
Season 16 · Episode 1
سامۆئێلی دووهم ٢: ١ - ٣: ٣٩
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
December 28, 202320m 39s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
سامۆئێلی دووهم ٢: ١ - ٣: ٣٩
- 1ئەوە بوو پاش ئەمە، داود لە یەزدانی پرسی و گوتی: «سەربکەوم بۆ یەکێک لە شارۆچکەکانی یەهودا؟»
- یەزدانیش پێی فەرموو: «سەربکەوە.»
- داودیش گوتی: «بۆ کوێ سەربکەوم؟»
- ئەویش فەرمووی: «بۆ حەبرۆن.»
- 2ئینجا داود بۆ ئەوێ سەرکەوت، خۆی و هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایل کە بێوەژنی نابالی کارمەلی بوو.
- 3هەروەها داود ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون هەریەکە و لەگەڵ خێزانەکەی برد و لە شاری حەبرۆن و شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون.
- 4پاشان پیاوانی یەهودا هاتن و لەوێ داودیان بە پاشای بنەماڵەی یەهودا دەستنیشان کرد.
- کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا و گوترا کە پیاوانی یاڤێش گلعاد شاولیان ناشتووە،
- 5داودیش چەند نێردراوێکی بۆ لای پیاوانی یاڤێش گلعاد نارد بۆ ئەوەی پێیان بڵێن: «با یەزدان بەرەکەتدارتان بکات، کە ئەم چاکەیەتان لەگەڵ گەورەتان، لەگەڵ شاولدا کردووە و ناشتووتانە.
- 6ئێستاش با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیتان پیشان بدات، هەروەها منیش ئەم چاکەیەتان لەگەڵدا دەکەم، چونکە ئێوە ئەم کارەتان کرد.
- 7ئێستاش بازووتان بەهێز بکەن و ئازابن، چونکە شاولی گەورەتان مردووە و بنەماڵەی یەهودا منیان بە پاشای خۆیان دەستنیشان کردووە.»
- 8لەو کاتەدا ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی شاول، ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی بردبوو و پەڕاندبوویەوە بۆ مەحەنەیم و
- 9کردبووی بە پاشای گلعاد و ئەشوری و یەزرەعیل و ئەفرایم و بنیامین و هەموو ئیسرائیل.
- 10ئیشبۆشەتی کوڕی شاول تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد، تەنها بنەماڵەی یەهودا دوای داود کەوتن.
- 11ئەو ماوەیەش کە داود تێیدا لە حەبرۆن پاشایەتی کرد لەسەر بنەماڵەی یەهودا، حەوت ساڵ و شەش مانگ بوو.
- 12ئەبنێری کوڕی نێر و پیاوانی ئیشبۆشەتی کوڕی شاول مەحەنەیمیان بەجێهێشت و چوون بۆ گبعۆن.
- 13هەروەها یۆئابی کوڕی چەرویا و پیاوانی داودیش چوونە دەرەوە و لەلای گۆمەکەی گبعۆن بەیەکگەیشتن، جا ئەمان لەسەر گۆمەکە لەم لا و ئەوانیش لەسەر گۆمەکە لەو لا دانیشتن.
- 14ئینجا ئەبنێر بە یۆئابی گوت: «با هەندێک لە گەنجەکان هەستن و لەبەردەمماندا دەستەویەخە بەرەنگاری یەکتری ببنەوە.»
- یۆئابیش گوتی: «با هەستن.»
- 15جا هەستان بە هەڵبژاردنی دوازدە پیاو بۆ بنیامین و ئیشبۆشەتی کوڕی شاول و دوازدە پیاویش بۆ داود.
- 16ئینجا هەریەکە و سەری بەرامبەرەکەی خۆی گرت و شمشێرەکەی کرد بە قەبرغەی دا و هەموویان کوژران. لەبەر ئەوە ئەو شوێنە لە گبعۆن بە حەلقەت هەچوڕیم ناونرا.
- 17جا لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر توند بوو، ئەبنێر و پیاوانی ئیسرائیل لە بەرامبەر پیاوانی داود تێکشکان.
- 18هەر سێ کوڕەکەی چەرویاش، یۆئاب و ئەبیشەی و عەساهێل لەوێ بوون. عەساهێلیش پێیەکانی سووک بوون وەک مامزی کێوی.
- 19جا عەساهێل دوای ئەبنێر کەوت و لە ڕاونانی ئەبنێردا نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لاینەدا و
- 20ئەبنێریش ئاوڕی لە دواوە دایەوە و گوتی: «ئەمە تۆی، عەساهێل؟»
- ئەویش گوتی: «منم.»
