
Season 29 · Episode 47
زهبورهكان ١١٩: ١ - ١٧٦
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
September 20, 202420m 25s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
زهبورهكان ١١٩: ١ - ١٧٦
- 1خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە ڕێگایان تەواوە،
- ئەوانەی بەپێی فێرکردنی یەزدان دەڕۆن.
- 2خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە یاساکەی پەیڕەو دەکەن،
- بە هەموو دڵەوە ڕوو لە خودا دەکەن.
- 3هەروەها خراپە ناکەن و
- بە ڕێگای ئەودا دەڕۆن.
- 4تۆ ڕێنماییەکانت داوە،
- بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی گوێڕایەڵی بن.
- 5خۆزگە ڕێگاکانم بچەسپابوونایە
- لە بەجێگەیاندنی فەرزەکانت!
- 6ئەو کاتە شەرمەزار نەدەبووم،
- کە دەمڕوانییە هەموو ڕاسپاردەکانت.
- 7بە دڵی پاکەوە ستایشت دەکەم،
- کاتێک فێری حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
- 8فەرزەکانت بەجێدەهێنم،
- هەرگیز وازم لێ مەهێنە.
- 9گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟
- بە پاراستنی وشەکانت.
- 10بە هەموو دڵەوە ڕوو لە تۆ دەکەم،
- مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.
- 11وشەکانی تۆم لەناو دڵم پاراستووە،
- تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.
- 12ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ!
- فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
- 13بە لێوەکانی خۆم،
- باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.
- 14بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم،
- وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.
- 15لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە،
- چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.
- 16بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم،
- وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.
- 17چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە،
- تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم.
- 18چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم،
- کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت.
- 19من نامۆم لە زەوی،
- ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە.
- 20گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی
- بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک.
- 21سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد،
- کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون.
- 22ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە،
- چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە.
- 23هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن،
- بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە.
- 24یاساکانت شادمانی منن،
- ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن.
- 25گیانم بە خۆڵەوە نووساوە،
- بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
- 26باسی ڕێگاکانی خۆمم کرد، تۆ بەدەنگمەوە هاتیت،
- فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
- 27ڕێگای ڕێنماییەکانی خۆتم تێبگەیەنە،
- لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
- 28گیانم لە خەفەتان توایەوە،
- بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە.
- 29ڕێگای درۆم لێ دووربخەوە،
- لەگەڵم میهرەبان بە و فێری تەوراتی خۆتم بکە.
- 30ڕێگای ڕاستیم هەڵبژاردووە،
- حوکمەکانی تۆم خستووەتە بەرچاوم.
- 31دەست بە یاساکانی تۆوە دەگرم،
- ئەی یەزدان، ڕێ مەدە شەرمەزار بم!
- 32بە ڕاکردن لەسەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت دەڕۆم،
- چونکە دڵی منت ئازاد کرد.
- 33ئەی یەزدان، فێری ڕێگای فەرزەکانی خۆتم بکە،
- هەتا کۆتایی بەجێیان دەهێنم.
- 34تێمبگەیەنە و فێرکردنت پەیڕەو دەکەم،
- بە هەموو دڵەوە گوێڕایەڵی دەبم.
- 35بمخە سەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت،
- چونکە دڵخۆشم دەکەن.
- 36دڵم بخەرە سەر یاساکانت،
- نەک سەر قازانج.
- 37چاوم وەرگێڕە لە تەماشاکردنی شتی پووچ،
- لە ڕێگای خۆتدا بمبوژێنەوە.
- 38بەڵێنی خۆت بۆ خزتمەتکارەکەت بهێنە دی،
- ئەوەی بەوانەت داوە کە لێت دەترسن.
- 39ئەو سووکایەتییەم لەسەر لابە کە لێی دەترسم،
- چونکە حوکمەکانت چاکن.
- 40ئەوەتا پەرۆشی ڕێنماییەکانی تۆم،
- بە ڕاستودروستی خۆت بمژیێنەوە.
- 41ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت،
- ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت،
- 42جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات،
- چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە.
- 43وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە،
- چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە.
- 44بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم،
- هەتاهەتایە و هەتاسەر.
- 45بە ئازادی دەڕۆم،
- چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.
- 46لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم،
- شەرمەزاریش نابم.
- 47خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم،
- چونکە حەزم لێیانە.
- 48دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت،
- سەرنج دەدەمە فەرزەکانت.
- 49پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت،
- چونکە هیوات پێم داوە.
- 50لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە:
- بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.
- 51لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن،
- بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە.
- 52ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد،
- دڵنەواییم هاتەوە.
- 53لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا،
- ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە.
- 54فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم،
- لە ماڵی ئاوارەییم.
- 55ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و
- گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم.
- 56ئەم نەریتە بۆ من بوو:
- ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد.
- 57ئەی یەزدان، تۆ بەشی منی،
- بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم.
