
Season 15 · Episode 12
سامۆئێلی یهكهم ٢٢: ١ - ٢٣: ٢٩
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
December 22, 202323m 32s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
سامۆئێلی یهكهم ٢٢: ١ - ٢٣: ٢٩
- 1پاشان داود لە گەت ڕۆیشت و بۆ ئەشکەوتی عەدولام دەرباز بوو. کاتێک براکانی و هەموو ماڵی باوکی ئەمەیان بیست، چوونە ئەوێ بۆ لای.
- 2جا هەرچی پیاوی لێقەوماو و قەرزار و ناڕازی لە ژیان هەبوو لێی کۆبوونەوە، ئەویش بوو بە سەرۆکیان، نزیکەی چوار سەد پیاوی لەگەڵ بوو.
- 3داود لەوێوە چوو بۆ میچپای مۆئاب و بە پاشای مۆئابی گوت: «تکایە با دایک و باوکم بۆ لای ئێوە بێن، هەتا بزانم خودا چیم بۆ دەکات.»
- 4هەردووکیانی برد بۆ لای پاشای مۆئاب و ئەوانیش لەلای مانەوە، بە درێژایی ئەو ماوەیەی داود لە قەڵاکە بوو.
- 5بەڵام گادی پێغەمبەر بە داودی گوت: «لەناو قەڵاکە مەمێنەرەوە، بڕۆ ناو خاکی یەهودا.» داودیش ڕۆیشت و چوو بۆ دارستانی حەرەت.
- 6ئینجا شاول گوێی لێبوو کە داود و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان ئاشکرا بوون. جا شاول لە گیڤعا لەژێر دار گەزێک لە ڕامە دانیشتبوو و ڕمەکەی بەدەستەوە بوو، سەرجەم خزمەتکارەکانی لە دەوری وەستابوون.
- 7شاول پێی گوتن: «ئەی بنیامینییەکان، ئێستا گوێ بگرن! ئایا کوڕەکەی یەسا کێڵگە و ڕەزەمێو بە هەمووتان دەدات؟ ئایا هەمووتان دەکاتە فەرماندەی هەزاران و سەدان؟
- 8هەموو پیلانتان لە دژم گێڕاوە، کەستان پەیمانی نێوان کوڕەکەی من و کوڕەکەی یەساتان بۆ ئاشکرا نەکردم. کەستان دڵی پێم ناسووتێت، کەستان بەگوێمدا نەیچرپاند کە کوڕەکەم خزمەتکارەکەی خۆمی لێ هەستاندوومەتەوە هەتا وەک ئەمڕۆ بۆسەم بۆ دابنێتەوە.»
- 9بەڵام دۆئێگی ئەدۆمی کە لەگەڵ خزمەتکارەکانی شاولدا وەستابوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕەکەی یەسام بینی بۆ نۆڤ دەهات، بۆ لای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ.
- 10ئەحیمەلەخیش پرسیاری لە یەزدان بۆ کرد، ئازووقەی پێدا و شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستیشی دایێ.»
- 11پاشا ناردی بەدوای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤی کاهین و هەموو ماڵی باوکی، ئەو کاهینانەی لە نۆڤ بوون، بانگی کردن و هەموویان هاتن بۆ لای پاشا.
- 12شاول گوتی: «کوڕی ئەحیتوڤ، ئێستا گوێ بگرە.»
- ئەویش گوتی: «بەڵێ، گەورەم.»
- 13شاول پێی گوت: «بۆچی خۆت و کوڕەکەی یەسا پیلانتان لە دژم گێڕا، بەوەی نان و شمشێرت پێداوە و پرسیارت لە خودا بۆ کردووە، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە دژم هەستێت و بۆسەم بۆ بنێتەوە؟»
- 14ئەحیمەلەخیش وەڵامی پاشای دایەوە: «جا لە هەموو خزمەتکارەکانت کێ وەک داود دڵسۆزە، زاوای پاشا و فەرماندەی پاسەوانانی خۆت، لە ماڵەکەتدا ڕێزدارە؟
- 15ئایا ئەمە یەکەم جار بووە بۆی لە خودا بپرسم؟ نەخێر! با پاشا هیچ نەخاتە پاڵ خزمەتکارەکەی و پاڵ هەموو ماڵی باوکم، چونکە خزمەتکارەکەت کەم یان زۆر، هیچ لەبارەی ئەمەوە نازانێت.»
- 16بەڵام پاشا گوتی: «ئەحیمەلەخ، بە دڵنیاییەوە سزای خۆت و هەموو ماڵی باوکت مردنە.»
