
Season 21 · Episode 10
دووهم ههواڵی ڕۆژان ١٩: ١ - ٢١: ٧
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
April 3, 202417m 25s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دووهم ههواڵی ڕۆژان ١٩: ١ - ٢١: ٧
- 1کاتێک یەهۆشافاتی پاشای یەهودا بە سەلامەتی گەڕایەوە کۆشکەکەی لە ئۆرشەلیم،
- 2یێهوی کوڕی حەنانی، ئەوەی پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند، چووە لای و بە یەهۆشافات پاشای گوت: «ئایا دەبوو یارمەتی خراپەکار بدەیت و ئەوانەت خۆشبوێت کە ڕقیان لە یەزدانە؟ لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدانت لەسەرە.
- 3بەڵام هەندێک کاری چاکت لێ بەدی کراوە، چونکە ستوونە ئەشێراکانت لە خاکەکەدا داماڵی و خۆتت تەرخان کردووە بۆ ڕوو لە خودا کردن.»
- 4یەهۆشافات لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو، دیسان لە ئۆرشەلیم هاتە دەرەوە و بەناو گەلدا گەڕا، لە بیری شابەعەوە هەتا ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و ئەوانی بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان گەڕاندەوە.
- 5هەروەها دادوەری لە هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا دانا و
- 6بە دادوەرەکانی گوت: «ئاگاداربن ئێوە چی دەکەن، چونکە ئێوە دادوەری بۆ مرۆڤ ناکەن، بەڵکو بۆ یەزدان، ئەویش لە بڕیارداندا لەگەڵتان دەبێت.
- 7ئێستاش با ترسی یەزدانتان لە دڵدا بێت و ئاگاداربن و کار بکەن، چونکە لەلای یەزدانی پەروەردگارمان ناڕەوایی و لایەنگری و بەرتیل خواردن نییە.»
- 8هەروەها یەهۆشافات لە لێڤی و کاهین و گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل چەند کەسێکی لە ئۆرشەلیم دانا بۆ دادوەریکردن بەگوێرەی فێرکردنی یەزدان و بۆ ناوبژیکردنی ناکۆکییەکان، ئەوانیش لە ئۆرشەلیم دانیشتن.
- 9فەرمانی پێ کردن و گوتی: «بە لەخواترسی و دڵسۆزی و بە هەموو دڵەوە کار بکەن.
- 10هەر داوایەک کە برایانی دانیشتووی شارەکانتان دەیهێننە لاتان، پەیوەست بێت بە خوێنڕشتن یان بە فێرکردنەکان سەبارەت بە فەرمان و حوکمەکان، ئەوا ئاگاداریان بکەنەوە لە دژی یەزدان تاوان نەکەن، نەوەک تووڕەیی یەزدان بێتە سەر خۆتان و گەلەکەتان. ئەگەر بەم شێوەیە بکەن، تاوان ناکەن.
- 11«ئەمەریای سەرۆک کاهین لە هەموو کاروبارەکانی یەزدان سەرپەرشتیتان دەکات، زەڤەدیای کوڕی ئیسماعیلیش کە سەرۆکی هۆزی یەهودایە، لە هەموو کاروبارەکانی پاشا سەرپەرشتیتان دەکات و لێڤییەکانیش وەکو کاربەدەست یارمەتیدەرتان دەبن. ئازابن و دەستبەکار بن، با یەزدانیش لەگەڵ چاکەکاران بێت.»
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٢٠
- 1پاش ئەوەی مۆئابی و عەمۆنییەکان کە هەندێک مەعونیشیان لەگەڵ بوو، هاتن بۆ ئەوەی لە دژی یەهۆشافات بجەنگن.
- 2کەسانێک هاتن و بە یەهۆشافاتیان ڕاگەیاند و گوتیان: «سوپایەکی زۆر گەورە لەوبەری دەریای مردووەوە لە ئەدۆمەوە بەڕێکەوتوون بێنە سەرت، وا ئێستا لە حەچەچۆن تامارن» (کە کانی گەدی پێ دەگوترێت).
- 3یەهۆشافاتیش ترسا و بڕیاری دا پرسیار لە یەزدان بکات، ئیتر لە هەموو یەهودا ڕۆژووی ڕاگەیاند.
- 4خەڵکی یەهودا کۆبوونەوە بۆ نزا و داواکردنی یارمەتی لە یەزدان، هەروەها لە هەموو شارۆچکەکانی یەهوداوە هاتن هەتا ڕوو لە یەزدان بکەن.
- 5ئینجا یەهۆشافات لەنێو کۆمەڵی یەهودا و ئۆرشەلیم لە پەرستگای یەزدان بەرامبەر بە حەوشە نوێیەکە وەستا و
- 6گوتی:
- «ئەی یەزدان، خودای باوباپیرانمان، ئایا تۆ ئەو خودایە نیت کە لە ئاسمانە؟ تۆ فەرمانڕەوای هەموو پاشایەتی نەتەوەکانیت. هێز و توانا لە دەستی تۆدایە و کەس نییە خۆی لەبەردەمت ڕابگرێت.
