
Season 36 · Episode 23
ئیشایا ٢٣: ١ - ٢٥: ١
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
February 13, 202521m 23s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ئیشایا ٢٣: ١ - ٢٥: ١
- 1سروشێک سەبارەت بە سور:
- واوەیلا بکەن ئەی کەشتییەکانی تەرشیش!
- چونکە سور کاول کراوە،
- نە خانوو نە بەندەری بە پێوە نەماوە،
- لە خاکی قوبرسەوە پێیان ڕاگەیەنرا.
- 2بحەپەسێن دانیشتووانی دوورگەکە و
- بازرگانانی سەیدا،
- ئەوانەی دەریا دەبڕن، پڕیان کردوویت.
- 3دانەوێڵەی شیحۆر
- لەسەر ئاوە زۆرەکان دەهات،
- داهاتی ئەو دروێنەی ڕووباری نیلە،
- جا سور بوو بە بازاڕی نەتەوەکان.
- 4شەرمەزار بە ئەی سەیدا، ئەی قەڵای دەریا!
- چونکە دەریا گوتی:
- «نە ژانم گرت و نە منداڵم بوو،
- نە گەنجم گەورە کرد و نە کچی عازەبم پێگەیاند.»
- 5کاتێک هەواڵ بە میسر دەگات،
- بە هەواڵی سور ژان دەیانگرێت.
- 6بپەڕنەوە بۆ تەرشیش،
- واوەیلا بکەن، ئەی دانیشتووانی دوورگەکە!
- 7ئایا ئەمە شاری خۆشییە بۆتان،
- ئەوەی دێرینی لە دێرزەمانەوەیە،
- ئەوەی پێیەکانی بەرەو دووری دەبەن
- بۆ ئاوارە بوون؟
- 8کێ ئەم پلانەی لە دژی سوری تاج لەسەر داڕشت،
- ئەوەی میران بازرگانەکانی ئەون،
- فرۆشیارەکانی بەناوبانگەکانی زەوین؟
- 9یەزدانی سوپاسالار پلانی داڕشتووە
- بۆ گڵاوکردنی شانازی هەموو شکۆمەندییەک،
- بۆ نزمکرنەوەی هەموو بەناوبانگەکانی زەوی.
- 10ئەی دانیشتووانی تەرشیش،
- زەوییەکەتان وەک کەناری نیل بکێڵن،
- ئیتر بەندەر نەما.
- 11یەزدان دەستی بەسەر دەریادا درێژکرد و
- شانشینەکان تۆقین.
- لە دژی فینیکیا فەرمانی دا
- بۆ کاولبوونی قەڵاکانی.
- 12فەرمووی: «جارێکی دی شانازی ناکەیت،
- ئەی سەیدای کچە پاکیزە، ئێستا پێشێل کراویت!
- «هەستە بەرەو قوبرس بپەڕەوە،
- لەوێش حەوانەوەت نابێت.»
- 13ئەوەتا خاکی بابلییەکان،
- گەلێکی لێیە کە بە هیچ دانانرێت!
- ئاشور کردییە شوێنی دڕندە بیابانییەکان.
- قوللەکانیان دروستکرد،
- قەڵاکانیان ڕووخاند،
- کردیان بە کاولگە.
- 14ئەی کەشتییەکانی تەرشیش واوەیلا بکەن،
- چونکە قەڵاکانتان کاول بوون.
- 15لەو ڕۆژەدا ئەوە دەبێت، سور حەفتا ساڵ لەبیر دەکرێت، بەقەد ڕۆژگاری پاشایەک. پاش حەفتا ساڵەکە وەک گۆرانی ژنە لەشفرۆشێک بۆ سور دەبێت:
- 16«دەست بدە قیسارە و بەناو شاردا بسووڕێوە
- ئەی ژنە لەشفرۆشی لەبیرکراو!
- باش مۆسیقا بژەنە و زۆر گۆرانی بڵێ
- بۆ ئەوەی لەیاد نەکرێیت.»
- 17جا پاش حەفتا ساڵەکە، یەزدان سور بەسەردەکاتەوە و سور دەگەڕێتەوە سەر کرێ وەرگرتنی و لەگەڵ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی لەشفرۆشی دەکات.
- 18بەڵام بازرگانییەکەی و کرێ وەرگرتنەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ یەزدان. هەڵناگیرێت و لە گەنجینە ناکرێت، بەڵکو بازرگانییەکەی بۆ ئەوانە دەبێت کە لەبەردەم یەزدانن، بۆ ئەوەی بخۆن و تێر بن و جلی گرانبەها بپۆشن.
ئیشایا ٢٤
- 1ئەوەتا یەزدان لە داهاتوودا زەوی چۆڵ دەکات،
- بەتاڵی دەکات و ڕووی وەردەگێڕێت،
- دانیشتووانەکەی پەرت دەکات.