- 21ئەبنێریش پێی گوت: «بەلای ڕاست یان چەپدا لابدە و یەکێک لە گەنجەکان بگرە و بۆ خۆت تاڵانی بکە.» بەڵام عەساهێل نەیویست وازی لێ بهێنێت.
- 22دیسان ئەبنێر بە عەساهێلی گوت: «بەدوای منەوە مەبە، بۆچی لەگەڵ زەوی تەختت بکەم؟ پاشان چۆن ڕووم بێت لەلای یۆئابی برات سەر بەرز بکەمەوە؟»
- 23بەڵام عەساهێل قایل نەبوو وازی لێ بهێنێت، لەبەر ئەوە ئەبنێر لێیدا و ڕمەکەی کرد بە سکیدا و ڕمەکە لە پشتییەوە دەرچوو. جا لەوێدا کەوت و لە شوێنی خۆیدا مرد، بۆیە هەرکەسێک دەهاتە ئەو شوێنەی کە عەساهێل تێیدا کەوت و مرد، ڕادەوەستا.
- 24بەڵام یۆئاب و ئەبیشەی دوای ئەبنێر کەوتن و خۆرئاوا بوو کاتێک گەیشتنە گردی ئەمما ئەوەی نزیکی گییەحە لەسەر ڕێگای چۆڵەوانی گبعۆن.
- 25جا نەوەی بنیامین لەدوای ئەبنێر کۆبوونەوە و بوون بە یەک کۆمەڵ و لەسەر گردێک ڕاوەستان.
- 26ئەبنێر هاواری لە یۆئاب کرد و گوتی: «ئایا هەتاهەتایە شمشێر خوێن دەڕێژێت؟ ئایا نازانیت کۆتاییەکەی تاڵ دەبێت؟ هەتا کەی بە جەنگاوەران ناڵێیت: ”واز لە ڕاونانی براکانتان بهێنن“؟»
- 27یۆئابیش گوتی: «بە خودای زیندوو، ئەگەر قسەت نەدەکرد، هەتا بەیانی هیچ پیاوێک وازی لە ڕاونانی براکەی نەدەهێنا.»
- 28پاشان یۆئاب فووی بە کەڕەنادا کرد و هەموو جەنگاوەران ڕاوەستان، ئیتر دوای ئیسرائیل نەکەوتن و نەگەڕانەوە بۆ جەنگ.
- 29ئینجا ئەبنێر و پیاوەکانی بە درێژایی ئەو شەوە بەناو عەراڤادا ڕۆیشتن و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و بەناو بیترۆندا ڕۆیشتن و هاتن بۆ مەحەنەیم.
- 30یۆئابیش لە ڕاونانی ئەبنێر گەڕایەوە و هەموو جەنگاوەرانی کۆکردەوە. بێجگە لە عەساهێل، نۆزدە پیاو لە خزمەتکارەکانی داود ون بوون،
- 31بەڵام پیاوەکانی داود لەو بنیامینییانەی کە لەگەڵ ئەبنێر بوون سێ سەد و شەست کەسیان لێ کوشتبوون.
- 32ئینجا عەساهێلیان هەڵگرت و لە گۆڕەکەی باوکی کە لە بێتلەحمە ناشتیان و یۆئاب و پیاوەکانیشی بە درێژایی ئەو شەوە ڕۆیشتن و لە بەرەبەیان گەیشتنە حەبرۆن.
سامۆئێلی دووهم ٣
- 1جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود درێژەی کێشا، هەتا دەهات داود بەهێزتر دەبوو، بنەماڵەی شاولیش هەتا دەهات لاوازتر دەبوون.
- 2داود لە حەبرۆن چەند کوڕێکی بوو:
- کوڕە نۆبەرەکەی ئەمنۆن بوو کە لە ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی بوو؛
- 3دووەمیان کیلئیاڤ لە ئەبیگایل بوو کە بێوەژنەکەی نابالی کارمەلی بوو؛
- سێیەمیان ئەبشالۆمی کوڕی مەعکای کچی تەلمەی پاشای گەشوور بوو؛
- 4چوارەمیان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بوو؛
- پێنجەمیان شەفەتیای کوڕی ئەبیتەل بوو؛
- 5شەشەمیان یەترعام لە عەگلای ژنی داود بوو.
- ئەمانە لە حەبرۆن بۆ داود لەدایک بوون.
- 6ئەوە بوو کاتێک جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود بەرپا بوو، ئەبنێر پێگەی خۆی لەناو بنەماڵەی شاول بەهێز دەکرد.
