PLAY PODCASTS
شینه‌كانی ئیرمیا ٣: ٥ - ٥: ٢٢
Season 40 · Episode 3

شینه‌كانی ئیرمیا ٣: ٥ - ٥: ٢٢

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

April 23, 202520m 12s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

شینه‌كانی ئیرمیا ٣: ٥ - ٥: ٢٢

  • 5دەوری گرتم و گەمارۆی دام
  • بە ژەهر و ناخۆشی.
  • 6ناچاری کردم لەناو تاریکیدا نیشتەجێ بم
  • وەک ئەوانەی لەمێژە مردوون.
  • 7لەناو پەرژینێک بەندی کرد بۆ ئەوەی نەتوانم هەڵبێم،
  • زنجیرەکانی منی قورس کرد.
  • 8هەروەها کاتێک هاوار دەکەم و داوای فریاکەوتن دەکەم،
  • بەڵام نزاکانم ڕادەگرێت.
  • 9بەردی تاشراوی کەڵەکە کرد و ڕێگای منی پێ گرت،
  • ڕێڕەوەکانی منی خواروخێچ کرد.
  • 10وەک ورچێک بۆم لە بۆسەدایە،
  • وەک شێرێک خۆی مات دەکات،
  • 11منی لەڕێ لادا و پارچەپارچەی کردم،
  • منی وێران کرد.
  • 12کەوانەکەی ڕاکێشا
  • منی کردە نیشانەی تیرەکانی.
  • 13تیرەکانی تیردانەکەی
  • لە دڵم چەقاند.
  • 14هەموو گەلەکەم سووکایەتیم پێ دەکەن،
  • بە درێژایی ڕۆژ بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن.
  • 15تێری کردم لە تاڵی،
  • زەقنەبووتی دەرخوارد دام.
  • 16بە چەو ددانەکانی منی وردوخاش کرد،
  • منی لەناو خۆڵەمێش پەستایەوە.
  • 17من لە ئاشتی بێبەش کراوم،
  • سەرکەوتنم لەبیرچووەوە.
  • 18ئینجا گوتم، «شکۆمەندیم نەما،
  • هەروەها هیوام بە یەزدان بڕا.»
  • 19دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم،
  • وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون.
  • 20بە باشی بەبیرم دێتەوە،
  • لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.
  • 21بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و
  • لەبەر ئەوە هیوام هەیە:
  • 22بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین،
  • چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت.
  • 23ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛
  • دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.
  • 24بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە،
  • لەبەر ئەوە هیوام بەوە.»
  • 25یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە،
  • بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات.
  • 26باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات
  • بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.
  • 27باشە پیاو نیر هەڵبگرێت
  • هەر لە تەمەنی منداڵییەوە.
  • 28با بە تەنها دانیشێت و بێدەنگ بێت،
  • چونکە یەزدان ئەمەی بەسەرهێناوە.
  • 29با سەری بخاتە ناو خاکوخۆڵ،
  • لەوانەیە هێشتا هیوای مابێت.
  • 30با ڕوومەتی بۆ ئەوە ڕابگرێت کە لێی دەدات،
  • با تێربێت لە ڕیسوایی.
  • 31چونکە کەس بۆ هەتاهەتایە
  • لەلایەن پەروەردگارەوە ڕەت ناکرێتەوە.
