
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ئهیوب ٨:٣٨-١٧:٤٢
- 8«کێ بە دەروازەکان دەریای بەندکرد،
- کاتێک بە پاڵەپەستۆ لە منداڵدان هاتە دەرەوە،
- 9کە هەورم کردە بەرگی و
- هەوری تاریکم کرد بە قۆنداغی،
- 10کە فەرزی خۆم بەسەریدا سەپاند و
- دەروازە و شمشیرەم بۆ دانا،
- 11فەرمووم: ”هەتا ئێرە دێیت و تێناپەڕیت؛
- لێرە شەپۆلەکانی لووتبەرزیت دەشکێن“؟
- 12«ئایا لە هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژانی ژیانتدا فەرمانت بە بەرەبەیان کردووە،
- هەتا زەردەی خۆر هەڵنەیێت،
- 13هەتا ڕۆخەکانی زەوی بگرێت و
- بەدکارانی لێ بتەکێنێت؟
- 14وەکو مۆرێک کە لە قوڕی دەدەیت،
- دەوەستێت هەروەکو بەرگی پۆشیبێت.
- 15ڕووناکی لە بەدکاران قەدەغە دەکرێت و
- دەستی بەرزکراوەیان دەشکێنرێت.
- 16«ئایا گەیشتیتە سەرچاوەکانی دەریا و
- بەناو کون و کەلەبەرەکانی قووڵاییدا هاتوچۆت کرد؟
- 17ئایا دەروازەکانی مردنت بۆ ئاشکرا بوون
- یان دەروازەکانی سێبەری مەرگت بینی؟
- 18ئایا پانوبەرینی زەوی دەزانیت؟
- ئەگەر هەموو ئەم شتانە دەزانیت، پێم بڵێ.
- 19«کام ڕێگایە دەچێتە نشینگەی ڕووناکی؟
- ئەی شوێنی نیشتەجێبوونی تاریکی لەکوێیە؟
- 20ئایا دەتوانیت هەریەکەیان بۆ سنووری خۆی ببەیت و
- ڕێگای ماڵەکانیان شارەزابیت؟
- 21لەبەر ئەوەی تۆ لەپێش ئەمانەوە لەدایک ببوویت!
- بە دڵنیاییەوە تۆ زۆر تەمەن درێژیت!
- 22«ئایا چووی بۆ ناو ئەمبارەکانی بەفر
- یان کۆگاکانی تەرزەت بینیوە،
- 23ئەوەی هەڵمگرتووە بۆ کاتی تەنگانە،
- بۆ ڕۆژانی نەهامەتی و جەنگ؟
- 24لە چ ڕێگایەکەوە بروسکە دابەش دەبێت و
- بای ڕۆژهەڵات لەسەر زەوی بڵاو دەبێتەوە؟
- 25کێ لێکی جیا کردەوە جۆگەکان بۆ بارانی بە لێشاو و
- ڕێچکە بۆ باوبۆران؟
- 26بۆ ئاودانی خاکێک کە مرۆڤی تێدا نییە،
- بەسەر چۆڵەوانییەک کە ئادەمیزادی تێدا نییە،
- 27بۆ ئەوەی خاکی کاول و وێران تێر بکات،
- وا بکات گیای لێ بڕووێت.