- 7شاول کەنیزەیەکی هەبوو ناوی ڕیچپای کچی ئەییا بوو، ئیشبۆشەتیش بە ئەبنێری گوت: «بۆچی لەگەڵ کەنیزەکەی باوکم جووتبوویت؟»
- 8ئەبنێر بە قسەکەی ئیشبۆشەت زۆر تووڕە بوو و گوتی: «ئایا من سەگێکم لە خزمەتی یەهودا؟ هەتا ئەمڕۆ من دڵسۆز بووم لەگەڵ ماڵی شاولی باوکت و لەگەڵ براکانی و هاوڕێیەکانی، هەروەها تۆم نەداوەتە دەست داودەوە. تۆش بەهۆی پەیوەندیم بەو ژنەوە گوناهبارم دەکەیت؟
- 9با خودا توندترین سزای ئەبنێر بدات، ئەگەر من پاڵپشتی داود نەکەم و سوێندەکەی یەزدان نەهێنمە دی،
- 10بۆ گواستنەوەی پاشایەتییەکە لە بنەماڵەی شاولەوە، هەروەها دامەزراندنی تەختی داود لە ئیسرائیل و یەهودا، لە دانەوە هەتا بیری شابەع.»
- 11ئیتر ئیشبۆشەتیش نەیتوانی بە یەک وشە وەڵامی ئەبنێر بداتەوە، چونکە لێی دەترسا.
- 12ئینجا ئەبنێر نێردراوی بۆ لای داود نارد بۆ ئەوەی بە ناوی ئەوەوە بڵێن: «ئەم خاکە هی کێیە؟» هەروەها بڵێن: «پەیمانی خۆتم لەگەڵدا ببەستە، ئەوەتا منیش دەستم لەگەڵتدایە بۆ ئەوەی هەموو ئیسرائیل بۆ خۆت بگەڕێنیتەوە.»
- 13داودیش گوتی: «باشە، من پەیمانی خۆمت لەگەڵدا دەبەستم، بەڵام یەک شتت لێ داوا دەکەم، ئەویش ئەوەیە: کاتێک دێیت بۆ ئەوەی بمبینیت، ئەگەر میخەلی کچی شاول لەگەڵ خۆتدا نەهێنیت، ئەوا ڕووی من نابینیت.»
- 14ئینجا داود نێردراوی بۆ لای ئیشبۆشەتی کوڕی شاول نارد و گوتی: «میخەلی ژنم بدەوە کە بە سەد پێستی سەری ئەندامی نێرینەی فەلەستییەکان لە خۆمم مارە کردووە.»
- 15لەبەر ئەوە ئیشبۆشەت ناردی و لە مێردەکەی وەریگرتەوە، لە پەلتیێلی کوڕی لایش.
- 16مێردەکەی لەگەڵی دەڕۆیشت و بەدوایدا دەگریا هەتا گەیشتە بەحوریم. ئینجا ئەبنێر پێی گوت: «بڕۆ، بگەڕێوە!» ئەویش گەڕایەوە.
- 17پاشان ئەبنێر لەگەڵ پیرانی ئیسرائیل قسەی کرد و گوتی: «ئێوە لەمێژە داوای داودتان دەکرد ببێتە پاشاتان،
- 18کەواتە ئێستا ئەوە بکەن! لەبەر ئەوەی یەزدان بە داودی فەرمووە: ”من بە دەستی داودی بەندەم ئیسرائیلی گەلم لە دەست فەلەستییەکان و سەرجەم دوژمنەکانیان ڕزگار دەکەم.“»
- 19هەروەها ئەبنێر لەگەڵ بنیامینییەکان قسەی کرد. پاشان ئەبنێر چوو بۆ ئەوەی لە حەبرۆن لەگەڵ داود قسە بکات دەربارەی هەموو ئەوەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی بنیامین پەسەندیان کردووە.
- 20کاتێک ئەبنێر لەگەڵ بیست پیاو هاتە حەبرۆن بۆ لای داود، داود خوانێکی ساز کرد بۆ ئەبنێر و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون.
- 21ئەبنێر بە داودی گوت: «هەڵدەستم و دەڕۆم، تاکو هەموو ئیسرائیل بۆ پاشای گەورەم کۆبکەمەوە، بۆ ئەوەی پەیمانت لەگەڵدا ببەستن و تۆش بەپێی هەموو ئەوانەی کە دڵت ئارەزووی دەکات فەرمانڕەوایی بکەیت.» داودیش ئەبنێری بەڕێکرد و ئەویش بە سەلامەتی ڕۆیشت.
