
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
لۆقا ١٢: ١ - ٥٩
- 1لەو کاتەدا کە هەزاران کەس کۆببوونەوە، بە جۆرێک یەکتریان پێشێل دەکرد، لە سەرەتادا عیسا ڕووی کردە قوتابییەکانی و فەرمووی: «ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان بن، کە دووڕووییە.
- 2هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت.
- 3لەبەر ئەوە هەرچی لە تاریکیدا گوتووتانە، لە ڕووناکیدا دەبیسترێت، ئەوەش کە لە ژوورەوە بە چرپە گوتووتانە، بە دەنگی بەرز لە سەربانان ڕادەگەیەنرێت.
- 4«دۆستانم پێتان دەڵێم، لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن و پاش ئەوە هیچی دیکەیان پێ ناکرێت.
- 5بەڵام ئەوەتان پیشان دەدەم کە دەبێ لێی بترسن، لەوە بترسن کە دەسەڵاتی هەیە پاش کوشتن فڕێتانبداتە ناو دۆزەخ. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەمە بترسن.
- 6ئایا پێنج چۆلەکە بە دوو فلس نافرۆشرێت؟ خودا هیچ یەکێک لەوانی لەبیر ناچێت.
- 7تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. کەواتە مەترسن ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.
- 8«پێشتان دەڵێم: ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، کوڕی مرۆڤیش لەبەردەم فریشتەکانی خودا دانی پێدا دەنێت.
- 9بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، لەبەردەم فریشتەکانی خودا نکۆڵی لێ دەکرێت.
- 10ئەوەی قسە بە کوڕی مرۆڤ بڵێت، دەبەخشرێت. بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، نابەخشرێت.
- 11«کاتێک دەتانهێننە بەردەم کەنیشت و فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران، نیگەران مەبن لەوەی کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن و چی بڵێن،
- 12چونکە ڕۆحی پیرۆز هەر لەو کاتەدا فێرتان دەکات پێویستە چی بڵێن.»
- 13یەکێکی ناو خەڵکەکە پێی گوت: «مامۆستا، بە براکەم بفەرموو میراتم لەگەڵ بەش بکات.»
- 14بەڵام ئەو پێی فەرموو: «کابرا، کێ منی کردووە بە دادوەر یان بەشکەر بەسەرتانەوە؟»
- 15بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئاگاداربن و خۆتان لە هەموو جۆرە چاوچنۆکییەک بپارێزن، چونکە ژیانی مرۆڤ بە زۆری سامانەکەی نییە.»
- 16ئینجا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «مرۆڤێکی دەوڵەمەند، زەوییەکەی بەرهەمێکی زۆری دا.
- 17لە دڵی خۆیدا گوتی: ”چی بکەم کە شوێنم نەبێ بەرهەمەکەمی لێ کۆبکەمەوە؟“
- 18«جا گوتی: ”وا دەکەم، ئەمبارەکانم تێکدەدەم و گەورەتری دەکەم، لەوێدا هەموو دانەوێڵە و ماڵەکەم کۆدەکەمەوە.
- 19بە خۆشم دەڵێم: ’ئەی گیانم، ئەوەتا ماڵێکی زۆرت هەڵگرتووە کە بەشی چەندین ساڵ دەکات. بحەسێوە و بخۆ و بخۆوە و دڵشادبە.‘ “
- 20«بەڵام خودا پێی فەرموو: ”ئەی گێلە، هەر ئەمشەو گیانت دەردەچێت. باشە ئەوەی کۆت کردووەتەوە، بۆ کێ دەبێت؟“
- 21«بە هەمان شێوە دەبێ ئەو کەسەی گەنجینە بۆ خۆی کۆدەکاتەوە بەڵام لەلای خودا دەوڵەمەند نییە.»
- 22بە قوتابییەکانی فەرموو: «خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن، هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن.
- 23ژیان لە خواردن گرنگترە و جەستەش لە جلوبەرگ.
- 24سەیری قەلەڕەش بکەن کە نە تۆو دەکات و نە دروێنە، نە ئەمباری هەیە و نە کۆگا، بەڵام خودا بەخێوی دەکات. باشە ئێوە چەند لە باڵندە بەنرخترن!
- 25کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟
- 26ئەگەر ئەو شتە بچووکانە لە توانای ئێوەدا نەبێت، بۆچی بۆ شتەکانی دیکە خەم دەخۆن؟
- 27«سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت. بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە.
- 28ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئیتر چەند زیاتر ئێوە پۆشتە دەکات؟
- 29جا گرنگی بەوە مەدەن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە، خەم مەخۆن.
- 30هەموو ئەمانە بێباوەڕانی جیهان هەوڵی بۆ دەدەن، باوکیشتان دەزانێت پێویستتان بەمانە هەیە.
