
Season 16 · Episode 6
سامۆئێلی دووهم ١٠: ١ - ١١: ٢٧
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
January 2, 202422m 41s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
سامۆئێلی دووهم ١٠: ١ - ١١: ٢٧
- 1دوای ماوەیەک پاشای عەمۆنییەکان مرد و حانوونی کوڕی لەدوای ئەو بوو بە پاشا.
- 2داود گوتی: «لەگەڵ حانوونی کوڕی ناحاش دڵسۆز دەبم، هەروەک چۆن باوکی لەگەڵم دڵسۆز بوو.» لەبەر ئەوە داود شاندێکی نارد بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لە حانوون بکەن سەبارەت بە باوکی.
- کاتێک خزمەتکارەکانی داود هاتنە خاکی عەمۆنییەکان،
- 3میرەکانی عەمۆنییەکان بە حانوونی گەورەیان گوت: «تۆ لەو باوەڕەدایت کە داود لەبەر ڕێزگرتن لە باوکت نێردراوی ناردووە بۆ ئەوەی سەرەخۆشیت لێ بکات؟ ئایا داود بۆ پشکنین و سەرەوژێرکردن و سیخوڕیکردن بەسەر شارەکەوە خزمەتکارەکانی خۆی نەناردووە بۆ لات؟»
- 4ئیتر حانوون خزمەتکارەکانی داودی گرت و نیوەی ڕیشی تاشین، جلەکانیشیان لە نیوەوە هەتا پاشەڵیانی دادڕی و بەڕەڵای کردن.
- 5کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش چەند کەسێکی نارد بۆ پێشوازییان، چونکە پیاوەکان زۆر شەرمیان دەکرد، پاشاش گوتی: «هەتا ڕیشتان دێتەوە لە ئەریحا بمێننەوە، ئینجا بگەڕێنەوە.»
- 6کاتێک عەمۆنییەکان بینییان لەلایەن داودەوە قێزەون بوون، ناردیان و لە ئارامییەکانی بێتڕەحۆڤ و چۆڤا بیست هەزار پیادەیان بەکرێ گرت، هەروەها پاشای مەعکا لەگەڵ هەزار پیاو و لە تۆڤ دوازدە هەزار پیاویان بەکرێ گرت.
- 7کاتێک داود ئەمەی بیستەوە، یۆئاب و هەموو سوپا شەڕکەرەکانی نارد.
- 8عەمۆنییەکان هاتنە دەرەوە و لە دەمی دەروازەی شارەکەیان بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، بەڵام ئارامییەکانی چۆڤا و ڕەحۆڤ، لەگەڵ پیاوەکانی تۆڤ و مەعکا بە جیا لە دەشتودەر بوون.
- 9کاتێک یۆئاب بینی کە بەرەکانی جەنگ لەپێشی و لەپاشییەوەن، لە باشترین جەنگاوەرانی ئیسرائیل چەند هێزێکی هەڵبژارد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی کردن.
- 10ئەو پیاوانەی کە مانەوە دایە دەست ئەبیشەیی برای و ئەویش بۆ بەرەنگاربوونەوەی عەمۆنییەکان ڕیزی کردن.
- 11یۆئاب گوتی: «ئەگەر ئارامییەکان لە من بەهێزتر بوون، ئەوا تۆ بەهانامەوە دێیت؛ بەڵام ئەگەر عەمۆنییەکان لە تۆ بەهێزتر بوون، ئەوا من بەهاناتەوە دێم.
- 12ئازابە و با بەهێز بین لە پێناوی گەلەکەمان و لە پێناوی شارەکانی خوداکەمان، یەزدانیش چی پێ باشە ئەوە دەکات.»
- 13ئینجا یۆئاب و ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوون بۆ جەنگ، لە دژی ئارامییەکان چوونە پێشەوە، ئەوانیش لەبەردەمیدا هەڵاتن.
- 14کاتێک عەمۆنییەکان بینییان ئارامییەکان هەڵدەهاتن، ئەوانیش لەبەردەم ئەبیشەی هەڵاتن و چوونە ناو شارەکە. ئیتر یۆئاب لە شەڕی نەوەی عەمون گەڕایەوە و چوو بۆ ئۆرشەلیم.
