PLAY PODCASTS
ئه‌یوب ١:٢٩-٣١:٣٠
Season 27 · Episode 17

ئه‌یوب ١:٢٩-٣١:٣٠

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

July 9, 202417m 16s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

ئه‌یوب ١:٢٩-٣١:٣٠

  • 1ئەیوب سەرلەنوێ دەستی بە قسە کردەوە و گوتی:
  • 2«خۆزگەم بە مانگەکانی ڕابردوو،
  • بەو ڕۆژانەی کە خودا منی پاراست،
  • 3کاتێک چراکەی خۆی لە سەرم هەڵکرد و
  • بە ڕووناکی ئەو بەناو تاریکیدا دەڕۆیشتم!
  • 4خۆزگە بەو ڕۆژانەی کە لە هەڕەتی هێز و توانادا بووم،
  • هاوڕێیەتییە گیانی بەگیانییەکەم لەگەڵ خودا چادرەکەی منی بەرەکەتدار کردبوو،
  • 5خودای هەرە بەتوانا هێشتا لەگەڵم بوو و
  • منداڵەکانیشم لە چواردەورم بوون،
  • 6کاتێک پێیەکانم بە شیر دەشوشت،
  • تاشەبەردیش جۆگەکانی زەیتی بۆ هەڵدەقوڵاندم.
  • 7«کاتێک بۆ لای دەروازەی شارەکە دەچووم و
  • لە گۆڕەپانەکەدا دیوەخانی خۆم ئامادە دەکرد،
  • 8گەنجەکان کە منیان دەبینی خۆیان دەشاردەوە،
  • پیرانیش لەبەرم هەڵدەستان و ڕادەوەستان؛
  • 9پیاوە گەورەکان نەیاندەویست قسە بکەن،
  • دەستیان دەخستە سەر دەمی خۆیان؛
  • 10پیاوماقوڵان دەنگیان لێ دەبڕا و
  • زمانیان بە مەڵاشوویانەوە دەنووسا.
  • 11ئەوەی گوێی لێم دەبوو ستایشی دەکردم،
  • ئەو چاوەی کە دەیبینی شایەتی بۆ دەدام،
  • 12چونکە ئەو هەژارانەی کە هاواریان بۆ دەهێنام و
  • ئەو هەتیوانەی کە بێکەس بوون ڕزگارم دەکردن.
  • 13ئەوانەی لە سەرەمەرگدا بوون بەرەکەتیان دەدامێ و
  • دڵی بێوەژنم دەهێنایە قریوە.
  • 14ڕاستودروستیم لەبەر دەکرد و دەمپۆشی؛
  • دادپەروەری کەوا و مێزەرەکەم بوو.
  • 15دەبووم بە چاو بۆ نابینایان و
  • بە قاچ بۆ شەلان.
  • 16من بۆ نەداران باوکێک دەبووم و
  • بەرگریم لە کەسێک دەکرد کە پێی ئاشنا نەبووم.
  • 17کەڵبەی ستەمکارم وردوخاش دەکرد و
  • لەنێو ددانەکانی نێچیرم دەڕفاند.
  • 18«جا گوتم: ”لەناو لانەکەی خۆم ڕۆح بەدەستەوە دەدەم و
  • وەک لم ڕۆژگارم زۆر دەبێت.
  • 19ڕەگم بەرەو ئاوەکان درێژ دەبێتەوە،
  • بە درێژایی شەو شەونم بەسەر چڵەکانمەوە دەبێت.
  • 20شکۆمەندیم بە هەمیشەیی لەگەڵم دەبێت،
  • کەوانەکەم لە دەستم نوێ دەبێتەوە.“
  • 21«گوێیان لە من دەگرت و چاوەڕێیان دەکرد
  • لە کاتی ڕاوێژکردنم گوێیان بۆم شل دەکرد.
  • 22لەدوای قسەکانم هیچیان لە دەم نەدەهاتە دەرەوە؛
  • قسەکانم دڵۆپەی بەسەریاندا کرد.
  • 23چاوەڕێیان دەکردم وەک چاوەڕێی نمە باران بکەن و
  • دەمیان دەکردەوە وەک بۆ بارانی بەهار.
  • 24کاتێک لەگەڵیان ڕووخۆش دەبووم، باوەڕیان نەدەکرد؛
  • کاتێک ڕەزامەندیم پیشان دەدا، چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد.
  • 25ڕێگام بۆیان هەڵدەبژارد و وەک سەرۆک دادەنیشتم؛
  • وەک پاشایەک لەناو سوپا نیشتەجێ دەبووم،
  • وەک ئەوەی دڵنەوایی شیوەنگێڕان دەداتەوە.

