PLAY PODCASTS
ئیرمیا ٤٤: ١ - ٤٩: ٢٢
Season 39 · Episode 19

ئیرمیا ٤٤: ١ - ٤٩: ٢٢

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

April 19, 202521m 21s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

ئیرمیا ٤٤: ١ - ٤٩: ٢٢

  • 1ئەو پەیامەی بۆ یەرمیا هات سەبارەت بە هەموو ئەو جولەکانەی لە خاکی میسر نیشتەجێ بوون، لە مگدۆل و لە تەحپەنحێس و لە مەمفیس و لە پاشایەتی باشووری میسر:
  • 2«یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئێوە هەموو ئەو بەڵایەتان بینی کە بەسەر ئۆرشەلیم و هەموو شارۆچکەکانی یەهودام هێنا. ئەمڕۆ وێرانە و ئاوەدانی تێدا نییە،
  • 3لەبەر ئەو خراپانەی کردیان. پەستیان کردم بە بخوور سووتاندن و پەرستنیان بۆ خوداکانی دیکە، ئەو خودایانەی نە ئەوان ناسیویانن و نە ئێوە و نە باوباپیرانتان.
  • 4منیش بە بەردەوامی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردن، فەرمووم: ”تکایە! ئەم کارە قێزەونە مەکەن کە من ڕقم لێیەتی.“
  • 5بەڵام نە گوێیان گرت و نە گوێیان شل کرد بۆ ئەوەی لە خراپەکەیان بگەڕێنەوە یان لە بخوور سووتاندن بۆ خوداکانی دیکە بوەستن.
  • 6جا هەڵچوون و تووڕەییم ڕژا، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا گڕی گرت، وەک ئەمڕۆ وێران بوو و بووە چۆڵەوانی.
  • 7«ئێستاش یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بۆچی ئێوە بەڵایەکی گەورە بەسەر خۆتان دەهێنن، بە قڕبوونتان لە ناوەڕاستی یەهودا بە پیاو و ژن، بە منداڵ و شیرەخۆرەوە، ئیتر هیچ پاشماوەیەکتان لێ نامێنێتەوە؟
  • 8بۆچی بە کردەوەکانی دەستتان پەستم دەکەن کاتێک لە خاکی میسر بخوور بۆ خوداکانی دیکە دەسووتێنن، کە ئێوە بۆی هاتوون تاوەکو لەوێ ئاوارە بن؟ خۆتان قڕ دەکەن و دەبنە نەفرەت و ڕیسوایی لەنێو هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی.
  • 9ئایا خراپەکانی باوباپیرانتان و خراپەکانی پاشاکان و شاژنەکانی یەهودا و خراپەکانی خۆتان و ژنەکانتان لەیادچوو، ئەوەی لە خاکی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم کران؟
  • 10هەتا ئەمڕۆش نە زەلیل بوون و نە لە من ترسان و نە ڕێگای فێرکردن و فەرزەکانی منتان گرتەبەر، ئەوەی لەبەردەم ئێوە و لەبەردەم باوباپیرانتان دامناوە.
  • 11«لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من مکوڕ دەبم لەسەر ئەوەی بەڵاتان بەسەربهێنم و هەموو یەهودا قڕ بکەم.
  • 12پاشماوەی یەهوداش دەبەم، ئەوانەی سوور بوون بچنە خاکی میسر هەتا لەوێ نیشتەجێ بن. هەموویان لە خاکی میسر لەناودەچن، بە شمشێر دەکوژرێن و بە قاتوقڕی دەمرن. لە بچووکەوە هەتا گەورە بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن و دەبنە مایەی نەفرەت لێکردن و تۆقین، سووکایەتی و ڕیسوایی.
  • 13هەروەها سزای ئەوانەش دەدەم کە لە خاکی میسر نیشتەجێن، وەک چۆن بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد سزای ئۆرشەلیمم دا.
