PLAY PODCASTS
گۆرانی گۆرانیه‌كان ٦: ١ - ٨: ١٤
Season 34 · Episode 13

گۆرانی گۆرانیه‌كان ٦: ١ - ٨: ١٤

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

January 10, 202519m 39s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

گۆرانی گۆرانیه‌كان ٦: ١ - ٨: ١٤

  • 1دڵدارەکەت چووە کوێ،
  • ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟
  • دڵدارەکەت ڕووی لەکوێ کرد،
  • هەتا لەگەڵت بەدوایدا بگەڕێین؟
  • 2دڵدارەکەم دابەزییە ناو باخچەکەی،
  • بۆ ناو باخچەی بۆندار،
  • هەتا مێگەلی خۆی لەناو باخچەکاندا بلەوەڕێنێت و
  • سەوسەن کۆبکاتەوە.
  • 3من بۆ دڵدارەکەمم و دڵدارەکەم بۆ منە،
  • لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.
  • 4یارەکەم تۆ وەک شانشینی تیرزە جوانی،
  • وەک ئۆرشەلیم شیرینی،
  • وەک لەشکرە ئاڵادارەکان شکۆداری.
  • 5چاوەکانت لەسەر من لابدە،
  • چونکە بەرگەی ناگرم.
  • قژت وەک ڕانە بزنە
  • کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.
  • 6ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن
  • کە لە شوشتن گەڕاونەتەوە،
  • هەموویان جووتن،
  • هیچیان بە تەنها نین.
  • 7گۆنات وەک لەتە هەنارە
  • لە پشت پەچەکەتەوە.
  • 8شەست شاژنن و
  • هەشتا کەنیزەن،
  • پاکیزەکانیش لە ژمارە نایەن،
  • 9بەڵام کۆترەکەم، بێگەردەکەم، بێ وێنەیە،
  • کچە تاقانەی دایکییەتی،
  • نازدارەکەی ئەوەی بوویەتی.
  • کچ بینییان خۆزگەیان پێ خواست
  • شاژنەکان و کەنیزەکان ستایشیان کرد.
  • 10ئەوە کێیە سەری هەڵهێنا وەک بەرەبەیان،
  • جوانە وەک مانگ، بێگەردە وەک ڕۆژ،
  • وەک کەژاوەی ئەستێرەکان شکۆدارە؟
  • 11بۆ ناو باخی دار گوێز دابەزیم
  • بۆ بینینی دەرکەوتنی گیای دۆڵ،
  • بۆ ئەوەی ببینم ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە،
  • هەناریش پشکوتووە؟
  • 12پێش ئەوەی بزانم،
  • گیانم لەناو گالیسکەکانی پاشایەتی گەلەکەم داینام.
  • 13ئەی شولەمیتی، بگەڕێوە، بگەڕێوە!
  • بگەڕێوە، بگەڕێوە، بۆ ئەوەی تەماشات بکەین!
  • بۆچی تەماشای شولەمیت دەکەن
  • وەک سەمای مەحەنەیم؟

گۆرانی گۆرانیه‌كان ٧

  • 1ئەی کچە میر،
  • پێیەکانت لەناو پێڵاو چەندە جوانن!
  • کەوانی ڕانت وەک خشڵە
  • دەستکردی دەستی وەستای کارامەیە.
  • 2ناوکت جامێکی خڕە
  • شەرابی تێکەڵاوی لێ کەم ناکات،
  • ناوقەدت خەرمانی گەنمە
  • بە سەوسەن پەرژین کراوە.
  • 3جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن،
  • وەک جووتێک مامزن.
  • 4گەردنت قوللەیەکی عاجە.
  • چاوەکانت وەک گۆمن لە حەشبۆن
  • لەبەردەم دەروازەی بەت ڕەبیم.
  • لووتت وەک قوللەی لوبنانە
  • ڕووەو دیمەشق دەڕوانێت.
  • 5سەرت وەک کێوی کارمەلە بەسەرتەوە و
  • پرچی سەرت ئەرخەوانییە،
  • پاشا بەندی ئەگریجەکانە.
  • 6چەند جوان و چەند شیرینیت،
  • ئەی ئەویندارەکەم، من بە تۆ دڵشادم!
  • 7ئەم بەژنەت لە دار خورما دەچێت،
  • مەمکەکانت لە هێشوو.
  • 8گوتم: «بەسەر دار خورما دەکەوم،
  • خۆم بە بەرهەمەکەی دەگرم.»
  • با مەمکەکانت وەک هێشووە ترێ بن،
  • بۆنی هەناسەت وەک سێو بێت،
  • 9دەمت وەک باشترین جۆری شەراب بێت.
  • با شەرابەکە بە ئاسانی بۆ دڵدارەکەم بڕژێت،
  • بە نەرمی بەسەر لێو و دداندا بڕوات.
  • 10من بۆ دڵدارەکەمم و
  • ئەو پەرۆشی منە.
  • 11دڵدارەکەم، وەرە با بچینە کێڵگە،
  • لە گوندەکان شەو بەسەرببەین.
  • 12با بەیانی زوو بگەینە سەر ڕەزەمێوەکان،
  • ببینین ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە،
  • پەسیرەکان کراونەتەوە،
  • هەناریش پشکوتووە؟
  • لەوێ ئەوینەکەمت پێ دەبەخشم.
  • 13گیائادەمە بۆن بڵاو دەکاتەوە،
  • لە بەردەرگاکەشمان هەموو میوەیەکی بەتام هەیە،
  • کۆن و نوێ
  • کە بۆ تۆم هەڵگرتووە، ئەی دڵدارەکەم.

