
Season 10 · Episode 6
یهشوع ٧: ١٢ - ٨: ٢٩
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
September 1, 202324m 1s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
یهشوع ٧: ١٢ - ٨: ٢٩
- 12بۆیە نەوەی ئیسرائیل ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانیان ڕابوەستن، پشتیان تێ دەکەن و هەڵدێن، چونکە بەرپرسیار بوون لە قڕبوونی خۆیان. ئەگەر بێتو ئەو تەرخانکراوە لەنێو خۆتاندا بنبڕ نەکەن، ئەوا لەمەودوا لەگەڵتاندا نابم.
- 13«هەستە، گەل تەرخان بکە و پێیان بڵێ: ”خۆتان بۆ بەیانی تەرخان بکەن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئیسرائیل، لەنێوتان کەسانێک هەن کە شتی تەرخانکراویان بردووە. لەبەر ئەوە ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانتان ڕابوەستن، هەتا ئەو شتانە لەنێو خۆتان دانەماڵن.
- 14«”بەیانی بە هۆزەکانتانەوە وەرنە پێش و ئەو هۆزەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە خێڵەکانییەوە بێتە پێش؛ ئەو خێڵەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە بنەماڵەکانییەوە بێتە پێش؛ ئەو بنەماڵەیەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە پیاوەکانییەوە یەک لەدوای یەک بێنە پێشەوە.
- 15ئەوەی بە شتە تەرخانکراوەکانەوە بگیردرێت، خۆی و هەرچی هەیەتی بە ئاگر دەسووتێنرێ، چونکە ئەو پەیمانی یەزدانی شکاندووە و کارێکی دزێوی لەناو ئیسرائیلدا ئەنجام داوە.“»
- 16بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی یەک یەک هێنایە پێش و هۆزی یەهودا هەڵبژێردرا.
- 17خێڵەکانی یەهودای هێنایە پێش و خێڵی زەرەحییەکان هەڵبژێردرا. ئینجا خێڵی زەرەحییەکانی هێنایە پێش بە خێزانەکانیانەوە و زیمری هەڵبژێردرا.
- 18بەرەبابەکەی ئەویشی بە پیاوەکانییەوە هێنایە پێش و عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح هەڵبژێردرا کە سەر بە هۆزی یەهودایە.
- 19ئینجا یەشوع بە عاخانی گوت: «تکایە کوڕی خۆم، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل شکۆدار بکە و دانی پێدا بنێ. پێم بڵێ، چیت کردووە؟ لێمی مەشارەوە.»
- 20عاخانیش وەڵامی یەشوعی دایەوە و گوتی: «بەڕاستی من بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گوناهم کردووە و ئاوام کردووە،
- 21لەنێو تاڵانکردنەکەدا کەوایەکی بابلی گرانبەها و دوو سەد شاقل زیو و قاڵبە زێڕێکم بینی کە کێشەکەی پەنجا شاقل دەبوو، ئارەزووم کرد و بردم. ئەوەتا لەژێر زەوی لە ناوەڕاستی چادرەکەمدا شاردومەتەوە و زیوەکەش لە ژێرەوەیە.»
- 22جا یەشوع چەند کەسێکی نارد و ڕایانکرد بۆ چادرەکە و بینییان ئەوەتا لەناو چادرەکەدا شاردراونەتەوە و زیوەکەش لە ژێریانەوەیە.
- 23ئەوانیش شتەکانیان لە ناوەڕاست چادرەکە هەڵگرت و بۆ یەشوع و هەموو نەوەی ئیسرائیلیان هێنا و لەبەردەم یەزدان دایاننا.
- 24ئینجا یەشوع عاخانی کوڕی زەرەحی لەگەڵ زیوەکە و کەواکە و قاڵبە زێڕەکە و کوڕەکانی و کچەکانی و گا و گوێدرێژ و مەڕەکانی و چادرەکەی و هەموو ئەو شتانەی هی ئەو بوون، هەموو نەوەی ئیسرائیلیشی لەگەڵ بوو، بردیانن و سەریان خستن بۆ دۆڵی عاخۆر.