  • 14پاشماوەکەی یەهودا، ئەوانەی هاتوون بۆ ئەوەی لە خاکی میسر لە ئاوارەیی بکەون، ئەوانەی تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ نیشتەجێبوون تێیدا، نە پاشماوە و نە دەربازبوویان نابێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ خاکی یەهودا. کەسیان لێ ناگەڕێتەوە، جگە لە کەمینەیەکی دەربازبوو.»
  • 15ئینجا هەموو ئەو پیاوانەی کە دەیانزانی ژنەکانیان بخوور بۆ خوداکانی دیکە دەسووتێنن، هەروەها هەموو ئەو ژنانەی ڕاوەستابوون، کۆمەڵێکی گەورە بوون، هەموو ئەو خەڵکەی لە پاشایەتی باکوور و پاشایەتی باشووری میسر نیشتەجێن، وەڵامی یەرمیایان دایەوە و گوتیان:
  • 16«ئێمە گوێ لەم پەیامە ناگرین کە بە ناوی یەزدانەوە بە ئێمەت گوت.
  • 17بەڵکو هەر شتێک لە دەمی خۆمانەوە هاتووەتە دەرەوە، ئەوە دەکەین: بخوور بۆ شاژنی ئاسمان دەسووتێنین و شەرابی پێشکەشکراو پێشکەش دەکەین، وەک چۆن خۆمان و باوباپیرانمان و پاشاکانمان و پیاوە گەورەکانمان لە شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم ئەنجاممان داوە. ئەو کاتە تێر نان بووین و لە خۆشیدا بووین و خراپەمان نەبینی.
  • 18بەڵام لەو کاتەوەی وازمان لە بخوور سووتاندن هێناوە بۆ شاژنی ئاسمان و پێشکەشکردنی شەرابی پێشکەشکراو بۆی، پێویستمان بە هەموو شتێکە و بە شمشێر و قاتوقڕی لەناوچووین.»
  • 19ژنەکانیش گوتیان: «ئێمە کاتێک کە بخوورمان بۆ شاژنی ئاسمان دەسووتاند و شەرابی پێشکەشکراومان پێشکەشی دەکرد، ئایا بەبێ ئاگاداری پیاوەکانمان کولێرەمان بۆ دەکرد لەسەر وێنەی ئەو و شەرابی پێشکەشکراومان پێشکەش دەکرد؟»
  • 20ئینجا یەرمیا بە هەموو خەڵکەکەی گوت، پیاو و ژنەکان، بە هەموو ئەو خەڵکەی بەم قسەیە وەڵامیان دایەوە:
  • 21«ئایا یەزدان بیری لەو بخوورە نەکردەوە و بەیادیدا نەهات کە لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم سووتاندتان، ئێوە و باوباپیر و پاشا و میر و هەموو گەلی خاکەکە؟
  • 22ئیتر یەزدان لەبەر کردەوە خراپەکان و شتە قێزەونەکانتان کە ئەنجامتان داوە زیاتر بەرگەی نەگرت، جا خاکەکەتان بووە ڕووخاوی و وێرانە و نەفرەت و بێ ئاوەدانی، وەک ئەمڕۆ.
  • 23لەبەر ئەوەی بخوورتان سووتاند و گوناهتان کرد لە دژی یەزدان، گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و ڕێگای فێرکردن و فەرز و یاساکانی ئەوتان نەگرتەبەر، لەبەر ئەوە تووشی ئەم بەڵایە بوون، وەک ئەمڕۆ.»
  • 24ئینجا یەرمیا بە هەموو گەل و بە تایبەتیش بە هەموو ژنەکانی گوت: «ئەی هەموو خەڵکی یەهودا، ئەوانەی کە لە خاکی میسرن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:
  • 25یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئێوە و ژنەکانتان بە قسە بەڵێنتان دا و بە ئەنجامتان گەیاند، گوتتان ”بێگومان ئێمە ئەو نەزرانەمان جێبەجێ دەکەین کە نەزرمان کردبوو بۆ شاژنی ئاسمان، بخوور دەسووتێنین و شەرابی پێشکەشکراوی پێشکەش دەکەین.“
  • «کەواتە فەرموون، بەڵێنەکانتان بهێننە دی و نەزرەکانتان بپارێزن!
