PLAY PODCASTS
یه‌كه‌م هه‌واڵی ڕۆژان ٢١: ١٤ - ٢٢: ٩
Season 20 · Episode 9

یه‌كه‌م هه‌واڵی ڕۆژان ٢١: ١٤ - ٢٢: ٩

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

March 21, 202418m 45s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

یه‌كه‌م هه‌واڵی ڕۆژان ٢١: ١٤ - ٢٢: ٩

  • 14لەبەر ئەوە یەزدان دەردی خستە ناو ئیسرائیلەوە، ئیتر حەفتا هەزار پیاو لە ئیسرائیل مردن.
  • 15هەروەها خودا فریشتەیەکی بۆ سەر ئۆرشەلیم نارد بۆ ئەوەی وێرانی بکات، کاتێک وێرانی دەکرد، یەزدان تەماشای کرد و کارەساتەکەی ڕاگرت، بە فریشتە وێرانکەرەکەی فەرموو: «بەسە! ئێستا دەست هەڵبگرە!» فریشتەکەی یەزدان لەو کاتەدا لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی ڕاوەستابوو.
  • 16داود سەری هەڵبڕی و بینی فریشتەکەی یەزدان لەنێوان زەوی و ئاسماندا ڕاوەستاوە، شمشێرەکەی بەدەستەوەیە و بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕایکێشاوە. داود و ئەو پیرانەی کە جلوبەرگی گوشیان پۆشیبوو بەسەر ڕوویاندا کەوتن.
  • 17داود بە خودای گوت: «ئایا من نەبووم کە فەرمانم دا سەرژمێری گەل بکەن؟ منم ئەوەی کە گوناهم کردووە، لە ڕاستیدا من خراپەم کرد، بەڵام ئەم مەڕانە چییان کردووە؟ ئەی یەزدان، خودای من، تکایە با سزاکەت بۆ من و بنەماڵەکەم بێت، نەک ئەم دەردە لەسەر گەلەکەت بەردەوام بێت.»
  • 18ئینجا فریشتەکەی یەزدان بە گادی فەرموو، کە بە داود بڵێت، با داود سەربکەوێت و لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی قوربانگایەک بۆ یەزدان دابمەزرێنێت.
  • 19داودیش بەپێی قسەکەی گاد کە بە ناوی یەزدانەوە گوتی، سەرکەوت.
  • 20لە کاتێکدا ئەرەونا گەنمی دەکوتا، ئاوڕی دایەوە و فریشتەکەی بینی، چوار کوڕەکەی ئەرەونا کە لەگەڵیدا بوون خۆیان شاردەوە.
  • 21پاشان داود بەرەو لای ئەرەونا هات، ئەرەونا چاوی هەڵبڕی بینی کە داود بەرەو لای ئەو دێت، لە جۆخینەکە چووە دەرەوە، کڕنۆشی بۆ داود برد و سەری خستە سەر زەوی.
  • 22داود بە ئەرەونای گوت: «شوێنی جۆخینەکەم بدەرێ تاکو قوربانگایەک بۆ یەزدان بنیاد بنێم و دەردەکە لە کۆڵ گەل ببێتەوە، بە نرخی تەواوی خۆی بمدەرێ.»
  • 23ئەرەوناش بە داودی گوت: «بۆ خۆتی ببە و با پاشای گەورەم چی بە چاک دەزانێت ئەوە بکات. تەماشا بکە. ئەوە گا بۆ قوربانی سووتاندن و جەنجەڕ بۆ دار و گەنمەکەش بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە. هەمووی دەدەم.»
  • 24بەڵام داودی پاشا بە ئەرەونای گوت: «نەخێر، بەڵکو بە نرخی تەواوی خۆی دەیکڕم، چونکە ئەوەی هی تۆیە نایبەم بۆ یەزدان، قوربانی سووتاندنی بەخۆڕایی سەر ناخەم.»
  • 25لەبەر ئەوە داود بەرامبەر بە شوێنەکە شەش سەد شاقل زێڕی دایە ئەرەونا.
  • 26داود لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەرخست. لە یەزدان پاڕایەوە، ئەویش بە ئاگر لە ئاسمانەوە بۆ سەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن وەڵامی دایەوە.
  • 27پاشان یەزدان فەرمانی بە فریشتەکە کرد و ئەویش شمشێرەکەی گەڕاندەوە ناو کێلانەکەی.
  • 28لەو کاتەدا کە داود بینی یەزدان لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی وەڵامی دایەوە، لەوێدا قوربانی سەربڕی.
  • 29لەو کاتەدا چادرەکەی پەرستنی یەزدان کە موسا لە چۆڵەوانیدا دروستی کردبوو، لەگەڵ قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن، لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوون.
  • 30بەڵام داود نەیتوانی بچێتە بەردەمی هەتا پرسیار لە خودا بکات، چونکە لە شمشێرەکەی فریشتەی یەزدان دەترسا.

یه‌كه‌م هه‌واڵی ڕۆژان ٢٢

  • 1ئینجا داود گوتی: «ئێرە ماڵی یەزدانی پەروەردگارە، هەر ئێرەش قوربانگای قوربانی سووتاندنی ئیسرائیلە.»
  • 2ئیتر داود فەرمانی دا بە کۆکردنەوەی ئەو نامۆیانەی لە خاکی ئیسرائیل بوون، هەندێکی لێ کردنە نەقاڕ بۆ تاشینی بەردی چوارگۆشەیی بۆ بنیادنانی ماڵی خودا.
  • 3داود ئاسنێکی زۆری بۆ بزمار و ئەڵقەڕیزی دەرگاکان ئامادە کرد، بڕۆنزێکی زۆری لەکێش نەهاتووشی ئامادە کرد.
  • 4هەروەها داری ئورزیشی ئامادە کرد کە لە ژمارە نەدەهات، چونکە سەیدائییەکان و سورییەکان دار ئورزێکی زۆریان بۆ داود هێنا.
  • 5داود گوتی: «سلێمانی کوڕم منداڵە و پێنەگەیشتووە، ئەم ماڵەش کە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت دەبێت لەبەرچاوی هەموو گەلان زۆر گەورە و بەناوبانگ و شکۆدار بێت، لەبەر ئەوە من ئێستا ئامادەکاری بۆ دەکەم.» جا داود بەر لە مردنی ئامادەکارییەکی زۆری بۆ کرد.
  • 6پاشان سلێمانی کوڕی بانگکرد و ڕایسپارد کە ماڵێک بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت.
  • 7داود بە سلێمانی گوت: «کوڕی خۆم، من لە دڵمدا بوو ماڵێک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم.
  • 8بەڵام فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: ”تۆ خوێنێکی زۆرت ڕشتووە و جەنگی گەورەشت کردووە، لەبەر ئەوە ماڵ بۆ ناوەکەم دروستناکەیت، چونکە لەبەردەمم خوێنێکی زۆرت ڕشتووەتە سەر زەوی.
  • 9بەڵام کوڕێکت دەبێت، دەبێتە پیاوی ئاشتی و حەسانەوە، لە هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری دەیحەسێنمەوە. ناوی سلێمان دەبێت، لە ماوەی پاشایەتی ئەودا ئاشتی و ئارامی بە ئیسرائیل دەبەخشم.