- 31بەڵکو داوای پاشایەتی ئەو بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت.
- 32«مەترسە ئەی مێگەلی بچووک، چونکە باوکتان خۆشحاڵە شانشینەکەتان بداتێ.
- 33ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بە خێر بیبەخشن. بۆ خۆتان جزدانێک دابین بکەن کە نەفەوتێت، سامانێک لە ئاسمان کە لەبن نایەت. لەوێ نە دز لێی نزیک دەبێتەوە و نە مۆرانە لێی دەدات،
- 34چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
- 35«با پشتێنتان بەستراو و چراتان هەڵکراو بێت،
- 36وەک ئەوانە بن کە چاوەڕێی گەورەکەیان دەکەن تاکو لە شایی بگەڕێتەوە، کە هاتەوە و لە دەرگای دا، دەستبەجێ لێی بکەنەوە.
- 37خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت کە گەورە دێتەوە دەبینێت ئێشکیان گرتووە. ڕاستیتان پێ دەڵێم، گەورەکە ناوقەدی خۆی دەبەستێت و کۆیلەکان دادەنیشێنێت، دێت و خزمەتیان دەکات.
- 38جا ئەگەر لە نیوەی شەودا یان نزیکی بەرەبەیان بێتەوە و ئەوان بەو شێوەیە ببینێت، خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت.
- 39بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتژمێرێک دز دێتە سەری، نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت.
- 40ئێوەش ئامادەبن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.»
- 41پەترۆس گوتی: «گەورەم، ئەم نموونەیە بە ئێمە دەڵێی یان بە هەمووان؟»
- 42مەسیح فەرمووی: «ئەو سەرکارە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی دەیکاتە چاودێری کۆیلەکانی تاکو لە کاتی خۆیدا بەشە خۆراکیان بداتێ؟
- 43خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە، ئەوەی کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات.
- 44ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت.
- 45بەڵام وای دابنێ کە ئەو کۆیلەیە لە دڵی خۆیدا دەڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ ئیتر دەست دەکات بە لێدانی کۆیلە و کارەکەرەکانی دیکە، هەروەها دەخوات و دەخواتەوە و سەرخۆش دەبێت.
- 46ئیتر گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت، ئەوسا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ بێباوەڕان دەبێت.
- 47«ئەو کۆیلەیەش کە خواستی گەورەکەی دەزانێت، ئامادە نابێت و بە خواستی ئەو ناکات، زۆری لێ دەدرێت.
- 48بەڵام ئەوەی نازانێت و کردەوەکەی شایانی لێدانە، ئەوا کەمی لێ دەدرێ. ئەوەی زۆری دراوەتێ داوای زۆری لێ دەکرێت، ئەوەش زۆری لەلا دانراوە داوای زیاتری لێ دەکرێت.
- 49«هاتووم تاکو ئاگر هەڵدەمە سەر زەوی، چەندە خوازیارم پێشوەخت گڕی گرتبێت!
- 50بەڵام ئازارێکم لە ڕێگایە و دەبێت پێیدا تێبپەڕم، چەند ناڕەحەتم هەتا تەواو دەبێت.
- 51وا دەزانن من هاتووم ئاشتی بهێنمە سەر زەوی؟ پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵکو دووبەرەکی.
- 52لەمەودوا لە ماڵێکدا پێنجی تێدا دەبێت جیا دەبنەوە، سێ لە دوو و دوو لە سێ.
- 53باوک لە کوڕ و کوڕ لە باوک، دایک لە کچ و کچ لە دایک، خەسوو لە بووک و بووک لە خەسوو جیا دەبنەوە.»
- 54دیسان بە خەڵکەکەی فەرموو: «کاتێک هەورێک دەبینن لە ڕۆژئاواوە بەدەردەکەوێت، خێرا دەڵێن: ”بارانی بەدەمەوەیە،“ هەر بەو شێوەیەش دەبێت.
- 55کاتێکیش بای باشوور هەڵدەکات، دەڵێن: ”گەرم دەبێت،“ ئاواش دەبێت.
- 56ئەی دووڕووان، دەزانن ڕووی زەوی و ئاسمان بخوێننەوە، چۆن نازانن ئەم سەردەمە بخوێننەوە؟
- 57«هەروەها بۆچی بۆ خۆتان بە ڕاستی حوکم نادەن؟
- 58کاتێک لەگەڵ ڕکابەرەکەت بە ڕێگاوەی بۆ لای دادوەر، لە ڕێگا هەوڵ بدە کێشەکەت لەگەڵی ببڕێنیتەوە، ئەگینا ڕاتدەکێشێتە لای دادوەر و دادوەریش دەتداتە دەست پۆلیس، پۆلیسیش فڕێتدەداتە بەندیخانە.
- 59پێت دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.»