  • 32لەگەڵ ئەوەی دڵتەنگی دەهێنێت، میهرەبانیش نیشان دەدات،
  • بەپێی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.
  • 33ئەو کەس لە دڵەوە زەلیل ناکات و
  • دڵتەنگی ناکات.
  • 34تێکشکاندنی دیلەکانی هەموو زەوی
  • لەژێر پێ،
  • 35یان بێبەشکردنی کەسێک لە مافی خۆی
  • لەبەردەم خودای هەرەبەرز،
  • 36یان بەدوورگرتنی مرۆڤ لە دادپەروەری،
  • ئایا پەروەردگار هەموو ئەمانە نابینێت؟
  • 37کێ دەتوانێت قسە بکات قسەکەی بێتەجێ،
  • ئەگەر پەروەردگار فەرمانی نەدابێت؟
  • 38ئایا ڕوودانی چاکە و خراپە
  • بە فەرمایشتی خودای هەرەبەرز نییە؟
  • 39بۆچی مرۆڤی زیندوو گلەیی بکات
  • کاتێک لەسەر گوناهەکانی سزا دەدرێت؟
  • 40با هەڵسوکەوتمان بپشکنین و تاقی بکەینەوە و
  • بگەڕێینەوە بۆ لای یەزدان.
  • 41با دڵ و دەستمان بەرزبکەینەوە
  • بۆ خودا لە ئاسمان، بڵێین:
  • 42«ئێمە گوناهمان کرد و یاخی بووین،
  • تۆش لێمان خۆش نەبوویت.
  • 43«خۆت بە تووڕەیی داپۆشی و ڕاوتناین،
  • بەبێ بەزەیی ئێمەت کوشت.
  • 44بە هەور خۆت داپۆشی
  • بۆ ئەوەی نوێژەکانمان نەگاتە لات.
  • 45ئێمەت کرد بە پاشەڕۆ و نەویستراو
  • لەنێو گەلان.
  • 46«هەموو دوژمنانمان
  • دەمیان لێمان کردەوە.
  • 47ترس و تەڵە باڵی بەسەرماندا کێشا،
  • لەناوچوون و وێرانی.»
  • 48چاوەکانم کانی فرمێسک هەڵدەڕێژن
  • لەبەر ئەوەی گەلەکەم لەناوچوون.
  • 49چاوەکانم فرمێسک هەڵدەڕێژن و ناوەستن
  • بەبێ پسانەوە،
  • 50تاوەکو یەزدان لە ئاسمانەوە
  • تەماشای خوارەوە بکات و ببینێت.
  • 51ئەوەی دەیبینم گیانم ئازار دەدات
  • لەبەر ئازاری کچانی شارەکەم.
  • 52ئەوانەی دوژمنی من بوون بەبێ هۆ
  • وەک چۆلەکە ڕاویان کردم.
  • 53بە زیندووێتی منیان فڕێدا ناو چاڵ،
  • بەردیان تێمگرت.
  • 54نوقومی ئاو بووم،
  • گوتم: «خەریکە بمرم.»
  • 55ئەی یەزدان، لە قووڵایی چاڵەوە
  • بە ناوی تۆوە نزا دەکەم.
  • 56گوێت لە دەنگم بوو:
  • «گوێت دامەخە کاتێک هاوار و هانات بۆ دەهێنم.»
  • 57ئەو ڕۆژەی نزام بۆ کردیت نزیک بوویتەوە،
  • فەرمووت: «مەترسە!»
  • 58ئەی پەروەردگار، بەرگریت لە کێشەی من کرد،
  • ژیانی منت کڕییەوە.
  • 59ئەی یەزدان، ستەمدیدەیی منت بینی.
  • دادوەری کێشەکەم بکە!
  • 60هەموو تۆڵەسەندنەوەکەی ئەوانت بینی،
  • هەموو پیلانەکانیان لە دژی من.
  • 61ئەی یەزدان، گوێت لە ڕیسواکردنەکەیان بوو،
  • هەموو پیلانەکانیان لە دژی من؛
  • 62ئەوەی دوژمنەکانم بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من
  • باسی دەکەن و دەیچرپێنن.
  • 63تەماشایان بکە! هەستان و دانیشتنیان،
  • بە گۆرانییەکانیان گاڵتەم پێ دەکەن.
  • 64ئەی یەزدان، سزایان بدە،
  • بەپێی کردەوەکانی دەستیان.
  • 65پێچە لەسەر دڵیان دابنێ،
  • با نەفرەتت لەسەریان بێت!
  • 66بە تووڕەییەوە ڕاویان بنێ و لەناویان ببە
  • لەژێر ئاسمانی یەزداندا.