- 58بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم،
- بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە.
- 59لە ڕێگای خۆم ڕامام،
- پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە.
- 60خێرا بووم و دوا نەکەوتم
- لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت.
- 61گوریسی بەدکاران منیان بەستووەتەوە،
- بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.
- 62لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم
- لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت.
- 63من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن،
- لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن.
- 64ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە،
- فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
- 65ئەی یەزدان، چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد،
- بەگوێرەی بەڵێنی خۆت.
- 66هەستی باش و زانینم فێر بکە،
- چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە.
- 67بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم،
- بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم.
- 68تۆ چاکیت و چاکەکاری،
- فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
- 69لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن،
- بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
- 70دڵیان وەک پیو بێ هەستە،
- بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من.
- 71چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم،
- بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم.
- 72فێرکردنی دەمی تۆ
- لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من.
- 73دەستی تۆ دروستی کردم و دایڕشتم،
- تێمبگەیەنە تاکو فێری ڕاسپاردەکانت بم.
- 74ئەوانەی لێت دەترسن شادمان دەبن کاتێک دەمبینن،
- چونکە من هیوام بە بەڵێنی تۆ هەیە.
- 75ئەی یەزدان، زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە،
- بە دڵسۆزی زەلیلت کردم.
- 76با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت،
- بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت.
- 77با بەزەییت پێمدا بێتەوە بۆ ئەوەی بژیم،
- چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من.
- 78با لووتبەرزان شەرمەزار بن، چونکە بوختانیان بۆ هەڵبەستم،
- بەڵام من سەرنج دەدەمە ڕێنماییەکانت.
- 79با ئەوانەی لێت دەترسن بگەڕێنەوە لای من،
- ئەوانەی لە یاساکانی تۆ تێدەگەن.
- 80با دڵم تەواو بێت لە فەرزەکانت،
- بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبم.
- 81گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە،
- ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە.
- 82چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت،
- دەپرسم: «کەی دڵنەواییم دەکەیت؟»
- 83هەرچەندە وەک مەشکەیەکم لێهاتووە کەوا دووکەڵ دایپۆشیوە،
- فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە.
- 84خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟
- کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟
- 85لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە،
- ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە!
- 86هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن،
- فریام بکەوە، چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە!
- 87خەریک بوو لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن،
- بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم.
- 88بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە،
- یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم.
- 89ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە،
- لە ئاسمان چەسپاوە.
- 90دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە،
- زەویت دامەزراند و دەمێنێت.
- 91ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون،
- چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن.
- 92ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو،
- بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم.
- 93هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم،
- چونکە بەوان منت ژیاندەوە.
- 94من هی تۆم، ڕزگارم بکە،
- چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.
- 95بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە تاکو بمفەوتێنن،
- بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم.
- 96بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی،
- بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە.
- 97چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە!
- بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە.
- 98بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم،
- چونکە هەتاهەتایە بۆ منە.
- 99لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم،
- چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە.
- 100لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم،
- چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
- 101پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ،
- بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم.
- 102لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە،
- چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم.
- 103بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم،
- لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم.
- 104لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا،
- بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
- 105وشەکانی تۆ چرایە بۆ پێیەکانم،
- ڕووناکییە بۆ ڕێگام.
- 106سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم،
- کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
- 107ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە،
- جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
- 108ئەی یەزدان، بەو ستایشە ڕازی بە کەوا هەردەم لەسەر لێوانمە.
- حوکمەکانی خۆتم فێر بکە.
- 109هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە،
- بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم.
- 110بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،
- بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم.
- 111یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من،
- چونکە ئەوان شادی دڵمن.
- 112دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم،
- هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.
- 113ڕقم لە کەسانی دوودڵە،
- حەزم لە فێرکردنی تۆیە.
- 114تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت،
- هیوام بە بەڵێنی تۆیە.
- 115ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە،
- تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم.
- 116بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم،
- لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە.
- 117پشتم بگرە و ڕزگاردەبم،
- هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت.
- 118هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە،
- چونکە فێڵەکەیان پووچە.
- 119هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە،
- بۆیە حەزم لە یاساکانتە.
- 120لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و
- لە حوکمەکانت دەترسم.
- 121دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە،
- ڕادەستی زۆردارم مەکە.
- 122بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت،
- با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن.
- 123چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت،
- بۆ بەجێهێنانی بەڵێنە ڕاستودروستەکەت.
- 124بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە،
- فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
- 125من خزمەتکاری تۆم، تێمبگەیەنە،
- بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم.
- 126ئەی یەزدان، کاتی کارکردنی تۆیە،
- چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە.
- 127لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم
- زیاتر لە زێڕ، لە زێڕی پوختەکراو،
- 128هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم،
- ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
- 129یاساکانت سەرسوڕهێنەرە،
- بۆیە گیانم پەیڕەویان دەکات.
