
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
لۆقا ١٥: ١ - ٣٢
- 1هەموو باجگر و گوناهباران لێی نزیک دەبوونەوە تاکو گوێ لە عیسا بگرن.
- 2جا فەریسی و مامۆستایانی تەورات بۆڵەبۆڵیان دەکرد: «ئەمە پێشوازی لە گوناهباران دەکات و نانیان لەگەڵ دەخوات.»
- 3عیساش ئەم نموونەیەی بۆ هێنانەوە:
- 4«کامەتان ئەگەر سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، نەوەد و نۆیەکە لە دەشت بەجێناهێڵێت و بەدوای ونبووەکەدا ناچێت هەتا دەیدۆزێتەوە؟
- 5کاتێک دۆزییەوە بە خۆشییەوە دەیخاتە سەر شانی و
- 6دێتەوە ماڵ، هاوڕێ و دراوسێکان بانگ دەکات و پێیان دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن! مەڕە ونبووەکەم دۆزییەوە.“
- 7پێتان دەڵێم، لە ئاسمانیش شادی زیاتر دەبێت سەبارەت بە گوناهبارێک تۆبە بکات لە نەوەد و نۆ ڕاستودروست کە پێویستیان بە تۆبەکردن نییە.
- 8«یان چ ئافرەتێک دە درهەمی هەبێت و یەک درهەمی ون بکات، چرا هەڵناکات و ماڵەکە گسک نادات و بە وردی ناگەڕێت، هەتا دەیدۆزێتەوە؟
- 9کە دۆزییەوە، هاوڕێ و دراوسێکانی بانگ دەکات و دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن، ئەو درهەمەی ونم کردبوو، دۆزیمەوە.“
- 10پێتان دەڵێم: بە هەمان شێوە، فریشتەکانی خودا دڵشاد دەبن کاتێک گوناهبارێک تۆبە دەکات.»
- 11ئینجا فەرمووی: «کابرایەک دوو کوڕی هەبوو.
- 12بچووکەکەیان بە باوکی گوت: ”باوکە، چیم بەردەکەوێ لە بەشە میراتی خۆم، بمدەرێ.“ ئەویش ماڵەکەی بۆ دابەشکردن.
- 13«دوای چەند ڕۆژێک، کوڕە بچووکەکە هەموو شتەکانی کۆکردەوە و بەرەو وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، لەوێ ماڵەکەی لەسەر ڕابواردن دانا.
- 14لەدوای ئەوەی هەمووی خەرجکرد، قاتوقڕی گەورە کەوتە ناوچەکە، لەبەر ئەوە تووشی نەبوونی هات.
- 15ئیتر هانای بۆ هاوڵاتییەکی ناوچەکە برد، ئەویش ناردییە کێڵگەکانی بۆ لەوەڕاندنی بەراز.
- 16حەزی دەکرد بەو خڕنووکە سکی خۆی تێر بکات کە بەرازەکان دەیانخوارد بەڵام کەس هیچی پێنەدەدا.
- 17«ئینجا بە هۆش خۆی هاتەوە و گوتی: ”ئاخۆ چەند کرێکاری باوکم نانیان لەبەر دەمێنێتەوە، منیش لێرە وا لە برسان دەمرم.
- 18هەڵدەستم دەچمەوە لای باوکم، پێی دەڵێم: باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد.
- 19ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم، بمکە بە کرێکارێکی خۆت.“
- 20جا هەستا و گەڕایەوە لای باوکی.
- «هێشتا دوور بوو باوکی ئەوی بینی و دڵی بۆی سووتا، ڕایکرد و باوەشی پێداکرد و ماچی کرد.
- 21«کوڕەش پێی گوت: ”باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد، ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم.“
- 22«بەڵام باوکەکە بە خزمەتکارانی خۆی گوت: ”خێرا باشترین جلوبەرگ بهێنن و لەبەری بکەن، ئەنگوستیلەیەک بکەنە پەنجەی و پێڵاویش بۆ پێی.
- 23گوێرەکە قەڵەوەکەش بهێنن و سەری ببڕن، با بخۆین و دڵخۆش بین،
- 24چونکە ئەم کوڕەم مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“ جا دەستیان بە ئاهەنگ گێڕان کرد.
- 25«کوڕە گەورەکە لە کێڵگە بوو، کە هاتەوە و لە ماڵ نزیک بووەوە، گوێی لە مۆسیقا و هەڵپەڕکێ بوو.
- 26یەکێک لە خزمەتکارانی بانگکرد و پرسیاری کرد، ”ئەمە چییە؟“
- 27پێی گوت: ”براکەت گەڕاوەتەوە، باوکیشت گوێرەکە قەڵەوەکەی سەربڕی، چونکە بە ساغ و سەلامەتی گەڕاوەتەوە.“
- 28«کوڕە گەورەکە تووڕە بوو و نەیویست بچێتە ژوورەوە. ئیتر باوکی هاتە دەرەوە و تکای لێکرد.
- 29بەڵام ئەو وەڵامی باوکی دایەوە: ”ئەوەتا ئەو هەموو ساڵە کۆیلایەتیت بۆ دەکەم و هەرگیز لە فەرمانت دەرنەچووم، تەنانەت کاریلەیەکت نەدامێ تاکو لەگەڵ هاوڕێیەکانم پێی دڵخۆش بم.
- 30بەڵام کاتێک ئەم کوڕەت هاتەوە، ئەوەی ماڵەکەتی لەگەڵ لەشفرۆشان لووش دا، گوێرەکە قەڵەوەکەت بۆی سەربڕی.“
- 31«ئەویش پێی گوت: ”کوڕم، تۆ هەمیشە لەگەڵ منی، هەرچیم هەیە هی تۆیە.
- 32بەڵام پێویستە دڵخۆش و شاد بین، چونکە ئەم برایەت مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“»