شینه‌كانی ئیرمیا ٤

  • 1چۆن زێڕ ڕەونەقی خۆی لەدەستدات،
  • زێڕی بێگەرد گۆڕا!
  • بەردەکانی پیرۆزگا پەرشوبڵاو بوونەوە
  • لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.
  • 2چۆن کوڕە بەهادارەکانی سییۆن،
  • ئەوانەی بە زێڕی بێگەرد دەکێشران،
  • ئێستا بە گۆزەی گڵ دانران،
  • دەستکردی دەستی گۆزەکەر!
  • 3تەنانەت چەقەڵەکانیش گوانیان دەدەنە توولەکانیان
  • بۆ ئەوەی شیریان پێبدەن،
  • بەڵام گەلەکەی من دڵڕەقە
  • وەک وشترمرغ لە چۆڵەوانی.
  • 4لەبەر تینووێتی
  • شیرەخۆرە زمانی بە مەڵاشوویەوە نووسا.
  • منداڵەکان داوای نان دەکەن،
  • بەڵام کەس نییە بۆیان بشکێنێت.
  • 5ئەوانەی خواردنی خۆشیان دەخوارد
  • لە شەقامەکاندا وێران بوون،
  • ئەوانەی لەناو جلوبەرگی ئەرخەوانی بەخێو دەکران
  • لەسەر زبڵدانەکان پاڵ دەدەنەوە.
  • 6سزای تاوانی گەلەکەم گەورەتر بوو
  • لە سزای گوناهەکەی سەدۆم،
  • ئەوەی لە چرکەیەکدا سەرەوژێر بوو
  • بێ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکرێت.
  • 7میرەکانیان لە بەفر بێگەردتر بوون،
  • لە شیر سپیتر بوون،
  • جەستەیان لە یاقووت سوورتر بوو،
  • وەک یاقووتی شین بوون.
  • 8بەڵام ئێستا ڕەنگیان لە ڕەژوو ڕەشترە،
  • لە شەقامەکاندا ناناسرێنەوە.
  • پێستیان بە ئێسکیانەوە نووساوە
  • وەک تەختەدار وشک هەڵگەڕاوە.
  • 9ئەوانەی بە شمشێر کوژران باشتر بوون
  • لەوانەی بە قاتوقڕی مردن.
  • ئەوانە بە برسیێتی ئازاریان چێشت،
  • چونکە خواردن لە کێڵگە نەبوو.
  • 10دایکە میهرەبانەکان
  • بە دەستی خۆیان منداڵەکانیان لێنا،
  • کردیان بە خۆراک
  • کاتێک گەلەکەم لەناوچوو.
  • 11یەزدان تووڕەیی خۆی دەردەبڕێت،
  • هەڵچوونی بە جۆشی خۆی هەڵدەڕێژێت.
  • ئاگرێکی لە سییۆن بەرپا کرد
  • بناغەکانی سووتاند.
  • 12پاشاکانی زەوی و هەموو دانیشتووانی جیهان
  • باوەڕیان نەکرد
  • کە دوژمن و ناحەز
  • دێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمەوە.
  • 13بەڵام لەبەر گوناهی پێغەمبەرەکانی و
  • تاوانی کاهینەکانی ڕوویدا،
  • ئەوانەی لە ناوەڕاستیدا
  • خوێنی ڕاستودروستانیان دەڕشت.
  • 14بە شەقامەکاندا وێڵ بوون
  • وەک کوێر.
  • خۆیان بە خوێن گڵاوکرد،
  • کەس ناتوانێت دەست لە جلەکانیان بدات.
  • 15خەڵک هاواریان لێ دەکەن: «ئەی گڵاوەکان، دووربکەونەوە!
  • دووربکەونەوە! دووربکەونەوە، دەستمان لێ مەدەن!»
  • کاتێک ڕایانکرد و وێڵ بوون،
  • لەناو گەلاندا گوتیان،
  • «جارێکی دیکە ناتوانن لێرە نیشتەجێ بن.»
  • 16یەزدان خۆی پەرتەوازەی کردن،
  • ئیتر چاودێرییان ناکات.
  • خەڵک ڕێزیان لە کاهینەکان نەگرت،
  • لەگەڵ پیرەکان میهرەبان نەبوون.
  • 17سەرباری ئەمەش، ئێمە چاومان کزبوو
  • بێهوودە لە چاوەڕوانی یارمەتی،
  • لە قوللەکانمان چاوەڕێ بووین
  • بۆ گەلێک کە ناتوانێت ڕزگارمان بکات.
  • 18تەڵەیان بۆ هەنگاوەکانمان ناوەتەوە
  • بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکانماندا هاتوچۆ نەکەین.
  • کۆتاییمان نزیک بووەوە، چەند ڕۆژێکمان ماوە،
  • چونکە کۆتاییمان هات.
  • 19ئەوانەی ڕاویان دەناین سووکتر بوون
  • لە هەڵۆکانی ئاسمان،
  • بەسەر چیاکاندا شوێنمان کەوتن،
  • لە چۆڵەوانیدا بۆسەیان بۆمان نایەوە.
  • 20پاشای دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەوەی هەناسەی ژیانمانە،
  • لە بۆسەکانیان گیرا،
  • ئەوەی گوتمان، لە سێبەری ئەودا
  • لەنێو گەلان دەژین.
  • 21ئەی کچی ئەدۆم، دڵخۆش و دڵشادبە،
  • ئەی دانیشتووانی خاکی عوچ.
  • بەڵام جامەکە بەسەر تۆشدا تێدەپەڕێت،
  • سەرخۆش دەبیت و ڕووت دەبیتەوە.
  • 22ئەی سییۆنی کچ، سزای تاوانەکەت تەواو دەبێت،
  • ڕاپێچکراوییەکەت درێژ ناکاتەوە.
  • بەڵام ئەی ئەدۆمی کچ، سزای تاوانەکەی تۆ دەدات،
  • گوناهەکەت ئاشکرا دەکات.