  • 26بەڵام ئەی هەموو ئەو خەڵکەی یەهودا کە لە میسر نیشتەجێن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: ”من بە ناوی مەزنی خۆم سوێند دەخۆم، لەمەودوا کەس لە خەڵکی یەهودا لە هەموو خاکی میسر ناوی من بەسەر زاریدا نایەت، کە بڵێت: ’بە یەزدانی زیندووی باڵادەست.‘
  • 27ئەوەتا من بۆ خراپە نەک بۆ چاکە چاودێرییان دەکەم، جا هەموو پیاوانی یەهودا، ئەوانەی لە خاکی میسرن، بە شمشێر دەکوژرێن و بە قاتوقڕی دەمرن، هەتا ئەوەی کەسیان لێ نامێنێتەوە.
  • 28ئەوانەش کە لە شمشێر دەرباز دەبن لە خاکی میسرەوە دەگەڕێنەوە بۆ خاکی یەهودا، خەڵکانێکی کەم دەبن. ئینجا هەموو پاشماوەی یەهودا ئەوانەی هاتنە میسر تاکو لەوێ بژین، دەزانن قسەی کێ سەردەگرێت، هی من یان هی ئەوان.“»
  • 29یەزدان دەفەرموێت: «”ئەمەش نیشانەیە بۆ ئێوە، من لەم شوێنە سزاتان دەدەم، بۆ ئەوەی بزانن هەر دەبێت قسەی من سەربگرێت کە لە دژی ئێوەیە و بۆ خراپەیە.“
  • 30یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من حۆفرەعی فیرعەونی میسر دەدەمە دەست دوژمنەکانی کە دەیانەوێ بیکوژن، وەک چۆن سدقیای پاشای یەهودام دایە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەو دوژمنەی دەیویست بیکوژێت.“»

ئیرمیا ٤٥

  • 1ئەو پەیامەی یەرمیای پێغەمبەر بە باروخی کوڕی نێرییای گوت، لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کاتێک ئەم وشانەی لە دەمی یەرمیاوە لە تۆمارێکدا دەنووسییەوە:
  • 2«ئەی باروخ! یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە تۆ ئەمە دەفەرموێت:
  • 3تۆ گوتت: ”قوڕبەسەرم! چونکە یەزدان سەرەڕای ئازارم خەمیشی بۆ زیاد کردووم، لەناو ناڵاندنم لە هۆش خۆم چووم و حەوانەوەم نەبوو.“»
  • 4یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەی پێ بڵێ: ”ئەوەتا من لە هەموو ئەم خاکەدا ئەوەی بنیادم ناوە دەیڕووخێنم و ئەوەی چاندوومە ڕیشەکێشی دەکەم.
  • 5ئایا ئیتر تۆ داوای شتی گەورە بۆ خۆت دەکەیت؟ داوا مەکە، چونکە ئەوەتا من خراپە بەسەر هەموو خەڵکێکدا دەهێنم، بەڵام بۆ تۆ، ژیانت دەرباز دەبێت لە هەموو ئەو شوێنانەی بۆی دەچیت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئیرمیا ٤٦

  • 1ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە نەتەوەکان:
  • 2بۆ میسر:
  • سەبارەت بە سوپاکەی نێخۆ فیرعەون، پاشای میسر، ئەوەی لەسەر ڕووباری فورات بوو لە کەرکەمیش، کە نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا لێیدا:
  • 3«سپەر و قەڵغان ئامادە بکەن،
  • پێشکەون بۆ جەنگ!
  • 4ئەسپ زین بکەن،
  • ئەی سوارەکان، سەربکەون!
  • بە کڵاوی ئاسنینەوە لە ئامادەباشیدا بن!
  • ڕمەکان تیژ بکەن،
  • زرێیەکان بپۆشن!
  • 5چی دەبینم؟
  • ئەوان تۆقیون،
  • بەرەو پاش دەکشێنەوە،
  • پاڵەوانەکانیان بەزین.