- 28ئایا باران باوکی هەیە؟
- ئەی کێ دڵۆپەکانی شەونم دەخاتەوە؟
- 29بەستەڵەک لە سکی کێ دێتە دەرەوە؟
- شەختەی ئاسمان بۆ کێ لەدایک دەبێت،
- 30کاتێک ئاوەکان وەک بەردیان لێ دێت و
- ڕووی قووڵاییەکان دەیبەستێت؟
- 31«ئایا تۆ دەتوانیت گرێیەکانی حەوتەوانە ببەستیت
- یان گرێ بەستراوەکانی ڕاوچی بکەیتەوە؟
- 32ئایا تۆ دەتوانیت کەلووەکان لە کاتی خۆی دەربخەیت،
- یان ڕێنمایی کەلووی ورچ بکەیت لەگەڵ بەچکەکانی؟
- 33ئایا یاساکانی ئاسمان دەزانیت،
- یاخود تۆ بڕیاری دەسەڵاتی ئەو بەسەر زەویدا دەچەسپێنیت؟
- 34«ئایا دەتوانیت دەنگت بۆ هەورەکان بەرز بکەیتەوە
- هەتا بە لێشاوی ئاو داتبپۆشێت؟
- 35ئایا توانای ئەوەت هەیە بروسکەکان بنێریت،
- جا بڕۆن و بڵێن: ”ئەوەتاین ئێمە“؟
- 36کێ دانایی دەبەخشێت
- یان تێگەیشتن بە مێشک دەدات؟
- 37کێ بە داناییەوە هەورەکان دەژمێرێت
- یان مەشکەکانی ئاسمان دەڕژێنێت،
- 38کاتێک تێکەڵ بە خۆڵ دەبێت
- یەکدەگرن و دەبنە قوڕ؟
- 39«ئایا تۆ نێچیر بۆ شێرە مێ ڕاو دەکەیت
- یان هەڵپەی بەچکە شێرەکان ئارام دەکەیتەوە،
- 40کاتێک لەناو بێشەکەیان خۆیان دەکێشنەوە و
- خۆیان مەڵاس دەدەن بۆ بۆسە؟
- 41کێ ڕاو بۆ قەلەڕەش ئامادە دەکات
- کە بەچکەکانی دەقیڕێنن بۆ خودا و
- لەبەر نەبوونی خواردن پەرتەوازە بوون؟
ئهیوب ٣٩
- 1«ئایا دەزانیت کەی بزنە کێوییەکان دەزێن؟
- یان تێبینیت کردووە ئەو کاتەی کە ئاسک ژان دەیگرێت؟
- 2ئایا مانگەکانی ئاوسبوونی دەژمێریت
- یان کاتی زاوزێکردنیان دەزانیت؟
- 3چۆک دادەدەن و پاڵ بە ئازارەکانیانەوە دەنێن و
- بەچکەکانیان دەبێت.
- 4بەچکەکانیان لە چۆڵەوانی بەهێز و گەورە دەبن؛
- دەڕۆن و ئیتر ناگەڕێنەوە لایان.
- 5«کێ کەرەکێوی بەڕەڵا کرد و
- مێخ زنجیری ئەو کێوییەی کردەوە؟
- 6ئەوەی چۆڵەوانیم کرد بە ماڵی و
- خوێڵێنم کردە ژینگەی.
- 7بە دەنگەدەنگی شار پێدەکەنێت،
- گوێی لە هاواری لێخوڕ نابێت.
- 8لە چیاکاندا بەدوای لەوەڕگادا دەگەڕێت،
- بۆ دۆزینەوەی هەموو سەوزاییەک.
- 9«ئایا گای کێوی ڕازی دەبێت خزمەتت بکات
- یان بە شەو لەلای ئاخوڕەکەت بمێنێتەوە؟
- 10ئایا دەتوانیت گای کێوی بە گاسنەوە ببەستیتەوە و جووتی پێ بکەیت؟
- ئایا بەدواتدا دێت دۆڵەکان خەرتە بکات؟
- 11ئایا پشتی پێ دەبەستیت، چونکە هێزەکەی مەزنە
- یان کارەکەی خۆتی بۆ بەجێدەهێڵیت؟
- 12ئایا متمانەی پێ دەکەیت کە دەغڵودانەکەت بهێنێت و
- بۆ سەر جۆخینەکەت کۆی بکاتەوە؟
- 13«بە خۆشییەوە وشترمرغ باڵەفڕکێ دەکات،
- ئایا پەڕوباڵەکەی وەک لەقلەق پیرۆزە؟
- 14وشترمرغ هێلکەکەی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵێت و
- خۆڵ گەرمیان دادەهێنێت،
- 15لەبیری دەچێت کە پێ وردوخاشی دەکات و
- ئاژەڵی کێوی پێی پێدا دەنێن.
