئینجا هەموو گەل وەک یەک پیاو هەستان و گوتیان: «کەس لە ئێمە ناچێتەوە بۆ چادرەکەی و کەسیش لا نادات بۆ ماڵەکەی.
  • 9ئێستاش ئەمە ئەو کارەیە کە بە گیڤعای دەکەین: بەپێی تیروپشک، لە دژیان سەردەکەوین.
  • 10لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا دە پیاو لە هەر سەد پیاوێک و سەد لە هەزار و هەزار لە دە هەزار جیا دەکەینەوە بە مەبەستی هێنانی خۆراک بۆ سوپا لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ گیڤعای بنیامین. دەبێت بەپێی هەموو ئەو بێ ئابڕووییەی لە ئیسرائیل کردیان، سزا بدرێن.»
  • 11ئینجا هەموو پیاوانی ئیسرائیل وەک یەک پیاو کۆبوونەوە لە دژی شارەکە.
  • 12جا هۆزەکانی ئیسرائیل چەند پیاوێکیان بۆ هەموو هۆزەکانی بنیامین نارد و گوتیان: «ئایا ئەو بەدکارییە چی بوو لەنێوتاندا ڕوویدا؟
  • 13جا ئێستا ئەو پیاوە بەدڕەوشتانەی کە لە گیڤعادان بیاندەنە دەستمان بۆ ئەوەی بیانکوژین و خراپە لە ئیسرائیلدا ڕیشەکێش بکەین.»
  • بەڵام نەوەی بنیامین نەیانویست گوێ لە براکانیان و لە نەوەی ئیسرائیل بگرن.
  • 14ئینجا نەوەی بنیامین لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە بۆ گیڤعا کۆبوونەوە هەتا بۆ جەنگان لە دژی ئیسرائیل بێنە دەرەوە.
  • 15نەوەی بنیامین لەو ڕۆژەدا لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە بیست و شەش هەزار پیاوی شمشێر بە دەستیان کۆکردەوە جگە لە دانیشتووانی گیڤعا کە ژمارەیان حەوت سەد پیاوی هەڵبژاردە بوو.
  • 16لە هەموو ئەم گەلە حەوت سەد پیاوی هەڵبژاردەی هەبوون کە بە دەستی چەپ بە بەردەقانی نیشانیان لە موو دەگرت و دەیانپێکا.
  • 17جا نەوەی ئیسرائیلیش بێجگە لە بنیامین، چوار سەد هەزار پیاوی شمشێر بەدەستیان کۆکردەوە و هەموویان پیاوی جەنگ بوون.
  • 18جا نەوەی ئیسرائیل هەستان و سەرکەوتن بۆ بێت‌ئێل و پرسیاریان لە خودا کرد و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار سەردەکەوێت بۆ جەنگ لە دژی نەوەی بنیامین؟»
  • یەزدانیش گوتی: «یەکەم جار یەهودا.»
  • 19ئینجا بۆ بەیانی نەوەی ئیسرائیل هەستان و چادریان هەڵدا لە دژی گیڤعا.
  • 20ئینجا پیاوانی ئیسرائیل بۆ جەنگ لە دژی بنیامین هاتنە دەرەوە و پیاوانی ئیسرائیل لە نزیک گیڤعاوە بۆ جەنگ ڕیزیان بەست.
  • 21نەوەی بنیامینیش لە گیڤعاوە هاتنە دەرەوە و لەو ڕۆژەدا بیست و دوو هەزار پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل لەناوبرد.
  • 22بەڵام پیاوانی ئیسرائیل یەکتریان هاندا و دووبارە بۆ جەنگ لەو شوێنەدا ڕیزیان بەستەوە کە لە ڕۆژی یەکەمدا تێیدا ڕیزیان بەست.
  • 23پاشان نەوەی ئیسرائیل سەرکەوتن و هەتا ئێوارە لەبەردەم یەزدان گریان و پرسیاریان لە یەزدان کرد و گوتیان: «ئایا بگەڕێینەوە بۆ جەنگ لە دژی بنیامینی برامان؟»
  • یەزدانیش گوتی: «سەربکەونە سەرەوە بۆیان.»
  • 24ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە ڕۆژی دووەمدا لە دژی نەوەی بنیامین چوونە پێشەوە و
  • 25بنیامینیش لە ڕۆژی دووەمدا لە گیڤعاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان چوونە دەرەوە و دووبارە هەژدە هەزار پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل لەناوبرد کە هەموو شمشێر بەدەست بوون.
