
Season 39 · Episode 13
ئیرمیا ٢٣: ١٦ - ٢٦: ١٣
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
April 13, 202521m 5s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ئیرمیا ٢٣: ١٦ - ٢٦: ١٣
- 16یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
- «گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێشبینیتان بۆ دەکەن،
- چونکە ئەوان تەفرەتان دەدەن.
- لە خەیاڵی بیری خۆیانەوە دەدوێن،
- نەک لەسەر زمانی یەزدانەوە.
- 17ئەوانەی سووکایەتی بە من دەکەن، دەڵێن،
- ”یەزدان دەفەرموێت، ئاشتیتان بۆ دەبێت.“
- هەروەها هەموو ئەوانەی بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتوون، دەڵێن،
- ”خراپەتان بەسەرنایەت.“
- 18بەڵام کامیان لە ئەنجومەنی یەزدان ڕاوەستا و
- بینی و گوێی لە فەرموودەکانی بوو؟
- کامیان فەرموودەکانی بیست و گوێی لێ گرت؟
- 19ئەوەتا ڕەشەبای یەزدان
- لە تووڕەییدا هەڵدەچێت،
- گەردەلوولێکی ڕاماڵە
- لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
- 20تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە
- هەتا نیازەکانی دڵی خۆی
- بە تەواوی جێبەجێ نەکات.
- لە داهاتوودا
- بە ڕوونی تێی دەگەن.
- 21من ئەو پێغەمبەرانەم نەنارد،
- بە پەلە پەیامیان ڕاگەیاند،
- من قسەم لەگەڵیان نەکرد،
- کەچی خۆیان پێشبینییان کرد.
- 22بەڵام ئەگەر لە ئەنجومەنی مندا بووەستابان،
- فەرموودەکانی منیان بە گەلەکەم ڕادەگەیاند و
- لە ڕێگا خراپەکانیان و
- لە خراپەی کردەوەکانیان دەیانگێڕانەوە.
- 23«ئایا من تەنها لە نزیکەوە خودام و
- لە دوورەوە خودا نیم؟»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 24«یان کەس هەیە لە پەناگا خۆی بشارێتەوە و
- من نەیبینم؟
- ئایا من ئاسمان و زەوی پڕناکەمەوە؟»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 25«گوێم لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە بوو کە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، دەڵێن: ”خەونم بینی! خەونم بینی!“
- 26هەتا کەی ئەمە لە دڵی ئەو پێغەمبەرە درۆزنانە دەبێت کە بە خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینی بکەن؟
- 27بەو خەونانەی بۆ یەکتری دەگێڕنەوە وای لێک دەدەنەوە ناوی من لەبیری گەلەکەم ببەنەوە، وەک چۆن باوباپیرانیان لەبەر پەرستنی بەعل ناوی منیان لەبیرچوو.
- 28با ئەو پێغەمبەرەی خەونی هەیە خەونەکەی بگێڕێتەوە، بەڵام با ئەوەی فەرموودەی منی لەلایە بە دڵسۆزییەوە فەرموودەی من ڕابگەیەنێت! گەنم و کا زۆر لە یەکتری جیاوازن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 29«ئایا فەرموودەکانم وەک ئاگر نین؟ وەک چەکوش بەرد وردوخاش ناکەن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 30یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی فەرموودەکان لە یەکتری دەدزن، جا دەڵێن کە لە منەوە هاتووە.
- 31ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی زمانیان دەخەنەگەڕ و ڕایدەگەیەنن: ”ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“
- 32ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم کە بە خەونی درۆوە پێشبینی دەکەن، ئەوانەی بە شانازییەوە درۆکانیان دەگێڕنەوە و گەلەکەم گومڕا دەکەن، بەڵام من نە ناردوومن و نە فەرمانم پێکردوون. هیچ سوودێکیش بەم گەلە ناگەیەنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 33«کاتێک ئەم گەلە یان پێغەمبەر یان کاهینێک لێت دەپرسێت: ”سروشی یەزدان چییە؟“ پێیان بڵێ: ”سروشی چی؟ یەزدان دەفەرموێت: من لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە.“
- 34هەرکەسێک، پێغەمبەر یان کاهین یان لە گەل، ئەگەر وا بڵێت: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ خۆی و ماڵەکەی سزا دەدەم.
- 35ئاوا بە یەکتری دەڵێن، هەریەکە بە برادەرەکەی و هەریەکە بە براکەی: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“
- 36بەڵام چیتر باسی ”سروشی یەزدان“ ناکەن، چونکە هەرکەسە و قسەکەی خۆی دەبێت بە سروشەکەی، ئێوە دەستکاری فەرموودەکانی خودای زیندووتان کرد، فەرموودەکانی خودامان، یەزدانی سوپاسالار.
