
Season 21 · Episode 15
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٣٠: ١٧ - ٣٢: ٣٣
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
April 8, 202422m 47s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٣٠: ١٧ - ٣٢: ٣٣
- 17ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵەکە خۆیان تەرخان نەکردبوو، ئیتر لێڤییەکان بەرخی پەسخەیان سەردەبڕی لە جیاتی هەموو ئەوانەی پاک نەبوون و نەیاندەتوانی بەرخەکەیان بۆ یەزدان تەرخان بکەن.
- 18هەرچەندە زۆربەی ئەو خەڵکە زۆرەی کە لە خاکی ئەفرایم و مەنەشە و یەساخار و زەبولونەوە هاتبوون خۆیان پاک نەکردبووەوە، بەڵام لە قوربانییەکەی پەسخەیان خوارد، بە پێچەوانەی ئەوەی نووسراوە. بەڵام حەزقیا نوێژی بۆ کردن و گوتی: «با یەزدانی چاک لە هەرکەسێک خۆشبێت
- 19کە بە هەموو دڵەوە ڕووی لە خودا کردووە، لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی، هەرچەندە بەپێی ڕێوڕەسمی پیرۆزگا پاک نەبێت.»
- 20ئیتر یەزدان گوێی لە حەزقیا گرت و گەلی چاککردەوە.
- 21نەوەی ئیسرائیل ئەوانەی لە ئۆرشەلیم بوون حەوت ڕۆژ بە خۆشییەکی زۆرەوە جەژنی فەتیرەیان گێڕا، لێڤی و کاهینەکانیش هەر ڕۆژێک بە دەنگی بەرزی ئامێرە مۆسیقییەکانیان ستایشی یەزدانیان دەکرد کە بۆ ستایشکردنی یەزدان تەرخانکرابوون.
- 22حەزقیاش دڵی هەموو ئەو لێڤییانەی خۆش کرد کە تێگەیشتنی چاکیان نواند لە خزمەتکردنی یەزدان. بە درێژایی ئەو حەوت ڕۆژە بەشی دیاریکراویان دەخوارد و قوربانی هاوبەشییان سەربڕی و ستایشی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان دەکرد.
- 23پاشان هەموو کۆمەڵ ڕازی بوون کە حەوت ڕۆژی دیکە درێژە بە جەژنەکە بدەن، ئیتر حەوت ڕۆژی دیکە بە خۆشییەوە ئاهەنگیان گێڕا.
- 24حەزقیای پاشای یەهودا هەزار گا و حەوت هەزار مەڕ و بزنی بە کۆمەڵەکە بەخشی و سەرکردەکانیش هەزار گا و دە هەزار مەڕ و بزنیان بە کۆمەڵەکە بەخشی، زۆر لە کاهینەکانیش خۆیان تەرخان کرد.
- 25هەموو کۆمەڵی یەهودا، کاهین و لێڤییەکان و هەموو ئەو کۆمەڵەی لە ئیسرائیلەوە هاتبوون دڵخۆش بوون، لەگەڵ ئەو بیانییانەی لە خاکی ئیسرائیلەوە هاتبوون و ئەوانەش کە لە یەهودا نیشتەجێ بوون.
- 26جا لە ئۆرشەلیم خۆشییەکی گەورە هەبوو، چونکە لە سەردەمی سلێمانی کوڕی داودی پاشای ئیسرائیلەوە، شتی بەو جۆرە لە ئۆرشەلیم نەکرابوو.
- 27ئینجا کاهینە لێڤییەکان هەستان و داوای بەرەکەتیان بۆ گەل کرد، ئینجا لەلایەن خوداوە دەنگیان بیسترا و نوێژەکانیان چووە ژوورەوە بۆ ناو نشینگەی پیرۆز لە ئاسمان.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٣١
- 1پاش تەواوبوونی هەموو ئەمانە، تەواوی ئیسرائیل ئەوانەی کە ئامادە بوون چوونە ناو شارۆچکەکانی یەهودا، بەردە تەرخانکراوەکانیان شکاند و ستوونە ئەشێراکانیان بڕییەوە. لە تەواوی خاکی یەهودا و بنیامین و ئەفرایم و مەنەشە نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانیان ڕووخاند، هەتا تەواو بوون. پاشان هەموو ئیسرائیل هەریەکە و گەڕایەوە بۆ موڵکەکەی خۆی لە شارۆچکەکانیان.