- 16لەگەڵ بەچکەکانی دڵڕەقە وەک ئەوەی بەچکەی ئەو نەبن؛
- گوێی ناداتێ کە ماندووبوونەکەی بێهوودە دەڕوات،
- 17چونکە خودا دانایی لەبیر بردووەتەوە،
- لە تێگەیشتن بەشی نەداوە.
- 18کاتێک پەڕەکانی فش دەکاتەوە بۆ ڕاکردن،
- بە ئەسپ و بە سوارەکەی پێدەکەنێت.
- 19«ئایا تۆ هێز بە ئەسپ دەدەیت
- یان ملی بە یاڵ دادەپۆشیت؟
- 20ئایا وای لێ دەکەیت کە وەک کوللە قەڵەمباز بدات و
- دەنگی حیلەکەی تۆقێنەر بێت؟
- 21بە توندی سم بە زەویدا بکوتێت، بە هێزەوە دەربپەڕێت،
- بەرەو مەیدانی جەنگ مل بنێت.
- 22بە ترس پێبکەنێت و نەتۆقێت؛
- لە ڕووی شمشێر نەگەڕێتەوە.
- 23تیردان شەقەشەقی بێت و
- خەنجەر و نووکی ڕم ببریسکێنەوە.
- 24بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە غار دەدات،
- هەتا کاتی لێدانی کەڕەنا خۆی پێ ڕاناگیرێت.
- 25لە کاتی فووکردن بە کەڕەنادا دەڵێت: ”ئەها!“
- لە دوورەوە بۆنی شەڕ دەکات،
- هاواری سەرکردەکان و نەعرەتەی جەنگ.
- 26«ئایا لە تێگەیشتنی تۆدایە هەڵۆ بفڕێت و
- ڕووەو باشوور باڵەکانی بکاتەوە؟
- 27یان بە فەرمانی تۆیە هەڵۆ بەرز بفڕێت و
- هێلانەکەی لە بەرزی دابنێت؟
- 28لەسەر لووتکەی چیا نیشتەجێ دەبێت و بە شەو دەمێنێتەوە،
- هەڵدێری بەردەڵان قەڵاکەیەتی.
- 29لەوێوە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە و
- چاوەکانی لە دوورەوە دەبینن.
- 30بەچکەکانی خوێن هەڵدەمژن،
- لە هەرکوێ کوژراوی لێ بێت، ئەو لەوێیە.»
ئهیوب ٤٠
- 1یەزدان بە ئەیوبی فەرموو:
- 2«ئایا ئەوەی ڕکابەری لەگەڵ توانادارەکە دەکات مافی ئەوەی هەیە سەرزەنشتی بکات؟
- ئەوەی خودا تاوانبار دەکات با وەڵام بداتەوە!»
- 3ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:
- 4«من وا سووکوچروکم، چۆن وەڵامت بدەمەوە؟
- من دەست دەخەمە سەر دەمی خۆم.
- 5جارێک قسەم کرد و بێ وەڵام بووم،
- دوو جار و ئیتر دووبارەی ناکەمەوە.»
- 6یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:
- 7«ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە؛
- من پرسیارت لێ دەکەم و
- تۆش وەڵامم بدەوە.
- 8«ئایا دادپەروەریم دەخەیتە گومانەوە،
- تاوانبارم دەکەیت بۆ ئەوەی خۆت بە ڕاستودروست دەربخەیت؟
- 9یان بازووێکت وەک خودا هەیە و
- بە دەنگێکی وەک دەنگی ئەو دەگرمێنیت؟
- 10ئێستا بە پایەبەرزی و سەرفرازی خۆت بڕازێنەوە،
- ڕێز و شکۆمەندی بپۆشە.
- 11لافاوی تووڕەییەکەت بڕێژە و
- تەماشای هەموو لووتبەرزێک بکە و نزمی بکەرەوە،
- 12سەیری هەموو خۆبەزلزانێک بکە و زەلیلی بکە،
- لە جێی خۆیان پێ بە خراپەکاراندا بنێ.
