PLAY PODCASTS
ئه‌یوب ١:١١-٢٥:١٢
Season 27 · Episode 9

ئه‌یوب ١:١١-٢٥:١٢

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

July 1, 202418m 13s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

ئه‌یوب ١:١١-٢٥:١٢

  • 1چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:
  • 2«ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین،
  • یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆپاک دەبێت؟
  • 3ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات،
  • یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟
  • 4بە خودا دەڵێیت ”باوەڕم بێگەردە و
  • من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،“
  • 5بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و
  • لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و
  • 6نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد،
  • چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە،
  • جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت.
  • 7«ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟
  • ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بەتوانا؟
  • 8ئەو لە ئاسمان بەرزترە، ئیتر تۆ چی دەکەیت،
  • لە جیهانی مردووان قووڵترە، ئیتر تۆ چی دەزانیت؟
  • 9پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و
  • لە دەریاش پانترە.
  • 10«ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و
  • تۆی بردە دادگا، کێ ڕێی لێ دەگرێت؟
  • 11بێگومان ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و
  • خراپەکاری دەبینێت، وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟
  • 12بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو
  • هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت.
  • 13«ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و
  • دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە،
  • 14ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و
  • نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت،
  • 15ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و
  • چەسپاو دەبیت و ناترسیت.
  • 16چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و
  • وەک ئاوێکی تێپەڕیو یادی دەکەیتەوە.
  • 17ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و
  • تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت.
  • 18دڵنیا دەبیت، چونکە ئومێدت هەیە،
  • دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت.
  • 19خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و
  • زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.
  • 20بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و
  • پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛
  • ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.»

ئه‌یوب ١٢

  • 1ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
  • 2«ڕاستە ئێوە گەلێکن،
  • بە مردنتان داناییش دەمرێت،
  • 3بەڵام منیش وەک ئێوە تێگەیشتنم هەیە،
  • من لە ئێوە کەمتر نیم.
  • ئایا ئەوەی تۆ دەیڵێیت لای هەموو کەسێک نەزانراوە؟
  • 4«لە خودا پاڕامەوە و ئەویش وەڵامی دایەوە،
  • بەڵام بووم بە گاڵتەجاڕی هاوڕێیەکانم،
  • هەرچەندە پیاوێکی ڕاستودروست و بێ کەموکوڕیم، بوومە مایەی گاڵتەجاڕی!
  • 5کەسێکی دڵنیا
  • گاڵتە بە شکستی پێ هەڵخلیسکاو دەکات.
  • 6چادری تێکدەران ئارامە و
  • ئاسوودەییش بۆ ئەوانەی خودا تووڕە دەکەن،
  • بۆ ئەوانەی بە دەستی خۆیان بتەکانیان دەهێنن.
  • 7«بەڵام پرسیار لە ئاژەڵان بکە، ئەوان فێرت دەکەن،
  • هەروەها پرسیار لە باڵندەی ئاسمانیش بکە، ئەوان پێت ڕادەگەیەنن؛
  • 8یان لەگەڵ زەوی بدوێ، فێرت دەکات،
  • ماسی دەریاش بۆت باس دەکەن.
  • 9کام لەمانە نازانێت کە
  • دەستی خودا ئەمەی ئەنجام داوە؟
  • 10ئەوەی ژیانی هەموو زیندووێک و
  • ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی لەناو دەستدایە؟
  • 11ئایا گوێ قسەکان تاقی ناکاتەوە و
  • مەڵاشوو تامی خواردن ناکات؟
  • 12لە ڕیش سپیێتی دانایی و
  • لە تەمەن درێژیش تێگەیشتن.
  • 13«دانایی و تواناداری لەلای خوداوەیە،
  • ڕاوێژ و تێگەیشتن هی ئەون.
  • 14ئەوەی دەڕووخێنێت بنیاد نانرێتەوە،
  • ئەگەر دەرگای لەسەر کەسێک داخست لێی ناکرێتەوە.
  • 15ڕێ لە ئاو دەگرێت، وشکەساڵی دێت،
  • بەڕەڵای دەکات زەوی سەرەوژێر دەکات.
  • 16هێز و دانایی لەلای ئەوە،
  • چەواشەکار و چەواشەکراو هی ئەون.
  • 17ڕاوێژکاران بە پێ خاوسی دەبات،
  • دادوەران تووشی شێتی دەکات.
  • 18کۆتی پاشاکان دەکاتەوە و
  • ناوقەدیان بە پشتێن دەبەستێتەوە.
  • 19کاهینەکان بە پێ خاوسی دەبات و
  • پتەوەکان سەرەوژێر دەکات.
  • 20ڕێگری گفتوگۆ لە شارەزایان دەکات،
  • ژیری لە پیران دەستێنێتەوە.
  • 21سووکایەتی بەسەر پایەداراندا دەبارێنێت و
  • پشتێنی بەهێزان شل دەکاتەوە.
  • 22قووڵاییەکان لە تاریکی ئاشکرا دەکات و
  • سێبەری مەرگ بۆ ڕووناکی دەردەخات.
  • 23نەتەوەکان مەزن دەکات و لەناویان دەبات،
  • نەتەوەکان بەرفراوان دەکات و پەرتەوازەیان دەکات.
  • 24مێشک لە سەرکردەکانی گەلی زەوی دەستێنێتەوە و
  • لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا وێڵیان دەکات.
  • 25لە تاریکیدا بە پەلەکوتێ دەڕۆن و ڕووناکی نییە،
  • وەک سەرخۆش بە ئەملا و ئەولادا دەکەون.