- 2حەزقیا ئەرکی بە کاهین و لێڤییەکان سپارد، هەرکەسێک بەگوێرەی بەش و خزمەتەکەی وەک کاهین یان لێڤی، بۆ ئەنجامدانی قوربانی سووتاندن، قوربانی هاوبەشی، خزمەتکردن، سوپاسکردن و گوتنەوەی سروودی ستایشکردن لە دەروازەکانی نشینگەی یەزدان.
- 3پاشا بەشێکی لە سامانەکەی خۆشی دا بۆ قوربانی سووتاندنەکان، قوربانی سووتاندنەکانی بەیانییان و ئێواران و قوربانی سووتاندنەکانی شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان، بەپێی ئەوەی لە تەوراتی یەزدان نووسراوە.
- 4هەروەها فەرمانی بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم دا، کە بەشی کاهین و لێڤییەکان بدرێت هەتا بتوانن خۆیان تەرخان بکەن بۆ تەوراتی یەزدان.
- 5پاش ئەوەی ئەم فەرمانە بڵاو بووەوە، نەوەی ئیسرائیل بە دڵفراوانییەوە یەکەمین بەرهەمی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت و هەنگوین و هەموو بەروبوومی کێڵگەیان بەخشی. زۆریان هێنا، دەیەک لە هەموو شتێک.
- 6هەروەها نەوەی ئیسرائیل و یەهودا ئەوانەی کە لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون، ئەوانیش دەیەکی مەڕوماڵاتەکەیان هێنا، دەیەکی شتە پیرۆزکراوەکان کە بۆ یەزدانی پەروەردگاریان تەرخانکراوە، هێنایان و کۆمەڵ کۆمەڵیان کرد.
- 7لە مانگی سێ دەستیان بە کۆکردنەوەیان کرد و لە مانگی حەوت کۆتاییان پێهێنا.
- 8کاتێک حەزقیا و سەرکردەکان هاتن و کۆمەڵەکانیان بینی، ستایشی یەزدانیان کرد، داوای بەرەکەتیان بۆ ئیسرائیلی گەلەکەی کرد.
- 9کاتێک حەزقیا لەبارەی کۆمەڵکراوەکانەوە پرسیاری لە کاهین و لێڤییەکان کرد،
- 10عەزەریای سەرۆکی کاهینیش کە سەر بە ماڵی سادۆق بوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «لەو کاتەی دەستکراوە بە هێنانی پیتاک بۆ پەرستگای یەزدان، خواردوومانە و تێر بووین، زۆریشی لێ ماوەتەوە، چونکە یەزدان گەلەکەی خۆی بەرەکەتدار کردووە و ئەم بەشە زۆرەشی لێ ماوەتەوە.»
- 11حەزقیاش فەرمانی دا بۆ ئامادەکردنی ژووری ئەمبار لە پەرستگای یەزدان، ئەوانیش ئامادەیان کردن.
- 12ئینجا پیتاک و دەیەک و شتە تەرخانکراوەکانیان بە دەستپاکییەوە هێنا، کۆنەنیاهوی لێڤی لێپرسراویان بوو، شیمعی براشی جێگری بوو.
- 13یەحیێل، عەزەزیاهو، نەحەت، عەساهێل، یەریمۆت، یۆزاڤاد، ئەلیێل، یەسمەخیاهو، مەحەت و بەنایا سەرپەرشتیار بوون لەژێر دەستی کۆنەنیاهو و شیمعی برای، بەپێی ئەو ڕێکخستنەی کە حەزقیای پاشا و عەزەریای لێپرسراوی یەکەم لە پەرستگای خودا دایاننا.