- 7ئەی خودامان، ئایا تۆ نەبوویت کە دانیشتووانی ئەم خاکەت لەبەردەم ئیسرائیلی گەلت وەدەرنا و هەتاهەتایە بە وەچەی ئیبراهیمی دۆستی خۆتت دا؟
- 8تێیدا نیشتەجێ بوون و لەناویدا پیرۆزگایەکیان بۆ ناوت بنیاد نا و گوتیان:
- 9”ئەگەر خراپە بێتە سەرمان، شمشێر و حوکم بەسەردادان و پەتا و قاتوقڕی، لەبەردەم ئەم پەرستگایە و لەبەردەمت ڕادەوەستین، چونکە ئەم پەرستگایە کە هەڵگری ناوی تۆیە و لە تەنگانەماندا هاوارت بۆ دەکەین و گوێت لێ دەبێت و ڕزگارمان دەکەیت.“
- 10«ئێستاش تەماشا بکە، سوپاکانی عەمۆن و مۆئاب و کێوی سێعیر، ئەوانەی ڕێگات بە ئیسرائیل نەدا پەلاماریان بدەن کاتێک لە خاکی میسرەوە هاتن. ئیتر ئیسرائیلیش خۆی لێیان لادا و لەناویان نەبردن.
- 11ببینە، چۆن ئێستا ئەوان بە خراپە پاداشتمان دەدەنەوە، لەو موڵکە دەرماندەکەن کە تۆ بە میرات پێتداین.
- 12ئەی خودای ئێمە، ئایا حوکمیان بەسەردا نادەیت؟ چونکە ئێمە توانامان نییە بەرامبەر ئەو سوپا زۆر گەورەیەی پەلامارمان دەدەن و ئێمە نازانین چی بکەین بەڵام چاومان لە تۆیە.»
- 13هەموو پیاوانی یەهوداش لەبەردەم یەزدان ڕاوەستابوون، هەروەها ژن و منداڵ و کوڕەکانیشیان.
- 14ئینجا لەنێو کۆمەڵەکە ڕۆحی یەزدان هاتە سەر یەحەزیێلی کوڕی زەکەریای کوڕی بەنایای کوڕی یەعیێلی کوڕی مەتەنیای لێڤی لە نەوەی ئاساف.
- 15گوتی: «ئەی هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم و یەهۆشافاتی پاشا، گوێ بگرن! یەزدان بەم جۆرە بە ئێوە دەفەرموێت: ”مەترسن و ورە بەرمەدەن لەبەردەم ئەو سوپا زۆرە، چونکە جەنگەکە هی ئێوە نییە بەڵکو هی خودایە.
- 16سبەینێ دابەزنە سەریان، ئەوان وا لە هەورازەکەی زیز سەردەکەون، لەوپەڕی دەربەندەکە لە بەرامبەر چۆڵەوانی یەروئێل دەیاندۆزنەوە.
- 17پێویست ناکات لەم شەڕە بجەنگن. ئەی یەهودا و ئۆرشەلیم، ڕاوەستن و مەجوڵێن و تەماشا بکەن چۆن یەزدان ڕزگارتان دەکات. مەترسن و ورە بەرمەدەن، سبەینێ بۆ بەرەنگاربوونەوەیان بچن و یەزدان لەگەڵتان دەبێت.“»
- 18یەهۆشافات کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش لەبەردەم یەزدان لەسەر ڕوو کەوتن و کڕنۆشیان برد.
- 19ئینجا لێڤییەکان لە نەوەی قەهاتی و قۆرەحییەکان هەستانەوە بۆ ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە دەنگێکی زۆر بەرز.
- 20بەیانی زوو لە خەو هەستان و چوون بۆ چۆڵەوانی تەقۆعە، لە کاتی بەڕێکەوتنیان یەهۆشافات ڕاوەستا و گوتی: «ئەی خەڵکی یەهودا و ئۆرشەلیم، گوێم لێ بگرن! بڕواتان بە یەزدانی پەروەردگارتان هەبێت، دڵنیابن و بڕواتان بە پێغەمبەرەکانی هەبێت سەرکەوتوو دەبن.»
- 21لەدوای ئەوەی یەهۆشافات ڕاوێژی بە گەل کرد، گۆرانیبێژی دانا بۆ ئەوەی ستایشی یەزدان بکەن بۆ شکۆی پیرۆزی، کاتێک لەپێش سوپاکە دەڕۆن بڵێن:
- «سوپاسی یەزدان بکەن،
- چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
- 22کاتێک دەستیان بە گۆرانی و ستایش کرد، یەزدان چەند بۆسەیەکی بۆ عەمۆنی و مۆئابییەکان و خەڵکی کێوی سێعیر نایەوە کە هاتبوون بۆ پەلاماردانی یەهودا، ئیتر شکان.
