
Season 43 · Episode 15
حزقیال ٢٥: ١ - ٢٦: ٢١
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
May 28, 202524m 28s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
حزقیال ٢٥: ١ - ٢٦: ٢١
- 1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە عەمۆنییەکان بکە و پێشبینییان لەسەر بکە،
- 3بە عەمۆنییەکان بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی گوتت ’هۆیها!‘ لەسەر پیرۆزگاکەم چونکە گڵاو بوو، لەسەر خاکی ئیسرائیل چونکە وێران بوو، لەسەر بنەماڵەی یەهوداش چونکە بە دیلی ڕاپێچ کران،
- 4لەبەر ئەوە منیش دەتدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات داگیرت بکەن، جا خێوەتگاکانیان لەنێو تۆدا دادەمەزرێنن و نشینگەکانیان لەنێو تۆدا دادەنێن. ئەوان میوەکەت دەخۆن و هەر ئەوانیش شیرەکەت دەخۆنەوە.
- 5ڕەبە دەکەم بە مۆڵگای وشتر و خاکی عەمۆنییەکانیش بە پشتیری مەڕ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
- 6یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە دەست چەپڵەت لێدا و پێت دا بە زەویدا و بە هەموو قینی دڵتەوە بە ڕووخاندنی ئیسرائیل دڵخۆش بوویت،
- 7لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆت درێژ دەکەم، وەک دەستکەوت دەتدەمە دەست نەتەوەکان. لەنێو گەلان ڕیشەکێشت دەکەم، لە خاکەکان لەناوت دەبەم. وێرانت دەکەم، جا دەزانیت کە من یەزدانم.“»
- 8«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی مۆئاب و سێعیر دەڵێن، ’ببینە بنەماڵەی یەهودا وەک هەموو نەتەوەکانە،‘
- 9هەر لەبەر ئەوە من لەلای شارۆچکەکانییەوە سنووری مۆئاب دەکەمەوە، لە شارۆچکەکانی ئەوپەڕییەوە، کە جوانترینی خاکەکەن، بێتیەشیمۆت و بەعلمەعۆن و قیریاتەیم.
- 10مۆئاب لەگەڵ عەمۆنییەکان دەدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات، بۆ ئەوەی ئیتر ناوی عەمۆنییەکان لەنێو نەتەوەکان نەهێنرێت.
- 11مۆئاب سزا دەدەم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
- 12«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئەدۆم تاوانێکی گەورەی کرد، بەوەی تۆڵەی لە بنەماڵەی یەهودا سەندەوە،
- 13هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەستم بۆ سەر ئەدۆم درێژ دەکەم و مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ڕیشەکێش دەکەم. لە تێمانەوە بۆ دیدان بە شمشێر دەکوژرێن و خاکەکەش دەکەمە چۆڵەوانی.
- 14بە دەستی ئیسرائیلی گەلەکەم تۆڵە لە ئەدۆم دەکەمەوە، جا ئەوەی بە ئەدۆمی دەکەن بەگوێرەی تووڕەیی و هەڵچوونی من دەبێت، ئەو کاتە تۆڵەی من دەزانن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
- 15«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی فەلەستییەکان بە دڵێکی پڕ لە قینەوە تۆڵەیان لە یەهودا سەندەوە و کاریان کرد بۆ وێرانی و دوژمندارییەکی هەتاهەتایی،
- 16هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم دەست بۆ سەر فەلەستییەکان درێژ دەکەم و کریتییەکان ڕیشەکێش دەکەم و پاشماوەی دانیشتووانی کەناری دەریا لەناودەبەم.
- 17تۆڵەی مەزنیان لێ دەکەمەوە و بە تووڕەیی سزایان دەدەم، جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک تۆڵەی خۆمیان لێ وەردەگرمەوە.“»
حزقیال ٢٦
- 1لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی دوازدەیەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی سور دەربارەی ئۆرشەلیم گوتی: ”هۆیها! دەروازەکەی ڕوو لە گەلان شکا، دەرگاکانی کەوتنە سەر پشت، وێرانبوونی ئەو قازانجی منە.“
- 3لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی سور، من لە دژی تۆم، هەروەک دەریا شەپۆلەکانی بەرز دەکاتەوە، من چەندین نەتەوە دەهێنمە سەرت.
