
Season 43 · Episode 21
حزقیال ٣٦: ٢٦ - ٣٧: ٢٨
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
June 3, 202522m 43s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
حزقیال ٣٦: ٢٦ - ٣٧: ٢٨
- 26دڵێکی نوێتان دەدەمێ و ڕۆحێکی نوێ دەخەمە ناوتانەوە، ئەو دڵە بەردینەتان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینتان دەدەمێ.
- 27ڕۆحی خۆم دەخەمە ناوتانەوە، واتان لێ دەکەم کە ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بەجێبهێنن و کاریان پێ بکەن.
- 28لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە بە باوباپیرانتانم دابوو، دەبن بە گەلی من، منیش دەبمە خودای ئێوە.
- 29لە هەموو گڵاوییەکانتان ڕزگارتان دەکەم. بانگی دانەوێڵە دەکەم، زۆری دەکەم و قاتوقڕی نانێرمە سەرتان.
- 30بەری دار و بەروبوومی کێڵگە زۆر دەکەم، بۆ ئەوەی لەمەودوا لەنێو نەتەوەکان بەهۆی قاتوقڕییەوە ئابڕووتان نەچێت.
- 31ئەو کاتە ڕێگا خراپەکانی خۆتان و کردەوە ناپەسەندەکانی خۆتان دێتەوە یادتان، لەبەر تاوان و لەسەر نەریتە گڵاوەکانتان قێزتان لە خۆتان دەبێتەوە.
- 32با لەلاتان زانراو بێت، لەبەر ئێوە نایکەم. جا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، لە ڕەفتارەکانتان شەرمەزار و ڕیسوا بن! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 33«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەو ڕۆژەی لە هەموو تاوانەکانتان پاکتان دەکەمەوە، لە شارۆچکەکان نیشتەجێتان دەکەم و کەلاوەکانتان بنیاد دەنرێنەوە.
- 34خاکە وێرانەکە دەکێڵدرێت، لە جیاتی ئەوەی لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک وێرانە بوو.
- 35جا دەڵێن: ’ئەم خاکە وێرانە وەک باخچەی عەدەنی لێ هاتووە، ئەو شارانەش کە کاول و چۆڵ و ڕووخێنراو بوون، ئێستا قەڵابەند و ئاوەدانن.‘
- 36ئیتر ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتان ماونەتەوە دەزانن کە من یەزدانم، ڕووخاوەکەم بنیاد ناوە و چۆڵکراوەکەم چاندەوە. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“
- 37«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوای ئەمە لەلایەن بنەماڵەی ئیسرائیلەوە داوام لێ دەکرێت و منیش لە پێناوی ئەوان ئەنجامی دەدەم، وەک مەڕ خەڵکەکەیان زۆر دەکەم،
- 38وەک مێگەلی تەرخانکراو، وەک مێگەلی ئۆرشەلیم لە جەژنەکانی خۆیدا، شارە کاولەکان بە هەمان شێوە بە تەواوەتی ئاوەدان دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
حزقیال ٣٧
- 1ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، جا یەزدان بە ڕۆحی خۆی منی هێنایە دەرەوە و لە ناوەڕاستی دۆڵێک داینام، ئەویش پڕ بوو لە ئێسک.
- 2منی بەناو ئێسکەکاندا برد، بینیم کە زۆر وشک بوون و لە زۆریشدا ڕووی دۆڵەکەیان داپۆشیبوو.
- 3لەو کاتەدا لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا ئەم ئێسکانە زیندوو دەبنەوە؟»
- منیش گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ دەزانیت.»
- 4پێی فەرمووم: «پێشبینی لەسەر ئەم ئێسکانە بکە و پێیان بڵێ: ”ئەی ئێسکە وشکەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:
- 5یەزدانی باڵادەست ئەمە بەم ئێسکانە دەفەرموێت: من گیانتان دەکەم بە بەردا و زیندوو دەبنەوە.
- 6دەمارتان دەدەم بەسەردا، بە گۆشت داتاندەپۆشم، پێستتان بەسەردا هەڵدەکێشم، گیانتان بە بەردا دەکەم و زیندوو دەبنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
- 7منیش چۆن فەرمانم پێ کرابوو بەم جۆرە پێشبینیم کرد. لە کاتی پێشبینیکردندا، گوێم لە دەنگێک بوو، لەناکاو خشەخشێک هات، ئێسکەکان لێک نزیکبوونەوە، هەر ئێسکە و بۆ لای ئێسکەکەی خۆی.
- 8سەیرم کرد، ئەوەتا دەمار و گۆشت دایپۆشین و پێست لە سەرەوە بەسەریدا هەڵکێشرا، بەڵام هیچ گیانیان تێدا نەبوو.