- 22لەو کاتەدا یۆئاب و پیاوانی داود لە پەلامارێک دەگەڕانەوە و دەستکەوتێکی زۆریان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو. بەڵام ئەبنێر لە حەبرۆن لەگەڵ داود نەبوو، چونکە بەڕێی کردبوو و بە سەلامەتی ڕۆیشتبوو.
- 23کاتێک یۆئاب و هەموو ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوو هاتن، بە یۆئابیان ڕاگەیاند و گوتیان: «ئەبنێری کوڕی نێر هات بۆ لای پاشا و ئەویش بەڕێی کرد و بە سەلامەتی ڕۆیشت.»
- 24لەبەر ئەوە یۆئاب بۆ لای پاشا چووە ژوورەوە و گوتی: «چیت کرد؟ ئەبنێر هات بۆ لات، بۆچی بەڕێت کرد بڕوات؟ ئێستا ڕۆیشتووە!
- 25تۆ ئەبنێری کوڕی نێر دەناسیت؛ تەنها بۆ ئەوە هاتووە فریوت بدات و چاودێریی جوڵانەوەت بکات و بە هەموو کارەکانت بزانێت.»
- 26کاتێک یۆئاب داودی بەجێهێشت، چەند نێردراوێکی بەدوای ئەبنێردا نارد و لە ئەمباراوی سیرادا گەڕاندیانەوە، بەڵام داود ئاگای لەمە نەبوو.
- 27کاتێک ئەبنێر گەڕایەوە حەبرۆن، یۆئاب بۆ ئەوەی بە نهێنی قسەی لەگەڵدا بکات بردییە کەناری دەروازەکەوە و لەوێدا لە تۆڵەی خوێنی عەساهێلی برای سکی هەڵدڕی و کوشتی.
- 28پاشان داود ئەمەی بیستەوە و گوتی: «من خۆم و پاشایەتییەکەم هەتاهەتایە لای یەزدان لە خوێنی ئەبنێری کوڕی نێر بێبەرین.
- 29با لە ملی یۆئاب و هەموو ماڵی باوکی بێت! با لە ماڵی یۆئاب زامی درێژخایەن و گەڕوگولی و دارشەقە بەدەست و بە شمشێر کوژراو و برسی نان نەبڕێتەوە.»
- 30(یۆئاب و ئەبیشەی برای، ئەبنێریان کوشت، چونکە ئەو عەساهێلی برایانی لە گبعۆن لە جەنگدا کوشتبوو.)
- 31ئینجا داود بە یۆئاب و هەموو گەل و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، پێی گوتن: «جلەکانتان لەبەر خۆتان دابدڕن و جلوبەرگی گوش بپۆشن و لەبەردەم ئەبنێردا شیوەن بگێڕن.» داودی پاشاش لەدوای دارەمەیتەکە دەڕۆیشت.
- 32ئەبنێریان لە حەبرۆن ناشت و پاشاش بە دەنگی بەرز لەسەر گۆڕی ئەبنێر گریا. هەموو گەلیش گریان.
- 33هەروەها پاشا بۆ ئەبنێر لاواندییەوە و گوتی:
- «ئایا دەبێت ئەبنێر وەک چۆن گێلێک دەمرێت ئاوا بمرێت؟
- 34دەستەکانت نەبەسترابوونەوە و
- پێیەکانت بە زنجیر کۆت نەکرابوون.
- کەوتی، هەروەک یەکێک لەبەردەم بەدکاران کەوتبێت.»
- جا هەموو گەل دەستیان بە گریان کردەوە بۆی.
- 35ئیتر هەموو گەل هاتن بۆ ئەوەی نان بدەنە داود و بیخوات. هێشتا ڕۆژ بوو، بەڵام داود سوێندی خوارد: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر پێش خۆرئاوابوون نان یان هەر شتێکی دیکە بخۆم.»
- 36هەموو گەل زانییان و لەلایان پەسەند بوو، هەروەها هەموو ئەو شتانەی کە پاشا کردی لەلایەن هەموو گەلەوە پەسەند بوو.
- 37ئینجا لەو ڕۆژەدا هەموو گەل و هەموو ئیسرائیل زانییان کە کوشتنی ئەبنێری کوڕی نێر لەلایەن پاشاوە نەبوو.
- 38پاشا بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئایا نازانن ئەمڕۆ لە ئیسرائیلدا میرێک و گەورە پیاوێک کەوتووە؟
- 39ئەمڕۆش، هەرچەندە من پاشا دەستنیشانکراوەکەم، بەڵام لاوازم و ئەم کوڕانەی چەرویا لە من بەهێزترن. یەزدان خراپەکار بەپێی خراپەکەی سزا دەدات!»