  • 26ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل، هەموو گەل سەرکەوتن، هاتن بۆ بێت‌ئێل و گریان، لەوێدا لەبەردەم یەزداندا دانیشتن، لەو ڕۆژەدا هەتا ئێوارە بە ڕۆژوو بوون و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد.
  • 27جا نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی. لەو سەردەمەدا سندوقی پەیمانی خودا لەوێ بوو،
  • 28هەروەها لەو سەردەمەدا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارون لەبەردەمیدا خزمەتی دەکرد. لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «ئایا بگەڕێینەوە بۆ جەنگ لە دژی نەوەی بنیامینی برامان یان واز بهێنین؟»
  • یەزدانیش گوتی: «سەربکەون، چونکە سبەینێ دەیاندەم بەدەستتانەوە.»
  • 29ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە چواردەوری گیڤعا بۆسەیان دانا و
  • 30لە ڕۆژی سێیەم هێرشیان کردە سەر نەوەی بنیامین و وەک جاری یەکەم و دووەم لە نزیک گیڤعاوە ڕیزیان بەست.
  • 31نەوەی بنیامینیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەل چوونە دەرەوە و لە شارەکە دوور کەوتنەوە. وەک دوو جارەکەی پێشتر دەستیان بە لێدانی گەل کرد و نزیکەی سی پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل کوشت، لەو دوو ڕێگایەی کە یەکێکیان سەردەکەوت بۆ بێت‌ئێل و ئەوەی دیکەیان لە دەشتودەرەوە بۆ گیڤعا دەچوو.
  • 32نەوەی بنیامین گوتیان: «وەک یەکەم جار لەبەردەمماندا بەزیوون.» بەڵام نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «با هەڵبێین و لە شارەکە دووریان بخەینەوە بەرەو ڕێگاکان.»
  • 33ئینجا هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە شوێنەکانیانەوە هەستان و لە بەعل‌تاماردا ڕیزیان بەست، ئیسرائیلییەکان لە بۆسەکەیانەوە لە ڕۆژئاوای گیڤعا ڕاپەڕین.
  • 34لە بەرامبەر گیڤعاوە دە هەزار پیاوی هەڵبژاردە لە هەموو ئیسرائیلەوە هاتن و شەڕەکە گەرم بوو، بەڵام بنیامینییەکانیش نەیانزانی کە چ بەڵایەکیان بەسەرهاتووە.
  • 35جا یەزدان لەبەردەم ئیسرائیلدا لە نەوەی بنیامینی دا و نەوەی ئیسرائیل لەو ڕۆژەدا بیست و پێنج هەزار و سەد پیاویان لە بنیامین لەناوبرد و هەموو ئەوانەش شمشێر بە دەست بوون.
  • 36ئینجا نەوەی بنیامین بینییان کە تێکشکاون.
  • پیاوانی ئیسرائیلیش لە بەرامبەر بنیامین کشانەوە، چونکە ئەوان پشتیان بەو بۆسەیە بەستبوو کە لە گیڤعادا نابوویانەوە.
  • 37ئینجا پیاوانی بۆسەکە هەستان و چوونە ناو گیڤعاوە و شاڵاویان برد و بە شمشێر لە هەموو شارەکەیان دا.
  • 38نیشانەی نێوان پیاوانی ئیسرائیل و پیاوانی بۆسەکەش ئەوە بوو کە دووکەڵێکی زۆر لە شارەکەوە بەرز بکەنەوە،
  • 39جا پیاوانی ئیسرائیل لە جەنگەکەدا ئاوڕ دەدەنەوە و دەگەڕێنەوە.
  • پێشتر نەوەی بنیامین سی پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل کوشتبوو و گوتیان: «بە دڵنیاییەوە وەک جەنگی یەکەم لەبەردەمماندا بەزیوون.»
  • 40ئینجا کاتێک ستوونی دووکەڵ لە شارەکە بەرزبووەوە، نەوەی بنیامین ئاوڕیان دایەوە بۆ دواوە و تەماشایان کرد دووکەڵی هەموو شارەکە بە ئاسماندا دەچێت.
  • 41ئینجا پیاوانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆیان و پیاوانی بنیامین تۆقین، چونکە زانییان بەڵایان بەسەرهاتووە.
  • 42جا لەبەردەم پیاوانی ئیسرائیلدا بەرەو دەشتودەر هەڵاتن، بەڵام شەڕەکە پێیان گەیشت و ئەوانەش چووبوونە ناو شارۆچکەکانەوە لێیان ڕاپەڕین و لەناویانبردن.