- 9ئینجا پێی فەرمووم: «پێشبینی بۆ ڕۆح بکە، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بە ڕۆح بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ڕۆح، وەرە لە هەر چوار لاوە هەڵبکە، لەو لایانەی کە بای لێ هەڵدەکات، فوو بەناو ئەم کوژراوانەدا بکە هەتا زیندوو ببنەوە.“»
- 10منیش بەو جۆرەی فەرمانی پێ کردم پێشبینیم کرد، ڕۆحیان بە بەردا هات و زیندوو بوونەوە و هەستانە سەرپێ، لەشکرێکی زۆر گەورە بوون.
- 11ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم ئێسکانە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلن، کە دەڵێن: ”ئێسکمان وشک بوو و ئومێدمان نەما و بڕاینەوە.“
- 12لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گەلەکەم، من گۆڕەکانتان دەکەمەوە و لە گۆڕەکانتان دەرتاندەهێنم، دەتانهێنمە خاکی ئیسرائیل.
- 13ئەی گەلەکەم، ئەو کاتە ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک گۆڕەکانتان دەکەمەوە و ئێوە لە گۆڕەکانتان دەردەهێنم.
- 14ڕۆحی خۆم دەکەم بە بەرتاندا و زیندوو دەبنەوە و لە خاکی خۆتان داتاندەنێم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
- 15فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 16«ئەی کوڕی مرۆڤ، داردەستێک ببە و لەسەری بنووسە: ”داردەستی یەهودا و نەوەکانی ئیسرائیل و ئەوانەی کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“ هەروەها داردەستێکی دیکەش ببە و لەسەری بنووسە: ”داردەستی یوسف، واتا داردەستی ئەفرایم و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“
- 17بۆ ئەوەی لەناو دەستت ببن بە یەک، لێکیان نزیک بکەوە وەک ئەوەی یەک داردەست بن.
- 18«کاتێک هاونیشتیمانیانت لێت دەپرسن: ”پێمان ناڵێیت مەبەستت چییە لەمە؟“
- 19پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من داردەستەکەی یوسف و هۆزەکانی ئیسرائیل کە لەگەڵ ئەودا یەکیانگرتووە، کە ئێستا لە دەستی ئەفرایمە، دەبەم و داردەستەکەی یەهوداش دەخەمە پاڵی و دەیانکەمە یەک، جا لە دەستمدا دەبنە یەک داردەست.“
- 20ئەو دوو داردەستەی کە لەسەریانت نووسیوە لەبەرچاوی ئەوان هەڵبگرە.
- 21پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من نەوەی ئیسرائیل دەردەهێنم لەناو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان چوون. لە هەموو لایەکەوە کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکەکەی خۆیان.
- 22لەناو خاکەکە لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەیانکەمە یەک گەل. تەنها یەک پاشا پاشایەتی بەسەر هەموویانەوە دەکات، چیتر نابنە دوو گەل و دابەش نابن بۆ دوو پاشایەتی.
- 23لەمەودوا بە بتەکانیان و بە وێنە قێزەونەکانیان و بە هیچ یاخیبوونێکیان گڵاو نابن، چونکە من لە هەموو گوناهەکانیان و هەڵگەڕانەوەکانیان ڕزگاریان دەکەم و پاکیان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەبن بە گەلی من، منیش دەبم بە خودای ئەوان.
- 24«”داودی بەندەشم دەبێتە پاشایان، بە هەموویان یەک شوانیان دەبێت، ئەوانیش ڕێگای حوکمەکانم پەیڕەو دەکەن و فەرزەکانم بەجێدەهێنن و کاریان پێ دەکەن.
- 25لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە دامە یاقوبی بەندەم، ئەوەی باوباپیرانتان تێیدا نیشتەجێ بوون. جا خۆیان و منداڵ و نەوەکانیان بۆ هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێ دەبن، داودی بەندەشم بۆ هەتاهەتایە دەبێتە میریان.
- 26پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم کە بۆیان دەبێتە پەیمانێکی هەتاهەتایی. جێگیریان دەکەم و ژمارەیان زۆر دەکەم، بۆ هەتاهەتایە پیرۆزگای خۆم لە ناوەڕاستیان دادەنێم.
- 27نشینگەکەم لەناویان دەبێت، من دەبم بە خودای ئەوان، ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
- 28جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانی پیرۆزکەری ئیسرائیلم، کە پیرۆزگاکەم بۆ هەتاهەتایە لە ناوەڕاستیاندا دەبێت.“»