- 130ڕوونکردنەوەی فەرمایشتەکانت ڕووناکی دەبەخشێت،
- تێگەیشتنیش بە نەزانەکان.
- 131دەمم کردەوە و هەناسەبڕکێمە،
- چونکە پەرۆشی ڕاسپاردەکانی تۆم.
- 132ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
- وەک نەریتی خۆت بۆ ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت.
- 133هەنگاوەکانم لەسەر وتەکەت بچەسپێنە،
- مەهێڵە هیچ گوناهێک بەسەرمدا زاڵ بێت.
- 134لە زۆرداری مرۆڤ بمکڕەوە،
- بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی تۆ پەیڕەو بکەم.
- 135ڕووت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێنەوە،
- فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
- 136جۆگەی ئاو لە چاوەکانم دادەڕژێت،
- چونکە فێرکردنت پەیڕەو ناکرێت.
- 137ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت،
- حوکمەکانت ڕاستن.
- 138ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و
- بە تەواوی جێی متمانەن.
- 139دڵگەرمیم سووتاندمی،
- چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە.
- 140بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە،
- خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی.
- 141من بچووک و ڕیسوام،
- بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم.
- 142ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و
- فێرکردنت ڕاستە.
- 143تەنگانە و ناخۆشیم تووش بووە،
- بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.
- 144یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن،
- تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم.
- 145پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە،
- فەرزەکانت بەجێدەهێنم.
- 146هاوار بۆ تۆ دەکەم، ڕزگارم بکە!
- یاساکانت پەیڕەو دەکەم.
- 147پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم،
- ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە.
- 148بە درێژایی شەو بەئاگام،
- بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە.
- 149بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە،
- ئەی یەزدان، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە.
- 150پیلانگێڕان نزیک بوونەوە،
- لە فێرکردنی تۆ دوور کەوتوونەتەوە.
- 151بەڵام ئەی یەزدان، تۆ زۆر نزیکیت،
- هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن.
- 152لەمێژە لە یاساکانت دەزانم،
- کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە.
- 153سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە،
- چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.
- 154پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە،
- بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە.
- 155ڕزگاری لە بەدکاران دوورە،
- چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن.
- 156ئەی یەزدان، بەزەییت زۆرە،
- بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە.
- 157دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن،
- بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە.
- 158ناپاکەکانم بینی بێزم هاتەوە،
- چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون.
- 159ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە،
- ئەی یەزدان، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە.
- 160هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە،
- هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین.
- 161میرەکان بەبێ هۆ دەمچەوسێننەوە،
- بەڵام دڵم لە فەرمایشتی تۆ دەتۆقێت.
- 162بە بەڵێنەکانت دڵشاد دەبم،
- وەک یەکێک دەستکەوتێکی زۆری چنگکەوتبێت.
- 163ڕقم لە درۆیە و قێزم لێی دەبێتەوە،
- بەڵام حەزم لە فێرکردنی تۆیە.
- 164ڕۆژانە حەوت جار ستایشت دەکەم،
- بۆ حوکمە ڕاستودروستەکانت.
- 165ئاشتیێکی گەورە بۆ ئەوانەی حەز لە فێرکردنت دەکەن،
- هیچ شتێک بۆیان نابێتە کۆسپ.
- 166ئەی یەزدان، هیوام بە ڕزگاریی تۆیە،
- ڕاسپاردەکانی تۆ پەیڕەو دەکەم.
- 167گیانم یاساکانت پەیڕەو دەکات،
- چونکە زۆر حەزم لێیەتی.
- 168ڕێنمایی و یاساکانی تۆ پەیڕەو دەکەم،
- چونکە هەموو ڕێگاکانم لەبەردەمتن.
- 169ئەی یەزدان، با هاوارم بگاتە بەردەمت،
- بەگوێرەی پەیمانی خۆت تێمبگەیەنە.
- 170با پاڕانەوەم بێتە بەردەمت،
- بەگوێرەی بەڵێنەکەت دەربازم بکە.
- 171با لێوم ستایشی لێ بڕژێت،
- چونکە فێری فەرزەکانی خۆتم دەکەیت.
- 172با زمانم گۆرانی بەسەر وتەکەتدا بڵێ،
- چونکە هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستودروستن.
- 173با دەستت ئامادەبێت بۆ یارمەتیم،
- چونکە ڕێنماییەکانی تۆم هەڵبژاردووە.
- 174ئەی یەزدان، من بە پەرۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ،
- فێرکردنت شادی منە.
- 175با گیانم بژیێتەوە بۆ ئەوەی ستایشت بکەم،
- حوکمەکانت یارمەتیم بدات.
- 176وەک بەرخی وێڵ گومڕا بووم،
- بەدوای خزمەتکارەکەتدا بگەڕێ،
- چونکە ڕاسپاردەکانی تۆم لەبیر نەکردووە.