- 17ئینجا پاشا فەرمانی بەو پاسەوانانە کرد کە لە دەوری وەستابوون: «بڕۆن و کاهینەکانی یەزدان بکوژن، ئەوانیش دەستیان لەگەڵ داود تێکەڵاوە، چونکە زانییان ڕایکردووە و هەواڵیان نەدامێ.»
- بەڵام خزمەتکارانی پاشا نەیانویست دەستیان درێژ بکەن تاکو لە کاهینەکانی یەزدان بدەن.
- 18ئینجا پاشا بە دۆئێگی گوت: «تۆ بڕۆ و لە کاهینەکان بدە.» دۆئێگی ئەدۆمیش چوو و لە کاهینەکانی دا، لەو ڕۆژەدا هەشتا و پێنج پیاوی ئێفۆد کەتان لەبەری کوشت،
- 19نۆڤی شاری کاهینەکانیشی دایە بەر شمشێر، پیاو و ئافرەت، منداڵ و شیرەخۆرە، گا و گوێدرێژ و مەڕی بە شمشێر کوشت.
- 20بەڵام تاکە کوڕێکی ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ کە ناوی ئەبیاتار بوو دەرباز بوو و ڕایکرد بۆ لای داود.
- 21جا ئەبیاتار بە داودی ڕاگەیاند کە شاول کاهینەکانی یەزدانی کوشتووە.
- 22داودیش بە ئەبیاتاری گوت: «لەو ڕۆژەوەی کە دۆئێگی ئەدۆمی لەوێ بوو زانیم بێگومان بە شاول ڕادەگەیەنێت. من بوومە هۆی کوشتنی هەموو ماڵی باوکت.
- 23لەگەڵ مندا بمێنەرەوە و مەترسە، چونکە ئەوەی دەیەوێ من بکوژێت دەیەوێ تۆش بکوژێت، بەڵام لەلای من پارێزراو دەبیت.»
سامۆئێلی یهكهم ٢٣
- 1کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا و گوترا: «فەلەستییەکان لە دژی قەعیلا دەجەنگن و جۆخینەکان تاڵان دەکەن،»
- 2ئەویش لە یەزدانی پرسی و گوتی: «بچم، لەو فەلەستییانە بدەم؟»
- یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ لە فەلەستییەکان بدە و قەعیلا ڕزگار بکە.»
- 3بەڵام پیاوەکانی داود پێیان گوت: «ئێمە لێرە لە یەهوداین وا دەترسین، ئەی چەند زیاتر ئەگەر لە دژی لەشکری فەلەستییەکان بچینە قەعیلا؟»
- 4دیسان داود گەڕایەوە لە یەزدانی پرسی، یەزدانیش وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «هەستە و بڕۆ بۆ قەعیلا، چونکە من فەلەستییەکان دەدەمە دەست تۆ.»
- 5ئینجا داود و پیاوەکانی چوونە قەعیلا، لە دژی فەلەستییەکان جەنگان و ئاژەڵە ماڵییەکانی ئەوانیان برد. ئیتر داود زیانێکی گەورەی بە فەلەستییەکان گەیاند و دانیشتووانی قەعیلاشی ڕزگار کرد.
- 6(کاتێک ئەبیاتاری کوڕی ئەحیمەلەخ بۆ لای داود لە قەعیلا هەڵاتبوو، ئێفۆدێکی لەگەڵ خۆی بردبوو.)
- 7بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود هاتووە بۆ قەعیلا، شاول گوتی: «خودا داویەتییە دەستم، چونکە بە هاتنە ژوورەوەی بۆ ناو شارێک کە دەرگا و شمشیرەی هەیە تێکەوت.»
- 8ئینجا شاول هەموو هێزەکانی بۆ جەنگ بانگکرد، بۆ دابەزین بۆ قەعیلا و گەمارۆدانی داود و پیاوەکانی.
- 9کاتێک داود بەو پیلانگێڕییە خراپەی شاولی زانی، بە ئەبیاتاری کاهینی گوت: «ئێفۆدەکە بهێنە.»
- 10داود گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بەندەکەت بە دڵنیایی بیستوویەتی کە شاول دەیەوێت بێتە قەعیلا تاوەکو بەهۆی منەوە شارەکە کاول بکات.
- 11ئایا خەڵکی قەعیلا دەمدەنە دەستیەوە؟ ئایا شاول دێت، هەروەک بەندەکەت بیستوویەتی؟ ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەم شتانە بۆ بەندەکەت ئاشکرا بکە.»
