PLAY PODCASTS
دووه‌م پاشایان ١: ١ - ٢: ٢٢
Season 18 · Episode 1

دووه‌م پاشایان ١: ١ - ٢: ٢٢

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

January 23, 202420m 49s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

دووه‌م پاشایان ١: ١ - ٢: ٢٢

  • 1پاش مردنی ئەحاڤ، مۆئاب لە ئیسرائیل یاخی بوو.
  • 2ئەحەزیاش لە پەنجەرەی ژووری سەرەوەی کۆشکەکەی لە سامیرە کەوتە خوارەوە و بریندار بوو، چەند نێردراوێکی نارد و پێی گوتن: «بڕۆن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن بکەن، ئایا لەم بریندارییەم چاک دەبمەوە؟»
  • 3فریشتەی یەزدانیش بە ئەلیاسی تیشبی فەرموو: «هەستە سەربکەوە بۆ بینینی نێردراوەکانی پاشای سامیرە و پێیان بڵێ: ”ئایا لەبەر ئەوەی کە لە ئیسرائیل خودا نییە، ئێوە دەچن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن دەکەن؟“
  • 4لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت، بە دڵنیاییەوە دەمریت!“» ئینجا ئەلیاس ڕۆیشت.
  • 5کاتێک نێردراوەکان گەڕانەوە لای پاشا، پاشا لێی پرسین: «بۆچی گەڕانەوە؟»
  • 6ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێک بەرەوپیرمان هات، پێی گوتین: ”بڕۆن و بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو پاشایەی کە ئێوەی ناردووە و پێی بڵێن، ’یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا لەبەر ئەوەی کە لە ئیسرائیل خودا نییە، ئێوە دەچن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن دەکەن؟ لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت، بە دڵنیاییەوە دەمریت!‘ “»
  • 7پاشا لێی پرسین: «ئەو پیاوەی بەرەوپیرتان هات و ئەم قسانەی پێ گوتن، شێوەی چۆن بوو؟»
  • 8ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێکی تووکن بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری بەستبوو.»
  • ئەویش گوتی: «ئەوە ئەلیاسی تیشبییە.»
  • 9ئینجا فەرماندەیەکی لەگەڵ پەنجا سەربازەکەی ناردە لای ئەلیاس، ئەویش چوو بۆ لای ئەلیاس و بینی وا لەسەر لووتکەی کێوێک دانیشتووە، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، پاشا دەڵێت، ”وەرە خوارەوە!“»
  • 10ئەلیاسیش وەڵامی فەرماندەکەی دایەوە: «ئەگەر من پیاوی خودام، با ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە و خۆت و پەنجا پیاوەکەت بسووتێنێت!» ئینجا ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و خۆی و پەنجا پیاوەکەی سووتاند.
  • 11دیسان فەرماندەیەکی دیکەی بە پەنجا سەربازەکەیەوە ناردە لای ئەلیاس، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، پاشا دەڵێت: ”پەلە بکە و وەرە خوارەوە!“»
  • 12ئەلیاسیش وەڵامی دایەوە و پێی گوتن: «ئەگەر من پیاوی خودام، با ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە و خۆت و پەنجا پیاوەکەت بسووتێنێت!» ئینجا ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و خۆی و پەنجا پیاوەکەی سووتاند.
  • 13بۆ جاری سێیەم فەرماندەیەکی لەگەڵ پەنجا سەربازەکەی نارد. فەرماندەکەی سێیەم سەرکەوت و چوو لەبەردەم ئەلیاس کەوتە سەر چۆک و لێی پاڕایەوە، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، با ژیانی خۆم و ژیانی ئەم پەنجا خزمەتکارەت لەبەرچاو بەهادار بێت.
  • 14ببینە، ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و دوو فەرماندەکەی یەکەمی لەگەڵ سەربازەکانیان سووتاند. بەڵام ئێستا با ژیانی من لەبەرچاوت بەهادار بێت!»
  • 15ئینجا فریشتەی یەزدان بە ئەلیاسی فەرموو: «لەگەڵی بڕۆ خوارەوە، لێی مەترسە.» ئەویش هەستا و لەگەڵی چووە خوارەوە بۆ لای پاشا.
  • 16بە پاشای گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا لەبەر ئەوەی لە ئیسرائیل هیچ خودایەک نییە کە ڕاوێژی لەگەڵ بکەیت، نێردراوت نارد بۆ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن بکەن؟ لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد، لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت. بە دڵنیاییەوە دەمریت!»
  • 17ئینجا پاشا مرد، بەپێی فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی ئەلیاسەوە.
  • لەبەر ئەوەی ئەحەزیا کوڕی نەبوو، یۆرام لە جێی ئەو بوو بە پاشا، لە ساڵی دووەمی پاشایەتی یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا.
  • 18ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەحەزیا و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