- 14قۆرێی کوڕی یمنەی لێڤیش دەرگاوانی ڕۆژهەڵات و بەرپرسی بەخشینە ئازادەکان بوو کە بە خودا دەبەخشران، هەروەها دابەشکردنی بەخشینە ئازادەکان و دیارییە تەرخانکراوەکان.
- 15لەناو شارەکانی کاهینان، عەدەن و مینیامین و یێشوع و شەمەعیا و ئەمەریا و شەخەنەیا بە دڵسۆزییەوە یارمەتی قۆرێیان دەدا. هەریەکە لە بەشی خۆی پێشکەشکراوەکانی بەسەر برا کاهینەکان دابەش دەکرد، بەبێ جیاوازی لەنێوان گەورە و بچووک.
- 16سەرباری ئەمانەش، دابەشیان کرد بەسەر نێرینەی تەمەن سێ ساڵ بەرەو سەرەوە، کە لە تۆماری ڕەچەڵەکدا نووسراون، واتا هەموو ئەوانەی دەچنە ناو پەرستگای یەزدان بۆ ئەوەی بەگوێرەی خزمەتی بەشەکانیان بە ئەرکی ڕۆژانەیان هەستن.
- 17دابەشکردن بەسەر کاهینان بەگوێرەی تۆماری ڕەچەڵەکی کاهینەکان بوو بەپێی بنەماڵەکانیان و بۆ لێڤییەکانیش لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە بەپێی خزمەتی بەشەکانیان.
- 18بە هەمان شێوە بۆ تۆماری ڕەچەڵەکی هەموو ژن و منداڵ، کوڕ و کچەکانیان لەناو هەموو کۆمەڵەکە، چونکە بە دڵسۆزییەوە خۆیان تەرخان کرد.
- 19بۆ ئەو کاهینانەش کە لە دەشتی دەوروبەری شارەکانی کاهینان و شارۆچکەکانی دیکەش دانیشتبوون، بۆ هەموو ئەوانەی کە لە نەوەی هارون بوون و لە ڕەچەڵەکی لێڤییەکان تۆمار کرابوون، ئەو پیاوانەی کە ناویان دیاری کرابوون بەشی هەموو نێرینەیەکی دابەش کرد.
- 20حەزقیا ئەمەی لە هەموو یەهودا کرد و لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی ئەوەی کرد کە چاک و ڕێک و ڕاستە.
- 21لە هەموو کارێک کە بەگوێرەی تەورات و فێرکردنەکانی لە خزمەتی پەرستگای یەزدان ئەنجامی دا، ڕووی لە خودا کرد و بە هەموو دڵییەوە کاری کرد، ئیتر سەرکەوتوو بوو.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٣٢
- 1پاش ئەوەی حەزقیا بە دەستپاکییەوە هەموو ئەم شتانەی جێبەجێ کرد، سەنحێریبی پاشای ئاشور هات و هێرشی کردە سەر یەهودا، شارە قەڵابەندەکانی گەمارۆ دا، بە نیازی ئەوەی بۆ خۆی دایانببڕێت.
- 2کاتێک حەزقیا بینی کە سەنحێریب هاتووە بە نیازە شەڕ لەگەڵ ئۆرشەلیم بکات،
- 3ڕاوێژی لەگەڵ کاربەدەستان و ئەفسەرە باڵاکانی کرد بۆ پڕکردنەوەی ئاوی ئەو کانییانەی کە لە دەرەوەی شارەکەن، ئەوانیش یارمەتییان دا.
- 4خەڵکێکی زۆریان کۆکردەوە و هەموو کانیاوەکان و ئەو ڕووبارەی بە ناوەڕاستی زەوییەکەدا تێپەڕ دەبوو، پڕ کردەوە و گوتیان: «بۆچی پاشاکانی ئاشور بێن و ئاوێکی زۆر بدۆزنەوە؟»
- 5پاشان ورەی دایە بەرخۆی و هەموو شوورا ڕووخاوەکەی بنیاد نایەوە و بەرزی کردەوە هەتا قوللەکان. شوورایەکی دیکەشی لە دەرەوە بنیاد نا و تەلانی شاری داودی تۆکمە کرد، هەروەها چەک و قەڵغانێکی زۆری دروستکرد.