  • بە پەلە هەڵاتن و
  • ئاوڕیشیان نەدایەوە،
  • لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 6«ئەوەی تیژڕەوە هەڵنایەت و
  • پاڵەوان دەرباز نابێت.
  • لە باکوور لەلای ڕووباری فورات
  • ساتمەیان کرد و کەوتن.
  • 7«ئەمە کێیە وەک ڕووباری نیل هەڵدەستێتەوە،
  • وەک ئەو ڕووبارانەی ئاوەکەیان شەپۆل دەدات؟
  • 8میسرە وەک ڕووباری نیل هەڵدەستێتەوە،
  • وەک ئەو ڕووبارانەی ئاوەکەیان شەپۆل دەدات.
  • دەڵێت: ”هەڵدەستم و زەوی دادەپۆشم،
  • شار و دانیشتووانەکەی لەناو دەبم.“
  • 9ئەی ئەسپەکان، سەربکەون!
  • ئەی گالیسکەکان، سەرەڕۆ بن!
  • با پاڵەوانان بەرەو پێش بچن،
  • کوش و پووت قەڵغان بەدەستن،
  • لوودییەکان تیرەکانیان لە کەوانەکانیان ڕادەکێشن.
  • 10بەڵام ئەمڕۆ ڕۆژی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار،
  • ڕۆژی تۆڵەیە، تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنانی.
  • جا شمشێر دەخوات و تێر دەبێت،
  • لە خوێنیان تێر دەخواتەوە،
  • چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، قوربانی سەربڕاو پێشکەش دەکات
  • لە خاکی باکوور لەلای ڕووباری فورات.
  • 11«سەربکەوە بۆ گلعاد و هەتووان بهێنە،
  • ئەی میسری کچە پاکیزە.
  • بەڵام بێهوودە داوودەرمان زۆر دەکەیت،
  • چاکبوونەوەت نییە.
  • 12نەتەوەکان سووکایەتی تۆیان بیستووە،
  • قیژەت دنیای پڕکردووە،
  • چونکە پاڵەوانێک ساتمە لە پاڵەوانێک دەکات،
  • هەردووکیان پێکەوە دەکەون.»
  • 13ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەزدان بە یەرمیای پێغەمبەری ڕاگەیاند، لەبارەی هێرشکردنی نەبوخودنەسری پاشای بابل بۆ سەر خاکی میسر:
  • 14«ئەمە لە میسر ڕابگەیەنن، لە شاری مگدۆل جاڕبدەن،
  • هەروەها لە مەمفیس و تەحپەنحێس، بڵێن:
  • ”وریابە و لە ئامادەباشیدا بە،
  • چونکە شمشێر دەوروبەرت دەخوات.“
  • 15بۆچی توانادارەکانت بە زەویدا دران؟
  • نەوەستان، چونکە یەزدان ئەوانی خست.
  • 16بەردەوام ساتمە دەکەن،
  • بەسەر یەکتریدا دەکەون.
  • دەڵێن: ”هەستن با بگەڕێینەوە،
  • بۆ ناو گەلەکەمان و خاکی لەدایکبوونمان،
  • دوور لە شمشێری ستەمکاری.“
  • 17لەوێ هاواریان دەکرد:
  • ”فیرعەونی پاشای میسر تەنها هاتوهەرای هەیە،
  • دەرفەتی ئەو بەسەرچوو!“»
  • 18پاشا کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە
  • دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم،
  • کەسێک دێت وەک تاڤۆرە لەنێو چیاکان،
  • وەک کارمەلە لەلای دەریاوە دێت.
  • 19ئەی دانیشتووانی میسر،
  • کەلوپەلەکانتان بۆ ڕاپێچ کۆبکەنەوە،
  • چونکە مەمفیس وێران دەبێت،
  • دەبێتە چۆڵەوانییەکی بێ ئاوەدانی.
  • 20«میسر مانگایەکی زێدە جوانە،
  • بەڵام مێشومەگەز لە باکوورە بۆی دێت.