- 25ئینجا یەشوع گوتی: «چۆن لێت تێکداین، یەزدانیش ئەمڕۆ ئاوا لێت تێکبدات.»
- ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل ئەویان بەردباران کرد و ئەوانەی دیکەیان بەردباران کرد و سووتاندیانن،
- 26کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر عاخان کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆش لەوێیە. ئینجا جۆشی تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە، بۆیە ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە دۆڵی عاخۆر ناودەبردرێت.
یهشوع ٨
- 1ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «مەترسە و ورە بەرمەدە. هەموو جەنگاوەرەکان لەگەڵ خۆت ببە و هەستە سەربکەوە بۆ عای، ببینە من پاشاکەی و گەلەکەی و شارەکەی و خاکەکەیم داوەتە دەست تۆ.
- 2ئەوەی بە ئەریحا و پاشاکەیتان کرد، بە عای و پاشاکەی بکەن، بەڵام دەستکەوتەکان و ئاژەڵە ماڵییەکانی بۆ خۆتان تاڵان بکەن. لە پشتییەوە بۆسەیەک بۆ شارەکە بنێوە.»
- 3جا یەشوع و هەموو جەنگاوەرەکانی سوپا هەستان بۆ ئەوەی بەسەر عایدا بدەن، یەشوع سی هەزار جەنگاوەری قارەمانی هەڵبژارد و بە شەو ناردنی،
- 4فەرمانی پێ کردن و گوتی: «وریابن، ئێوە لە پشتەوە بۆسە بۆ شارەکە دەنێنەوە و زۆر لە شارەکە دوور مەکەونەوە و هەمووتان لە ئامادەباشیدا بن.
- 5منیش لەگەڵ هەموو ئەم گەلە لە شارەکە نزیک دەبینەوە و ئیتر کە ئەوان دێنە دەرەوە بۆمان، ئێمە وەک یەکەم جار لەبەردەمیاندا هەڵدێین و
- 6ئەوان بەدوامان دەکەون هەتا لە شارەکە دووریان دەخەینەوە، چونکە دەڵێن: ”ئەوەتا وەک یەکەم جار لەبەردەممان هەڵدێن،“ جا کاتێک لەبەردەمیان هەڵدێین،
- 7ئێوەش لە بۆسەکەوە دێنە دەرەوە و دەست بەسەر شارەکەدا دەگرن و یەزدانی پەروەردگارتان دەیدات بە دەستتانەوە.
- 8کاتێک شارەکە دەگرن، ئاگری تێبەر دەدەن. ئەوە بکەن کە یەزدان فەرمانی پێ کردوون. سەیر بکەن ئەوە فەرمانی منە بۆ ئێوە.»
- 9ئینجا یەشوع ناردنی و ئەوانیش بۆ شوێنی بۆسەکە ڕۆیشتن و لەنێوان بێتئێل و عای، لە ڕۆژئاوای عای مانەوە. ئەو شەوە یەشوع لە ناوەڕاستی گەل مایەوە.
- 10بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و گەلەکەی کۆکردەوە و خۆی و پیرانی ئیسرائیل لەپێش گەلەوە سەرکەوتن بۆ عای.
- 11هەروەها هەموو ئەو لەشکرەی لەگەڵیدا بوون سەرکەوتن و چوونە پێشەوە و هاتنە بەرامبەر شارەکە، لە باکووری عای چادریان هەڵدا و دۆڵەکە لەنێوان ئەوان و عای بوو.
- 12یەشوع نزیکەی پێنج هەزار پیاوی نارد و لەنێوان بێتئێل و عای، لە ڕۆژئاوای عای لە بۆسەدا داینان.
- 13ئیتر گەل، واتا هەموو لەشکرەکە کە لە باکووری شارەکە بوو لەگەڵ ئەوانەی کە لە بۆسەکەی ڕۆژئاوای شارەکە بوون، جێگیر بوون، یەشوعیش ئەو شەوە چووە ناوەڕاستی دۆڵەکە.