- 6سەرکردەکانی سوپای بەسەر گەلەوە دانا و بۆ گۆڕەپانی دەروازەی شارەکە کۆی کردنەوە و ورەی بەرز کردنەوە و گوتی:
- 7«بەهێزبن و ئازابن و مەترسن و لەبەردەم پاشای ئاشور و هەموو ئەو کۆمەڵەی لەگەڵیدایە، ورە بەرمەدەن، چونکە ئەوەی لەگەڵ ئێمەیە بەهێزترە لەوەی لەگەڵ ئەوە.
- 8ئەو تەنها هێز و بازووی مرۆڤی لەگەڵدایە، بەڵام ئێمە یەزدانی پەروەردگارمان لەگەڵدایە هەتا یارمەتیمان بدات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.» بەم قسەیە حەزقیای پاشای یەهودا گەلەکەی هاندا.
- 9پاشان سەنحێریبی پاشای ئاشور کە خۆی و هەموو هێزەکانی گەمارۆی لاخیشیان دابوو، ئەفسەرەکانی ناردە ئۆرشەلیم بۆ لای حەزقیای پاشای یەهودا و بۆ لای هەموو گەلی یەهودا کە لە ئۆرشەلیمدا بوون و گوتیان:
- 10«سەنحێریبی پاشای ئاشور دەڵێت: پشتتان بە چی دەبەستن و لە ئۆرشەلیم لەژێر گەمارۆدا دەمێننەوە؟
- 11کە حەزقیا دەڵێت: ”یەزدانی پەروەردگارمان لە دەست پاشای ئاشور دەربازمان دەکات،“ ئایا فریوتان نادات بۆ ئەوەی بە برسیێتی و بە تینووێتی بتانداتە دەست مردن؟
- 12ئایا حەزقیا نەبوو کە نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا کە هی ئەم خوداوەندە بوو، بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ”لەبەردەم یەک قوربانگادا کڕنۆش دەبەن و قوربانی لەسەر دەسووتێنن“؟
- 13«ئایا نازانن من و باوباپیرانم چیمان بەسەر هەموو گەلانی خاکەکانی دیکەدا هێناوە؟ ئایا خوداوەندەکانی نەتەوەکانی ئەو خاکانە توانییان خاکەکانیان لە دەست من دەرباز بکەن؟
- 14کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی کە باوباپیرانم قڕیان کردن، توانی گەلەکەی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ چۆن خوداکەتان دەتوانێت لە دەستی من دەربازتان بکات؟
- 15ئێستا با حەزقیا هەڵتاننەخەڵەتێنێت و بەم شێوەیە فریوتان نەدات. بڕوای پێ مەکەن، چونکە خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک و هیچ پاشایەتییەک نەیتوانیوە گەلەکەی لە دەستی من و لە دەستی باوباپیرانم دەرباز بکات. ئیتر چۆن خوداوەندەکەتان دەتوانێت لە دەستم ڕزگارتان بکات؟»
- 16ئەفسەرەکانی سەنحێریب قسەی زیاتریان لە دژی یەزدانی پەروەردگار و لە دژی حەزقیای خزمەتکاری کرد.
- 17هەروەها چەند نامەیەکی نووسی بۆ سووکایەتیکردن بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل و لە دژی خودا گوتی: «هەروەک چۆن خوداوەندی نەتەوەکان لە خاکەکانی خۆیان گەلەکانیان لە دەستی من ڕزگار نەکرد، ئاواش خوداکەی حەزقیا گەلەکەی لە دەستی من ڕزگار ناکات.»