- 37ئاوا بە هەر پێغەمبەرێک دەڵێیت: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“
- 38هەرچەندە وا بڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی ئەم قسەیە دەکەن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ هەرچەندە من بۆم ناردوون کە وا نەڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“
- 39لەبەر ئەوە بە تەواوی لەبەردەمی خۆم هەڵتاندەگرم و لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە، خۆتان و ئەم شارەش کە بە خۆتان و باوباپیرانتانم داوە.
- 40ڕیسواییەکی هەتاهەتایی و سەرشۆڕییەکی هەتاهەتاییتان لەسەر دادەنێم کە هەرگیز لەیاد نەچێت.»
ئیرمیا ٢٤
- 1پاش ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل، یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچ کرد و هەموویانی هێنایە بابل، یەزدان دوو سەبەتە هەنجیری پیشاندام کە لەبەردەم پەرستگای یەزدان دانراون.
- 2یەکێک لە سەبەتەکان هەنجیرەکەی زۆر باش بوو وەک هەنجیری یەکەم بەر، لە سەبەتەکەی دیکەشدا هەنجیرێکی زۆر خراپ، لە خراپیدا نەدەخورا.
- 3جا یەزدان پێی گوتم: «یەرمیا، چی دەبینیت؟»
- منیش گوتم: «هەنجیر. هەنجیرە باشەکە زۆر باشە، هەنجیرە خراپەکەش زۆر خراپە، لە خراپیدا ناخورێت.»
- 4ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
- 5«یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”وەک ئەو هەنجیرە باشە، من ڕاپێچکراوەکانی یەهودا بە باش دادەنێم، ئەوەی لەم شوێنەوە ناردم بۆ خاکی بابلییەکان.
- 6چاوم دەخەمە سەریان بۆ چاکە و دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە و بنیادیان دەنێم و نایانڕووخێنم، دەیانچێنم و ڕیشەکێشیان ناکەم.
- 7دڵێکیان دەدەمێ بۆ ناسینم، کە من یەزدانم و ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دەگەڕێنەوە لام.“»
- 8یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”وەک ئەو هەنجیرە خراپەش کە لە خراپیدا ناخورێت، ئاوا هەڵسوکەوت لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی و پاشماوەی ئۆرشەلیمدا دەکەم، ئەوانەی لەم خاکەدا ماونەتەوە و ئەوانەی لە خاکی میسر نیشتەجێن.
- 9هەموو شانشینەکانی زەوی لێیان دەتۆقن و دەیانکەمە بەڵا و ڕیسوایی و پەند و گاڵتەجاڕی و نەفرەت لە هەموو ئەو شوێنانەی دەریاندەکەم بۆی.
- 10شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە سەریان، هەتا بە تەواوی لەناودەچن لەسەر ئەو خاکەی دامە خۆیان و باوباپیرانیان.“»
ئیرمیا ٢٥
- 1ئەو پەیامەی لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کە دەکاتە ساڵی یەکەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا بۆ یەرمیا هات.
- 2ئەوەی یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا و بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم ڕایگەیاند:
- 3«لە ساڵی سێزدەیەمینی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهوداوە هەتا ئەمڕۆ، ئەم بیست و سێ ساڵە، فەرمایشتی یەزدانم بۆ دەهات و منیش بەردەوام قسەم لەگەڵ کردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت.
- 4«یەزدانیش بەردەوام هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆی بۆ ناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت و گرنگیتان پێنەدا.
- 5پێیان گوتن: ”لە ڕەفتارە ناشیرین و کردەوە خراپەکانتان بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی نیشتەجێ بن لەسەر ئەو خاکەی کە یەزدان داویەتییە ئێوە و باوباپیرانتان، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
- 6شوێنی خوداوەندەکانی دیکە مەکەون بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن. بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم مەکەن و منیش سزاتان نادەم.“»
- 7یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام گوێتان لێم نەگرت، بۆ ئەوەی بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم بکەن، بەخۆتان سزاتان بۆ سەر خۆتان هێنا.»
- 8لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئێوە گوێتان لە قسەی من نەگرت،
- 9ئەوەتا دەنێرم و هەموو خێڵەکانی باکوور کۆدەکەمەوە، هەروەها نەبوخودنەسری خزمەتکارم، پاشای بابل، جا دەیانهێنمە سەر ئەم خاکە و سەر دانیشتووانەکەی و سەر هەموو ئەو نەتەوانەی دەوروبەری. بە تەواوی قڕیان دەکەم، دەیانکەمە پەند و تانە و تەشەر و وێرانییەکی هەتاهەتایی.