- 14کاتێک پاشای عای ئەمەی بینی، خۆی و پیاوانی شارەکە بەیانی زوو بە پەلە هاتنە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە بەرزاییەک کە دەیڕوانییە عەراڤا، بەڵام پاشا نەیدەزانی کە لە پشت شارەکەوە بۆسەیەکی بۆ نراوەتەوە.
- 15یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیل وایان پیشان دا کە شکستیان خواردوو و بە ڕێگای چۆڵەوانیدا هەڵاتن.
- 16لەنێو هەموو خەڵکی شاری عای بانگەواز بڵاو بووەوە کە دوایان بکەون، ئەوانیش دوای یەشوع کەوتن و لە شارەکە دوور کەوتنەوە.
- 17یەک پیاو لە عای یان لە بێتئێل نەما کە بەدوای ئیسرائیل نەکەوتبێت. شارەکەیان بە کراوەیی بەجێهێشت و بەدوای ئیسرائیل کەوتن.
- 18ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «ڕمەکەی دەستت ڕووەو عای بگرە، چونکە من دەیدەمە دەستتەوە.» یەشوعیش ئەو ڕمەی بە دەستیەوە بوو ڕووەو شارەکەی کرد.
- 19کاتێک دەستی درێژکرد ئەوانەی لە بۆسەکە بوون بە پەلە لە جێی خۆیان هەستان و ڕایانکرد و چوونە ناو شارەکەوە و گرتیان و بە پەلە سووتاندیان.
- 20پیاوەکانی عای ئاوڕیان دایەوە و تەماشایان کرد وا دووکەڵی شارەکە بۆ ئاسمان بەرز بووەتەوە و هیچ جێیەکیش نییە بۆی هەڵبێن، نە بەملا و نە بەولا، ئیسرائیلییەکانیش کە بۆ چۆڵەوانی ڕایاندەکرد بەسەر ڕاونەرەکاندا هەڵگەڕانەوە.
- 21جا کە یەشوع و هەموو ئیسرائیل بینییان بۆسەکە شارەکەی گرتووە و دووکەڵی شارەکە بەرز بووەتەوە، گەڕانەوە و لە پیاوەکانی عاییان دا.
- 22جەنگاوەران لەناو بۆسەکەش لە شارەکەوە بۆ پەلاماردانیان هاتنە دەرەوە و پیاوەکانی عای کەوتنە نێوان ئیسرائیلییەکان. ئەمان لەم لاوە و ئەوان لەولاوە، ئینجا لێیان دان تاکو کەسیان لێ نەما هەڵبێت و دەرباز بێت.
- 23بەڵام پاشای عاییان بە زیندوویی دەستگیر کرد و بردیانە بەردەم یەشوع.
- 24پاش ئەوەی ئیسرائیل لە کوشتنی هەموو پیاوەکانی عای بوونەوە کە لە کێڵگە و چۆڵەوانیدا دوایان کەوتبوون هەتا قڕیان بکەن، هەموو ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە ناو شار و هەموو ئەو دانیشتووانانەیان بە شمشێر کوشت کە لەوێ مابوونەوە.
- 25سەرجەم دانیشتووانی عای، هەموو ئەوانەی لەو ڕۆژەدا کەوتن لە پیاو و لە ژن، دوازدە هەزار کەس بوون.
- 26یەشوعیش ئەو دەستەی کە ڕمەکەی پێ درێژکردبوو نەیگەڕاندەوە دواوە هەتا سەرجەم دانیشتووانی عای قڕ بوون.
- 27بەڵام نەوەی ئیسرائیل ئاژەڵی ماڵی و دەستکەوتی ئەو شارەیان بۆ خۆیان تاڵان کرد، بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان کە فەرمانی بە یەشوع کردبوو.
- 28ئینجا یەشوع عایی سووتاند و کردییە گردێکی وێرانی هەتاهەتایی، هەتا ئەمڕۆش هەروا ماوەتەوە.
- 29هەروەها لاشەی پاشای عایی هەتا ئێوارە لەسەر دار هەڵواسی، لە کاتی ئاوابوونی خۆر یەشوع فەرمانی دا و لاشەکەیان هێنا خوارەوە و لەبەردەم دەروازەی شارەکە فڕێیان دا و کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆ ماوەتەوە.