
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ئهیوب ١:٣١-٣:٣٢
- 1«پەیمانم لەگەڵ چاوەکانم بەست،
- ئیتر چۆن تەماشای پاکیزەیەک بکەم؟
- 2بەشی ئێمە لە خودا لە سەرەوە چییە،
- چ میراتێکمان هەیە لە توانادارەکەی ئاسمان؟
- 3ئایا کارەسات بۆ بەدکار و
- بەڵا بۆ خراپەکار نییە؟
- 4ئایا ئەو تەماشای ڕێگای من ناکات و
- هەموو هەنگاوەکانم ناژمێرێت؟
- 5«ئەگەر لەگەڵ درۆ ملی ڕێم گرتبێتەبەر
- یان پێیەکانم پەلەیان کردبێت بەرەو فێڵ،
- 6با خودا لە تەرازووی ڕاستودروستیدا بمکێشێت و
- بزانێت کە کەموکوڕیم نییە.
- 7ئەگەر هەنگاوەکانم لە ڕێچکە لایانداوە،
- ئەگەر دڵم بەدوای چاوم کەوتووە،
- یان ئەگەر کردەوەکانم دەستەکانی منیان گڵاو کردووە،
- 8ئەوا ئەوەی من چاندم با کەسانی دیکە بیخۆن،
- با لقەکانم ڕیشەکێش بکرێن.
- 9«ئەگەر دڵم بەلای ژنێکدا فریوی خواردووە،
- یان لە بەردەرگای دراوسێکەم بۆسەم داناوە،
- 10با ژنەکەم دانەوێڵەی پیاوێکی دیکە بهاڕێت و
- با خەڵکانی دیکە بەسەریدا بچەمێنەوە.
- 11لەبەر ئەوەی ئەمە بێ ناموسییە،
- تاوانە و پێویستە دادگایی بکرێت.
- 12ئاگرێکە هەتا لەناوچوون دەخوات و
- هەموو دروێنەکەم ڕیشەکێش دەکات.
- 13«ئەگەر مافی خزمەتکار و کارەکەرەکەم ڕەت کردووەتەوە
- کاتێک لە دژی من سکاڵایان کردووە،
- 14ئەو کاتە چی بکەم لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ خودا؟
- ئەگەر لێکۆڵینەوەم لەگەڵ بکرێت بە چی وەڵامی بدەمەوە؟
- 15ئایا دروستکەری من لە سکدا دروستکەری ئەوانیش نییە؟
- ئایا شێوەکێشمان لە سکی دایک یەک نییە؟
- 16«ئەگەر هەژارانم لە مرازی خۆیان قەدەغە کردبێت
- یان چاوی بێوەژنم فەوتاندبێت،
- 17یان پارووەکەی خۆم بە تەنها خواردبێت،
- کە هەتیو لێی نەخواردبێت،
- 18بەڵام لە گەنجیمەوە وەک باوک بە هەتیوی بەخێوم کردووە و
- لە سکی دایکمەوە ڕێنمایی بێوەژنم کردووە.
- 19ئەگەر فەوتاوێکم بینیبێت لەبەر نەبوونی جل
- یان نەدارێکی بێ بەرگ،
- 20کە بە کەوڵی مەڕەکەم خۆیان گەرم نەکردووەتەوە
- ئیتر لە دڵیانەوە داوای بەرەکەتیان بۆ نەکردووم،
- 21ئەگەر پەیوەندیم لەگەڵ کاربەدەستانم بەکارهێناوە
- بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکەمە سەر هەتیو،
- 22با شانم لە ئەستۆم بەربێتەوە و
- با قۆڵم لە جومگەکەیەوە بشکێت.
- 23لەبەر ئەوەی کارەسات لە خوداوە بەلامەوە تۆقێنەرە و
- لە ترسی شکۆیەکەی نەمتوانی شتی وا بکەم.
- 24«ئەگەر پشتم بە زێڕی خۆم بەستووە و
- ئەگەر بە زێڕی بێگەردم گوت: ”تۆ پاڵپشتی منی،“
- 25ئەگەر دڵخۆش بووم کە سامانەکەم زۆر بوو و
- لەبەر ئەوەی زۆریان بەدەستهێناوە،
- 26ئەگەر تەماشای ڕووناکی خۆرم کردووە کاتێک درەوشاوەتەوە،
- یان مانگ کاتێک بە جوانییەوە دەڕوات
- 27تاوەکو دڵم بە نهێنی فریودراو و
- دەستم دەمی داپۆشی،
- 28ئەوا ئەمانەش تاوان دەبن و دەدرێن بە دادگا،
- چونکە ئەگەر شتی وام بکردایە ناپاک دەبووم بەرامبەر بە خودا لە سەرەوە.
- 29«ئەگەر بە بەڵای ناحەزەکەم دڵخۆش بووم
- یان بزەم گرت کە تووشی خراپە بوو،
- 30بەڵکو نەمهێشت مەڵاشووم گوناه بکات
- بەوەی کە بە نەفرەتەوە داوای ژیانی ئەو بکات؛
- 31ئەگەر کەسانی ناو چادرەکەم هەرگیز نەیانگوتایە،
- ”کێ یەکێک دەهێنێت لە خواردنەکەی ئەیوب تێری نەخواردبێت؟“
- 32ئاوارەیەک لە دەرەوە شەوی بەسەرنەبرد،
- دەرگای ماڵەکەم بۆ ڕێبوار کردەوە.
- 33ئەگەر وەک خەڵکی دیکە یاخیبوونی خۆم داپۆشیوە،
- بە شاردنەوەی تاوانەکانم لە باوەشی خۆم،
- 34بەهۆی ئەوەی لە قسەی خەڵک ترساوم،
- لە سووکایەتی پێکردنی خێڵەکان تۆقیوم،
- لەبەر ئەوەیە کە بێدەنگم و لە ماڵەوە دانیشتووم.
- 35«خۆزگە یەکێک دەبوو گوێی لێم دەگرت!
- ئەوەتا مۆری من، با خودای هەرە بەتوانا وەڵامم پێ بداتەوە؛
- ئەوەی سکاڵا لە من دەکات با سکاڵانامەکەی پێشکەش بکات.
- 36بێگومان لەسەر شانم هەڵمدەگرت،
- دەمبەست وەک تاج بەسەرمەوە.
- 37ژمارەی هەنگاوەکانی خۆم پێی دەگوت،
- پێشکەشیشم دەکرد وەک بۆ فەرمانڕەوایەک.
- 38«ئەگەر زەوییەکەم هاواری کردووە لە دژی من و
- هەموو هێڵی جووتەکانی بە فرمێسک تەڕ دەبێت،
- 39ئەگەر بەروبوومەکەی ئەوم بەبێ پارە خواردووە
- یان گیانی کرێچییەکانیم کوژاندووەتەوە،
- 40با لە جێی گەنم دڕک بڕووێت و
- لە جێی جۆ زیوان.»
- وشەکانی ئەیوب تەواو بوون.
ئهیوب ٣٢
- 1ئیتر ئەو سێ پیاوە وازیان لە وەڵامدانەوەی ئەیوب هێنا، چونکە ئەو خۆی بە ڕاست دەزانی.
- 2بەڵام ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی لە هۆزی ڕام لە ئەیوب تووڕە بوو. تووڕەیی جۆشا، چونکە ئەیوب خۆی بە بێتاوان دادەنا و گلەیی لە خودا دەکرد.
- 3لە سێ هاوڕێکەشی تووڕە بوو، چونکە لەگەڵ ئەوەی نەیاندەتوانی بە هیچ شێوەیەک بەرپەرچی ئەیوب بدەنەوە، ئەیوبیان تاوانبار کرد.