- 10دەنگی بەزم و شادی، دەنگی بووک و زاوا، دەنگی دەستاڕ و ڕووناکی چرایان ناهێڵم.
- 11هەموو ئەم خاکە دەبێتە وێرانەیەکی چۆڵ، ئەم نەتەوانەش حەفتا ساڵ خزمەتی پاشای بابل دەکەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 12یەزدان دەفەرموێت: «کە حەفتا ساڵەکە تەواو بوو، سزای پاشای بابل و ئەو نەتەوەیە دەدەم، لەسەر تاوانەکانیان، سزای خاکی بابلییەکانیش دەدەم و دەیکەمە چۆڵەوانییەکی هەتاهەتایی.
- 13هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە، ئەوەی یەرمیا سەبارەت بە هەموو ئەم نەتەوانە پێشبینیی کرد، هەموو ئاگادارکردنەوەیەکی تێدا هاتووە کە سەبارەت بەو خاکە فەرموومە پەیڕەوی دەکەم،
- 14چونکە ئەوانیش دەبنە کۆیلەی زۆر نەتەوە و پاشای گەورە، بەگوێرەی کردەوە و کارەکانی خۆیان سزایان دەدەمەوە.»
- 15یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئاوای بە من فەرموو: «جامی شەرابی ئەم تووڕەییە لە دەستم وەربگرە و دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەی بدە کە من دەتنێرم بۆ لایان.
- 16کاتێک دەیخۆنەوە، بەلادادێن و شێت دەبن لەبەر ئەو شمشێرەی کە من دەینێرمە ناویان.»
- 17منیش جامەکەم لە دەستی یەزدان وەرگرت، دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەم دا کە یەزدان ناردمی بۆیان:
- 18بۆ ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا و پاشا و پیاوە گەورەکانی، تاکو وێران بن و ببنە پەند و مایەی تانە و تەشەر و نەفرەت لێکردن، هەروەک ئێستا؛
- 19بۆ فیرعەونی پاشای میسر و خزمەتکار و پیاوە گەورەکانی و هەموو گەلەکەی
- 20و هەموو بێگانەکانی ئەوێ؛
- بۆ هەموو پاشاکانی خاکی عوچ؛
- بۆ هەموو پاشاکانی خاکی فەلەستییەکان؛ ئەسقەلان و غەزە و عەقرۆن و پاشماوەی ئەشدۆد؛
- 21بۆ ئەدۆم و مۆئاب و عەمۆنییەکان؛
- 22بۆ هەموو پاشاکانی سور و هەموو پاشاکانی سەیدا؛
- بۆ پاشاکانی کەنارەکان، ئەوانەی لەوبەری دەریان؛
- 23بۆ دیدان و تێما و بووز و هەموو قژبڕاوەکان؛
- 24بۆ هەموو پاشاکانی عەرەبستان و سەرکردەی هەموو هۆزەکانی نیشتەجێی بیابان؛
- 25بۆ هەموو پاشاکانی زیمری و ئیلام و میدیا؛
- 26بۆ هەموو پاشاکانی باکوور، نزیک و دووریان، یەک لەدوای یەک؛ بۆ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی.
- لەدوای هەموویانەوە، هەروەها پاشای شێشەخ ئەو جامە دەخواتەوە.
- 27«پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بخۆنەوە و سەرخۆش بن و بڕشێنەوە، بکەون و هەڵمەستنەوە لەبەر ئەو شمشێرەی من دەینێرمە ناوتان.“
- 28ئەگەر ڕازی نەبوون جامەکە لە دەستت وەربگرن بۆ ئەوەی بیخۆنەوە، پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: دەبێت بیخۆنەوە!
- 29ئەوەتا ئەو شارەی ناوی منی هەڵگرتووە، من دەستم پێکردووە بەڵای بەسەردا بهێنم، ئیتر ئایا ئێوە بێ سزا دەبن؟ نەخێر بێ سزا نابن! چونکە من شمشێر دەهێنمە سەر هەموو دانیشتووانی زەوییەکە.“ ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
- 30«تۆش هەموو ئەو پەیامەی من لە دژی ئەوان ڕابگەیەنە و پێیان بڵێ:
- «”یەزدان لە ئاسمان دەنەڕێنێت،
- لە نشینگەی پیرۆزیەوە دەنگ هەڵدەبڕێت و
- بەهێز بەسەر خاکی خۆیدا دەنەڕێنێت.
- وەک ئەوانەی ترێ پێپەست دەکەن بە هوتافەوە هاوار دەکات
- بەسەر هەموو دانیشتووانی زەوی.