- 23عەمۆنی و مۆئابییەکان هەڵیانکوتایە سەر دانیشتووانی کێوی سێعیر تاکو قڕیان بکەن و لەناویان ببەن. دوای ئەوەی لە کوشتوبڕی دانیشتووانی سێعیر بوونەوە، بەربوونە یەکتری و یەکترییان لەناوبرد.
- 24کاتێک پیاوانی یەهودا گەیشتنە شوێنی چاودێریکردن لە چۆڵەوانی، تەماشای ئاپۆرەی سوپاکەیان کرد هەموو لاشەن و لەسەر زەوییەکە کەوتوون و کەس دەرباز نەبووە.
- 25ئیتر یەهۆشافات و گەلەکەی هاتن بۆ تاڵانکردنی دەستکەوتەکان، جا شتومەک و جلوبەرگ و کەلوپەلی گرانبەهای زۆریان دۆزییەوە، بەڵام هێندە زۆر بوو کە نەیانتوانی باریان بکەن. سێ ڕۆژ خەریکی تاڵان بردن بوون.
- 26لە ڕۆژی چوارەم لە دۆڵی بەراخا کۆبوونەوە، لەوێش ستایشی یەزدانیان کرد، لەبەر ئەوە شوێنەکەیان ناو نا دۆڵی بەراخا کە هەتا ئەمڕۆش بەو ناوەوە ناودەبردرێت.
- 27ئینجا هەموو پیاوانی یەهودا و ئۆرشەلیم بە ڕابەرایەتی یەهۆشافات بە خۆشییەوە گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم، چونکە یەزدان بە دوژمنەکانیان خۆشی کردن.
- 28بە قیسارە و ساز و کەڕەناوە چوونە ناو ئۆرشەلیمەوە بۆ پەرستگای یەزدان.
- 29بەو شێوەیە ترسی یەزدان لە هەموو پاشایەتی خاکەکانی دیکە نیشت، کاتێک کە بیستیانەوە یەزدان شەڕی لەگەڵ دوژمنەکانی ئیسرائیلدا کردووە.
- 30ئیتر ئاشتی لەنێو پاشایەتییەکەی یەهۆشافات بەرقەرار بوو، خودا لە هەموو لایەکەوە حەساندییەوە.
- 31یەهۆشافات بەم شێوەیە پاشایەتی یەهودای کرد. لە تەمەنی سی و پێنج ساڵی بوو بە پاشای یەهودا، بیست و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی عەزوڤای کچی شیلحی بوو.
- 32ڕێچکەی ئاسای باوکی گرتەبەر و لێی لانەدا، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە کردی.
- 33بەڵام هێشتا نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا بە تەواوی دڵیان بە خودای باوباپیرانیان نەدابوو.
- 34ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆشافات لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی یێهوی کوڕی حەنانی تۆمار کراون، ئەوەی لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
- 35پاش ئەمانە یەهۆشافاتی پاشای یەهودا لەگەڵ ئەحەزیای پاشای ئیسرائیلدا کە خراپەکار بوو هاوپەیمانییەتی بەست.
- 36یەکیانگرت لە دروستکردنی کەشتی بازرگانی و لە عەچیۆن گەڤەر چەند کەشتیگەلێکیان دروستکرد.
- 37بەڵام ئەلیعەزەری کوڕی دۆداڤاهو کە خەڵکی مارێشا بوو لەسەر یەهۆشافات پێشبینی کرد و گوتی: «لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەحەزیا هاوپەیمانییەتیت بەست، ئەوەی ئێوە دروستتان کرد یەزدان تێکیدەشکێنێت.» ئیتر کەشتییەکان شکان و نەیانتوانی گەشتی بازرگانی بکەن.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٢١
- 1ئیتر یەهۆشافات لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. یەهۆرامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
- 2یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافات چەند برایەکی هەبوو، عەزەریا، یەحیێل، زەکەریا، عەزەریاهو، میکائیل و شەفەتیا، هەموو ئەمانە کوڕی یەهۆشافاتی پاشای ئیسرائیل بوون.
- 3باوکیان لە زێڕ و زیو و شتی گرانبەها زۆری پێدابوون، لەگەڵ شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا، بەڵام پاشایەتییەکەی بە یەهۆرام دا، چونکە نۆبەرە بوو.
- 4کاتێک یەهۆرام جڵەوی پاشایەتییەکەی باوکی گرتە دەست و بەهێز بوو، هەموو براکانی و هەندێک لە میرەکانی ئیسرائیلی بە شمشێر کوشت.
- 5یەهۆرام تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و
- 6هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە کچەکەی ئەحاڤ ژنی بوو، لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.
- 7لەگەڵ ئەوەش یەزدان نەیویست بنەماڵەی داود لەناوببات، لەبەر ئەو پەیمانەی لەگەڵ داود بەستبووی، هەروەک پێی فەرموو بۆ هەتاهەتایە چرایەک دەداتە خۆی و نەوەکانی.