
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
حزقیال ٧: ١ - ٨: ٤
- 1هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە بە خاکی ئیسرائیل دەفەرموێت:
- «”کۆتایی! کۆتاییەکە هات!
- هەر چوار لای خاکەکەی گرتەوە.
- 3ئێستاش کۆتاییەکەت نزیک بووەتەوە،
- تووڕەییم بەسەرتدا دەبارێنم.
- بەگوێرەی ڕەفتارەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و
- سزای هەموو نەریتە قێزەونەکانت دەدەمەوە.
- 4جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و
- دەستم لێت ناپارێزم،
- بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم،
- سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش دەدەم کە لەنێوتان دەکرێن.
- ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“
- 5«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
- «”بەڵایەک دێت!
- بەڵایەک لەمەوپێش لە وێنەی نەبووە!
- 6کۆتاییەکە هات!
- کۆتاییەکە هات!
- ئاوڕی لێت دایەوە،
- ببینە، وا هات!
- 7ئەی دانیشتووی خاکەکە نۆرە گەیشتە سەرت،
- کاتەکەی هات و ڕۆژەکە نزیک بووەتەوە،
- لەسەر چیاکان هاتوهەرایە،
- نەک هاواری خۆشی.
- 8ئێستا بەم زووانە تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و
- هەڵچوونی خۆم هەڵدەڕێژم،
- بەپێی کردەوەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و
- لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکان سزات دەدەم.
- 9جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و
- دەستم لێت ناپارێزم،
- بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم،
- سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش کە لەنێوتان دەکرێن.
- ئیتر دەزانن کە من یەزدانم لێتان دەدەم.
- 10«”ئەوەتا ڕۆژەکە!
- ئەوەتا هات!
- چەرخ سووڕایەوە،
- داردەست گوڵی کرد،
- لووتبەرزی چرۆی کرد!
- 11ستەم بووە داردەستی خراپە،
- نە خۆیان و نە سامانیان و
- نە هاتوهەرایان دەمێنێت،
- شکۆیان نامێنێت.
- 12کاتەکە هاتووە!
- ڕۆژەکە گەیشتووە!
- ئینجا نە کڕیار دڵخۆش دەبێت و
- نە فرۆشیار خەمبار دەبێت،
- چونکە تووڕەیی لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.
- 13فرۆشیار تەمەنی هەرچەند بێت
- فرۆشراو وەرناگرێتەوە،
- چونکە ئەو پەیامەی خودا
- بۆ هەموو خەڵکەکەیە ناگەڕێتەوە،
- مرۆڤیش لەبەر تاوانەکەی
- ناتوانێت دەست بە ژیانییەوە بگرێت.
- 14«”هەرچەندە فوو لە کەڕەنا بکەن و
- هەموو چەک و ئازووقەیەک ئامادە بکەن،
- بەڵام کەس ناچێتە جەنگ،
- چونکە تووڕەییم لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.
- 15شمشێر لە دەرەوە و
- دەرد و قاتوقڕیش لەناوەوە.
- ئەوەی لە دەشتودەرە بە شمشێر دەمرێت،
- ئەوەش لە شارە قاتوقڕی و دەرد دەیخوات.
- 16ئەوانەی دەرباز دەبن
- هەڵدێن بۆ چیاکان و
- وەک کۆتری دۆڵەکان هەموویان دەگمێنن،
- هەریەکە و لەبەر تاوانەکەی خۆی.
- 17هەموو دەستەکان شل دەبن و
- هەموو ئەژنۆکان دەبن بە ئاو.
- 18جلوبەرگی گوش دەپۆشن و
- ترس دایاندەگرێت.
- ڕیسوایی لەسەر ڕوخساریان دەبێت و
- سەریان دەڕووتێتەوە.
- 19«”زیوەکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان و
- زێڕیان دەبێتە گڵاوی.
- زێڕ و زیویان ناتوانێت
- لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان فریایان بکەوێت.
- بەوانە تێر نابن و هەر برسی دەبن،
- چونکە ئەو شتانە بۆیان بوون بە کۆسپی تاوان.
- 20بە خشڵە جوانەکانیشیان کە مایەی شانازی بوون
- لە دروستکردنی بتە گڵاوەکانیان بەکاریانهێنا،
- وێنەی قێزەونیان دروستکرد.
- لەبەر ئەوە بۆیان دەکەم بە مایەی گڵاوی.
- 21دەیدەمە دەست بێگانەکان بۆ تاڵانی،
- هەروەها دەیدەمە بەدکارانی زەوی بۆ دزی،
- جا گڵاوی دەکەن.
- 22ڕووی خۆم لێیان وەردەگێڕم و
- شوێنی بەنرخم گڵاو دەکەن،
- توندوتیژەکان دێنە ناویەوە،
- ئەوێ گڵاو دەکەن.
- 23«”زنجیر دروستبکە بۆ بەدیلگرتن!
- چونکە خاکەکە پڕ بووە لە تاوانی خوێنڕشتن،
- شارەکەش پڕ بووە لە ستەم.
- 24جا دڕندەترینی نەتەوەکان دەهێنم و
- دەست بەسەر ماڵەکانیاندا دەگرن،
- شانازیکردنی بەهێزەکان لەناودەبەم،
- پیرۆزگاکانیان گڵاو دەبێت.
- 25لە کاتی تۆقینیان
- داوای ئاشتی دەکەن و نییە.
- 26بەڵا لەسەر بەڵا و
- هەواڵ لەسەر هەواڵ دێت،
- داوای بینین لە پێغەمبەر دەکەن،
- فێرکردن لەلای کاهین نامێنێت،
- ڕاوێژکردنیش لەلای پیران.
- 27پاشا دەگریێت و
- میر نائومێد دەبێت،
- دەستی گەلی خاکەکەش دەلەرزێت.
- بەگوێرەی ڕەفتاری خۆیان بەسەریاندا دەهێنمەوە و
- بەگوێرەی حوکمەکانی خۆیان حوکمیان بەسەردا دەدەم.
- ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
حزقیال ٨
- 1ئەوە بوو لە پێنجی مانگی شەشی ساڵی شەشەم، کاتێک لە ماڵی خۆم دانیشتبووم و پیرانی یەهوداش بەرامبەرم دانیشتبوون، لەوێ ڕۆحی یەزدانی باڵادەست هاتە سەرم.
- 2جا تەماشام کرد ئەوەتا شێوەیەکی وەک مرۆڤم بینی، وێنەکەی لە ناوقەدیەوە بەرەو خوارەوە ئاگر و لە ناوقەدیەوە بەرەو سەرەوە وەک وێنەی بریسکانەوە لە شێوەی کانزایەکی ئاگراوی بوو.
- 3شتێکی درێژکرد لە شێوەی دەست بوو، بە قژی سەرم منی گرت. ڕۆحی خودا لەنێوان زەوی و ئاسماندا هەڵیگرتم و لە چەند بینینێکدا منی هێنایە ئۆرشەلیم، بۆ داڵانی دەروازەکەی حەوشەی ناوەوە، ئەوەی ڕووەو باکوورە کە دیوەخانی ئەو پەیکەرەیە کە ئیرەیی خودا دەجۆشێنێت.
- 4شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لەوێ بوو، وەک ئەو بینینەی کە لە دەشتەکە بۆم ئاشکرا کرا.