دووه‌م پاشایان ٢

  • 1کاتێک یەزدان ویستی ئەلیاس لە گەردەلوولێکدا بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، ئەلیاس و ئەلیشەع لە گلگالەوە بەڕێکەوتن.
  • 2ئەلیاس بە ئەلیشەعی گوت: «لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە بێت‌ئێل.»
  • ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی خۆت، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا بەرەو بێت‌ئێل چوون.
  • 3ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی بێت‌ئێل هاتنە دەرەوە بۆ لای ئەلیشەع و لێیان پرسی: «دەزانیت ئەمڕۆ یەزدان گەورەکەت لە تۆ دەستێنێ؟»
  • ئەویش گوتی: «بەڵێ دەزانم، بێدەنگ بن.»
  • 4ئینجا ئەلیاس پێی گوت: «ئەلیشەع، لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە ئەریحا.»
  • ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا چوونە ئەریحا.
  • 5ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحاش لە ئەلیشەع هاتنە پێشەوە و لێیان پرسی: «دەزانیت ئەمڕۆ یەزدان گەورەکەت لێ دەستێنێت؟»
  • ئەویش گوتی: «بەڵێ دەزانم، بێدەنگ بن.»
  • 6پاشان ئەلیاس پێی گوت: «لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە ڕووباری ئوردون.»
  • ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا هەردووکیان ڕۆیشتن.
  • 7پەنجا ئەندامی کۆمەڵی پێغەمبەران ڕۆیشتن و لە دوورەوە لە بەرامبەر ئەلیاس و ئەلیشەع ڕاوەستان، ئەوانیش هەردووکیان لەسەر ڕووباری ئوردون ڕاوەستان.
  • 8ئەلیاس کەواکەی گرت و پێچایەوە و بە کەوایەکە کێشای بە ئاوەکەدا. جا ئاوەکە شەق بوو، هەردووکیان بە وشکانیدا پەڕینەوە.
  • 9کاتێک پەڕینەوە، ئەلیاس بە ئەلیشەعی گوت: «داوای چی دەکەیت هەتا بۆت بکەم، بەر لەوەی لێت جیا ببمەوە؟»
  • ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «با دوو ئەوەندەی ڕۆحی تۆ بە میرات وەربگرم.»
  • 10ئەلیاس گوتی: «داوای شتێکی گرانت کرد. ئەگەر منت بینی کاتێک لێت جیا دەبمەوە، ئەوا بۆ تۆ دەبێت، ئەگەر نا بۆت نابێت.»
  • 11ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتن و قسەیان دەکرد، لەناکاو گالیسکەیەکی ئاگرین و چەند ئەسپێکی ئاگرین هەردووکیانی لێک جیا کردەوە، ئەلیاس لە گەردەلوولێکدا بۆ ئاسمان سەرکەوت.
  • 12ئەلیشەع ئەمەی بینی و هاواری کرد: «باوکە! باوکە! گالیسکەکەی ئیسرائیل و سوارەکانی!» ئیتر ئەلیشەع ئەلیاسی نەبینییەوە. ئینجا جلەکەی بەر خۆی دادڕی و کردی بە دوو پارچەوە.
  • 13کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرتەوە کە لێی کەوتبووە خوارەوە، گەڕایەوە و لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون ڕاوەستا.
  • 14ئینجا کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرت، ئەوەی لێی کەوتبووە خوارەوە، بە کەوایەکە کێشای بە ئاوەکەدا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئەلیاس لەکوێیە؟» کاتێک بە ئاوەکەیدا کێشا، ئاوەکە شەق بوو و ئەلیشەع پەڕییەوە.
  • 15کاتێک ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحا، ئەوانەی لە بەرامبەری بوون بینییان، گوتیان: «ڕۆحی ئەلیاس لەسەر ئەلیشەع جێگیر بووە.» ئینجا بەرەوپیری چوون و کڕنۆشیان بۆ برد.
  • 16پێیان گوت: «ئەوەتا خزمەتکارەکانت پەنجا پیاوی تواناداریان هەیە. لێیانگەڕێ با بچن بەدوای گەورەکەتدا بگەڕێن. لەوانەیە ڕۆحی یەزدان هەڵیگرتبێت و لەسەر کێوێک یاخود لەناو یەکێک لە دۆڵەکان داینابێت.»
  • ئەلیشەع گوتی: «مەیاننێرن.»
  • 17بەڵام زۆریان لێکرد هەتا شەرم دایگرت و گوتی: «بیاننێرن.» ئەوانیش پەنجا پیاویان نارد، سێ ڕۆژ بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە.
  • 18کاتێک گەڕانەوە لای ئەلیشەع کە هێشتا لە ئەریحا مابووەوە، پێی گوتن: «پێم نەگوتن مەچن؟»
  • 19پیاوانی شارەکە بە ئەلیشەعیان گوت: «ئەوەتا هەروەک گەورەم دەبینێت شوێنی شارەکە باشە، بەڵام ئاوەکە خراپە و خاکەکەشی بێ پیتە.»
  • 20ئەویش گوتی: «قاپێکی نوێم بۆ بهێنن و خوێی تێ بکەن.» ئەوانیش بۆیان هێنا.
  • 21ئینجا چووە دەرەوە بۆ سەرچاوەی ئاوەکە و خوێیەکەی فڕێدا ناوی و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەم ئاوەم سازگار کرد و جارێکی دیکە نابێتە هۆکاری مردن و بێ بەروبوومی خاک.“»
  • 22بەگوێرەی ئەو قسەیەیە کە ئەلیشەع کردی هەتا ئەمڕۆش ئاوەکە سازگارە.