- 18ئینجا بە دەنگی بەرز بە زمانی عیبری هاواریان لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد کە لەسەر شووراکە بوون، بۆ ئەوەی بیانترسێنن و ورەیان بەر بدەن هەتا شارەکە بگرن.
- 19قسەیان بە خودای ئۆرشەلیمیش گوت، هەروەک چۆن قسەیان بە خوداوەندەکانی خاکەکانی دیکە گوت، کە دروستکراوی دەستی مرۆڤ بوون.
- 20حەزقیای پاشا و ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ بۆ ئەوە نوێژیان کرد و هاواریان بۆ ئاسمان کرد.
- 21یەزدانیش فریشتەیەکی نارد و هەموو پاڵەوانێکی بەهێز و سەرکردە و فەرماندەیەکی لەناو ئۆردوگاکەی پاشای ئاشور لەناوبرد. ئەویش بە سەرشۆڕییەوە گەڕایەوە بۆ خاکەکەی خۆی، کە چووە ناو پەرستگای خوداوەندەکەی، لەوێ وەچەکانی خۆی بە شمشێر کوشتیان.
- 22بەو شێوەیە یەزدان حەزقیا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمی لە سەنحێریبی پاشای ئاشور و لە دەست هەموو دوژمنەکانی دیکەیان ڕزگار کرد و لە هەموو لایەکەوە پاراستنی.
- 23ئینجا خەڵکانێکی زۆر پێشکەشکراویان دەهێنایە ئۆرشەلیم بۆ یەزدان، دیاری گرانبەهاش بۆ حەزقیای پاشای یەهودا. پاش ئەمە هەموو نەتەوەکان بە چاوی ڕێزەوە سەیریان دەکرد.
- 24لەو ڕۆژانەی حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، نوێژی بۆ یەزدان کرد و ئەویش وەڵامی دایەوە و پەرجووێکی وەکو نیشانە پێدا.
- 25بەڵام حەزقیا بەو شێوەیەی چاکەی لەگەڵ کرابوو کاردانەوەی نەبوو، چونکە لەخۆبایی ببوو، لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدانی هێنایە سەر خۆی و یەهودا و ئۆرشەلیم.
- 26ئینجا حەزقیا تۆبەی لە لەخۆباییبوونەکەی کرد، خۆی و دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش، لەبەر ئەوە لە ماوەی پاشایەتی حەزقیا تووڕەییەکەی یەزدان بەسەریاندا نەهات.
- 27حەزقیا دەوڵەمەندی و ڕێزێکی زۆری هەبوو، گەنجینەی بۆ زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و بۆنوبەرام و قەڵغان و هەموو شتێکی بەهاداری بۆ خۆی دروستکرد.
- 28کۆگا بۆ بەروبوومەکانی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت، پشتیریش بۆ هەموو جۆرە ئاژەڵێک و بۆ مێگەلەکانیش.
- 29هەروەها چەند گوندێکی بنیاد نا و بووە خاوەنی مەڕوماڵات و مانگایەکی زۆر، چونکە خودا سامانێکی زۆری پێدابوو.
- 30حەزقیا بوو کە ڕێڕەوی سەرووی ئاوی گیحۆنی گرتەوە، بە جۆگایەک لەژێر زەوی بۆ بەری ڕۆژئاوای شاری داود بردی، هەروەها لە هەموو کارەکانی سەرکەوتوو بوو.
- 31بەڵام کاتێک سەرکردەکانی بابل باڵوێزیان نارد بۆ ئەوەی سەبارەت بەو نیشانەیە لێی بپرسن کە لە خاکەکەدا ڕوویدابوو، خودا وازی لێ هێنا بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە هەتا هەموو ئەوەی لە دڵیدایە بیزانێت.
- 32ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی حەزقیا و کارە چاکەکانی، لە بینینەکەی ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ، لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیلدا تۆمار کراون.
- 33حەزقیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە بەشی سەرەوەی گۆڕستانی نەوەی داود ناشتیان، لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم ڕێزیان لێ گرت. ئیتر مەنەشەی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.