  • 21هەروەها سەربازە بەکرێگیراوەکانت لە ڕیزەکانی جەنگ،
  • وەک جوانەگای قەڵەون،
  • چونکە ئەوانیش ڕوو وەردەگێڕن،
  • تێکڕا هەڵدێن و ناوەستن،
  • چونکە ڕۆژی کارەسات گەیشتە سەریان،
  • کاتی سزادانیان.
  • 22میسر وەک ماری هەڵاتوو فیشک دەدات،
  • چونکە دوژمنەکانی بە سوپاوە دێنە پێش،
  • هەروەک داربڕەکان
  • بە تەورەوە بۆی هاتن.
  • 23دارستانەکەی دەبڕنەوە،
  • هەرچەندە زۆر چڕە،
  • چونکە لە کوللە زۆرترن،
  • لە ژمارە نایەن.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 24«دانیشتووانی میسر شەرمەزار دەبن،
  • درانە دەست گەلی باکوور.»
  • 25یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل فەرمووی: «من خەریکم سزا دەسەپێنم، لەسەر ئامۆنی خودای شاری تیب و فیرعەون، لەسەر میسر و خوداوەندەکان و پاشاکانی، هەروەها لەسەر ئەوانەش کە پشتیان بە فیرعەون بەستووە.
  • 26دەیاندەمە دەست ئەوانەی دەیانەوێت بیانکوژن، دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دەست خزمەتکارەکانی. پاش ئەمە میسر وەک ڕۆژانی پێشتری ئاوەدان دەبێتەوە.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 27«ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
  • ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە.
  • بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم،
  • نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە.
  • یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت،
  • دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.
  • 28ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
  • چونکە من لەگەڵتدام.
  • هەرچەندە کۆتایی دەهێنم بە هەموو ئەو نەتەوانەی
  • کە بۆ ناویان پەرتەوازەم کردیت،
  • بەڵام تۆ بە تەواوی لەناو نابەم.
  • لە سزا ناتبوورم،
  • بە دادپەروەری تەمبێت دەکەم.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.

ئیرمیا ٤٧

  • 1ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە فەلەستییەکان، بەر لەوەی فیرعەون پەلاماری غەزە بدات:
  • 2یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «ئەوەتا ئاو لە باکوورەوە هەڵدەستێت و
  • دەبێتە لافاوێکی ڕاماڵ،
  • زەوی و هەرچی لەسەریەتی ڕایدەماڵێت،
  • شار و دانیشتووانەکەی.
  • خەڵکی هاوار دەکەن،
  • هەموو دانیشتووانی خاکەکە واوەیلا دەکەن
  • 3لە دەنگی تەقەی سمی ئەسپە بە تواناکانی،
  • لە خڕەی گالیسکەکانی و
  • جیڕەی چەرخەکانی.
  • باوک ئاوڕ لە کوڕ ناداتەوە
  • لەبەر شلبوونی دەستەکانی.
  • 4لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە هاتووە
  • بۆ تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان و
  • بۆ بڕینەوەی هەموو پاشماوەیەک
  • کە بتوانن پشتگیری پاشایەتی سور و سەیدا بکەن.
  • یەزدان خەریکە فەلەستییەکان تەفروتونا دەکات،
  • پاشماوەی کەناری کەفتۆر.
  • 5خەڵکی غەزە لەبەر ماتەم سەریان دەتاشن،
  • ئەسقەلان کپ دەبێت.
  • ئەی پاشماوەی خەڵکی دۆڵەکان،
  • هەتا کەی لەشی خۆتان بریندار دەکەن؟
  • 6«”ئای ئەی شمشێری یەزدان،
  • هەتا کەی پشوو نادەیت؟
  • بڕۆ ناو کێلانەکەتەوە و
  • هێدی بە و کپ بە.“
  • 7بەڵام چۆن پشوو دەدات
  • کە یەزدان فەرمانی پێکردبێت،
  • لە دژی ئەسقەلان و لە دژی کەناری دەریا،
  • لەوێ ئەرکی پێ سپارد؟»

ئیرمیا ٤٨

  • 1بۆ مۆئاب:
  • یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
  • «قوڕبەسەر نیبۆ، چونکە وێران دەبێت،
  • قیریاتەیم شەرمەزار دەبێت و دەگیرێت،
  • قەڵاکە شەرمەزار دەبێت و دەڕووخێت.