  • 43ئینجا بنیامینەکانیان گەمارۆ دا و بە ئاسانی ڕاویان نان و بەرامبەر بە گیڤعا لەلای ڕۆژهەڵاتەوە پێیان گەیشتنەوە.
  • 44جا هەژدە هەزار جەنگاوەری بە توانا لە بنیامین کوژران.
  • 45ئینجا بەرەو دەشتودەر سووڕانەوە و بۆ تاشەبەردی ڕیمۆن هەڵاتن، جا لە ڕێگادا پێنج هەزار پیاویان لێ کوشتن. هەتا گدعۆم ڕاویان نان و دوو هەزار پیاوی دیکەیان لێ کوشتن.
  • 46لەو ڕۆژەدا بیست و پێنج هەزار پیاوی شمشێر بەدەست لە بنیامین کوژران و هەموویان جەنگاوەری بە توانا بوون.
  • 47بەڵام شەش سەد پیاو سووڕانەوە و بەرەو دەشتودەر هەڵاتن بۆ تاشەبەردی ڕیمۆن و چوار مانگ لەوێ مانەوە.
  • 48ئینجا پیاوانی نەوەی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ نەوەی بنیامین و لەناو هەموو شارەکەدا بە شمشێر لە خۆیان و ئاژەڵەکانیان و لە هەموو شتەکانی شارەکەیان دا و هەروەها هەموو ئەو شارۆچکانەی پێی گەیشتن سووتاندیانن.

دادوه‌ران ٢١

  • 1پێشتر پیاوانی ئیسرائیل لە میچپا سوێندیان خواردبوو و گوتبوویان: «کەس لە ئێمە کچی خۆی ناداتە نەوەی بنیامین بۆ هاوسەرگیری.»
  • 2ئینجا گەل چوون بۆ بێت‌ئێل و هەتا ئێوارە لەوێدا لەبەردەم خودا مانەوە و دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، گریانێکی بەکوڵ.
  • 3گوتیان: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئەمە لە ئیسرائیلدا ڕوویدا، هەتا ئەمڕۆ نەوەی ئیسرائیل هۆزێک لە دەست بدات؟»
  • 4بۆ ڕۆژی دواتر گەل زوو هەستا و لەوێدا قوربانگایەکیان دروستکرد و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان پێشکەش کرد.
  • 5ئینجا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل کێ بۆ کۆبوونەوەکە نەهاتە بەردەم یەزدان؟» لەبەر ئەوەی سوێندیان خواردبوو کە هەرکەسێک نەیەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا، دەبێت بکوژرێت.
  • 6ئینجا نەوەی ئیسرائیل ئاخیان بۆ بنیامینی برایان هەڵکێشا و گوتیان: «ئەمڕۆ هۆزێک لە ئیسرائیلدا دابڕا.
  • 7بۆ ئەوانەی لێیان ماونەتەوە چی بکەین لەبارەی ژنەوە، چونکە ئێمە سوێندمان بە یەزدان خواردووە کە لە کچەکانمان ژنیان نەدەینێ؟»
  • 8ئینجا گوتیان: «چ هۆزێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل نەهاتووەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا؟» جا بۆیان دەرکەوت کەس لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بۆ کۆبوونەوەکەی ئۆردوگا نەهاتووە،
  • 9چونکە کاتێک گەلیان ژمارد، تەماشایان کرد تەنها یەک پیاویش لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد نەهاتووە.
  • 10ئینجا کۆمەڵەکە دوازدە هەزار جەنگاوەریان بۆ ئەوێ نارد و ڕایانسپاردن و گوتیان: «بڕۆن و دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بدەنە بەر شمشێر، بە ژن و منداڵەکانیشەوە.
  • 11دەبێت ئەمەش بکەن، هەموو نێرێک و هەموو ئافرەتێک لەناو ببەن کە لەگەڵ نێر پاڵکەوتبێت.»
  • 12جا لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاددا چوار سەد کچی پاکیزەیان بینییەوە کە لەگەڵ پیاو سەرجێییان نەکردبوو، ئەوانیان هێنا ئۆردوگاکە لە شیلۆ ئەوەی لە خاکی کەنعان بوو.
  • 13ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ناردیان و لەگەڵ نەوەی بنیامین ئەوانەی لە تاشەبەردی ڕیمۆندا بوون قسەیان کرد و بانگیان کردن بۆ ئاشتبوونەوە.
  • 14جا لەو کاتەدا نەوەی بنیامین گەڕانەوە و ئەو کچانەیان دانێ کە لە یاڤێش گلعاد بە زیندوویی هێشتبوونیانەوە،...