گۆرانی گۆرانیه‌كان ٨

  • 1بریا برای من بووای،
  • شیرەخۆری مەمکی دایکم!
  • ئەوا لە دەرەوە تووشت دەهاتم و ماچم دەکردیت،
  • بەبێ ئەوەی ڕیسوا بم.
  • 2دەمبردیت،
  • دەمبردیتە ماڵی دایکم،
  • ئەوەی منی پەروەردە کردووە.
  • شەرابی تێکەڵاوم دەرخوارد دەدای،
  • لە خۆشاوی هەنارەکەم.
  • 3دەستی چەپی لەژێر سەرمە و
  • دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.
  • 4ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم
  • کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن
  • هەتا خۆی حەز دەکات.
  • 5ئەو کچە کێیە لە چۆڵەوانییەوە دێت و
  • پاڵی بە دڵدارەکەیەوە داوە؟
  • لەژێر دار سێوەکە بەئاگام هێنای،
  • لەوێ دایکت بە تۆ سک پڕ بوو،
  • لەوێ ئەوەی تۆی بوو سکی پێت پڕ بوو.
  • 6بمکە مۆر لەسەر دڵت،
  • مۆر لەسەر بازووت،
  • چونکە خۆشەویستی وەک مردن بەهێزە،
  • ئیرەیی وەک گۆڕ سەختە،
  • خۆشەویستی سووتێنەرە، گڕی ئاگرە،
  • وەک ئاگرێکی بەهێزە.
  • 7ئاوە زۆرەکان ناتوانن خۆشەویستی بکوژێننەوە،
  • ڕووبارەکان نوقومی ناکەن.
  • ئەگەر مرۆڤ هەموو سامانی ماڵەکەی
  • لە پێناوی خۆشەویستی ببەخشێت،
  • بە بێبەها دادەنرێت.
  • 8خوشکێکی بچووکمان هەیە،
  • هێشتا مەمکی نەهاتووە.
  • چی بکەین بۆ خوشکمان،
  • ئەو ڕۆژەی داخوازیکەری بێت؟
  • 9ئەگەر شوورا بێت،
  • قوللەی زیوین لەسەری بنیاد دەنێین.
  • ئەگەر دەرگا بێت،
  • بە تەختەداری ئورز دەوری دەدەین.
  • 10من شوورام و
  • مەمکەکانم وەک قوللەن،
  • بەم جۆرە لە چاوەکانی
  • پەسەندی بەدی دەکەم.
  • 11سلێمان ڕەزەمێوێکی هەبوو لە بەعل‌هامۆن،
  • ئەم ڕەزەمێوی دایە ڕەزەوانان،
  • هەریەکە و لەبری بەرهەمەکەی
  • هەزار شاقل زیوی دەدا.
  • 12بەڵام ڕەزەمێوەکەی خۆم بە ویستی خۆمە بیبەخشم؛
  • ئەی سلێمان، هەزار شاقل بۆ تۆ بێت،
  • دوو سەد شاقلیش بۆ ڕەزەوانەکان.
  • 13ئەی دانیشتووی ناو باخچەکان!
  • هاوڕێیان گوێیان لە دەنگت گرتووە،
  • با گوێم لێت بێت.
  • 14ڕابکە، دڵدارەکەم،
  • وەک ئاسک بە
  • یان وەک کارمامز
  • لەسەر ئەو چیایانەی پڕ بۆنوبەرامن.