  • 2شانازی مۆئاب نامێنێت،
  • لە حەشبۆن پیلانی خراپەیان لە دژی گێڕا،
  • ”وەرن، با کۆتایی بەو نەتەوەیە بهێنین.“
  • هەروەها تۆش ئەی مەدمێن کپ دەبیت،
  • شمشێر دوات دەکەوێت.
  • 3گوێ لە دەنگی هاوار بگرن لە حۆرۆنایمەوە دێت،
  • هاواری لەناوچوون و وێرانبوونێکی گەورە.
  • 4مۆئاب تێکدەشکێت،
  • بچووکەکانی هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە.
  • 5سەردەکەون بۆ هەورازەکەی ڕێگای لوحیت،
  • بەدەم ڕێگاوە بەکوڵ دەگریێن،
  • لە ڕێگا نشێوەکەی بەرەو حۆرۆنایم
  • هاواری شکست دەبیسترێت.
  • 6هەڵێن و خۆتان دەرباز بکەن!
  • ببن بە سەرو لە چۆڵەوانی.
  • 7لەبەر پشتبەستنت بە کردار و گەنجینەکانت،
  • تۆش دەگیرێیت،
  • کەمۆش ڕاپێچ دەکرێت،
  • کاهین و پیاوە گەورەکانی پێکەوە.
  • 8وێرانکەر بۆ هەموو شارۆچکەکان دێت،
  • هیچ شارۆچکەیەک دەرباز نابێت.
  • دۆڵ لەناودەچێت،
  • دەشت وێران دەبێت،
  • وەک ئەوەی یەزدان فەرمووی.
  • 9خوێ بەسەر خاکی مۆئابدا بکەن،
  • چونکە دەبێتە چۆڵەوانی.
  • شارۆچکەکانی وێران دەبن،
  • بەبێ ئاوەدانی دەبن.
  • 10«نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە تەوەزەلی کاری یەزدان دەکات!
  • نەفرەت لێکراوە ئەوەی شمشێرەکەی لە خوێنڕشتن ڕادەگرێت!
  • 11«مۆئاب لە هەڕەتی گەنجییەوە دڵنیایە،
  • ڕاپێچیش نەکراوە،
  • وەک مەی بەسەر خڵتەکەیەوە مەنگە،
  • لە دەفرێکەوە بۆ دەفرێکی دیکە نەشڵەقاوە،
  • لەبەر ئەوە تامەکەی هەر ماوە و
  • بۆنیشی نەگۆڕاوە.
  • 12یەزدان دەفەرموێت:
  • لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت،
  • بۆ تێکدانی ئەو کەسانەی بۆ دەنێرم کە لە ئەمباری مەی ئیش دەکەن،
  • ئەوان دەیڕێژن و
  • دەفرەکانی بەتاڵ دەکەن و
  • گۆزەکانی وردوخاش دەکەن.
  • 13جا مۆئاب شەرمەزاری کەمۆش دەبێت،
  • هەروەک بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاری بێت‌ئێل بوون
  • کە پشتیان پێی بەستبوو.
  • 14«چۆن دەڵێن: ”ئێمە پاڵەوانین و
  • پیاوی بەهێزین بۆ جەنگ“؟
  • 15مۆئاب تەفروتونا دەبێت، شارۆچکەکانی داگیر دەکرێت،
  • باشترین لاوەکانی بۆ سەربڕین دادەبەزن.»
  • ئەمە فەرمایشتی پاشایە، ئەوەی ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
  • 16«لەناوچوونی مۆئاب نزیک بووەتەوە،
  • بەڵاکەی زۆر بە خێرایی دێت.
  • 17ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون، بۆی بلاوێننەوە،
  • ئەی هەموو ئەوانەی ناوبانگی دەزانن،
  • بڵێن: ”چۆن داردەستی بەهێز شکا،
  • شکۆ و دەسەڵاتی نەما!“
  • 18«لە شکۆمەندی خۆت وەرە خوارەوە و
  • لەسەر زەوی وشک دابنیشە،
  • ئەی دانیشتووانی شاری دیڤۆن،
  • چونکە تەفروتوناکەرەکەی مۆئاب
  • دێتە سەر ئێوە،
  • شارە قەڵابەندەکانی ئێوە کاول دەکات.