- 31هاتوهاوار گەیشتە ئەوپەڕی زەوی،
- چونکە یەزدان سکاڵا لە نەتەوەکان دەکات،
- دادوەری هەموو ئادەمیزاد دەدات و
- بەدکارەکان دەداتە بەر شمشێر.“»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 32یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
- «ئاگاداربن! بەڵا بڵاو دەبێتەوە
- لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک،
- گەردەلوولێکی گەورە هەڵدەکات
- لەوپەڕی زەوییەوە.»
- 33لەو ڕۆژەدا، ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن لەمپەڕی زەوییەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی دەبن، شیوەنیان بۆ ناگێڕدرێت و کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە.
- 34ئەی شوانەکان، واوەیلا و هاوار بکەن!
- ئەی سەرپەرشتیارانی مێگەل، خۆتان بگەوزێنن،
- چونکە کاتتان هاتووە بۆ سەربڕین،
- وەک گۆزەیەکی بە نرخ دەکەون و تێکدەشکێنرێن.
- 35پەناگا بۆ شوانەکان نامێنێت،
- دەربازبوونیش بۆ سەرپەرشتیارانی مێگەل.
- 36گوێ بگرە لە هاواری شوانەکان و
- واوەیلای سەرپەرشتیارانی مێگەل،
- چونکە یەزدان لەوەڕگاکانیان تێکدەدات.
- 37مێرگەکانی ئاشتی لەناودەچن
- لەبەر جۆشی تووڕەیی یەزدان.
- 38ئەو وەک بەچکە شێر لانەی خۆی بەجێدەهێڵێت،
- چونکە خاکەکە وێران دەبێت
- لەبەر شمشێری ستەمکار و
- لەبەر جۆشی تووڕەیی یەزدان.
ئیرمیا ٢٦
- 1لە سەرەتای پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەو پەیامەم لەلایەن یەزدانەوە بۆ هات:
- 2«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لە حەسارەکەی ماڵی یەزدان بوەستە و ئەو پەیامە بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا ڕابگەیەنە، کاتێک دێنە ماڵی یەزدان بۆ کڕنۆش بردن. ئەو پەیامەی کە فەرمانم پێ کردیت یەک وشەی لێ کەم نەکەیتەوە.
- 3بەڵکو گوێیان لێ بێت و بگەڕێنەوە، هەریەکە و لە ڕێگا خراپەکانی، منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بە نیاز بووم لەبەر خراپی کردەوەکانیان بەسەریان بهێنم.
- 4پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر گوێ لە من نەگرن و فێرکردنەکەم پەیڕەو نەکەن کە لەبەردەمی ئێوە دامناوە،
- 5هەروەها ئەگەر گوێ لە قسەی بەندە پێغەمبەرەکانم نەگرن، ئەوانەی من بە بەردەوامی بۆم دەناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت،
- 6ئەوا ئەم ماڵە وەک شیلۆ لێ دەکەم و ئەم شارەش دەکەم بە مایەی نەفرەت بۆ هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی.“»
- 7جا کاهینەکان و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل گوێیان لێ بوو یەرمیا لە ماڵی یەزدان ئەم پەیامەی ڕاگەیاند.
- 8کاتێک یەرمیا لە قسەکردن بووەوە، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکردبوو بە هەموو گەلی ڕابگەیەنێت، کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل گرتییان و گوتیان: «دەبێ بمریت!
- 9بۆچی بە ناوی یەزدانەوە پێشبینیت کرد و گوتت کە ئەم ماڵە وەک شیلۆی لێدێت، ئەم شارەش وێران دەبێت و ئاوەدانی تێدا نابێت؟» ئینجا هەموو گەل لە ماڵی یەزدان لە یەرمیا کۆبوونەوە.
- 10کاتێک پیاوە گەورەکانی یەهودا گوێیان لەم قسانە بوو، لە کۆشکی پاشاوە سەرکەوتن بۆ ماڵی یەزدان، لەلای داڵانی دەروازە نوێیەکەی ماڵی یەزدان دانیشتن.
- 11ئینجا کاهین و پێغەمبەرەکان بە پیاوە گەورەکان و بە هەموو گەلیان گوت: «ئەم پیاوەیە شایانی حوکمی مردنە، چونکە پێشبینی خراپی لەسەر ئەم شارە کردووە، هەروەک بە گوێی خۆتان گوێتان لێ بوو!»
- 12یەرمیاش بە پیاوە گەورەکان و هەموو گەلی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ماڵە و ئەم شارە پێشبینی بکەم، بە هەموو ئەو وشانەی گوێتان لێ بوو.
- 13ئێستاش ڕەفتار و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن، ئەویش پاشگەز دەبێتەوە لەو بەڵایەی سەبارەت بە ئێوە فەرموویەتی.