- 4جا ئەوان شووراکانی سور دەڕووخێنن و قوللەکانی تێکدەدەن، منیش خۆڵەکەی لەسەر ڕادەماڵم و دەیکەم بە بەردی ڕووت.
- 5دەبێتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی تۆڕ لەناو دەریا، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. سور دەبێتە دەستکەوت بۆ نەتەوەکان و
- 6شارۆچکەکانی دەوروبەری بە شمشێر وێران دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
- 7«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە باکوورەوە نەبوخودنەسری پاشای بابل دەهێنمە سەر سور، پاشای پاشایان، بە ئەسپ و گالیسکە و سوار و لەشکرێکی مەزنەوە.
- 8جا شارۆچکەکانی دەوروبەرت بە شمشێر وێران دەکات، سەنگەرت لە دەور لێدەدەن و قوللەت لەسەر بنیاد دەنێت، سەنگەرت لە دەور لێدەدات و قەڵغانت لێ هەڵدەگرێت.
- 9مەنجەنیق دەخاتە سەر شووراکانت و بە چەکەکانی قوللەکانت دەڕووخێنێت.
- 10لە زۆری ئەسپەکانی تۆزیان داتدەپۆشێت. لە دەنگی ئەسپ سوار و عەرەبانە و گالیسکەکان شووراکانت دەلەرزن، کاتێک دێتە ناو دەروازەکانتەوە، وەک چوونەناو شارێکی پڕ کەلێن.
- 11بە سمی ئەسپەکانی هەموو شەقامەکانت دەپەستێتەوە، گەلەکەت بە شمشێر دەکوژێت، کۆڵەکە بەهێزەکانت دەکەونە سەر زەوی.
- 12سامانت تاڵان دەکەن، بازرگانیت زەوت دەکەن، شووراکانت دەڕووخێنن، خانووە جوانەکانت تێکدەدەن، بەرد و دار و خۆڵت دەخەنە ناو دەریاوە.
- 13دەنگی ناسازی گۆرانییەکانت کۆتایی پێ دەهێنم، چیتر دەنگی قیسارەکانت نابیسترێنەوە.
- 14دەتکەمە بەردی ڕووت و دەبیتە شوێنی بڵاوکردنەوەی تۆڕەکان. جارێکی دیکە بنیاد نانرێیتەوە، چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 15«یەزدانی باڵادەست بە سور ئەمە دەفەرموێت: ئایا ناوچەکانی کەناری دەریا لەگەڵ دەنگی کەوتنت، لەگەڵ هاواری بریندار و کەوتنی کوژراوان لە ناوەڕاستی تۆدا نالەرزن؟
- 16هەموو میرانی کەناری دەریا لەسەر تەختەکانیان دادەبەزن و کەواکانیان دادەماڵن و کراسە نەخشینەکانیان دادەکەنن، بەرگی تۆقین دەپۆشن و لەسەر زەوی دادەنیشن و هەموو چرکەیەک دەلەرزن، واقیان لێت وڕدەمێنێت.
- 17شینت بۆ دەگێڕن و پێت دەڵێن:
- «”ئەی شارە بەناوبانگەکە، چۆن لەناوچوویت؟
- چۆن هێزە دەریاییەکەت لەناوچوو؟
- بەهێز بوویت لە دەریا،
- خۆت و دانیشتووانەکەت،
- هەموو ئەوانەی کە لەوێدا دەژیان
- تۆ ترس و تۆقینت هێنایە سەریان.
- 18گەلانی کەناری دەریاکان
- لە ڕۆژی کەوتنت دەلەرزن،
- دوورگەکانی ناو دەریا
- لەبەر نەمانت دەوروژێن.“
- 19«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک وەک شارە بێ ئاوەدانییەکان دەتکەمە شارێکی وێران، کاتێک قووڵایی دەریاکان دەهێنمە سەرت و ئاوە زۆرەکان داتدەپۆشن،
- 20لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان تۆش دەخەمە ناوی، بۆ لای ئەو گەلانەی کە لەمێژەوە مردوون و لە نزماییەکانی زەوی داتدەنشێنم. لە کاولگە هەتاهەتاییەکان لەگەڵ ئەوانەی کە دەچنە نێو جیهانی مردووان، بۆ ئەوەی لە خاکی زیندوواندا ئاوەدان نەبیت و نەدرەوشێیتەوە.
- 21دەتکەمە کارەسات و ئیتر بوونت نابێت، بەدواتدا دەگەڕێن و چیتر نادۆزرێیتەوە، هەتاهەتایە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»