  • 19ئەی دانیشتووانی شاری عەرۆعێر،
  • لەسەر ڕێگا بوەستن و بڕوانن.
  • لە پیاوی هەڵاتوو و ژنی دەربازبوو بپرسن،
  • بڵێن: ”چی ڕوویدا؟“
  • 20مۆئاب ئابڕووی چوو، چونکە شکێنرا.
  • واوەیلا بکە و هاوار بکە!
  • لەلای ڕووباری ئەرنۆنەوە ڕایبگەیەنن
  • کە مۆئاب تەفروتونا بووە.
  • 21حوکمدان بەسەر زەوی دەشتەکەدا هات،
  • بەسەر حۆلۆن و یەهچا و مێفەعەت،
  • 22بەسەر دیڤۆن و نیبۆ و بێت‌دیڤلاتایم،
  • 23بەسەر قیریاتەیم و بێت‌گاموول و بێت‌مەعۆن،
  • 24بەسەر قەریۆت و بۆزرا،
  • بەسەر هەموو شارۆچکەکانی خاکی مۆئاب، دوور و نزیکەکان.
  • 25هێزی مۆئاب بڕایەوە،
  • بازووی شکا.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 26«سەرخۆشی بکەن،
  • چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
  • با مۆئاب لەناو ڕشانەوەکەی خۆی بگەوزێت،
  • ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی.
  • 27ئەی تۆ بە ئیسرائیل پێنەکەنیت؟
  • ئایا ئەو لەنێو دزان گیرا،
  • هەر کاتێک باست دەکرد،
  • سەرت دەلەقاند؟
  • 28ئەی دانیشتووانی مۆئاب،
  • شارۆچکەکان بەجێبهێڵن و لەناو بەردەکاندا نیشتەجێ بن.
  • وەک کۆتر بن کە هێلانەکەی
  • لەدەم ئەشکەوتدا دروست دەکات.
  • 29«لووتبەرزی مۆئابمان بیستووە،
  • زۆر لووتبەرزە،
  • خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و
  • فیز و شانازییەکەی لە دڵەوە.
  • 30یەزدان دەفەرموێت: من بێ شەرمی ئەوم زانیوە، بەڵام قسەی پووچە.
  • کردارە پووچەکانی بێ سوودن.
  • 31لەبەر ئەوە واوەیلا بۆ مۆئاب دەکەم،
  • بۆ سەراپای مۆئاب هاوار دەکەم،
  • بۆ پیاوانی قییر حەراسەت دەنووزێمەوە.
  • 32ئەی مێوی سیڤما،
  • وەک گریانی یەعزێر بۆت دەگریێم.
  • لقەکانت لە دەریا پەڕینەوە،
  • گەیشتنە دەریای یەعزێر.
  • تەفروتوناکەر کەوتە سەر
  • میوە پێگەیشتوو و هێشووە ترێیەکانت.
  • 33خۆشی و دڵشادی داماڵران
  • لە ڕەزەکان و لە خاکی مۆئاب.
  • شەرابم لە گوشەر ڕاگرت،
  • بە هاواری خۆشییەوە پێپەست ناکرێت،
  • ئەگەر هاوارکردن هەبێت،
  • لە خۆشیدا هاوار ناکەن.
  • 34«دەنگی هاواریان بەرزبووەوە،
  • لە حەشبۆنەوە هەتا ئەلعالێ و هەتا یەهەچ،
  • لە زۆعەرەوە هەتا حۆرۆنایم و عەگلەت شەلیشیا،
  • چونکە هەروەها ئاوی نیمریمیش وشک دەبێت.