شینه‌كانی ئیرمیا ٥

  • 1ئەی یەزدان، بەبیرت بێتەوە چیمان بەسەرهات،
  • تەماشا بکە و ڕیسواییەکەمان ببینە.
  • 2میراتەکەمان بۆ نامۆکان بوو،
  • ماڵمان بۆ بێگانە.
  • 3هەتیو و بێ باوک بووین،
  • دایکانمان وەک بێوەژنن.
  • 4دەبێ ئەو ئاوە بکڕین کە دەیخۆینەوە
  • دارەکانمان بە نرخ بۆمان دێت.
  • 5ئەوانەی ڕاومان دەنێن زۆر نزیک بوونەوە،
  • ماندوو دەبین و حەوانەوەمان نییە.
  • 6دەستمان لە میسری و ئاشورییەکان پانکردەوە
  • بۆ بەدەستهێنانی نانی پێویست.
  • 7باوکانمان گوناهیان کرد، نەمان،
  • ئێمەش سزاکەیان وەردەگرین.
  • 8کۆیلەکان فەرمانڕەوایەتیمان دەکەن،
  • کەس نییە لە دەستیان ڕزگارمان بکات.
  • 9بەهۆی شمشێر لە چۆڵەوانی ژیانمان لە مەترسیدایە
  • هەتا بژێوی پەیدا دەکەین.
  • 10پێستمان وەک تەنوور سووتاوە،
  • لەبەر برسیێتی برژاوین.
  • 11لە سییۆن دەستدرێژییان کردە سەر ژنان،
  • پاکیزەکانیش لە شارۆچکەکانی یەهودا.
  • 12میران بە دەستیانەوە هەڵدەواسرێن،
  • ڕێز لە پیران ناگیرێت.
  • 13لاوانیان دەهاڕدرێن،
  • منداڵان لەژێر بارەداردا بەلادادێن.
  • 14پیران دەستیان لە دەروازە هەڵدەگرن،
  • لاوانیش وازیان لە گۆرانی هێنا.
  • 15خۆشی دڵمان نەما،
  • شاییمان بوو بە شیوەن.
  • 16تاجی سەرمان کەوت.
  • قوڕبەسەرمان، چونکە گوناهمان کرد!
  • 17لەبەر ئەم شتانە دڵمان داهێزرا،
  • لەبەر ئەم ڕووداوانە بەرچاومان تاریک بوو،
  • 18لەبەر کێوی سییۆن، وێران بوو،
  • چەقەڵ هاتوچۆی تێدا دەکەن.
  • 19ئەی یەزدان، تۆ بۆ هەتاهەتایە حوکم دەکەیت،
  • تەختی تۆ نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.
  • 20بۆچی بەردەوام لەبیرمان دەکەیت؟
  • بۆچی کاتێکی درێژ بەجێمان دەهێڵیت؟
  • 21ئەی یەزدان، بمانگەڕێنەوە بۆ لای خۆت، هەتا بگەڕێینەوە،
  • وەک جاران ڕۆژانمان نوێ بکەرەوە،
  • 22یان تۆ زۆر لێمان تووڕە بوویت و
  • بە تەواوی ئێمەت ڕەتکردووەتەوە؟