ئه‌یوب ٣٠

  • 1«بەڵام ئێستا ئەوانەی لە من منداڵترن
  • گاڵتەم پێ دەکەن،
  • ئەوانەی بێزم نەدەهات باوکیان
  • لەگەڵ سەگەکانی ناو ڕانەکەم دابنێم.
  • 2دەبێت هێزی دەستیان چ سوودێکی بۆ من هەبێت؟
  • لەبەر ئەوەی سست بوون و لە کەڵک کەوتوون.
  • 3لە دەستکورتی و لە برسیێتیدا لەڕ بوون؛
  • بە شەو بەناو زەوی وشکدا دەگەڕان،
  • کە وێران و کاول بوون.
  • 4ئەوانەی وشترالووک و گەڵایان لە دەوەنەکانەوە دەهێنا،
  • ڕەگی دار گەز خۆراکیان بوو.
  • 5لەنێو کۆمەڵەی خەڵک دەردەکران،
  • هاواریان بەسەردا دەکردن وەک بەسەر دزدا هاوار بکەن.
  • 6لەناو دۆڵە وشکەکان نیشتەجێ بوون،
  • لە ئەشکەوت و لەناو تاشەبەردەکان.
  • 7لەنێو دەوەنەکان زەڕین و
  • لەژێر گەزگەزەکان خۆیان مات کرد.
  • 8نەوەی گێلی، هەروەها نەوەی ئەوانەی بێ ناو بوون،
  • لە خاکەکە تێهەڵدراون.
  • 9«بەڵام ئێستا ئەو گەنجانە بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن؛
  • پەندم بەسەردا دەڵێن.
  • 10قێزم لێ دەکەنەوە، دوورەپەرێزیم لێ دەگرن؛
  • لە تفەکانیان ڕووی من ناپارێزن.
  • 11خودا پەتی کەوانەکەی منی بەرداوە و منی چەماندووەتەوە،
  • جڵەوی لغاوەکەم بەدەستیانەوەیە،
  • 12لەلای ڕاستم گەنجە لاسارەکان هێرش دەکەنە سەرم،
  • پاشقولم لێ دەگرن و سەنگەر لە دژی من لێ دەدەن.
  • 13ڕێگاکانم لێ تێکدەدەن،
  • بۆ ژێرکەوتنم هاوکاری یەکتر دەکەن،
  • کەس نییە پشتگیری من بکات.
  • 14ئەوان دێن هەروەک لە کەلێنێکی فراوانەوە بێن،
  • لەژێر وێرانیەوە خلۆر دەبنەوە.
  • 15نەهامەتی بەسەرمدا وەرگەڕا،
  • هەروەکو با ڕێزی منی برد،
  • ئاسوودەییم وەک هەور تێپەڕی.
  • 16«بە هێواشی ژیانم بەرە و کۆتایی دەچێت،
  • کەوتمە ڕۆژانی زەلیلییەوە.
  • 17شەوگار ئێسکەکانم لەناومدا کلۆر دەکات،
  • ئازارەکانم پشوو نادەن.
  • 18خودا بە زۆری هێزەکەی منی بە جلەکانم گرت و شێوەی گۆڕیم،
  • وەک یەخەی کراسەکەم، منی پێچایەوە.
  • 19فڕێیدامە ناو قوڕەوە،
  • ڕەنگی خۆڵ و خۆڵەمێشم لێ نیشت.
  • 20«ئەی خودا هاوارت بۆ دەهێنم و وەڵامم نادەیتەوە؛
  • ڕادەوەستم و ئاوڕم لێ نادەیتەوە.
  • 21لەگەڵ مندا توند دەجوڵێیتەوە،
  • بە توانای دەستەکانت دژایەتیم دەکەیت.
  • 22دەمڕفێنیت و دەمدەیتە دەست ڕەشەبا؛
  • فڕێمدەدەیتە ناو زریانەوە.
  • 23دەزانم بۆ مردن دەمگەڕێنیتەوە،
  • بۆ ماڵی چاوەڕوانکراوی هەموو زیندووێک.
  • 24«بێگومان کەس دەستدرێژی ناکاتە سەر مرۆڤێکی تێکشکاو،
  • کاتێک لە تەنگانەیدا هاوار دەکات.
  • 25ئایا بۆ لێقەوماوان نەگریام؟
  • ئایا بۆ نەدار گیانم خەمبار نەبوو؟
  • 26لەگەڵ ئەوەشدا، کە ئاواتەخوازی چاکە بووم، خراپە هات؛
  • چاوەڕوانی ڕووناکی بووم، تاریکی هات.
  • 27هەناوم گڕی گرتووە و ناوەستێت،
  • ڕۆژانی زەلیلی بەرەوپیرم دێن.
  • 28ڕەش هەڵگەڕام بەڵام بەبێ خۆر؛
  • لەناو کۆمەڵ هەستام هاوارم کرد.
  • 29بووم بە برای چەقەڵەکان و
  • هاوڕێی کوندەپەپووەکان.
  • 30پێستم ڕەش و هەڵوەری لەبەرم،
  • لەشم لەبەر تایەکی توند دەسووتێت.
  • 31قیسارەکەم بۆ لاوانەوەیە و
  • شمشاڵەکەم بۆ دەنگی گریاوەکانە.