  • 35لە مۆئاب کۆتایی دەهێنم
  • بەوانەی لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانی پێشکەش دەکەن و
  • بخوور بۆ خوداوەندەکانی دادەگیرسێنن.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 36«لەبەر ئەوە دڵم بۆ مۆئاب وەک شمشاڵ ناڵەی دێت،
  • دڵم بۆ پیاوانی قییر حەراسەت وەک شمشاڵ دەناڵێنێت،
  • چونکە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا لەناوچوو.
  • 37هەموو سەرێک تاشراوە و
  • هەموو ڕیشێک کورت کراوەتەوە،
  • هەموو دەستێک بریندار کراوە و
  • هەموو ناوقەدێک بە جلوبەرگی گوش داپۆشراوە.
  • 38لەسەر هەموو سەربانەکانی مۆئاب و
  • لە هەموو شەقامەکانی
  • جگە لە گریان هیچی دیکە نییە،
  • چونکە مۆئابم شکاند،
  • وەک گۆزەیەک کەس نەیەوێت.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 39«چۆن شکا! چۆن واوەیلا دەکەن!
  • چۆن مۆئاب لە شەرمان ڕووی وەرگێڕا!
  • مۆئاب بووە مایەی گاڵتەجاڕی و
  • ترسناکی بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەری.»
  • 40یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەفڕێت،
  • بەسەر مۆئابدا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.
  • 41قەریۆت دەگیرێت و
  • قەڵاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
  • لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانەکانی مۆئاب
  • وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
  • 42مۆئاب لەوە دەکەوێت کە ببێتە گەل،
  • چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
  • 43ئەی دانیشتووی مۆئاب،
  • ترس و چاڵ و تەڵە چاوەڕێت دەکات.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 44«ئەوەی لە ترس هەڵدێت
  • دەکەوێتە ناو چاڵەکەوە،
  • ئەوەی لە چاڵەکە دێتە دەرەوە
  • بە تەڵەکەوە دەبێت،
  • چونکە ساڵی سزادان
  • بەسەر مۆئابدا دەهێنم.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 45«لە سێبەری حەشبۆن
  • هەڵاتووەکان بە بێهێزی وەستاون،
  • چونکە لە حەشبۆنەوە ئاگرێک دەرچوو،
  • گڕێکیش لەنێو سیحۆنەوە،
  • ناوچەوانی مۆئاب و
  • کەللەسەری گەلی بە هاتوهاوار دەخوات.
  • 46قوڕبەسەرت مۆئاب!
  • خەڵکی کەمۆش لەناوچوو،
  • کوڕەکانی تۆیان ڕاپێچ کرد و
  • کچەکانت بە دیل بردران.
  • 47«بەڵام لە ئاییندەدا،
  • ڕاپێچکراوەکانی مۆئاب دەگەڕێنمەوە.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • ئێرە کۆتایی حوکم بەسەردادانی مۆئابە.

ئیرمیا ٤٩

  • 1بۆ عەمۆنییەکان:
  • یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
  • «ئایا ئیسرائیل کوڕی نییە،
  • یان میراتگری نییە؟
  • بۆچی مۆلەخ گاد داگیر بکات و
  • گەلەکەشی لەناو شارۆچکەکانی ئەودا نیشتەجێ بن؟»
  • 2یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا ڕۆژێک دێت،
  • وا دەکەم لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان،
  • نەعرەتەی جەنگ ببیسترێت،
  • جا دەبێتە گردێکی وێران و
  • شارۆچکەکانیشی بە ئاگر دەسووتێن،
  • ئیسرائیلیش داگیرکەرانی خۆی داگیر دەکات.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 3«ئەی حەشبۆن واوەیلا بکە، چونکە عای تەفروتونا بوو!
  • ئەی دانیشتووانی ڕەبە هاوار بکەن!
  • بەرگی لە گوش دروستکراو لەبەر بکەن و شین بگێڕن،
  • بەناو شووراکانیدا بسووڕێنەوە،
  • چونکە مۆلەخ ڕاپێچ دەکرێت،
  • خۆی و کاهین و پیاوە گەورەکانی.
  • 4بۆ شانازی بە دۆڵەکانتەوە دەکەیت؟
  • بۆ شانازی بە دۆڵە پڕ...