
Season 29 · Episode 7
زهبورهكان ٩: ١ - ١٠: ١٨
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
August 11, 202416m 0s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
زهبورهكان ٩: ١ - ١٠: ١٨
- 1ئەی یەزدان، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
- هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
- 2بە تۆوە شاد و دڵخۆش دەبم،
- ئەی هەرەبەرز، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێم.
- 3کاتێک دوژمنەکانم بەرەو پاش هەڵدێن،
- لەبەردەمی تۆدا دەکەون و لەناودەچن،
- 4چونکە دادپەروەرانە دادوەریت بۆ کردووم،
- دادوەرێکی ڕاستودروستی لەسەر تەختی خۆت دانیشتووی.
- 5تۆ نەتەوەکانت سەرزەنشت کردووە و بەدکارانت لەناوبردووە،
- هەتاهەتایە ناویانت سڕیوەتەوە.
- 6دوژمنانت تووشی لەناوچوونی بێ کۆتایی کردووە،
- شارەکانیانت وێران کردووە،
- تەنانەت بیرەوەریشیان نامێنێت.
- 7بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت،
- تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە.
- 8بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
- بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات.
- 9یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە،
- قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا.
- 10ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان پشتت پێ دەبەستن،
- چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە.
- 11گۆرانی ستایش بڵێن بۆ یەزدان کە لە سییۆن نیشتەجێیە،
- لەنێو نەتەوەکان کردارەکانی ڕابگەیەنن،
- 12چونکە ئەوەی تۆڵەی خوێن دەکاتەوە یادی دەکرێتەوە،
- هاواری ستەملێکراوان لەبیرناکات.
- 13ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم!
- لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە،
- 14تاکو لەبەردەم دەروازەکانی سییۆنی کچ بە ستایشی تۆوە بدوێم،
- هەروەها بە ڕزگاریی تۆوە دڵخۆش بم.
- 15نەتەوەکان کەوتوونەتە ئەو چاڵەی کە خۆیان هەڵیانکەندبوو،
- پێیان بەو تۆڕەوە بووە کە نابوویانەوە.
- 16یەزدان بە دادپەروەری ناسراوە،
- بەدکاران دەکەونە داوی کردەوەی دەستی خۆیان.
- 17بەدکاران بەرەو جیهانی مردووان دەڕۆن،
- هەروەها هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن.
- 18بەڵام نەداران هەتاسەر لەبیر ناکرێن،
- ئومێدی ستەملێکراو هەتاهەتایە لەناو ناچێت.
- 19ئەی یەزدان ڕاپەڕە، مەهێڵە مرۆڤ سەربکەوێت،
- با نەتەوەکان لەبەردەم تۆ دادگایی بکرێن.
- 20ئەی یەزدان، ترس بخەرە دڵیانەوە،
- با نەتەوەکان بزانن کە تەنها مرۆڤن.
زهبورهكان ١٠
- 1ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟
- بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟
- 2بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن،
- گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.
- 3کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات،
- داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.
- 4بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە،
- هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»
- 5هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە،
- لە حوکمەکانی خودا ناگات،
- ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.
- 6لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت،
- هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»
- 7دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە،
- بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.
- 8لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت،
- خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.
- 9وەک شێر خۆی مات دەکات،
- خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان،
- بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.
- 10نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن،
- دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.
- 11لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە،
- چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»
- 12ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە،
- ستەملێکراوان لەبیر مەکە.
- 13چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟
- بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»
- 14بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت،
- لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە،
- ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ،
- تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.
- 15بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە،
- تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.
- 16یەزدان پاشایە هەتاهەتایە،
- نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.
- 17ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت،
- دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،
- 18بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان،
- تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.