- 15کاتێک ئارامییەکان بینییان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، پێکەوە کۆمەڵیان بەست.
- 16ئینجا هەدەدعەزەر ناردی و ئارامییەکانی ئەوبەری ڕووباری فوراتی هێنا، ئەوانیش هاتن بۆ حێلام و شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی هەدەدعەزەریش لەپێشیانەوە بوو.
- 17کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕییەوە و چوو بۆ حێلام، ئارامییەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داود ڕیزیان بەست و لە دژی جەنگان.
- 18بەڵام ئارامییەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵاتن، داودیش حەوت سەد گالیسکەسوار و چل هەزار سەربازی پیادەی لە ئارامییەکان کوشت، هەروەها لە شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی دا و هەر لەوێدا مرد.
- 19کاتێک هەموو پاشاکانی ژێردەستەی هەدەدعەزەر بینییان کە ئەوان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، لەگەڵ ئیسرائیل ئاشت بوونەوە و بوونە ژێردەستەی ئیسرائیل.
- ئیتر ئارامییەکان نەیانوێرا بەهانای عەمۆنییەکانەوە بچن.
سامۆئێلی دووهم ١١
- 1لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، داود یۆئابی لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو سوپای ئیسرائیلدا نارد و عەمۆنییەکانیان تێکشکاند و ڕەبەیان گەمارۆ دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە.
- 2ئەوە بوو دەمەو ئێوارە داود لەسەر قەرەوێڵەکەی هەستا و لە سەربانی کۆشکی پاشا پیاسەی دەکرد، لە سەربانەوە ژنێکی بینی خۆی دەشوات، ژنێکی زۆر جوان بوو.
- 3داودیش پیاوێکی نارد بۆ سۆراغی ژنەکە و ئەویش پێی گوت: «ئەمە بەتشەبەعی کچی ئەلیعامە و ژنی ئوریای حیتییە.»
- 4ئینجا داود چەند نێردراوێکی نارد بۆ هێنانی، ژنەکەش لە خوێنلێچوونی مانگانەی پاک ببووەوە و هاتە لای داود، ئەویش لەگەڵی جووت بوو، پاشان ژنەکە گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.
- 5ژنەکە سکی پڕ بوو، ناردی و بە داودی ڕاگەیاند و گوتی: «سکم پڕە.»
- 6داودیش نێردراوی بۆ لای یۆئاب نارد و گوتی: «ئوریای حیتیم بۆ بنێرە.» یۆئابیش ئوریای بۆ لای داود نارد.
- 7کاتێک ئوریا هاتە لای، داود لە هەواڵی سەلامەتی یۆئاب و سوپا و چۆنیەتی سەرکەوتنی جەنگی پرسی.
- 8پاشان داود بە ئوریای گوت: «بگەڕێوە ماڵەکەت و قاچەکانت بشۆ.» جا ئوریا لە کۆشکی پاشا چووە دەرەوە، دوابەدوای ئەویش دیارییەک لەلایەن پاشاوە نێردرا بۆی.
- 9بەڵام ئوریا لە دەروازەی کۆشکی پاشادا لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا خەوت و نەگەڕایەوە ماڵەکەی خۆی.
- 10ئینجا بە داود ڕاگەیەنرا کە ئوریا نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە. داودیش بە ئوریای گوت: «تۆ لە ڕێوە نەهاتوویت؟ ئەی بۆچی نەگەڕایتەوە ماڵەوە؟»
- 11ئوریاش بە داودی گوت: «سندوقەکە و ئیسرائیل و یەهودا لەناو چادردا نیشتەجێن، یۆئابی گەورەم لەگەڵ پیاوەکانی پاشام لە دەشتودەر چادریان هەڵداوە. ئایا منیش بچمەوە ماڵەکەم بخۆم و بخۆمەوە و لەگەڵ ژنەکەمدا پاڵ بکەوم؟ بە گیانی تۆ، دڵنیابە، من کاری وا ناکەم!»