- یەزدانیش فەرمووی: «دێت.»
- 12ئەم جارە داود گوتی: «ئایا خەڵکی قەعیلا من و پیاوەکانم دەدەنە دەست شاول؟»
- یەزدانیش فەرمووی: «بەدەستەوەتان دەدەن.»
- 13ئیتر داود و پیاوەکانی کە نزیکەی شەش سەد کەس بوون خۆیان ئامادە کرد و قەعیلایان بەجێهێشت و لە شوێنێکەوە دەچوون بۆ شوێنێکی دیکە. کاتێک بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود لە قەعیلا دەربازی بووە، بەدوایاندا نەچوو.
- 14داودیش لە قەڵاکانی چۆڵەوانی و لە چیاکانی چۆڵەوانیی زیف مایەوە، شاولیش بەردەوام بەدوایەوە بوو، بەڵام خودا نەیدایە دەست شاول.
- 15کاتێک داود لە چۆڵەوانی زیف لە حۆرێش بوو زانی شاول بۆ کوشتنی هاتووەتە دەرەوە.
- 16جا یۆناتانی کوڕی شاول هەستا و چوو بۆ لای داود بۆ حۆرێش و وای لێکرد بۆ هێزی پشت بە خودا ببەستێت،
- 17پێی گوت: «مەترسە. شاولی باوکم دەستی ناتگاتێ. تۆ دەبیتە پاشای ئیسرائیل، منیش کەسی دووەم دەبم، تەنانەت شاولی باوکیشم ئەمە دەزانێت.»
- 18هەردووکیان پەیمانێکیان لەبەردەم یەزداندا بەست و دوای ئەوە یۆناتانیش گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام داود لە حۆرێشدا مایەوە.
- 19پاشان زیفییەکان سەرکەوتن بۆ گیڤعا، بۆ لای شاول و گوتیان: «ئایا داود لەلای ئێمە خۆی نەشاردووەتەوە، لەناو قەڵاکانی حۆرێش لە گردی حەکیلا ئەوەی بەلای باشووری یەشیمۆنە؟
- 20ئێستاش ئەی پاشا دابەزە، هەر کاتێک ویستت دابەزە، ئێمەش لەسەرمانە بیدەینە دەستی پاشا.»
- 21شاولیش وەڵامی دانەوە: «یەزدان بەرەکەتدارتان بکات، چونکە بەزەییتان پێمدا هاتەوە،
- 22ئێستا بڕۆن و دڵنیابنەوە، بزانن و تەماشای ئەو جێگایە بکەن کە لێی دەبێت و کێ لەوێ بینیویەتی. پێم گوتراوە زۆر زۆرزانە.
- 23تەماشا بکەن و هەموو ئەو حەشارگانەی کە خۆی تێیاندا حەشار دەدات بزانن و بە هەواڵی تەواوەوە بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش لەگەڵتاندا دێم، ئەگەر لەو ناوچەیە بێت، ئەوا لەنێو هەموو خێڵەکانی یەهودا بەدوایدا دەگەڕێم.»
- 24ئینجا هەستان و لەپێش شاولەوە چوون بۆ زیف و لەو کاتەدا داود و پیاوەکانی لە چۆڵەوانی ماعۆن بوون، لە عەراڤا لەلای باشووری یەشیمۆن.
- 25شاول و پیاوەکانی چوون بەدوایدا بگەڕێن، بە داود ڕاگەیەنرا و ئەویش دابەزی بۆ تاشەبەردەکە و لە چۆڵەوانی ماعۆندا مایەوە. کاتێک شاول ئەمەی بیست، چوو بۆ چۆڵەوانی ماعۆن و دوای داود کەوت.
- 26شاول بەم لای چیاکەدا دەڕۆیشت و داود و پیاوەکانیشی بە لایەکەی دیکەدا دەڕۆیشتن، داود بە پەلە لەبەردەم شاولدا هەڵدەهات، شاول و پیاوەکانی خەریک بوون داود و پیاوەکانی گەمارۆ بدەن هەتا دەستبەسەریان بکەن.
- 27لەم کاتەدا نێردراوێک هاتە لای شاول و گوتی: «خێرا بکە و وەرەوە، چونکە فەلەستییەکان بەسەر خاکەکەیاندا داوە.»
- 28لێرەدا شاول لە ڕاونانی داود گەڕایەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکان چوو. لەبەر ئەوە ئەو شوێنە ناونرا تاشەبەردی جیابوونەوە.
- 29ئینجا داود لەوێوە سەرکەوت و لە قەڵاکانی کانی گەدی مایەوە.