- 2کاهین وەک خەڵکی سادەی لێدێت،
- گەورە وەک کۆیلەکەی،
- خانم وەک کەنیزەکەی،
- کڕیار وەک فرۆشیار،
- بەخشەر وەک وەرگر،
- قەرزدەر وەک قەرزار.
- 3زەوی بە چۆڵکردن چۆڵ دەکرێت و
- بە تاڵان تاڵان دەکرێت،
- یەزدان ئەم بڕیارەی فەرموو.
- 4زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو،
- جیهان داهێزرا و سیس بوو،
- گەورەترین خەڵکانی زەوی لەشیان داهێزرا.
- 5زەوی لەژێر دانیشتووانەکەی گڵاو بوو،
- چونکە سەرپێچی فێرکردنەکانیان کرد،
- فەرزەکانیان پێشێل کرد و
- پەیمانی هەتاهەتاییان شکاند.
- 6لەبەر ئەوە زەوی نەفرەتی خوارد و
- دانیشتووانەکەی سزادران.
- لەبەر ئەوە دانیشتووانی زەوی سووتان و
- خەڵکێکی کەم مایەوە.
- 7شەرابی نوێ شیوەن دەکات و ڕەزەمێو سیس بوو،
- هەموو دڵخۆشەکان ئاخ هەڵدەکێشن.
- 8دەفی دەنگ خۆش کپ بوو،
- هاتوهەرای شادمانەکان بڕایەوە،
- قیسارەی دەنگ خۆش کپ بوو.
- 9بە دەم گۆرانییەوە شەراب ناخۆنەوە،
- مەی بۆ نۆشەرەکەی تاڵ دەبێت.
- 10شاری وێران تێکشکاوە،
- هەموو ماڵێک دادەخرێت، چوونە ژوورەوە نییە.
- 11لە شەقامەکان هاوارە بۆ شەراب
- خۆرئاوا بوو بەسەر هەموو خۆشییەک،
- دوورخرایەوە شادی زەوی.
- 12ئەوەی لە شار دەمێنێتەوە وێرانەیە و
- لێدانی دەروازەش کاولییە.
- 13ئاوا دەبێت لەناوەندی زەوی
- لەنێو گەلان،
- وەک داتەکاندنی دار زەیتوون،
- وەک کۆکردنەوەی هێشوو کە ڕنین تەواو دەبێت.
- 14ئەوان دەنگ هەڵدەبڕن، هوتافی خۆشی دەکێشن،
- بۆ شکۆی یەزدان لە ڕۆژئاواوە هاوار دەکەن.
- 15لەبەر ئەوە لە ڕۆژهەڵات یەزدان شکۆدار بکەن،
- لە دوورگەکانی دەریاشەوە
- ناوی یەزدان، پەروەردگاری ئیسرائیل بەرز بکەنەوە.
- 16لەوپەڕی زەوییەوە گوێمان لە گۆرانییەک بوو:
- «شکۆمەندی بۆ خودای ڕاستودروست!»
- جا گوتم: «فەوتام! فەوتام!
- قوڕبەسەرم!
- ناپاکان ناپاکییان کرد!
- ناپاکان ناپاکییان لە ناپاکی کرد!»
- 17ترس و چاڵ و تەڵە
- بەسەرتەوەیە ئەی دانیشتووی زەوی.
- 18ئەوەی لە دەنگی ترسەکە هەڵدێت
- دەکەوێتە چاڵەکەوە و
- ئەوەی لەناو چاڵەکە بێتە دەرەوە
- بە تەڵەکەوە دەبێت.
- بەربەستی جۆگەکان لە ئاسمانەوە کرانەوە و
- بناغەکانی زەوی هەژان.
- 19زەوی بە شکان دەشکێت،
- زەوی بە وردوخاشبوون وردوخاش دەبێت،
- زەوی بە لەقین دەلەقێت.
- 20زەوی وەک سەرخۆش بە لادا دێت،
- جۆلانە دەکات وەک کەپر لەبەردەم با.
- یاخیبوونەکەی لەسەری قورسە،
- دەکەوێت و جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە.
- 21لەو ڕۆژەدا یەزدان
- سزای هێزەکان دەدات لە ئاسمان و
- لەسەر زەوی سزای پاشایانی دەدات.
- 22بە کۆمەڵ کۆیان دەکەنەوە
- وەک دیل لە بەندیخانە و
- لە گرتووخانە توند دەکرێن و
- دوای ماوەیەکی درێژ سزا دەدرێن.
- 23مانگ ڕیسوا دەبێت و خۆر شەرمەزار دەبێت،
- چونکە یەزدانی سوپاسالار حوکمڕانی دەکات
- لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم،
- شکۆمەندیش لەبەردەم پیرانی ئەوە.
ئیشایا ٢٥
- 1ئەی یەزدان، تۆ خودای منیت!
- بە گەورەت دەزانم، ستایشی ناوت دەکەم،
- چونکە تۆ کاری سەرسوڕهێنەرت کردووە،
- پلانەکانت لە دێرزەمانەوەن،
- بە دڵسۆزی چەسپاون.