- 12ئینجا داود بە ئوریای گوت: «ئەمڕۆش لێرە بمێنەرەوە و سبەینێ دەتنێرمەوە.» ئیتر ئوریا بۆ ئەو ڕۆژە و ڕۆژی دواتریش لە ئۆرشەلیمدا مایەوە.
- 13داود بانگی کرد، ئەویش لەگەڵیدا خواردی و خواردیەوە هەتا ئەوەی داود ئەوی مەست کرد، بەڵام ئوریا بۆ ئێوارە ڕۆیشت تاوەکو لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا لە جێگاکەی بنووێت و نەچێتەوە ماڵەکەی خۆی.
- 14بۆ بەیانی داود نووسراوێکی بۆ یۆئاب نووسی و بە دەستی ئوریادا ناردی.
- 15لە نووسراوەکەشدا نووسیبووی و دەیگوت: «ئوریا بخەنە ناو گەرمەی شەڕەکەوە و لە پشتی بکشێنەوە هەتا لێی دەدرێت و دەکوژرێت.»
- 16جا کاتێک یۆئاب گەمارۆی شارەکەی دابوو، ئوریای لەو شوێنە دانا کە دەیزانی پیاوە بەهێزەکان لەوێن.
- 17لەو کاتەدا پیاوانی شارەکە هاتنە دەرەوە و لە دژی یۆئاب جەنگان، ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی داود کەوتن و ئوریای حیتیش کوژرا.
- 18یۆئابیش نێردراوێکی نارد و هەموو کاروبارەکانی جەنگی بە داود ڕاگەیاند.
- 19فەرمانیشی بە نێردراوەکە کرد و گوتی: «پاش ئەوەی وردەکارییەکانی جەنگەکە بۆ پاشا باس دەکەیت،
- 20ئەگەر تووڕەیی پاشا جۆشا و گوتی: ”بۆچی لە شارەکە نزیک کەوتنەوە بۆ جەنگ؟ ئەی نەتانزانی ئەوان لەسەر شووراکەوە تیرتان تێدەگرن؟
- 21کێ ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەشەتی کوشت؟ ئایا ژنێک لەسەر شووراوە بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی تێنەگرت و لە تێڤێچ کوژرا؟ بۆ لە شووراکە نزیک کەوتنەوە؟“ تۆش ئەو کاتە بڵێ: ”هەروەها ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژراوە.“»
- 22نێردراوەکە ڕۆیشت، کاتێک هاتە لای داود هەموو ئەو شتانەی پێ ڕاگەیاند کە یۆئاب پێی ڕاسپاردبوو.
- 23هەروەها نێردراوەکە بە داودی گوت: «پیاوانی شارەکە بەسەرماندا زاڵ بوون، هاتن لە دەشتودەر لەگەڵمان بجەنگن، بەڵام هەتا دەمی دەروازەکە پاشەکشەمان پێکردن.
- 24ئینجا تیرهاوێژەکان لەسەر شووراکەوە تیربارانیان کردین و ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی پاشا کوژران، ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژرا.»
- 25داودیش بە نێردراوەکەی گوت: «ئاوا بە یۆئاب دەڵێیت: ”ئەم کارەت پێ خراپ نەبێت، چونکە شمشێر جارێ ئەم و جارێ ئەو دەخوات. شەڕەکەت لەسەر شارەکە بەتین بکە و کاولی بکە.“ ئەمە بۆ هاندانی یۆئاب بڵێ.»
- 26کاتێک ژنەکەی ئوریا بیستی کە ئوریای مێردی کوژراوە، شیوەنی بۆ پیاوەکەی گێڕا.
- 27پاش تێپەڕبوونی ڕۆژانی پرسە، داود بەدوایدا نارد و خستییە پاڵ ماڵەکەی خۆیەوە، ئیتر بوو بە ژنی و کوڕێکی لێی بوو. بەڵام یەزدان ئەم کارەی داودی پێ ناخۆش بوو.