- 13تێکڕا لەناو خۆڵ نوقومیان بکە،
- لە تاریکیدا ڕوویان بەند بکە.
- 14منیش دان بەوەدا دەنێم،
- کە دەستی ڕاستی خۆت دەتوانێت ڕزگارت بکات.
- 15«سەیری بەهێمۆت بکە،
- کە لەگەڵ تۆ دروستم کرد
- وەک مانگا گیا دەخوات.
- 16ئەوەتا هێزەکەی لە کەمەریەتی و
- تواناکەی لە ماسوولکەکانی سکیەتی.
- 17کلکی وەک داری ئورز شۆڕ دەکاتەوە؛
- ماسوولکەکانی ڕانی یەکیان تەنیوە.
- 18ئێسکەکانی لوولەی بڕۆنزن،
- چوارپەلی وەکو لوولەی ئاسنن.
- 19ئەو سەرەتای کارەکانی خودایە،
- بەڵام دروستکەرەکەی دەتوانێت بە شمشێر لێی نزیک بێتەوە.
- 20چیاکان سەوزایی بۆ دەردەخەن و
- هەموو ئاژەڵی کێوی لەتەنیشتی یاری دەکەن.
- 21لەژێر درەختەکانی لۆتس ڕادەکشێت،
- خۆی دەشارێتەوە لەنێو قامیشی زۆنگەکاندا.
- 22درەختەکانی لۆتس بە سێبەرەکانیان دایدەپۆشن؛
- شۆڕەبی کەنار جۆگەکان دەوری دەدەن.
- 23ئەگەر ئاوی ڕووبار هەستێت یان ڕووباری ئوردونیش تەووژم بۆ دەمی بهێنێت،
- ئەو دڵنیایە و ترسی لێ نانیشێت.
- 24ئایا کەس دەتوانێت ڕوو بە ڕوو ڕاوی بکات،
- یان بە تەڵە بیگرێت و لووتی کون بکات؟
ئهیوب ٤١
- 1«ئایا دەتوانیت لیڤیاتان بە قولاپ ڕاو بکەیت،
- یان زمانی بە گوریس ببەستیتەوە؟
- 2ئایا دەتوانیت ئەڵقە بخەیتە لووتی
- یان شەویلاکی بە لووتەوانە بسمیت؟
- 3ئایا زۆر لێت دەپاڕێتەوە
- یان بە نەرمی قسەت لەگەڵ دەکات؟
- 4ئایا پەیمانت لەگەڵ دەبەستێت
- کە بە درێژایی ژیانی بیکەیت بە کۆیلەی خۆت؟
- 5ئایا وەک چۆلەکە یاری لەگەڵ دەکەیت
- یان بۆ کچە منداڵەکانت دەیبەستیتەوە؟
- 6ئایا ڕاوچییەکان کڕین و فرۆشتنی لەسەر دەکەن
- یان لەنێو بازرگانەکان دابەشی دەکەن؟
- 7ئایا پێستی پڕ دەکەیت لە ڕم و
- سەریشی پڕ لە تیر؟
- 8دەستت لەسەری دابنێ و بیر لە جەنگ بکەرەوە،
- جارێکی دیکە دووبارەی ناکەیتەوە!
- 9هیواخواستن بۆ گرتنی پووچە،
- هەر بە بینینی دەتۆقێت.
- 10کەسێک نییە ئەوەندە ئازا بێت بەخەبەری بهێنێت،
- ئیتر کێ هەیە لە ڕووی مندا بوەستێت؟
- 11کێ شتێکی پێم بەخشیوە تاکو من بیدەمەوە؟
- ئەوەی لەژێر هەموو ئاسمانە هی منە.
- 12«بێدەنگ نابم لە باسکردنی ئەندامەکانی جەستەی لیڤیاتان و
- لە ڕاگەیاندنی هێزی و لە جوانی ئاکاری جەستەی.
- 13کێ دەتوانێت پێستەکەی دابماڵێت؟
- کێ دەتوانێت هەردوو لای زرێیەکەی ببڕێت؟
- 14کێ دوو شەویلاکی دەمی دەکاتەوە؟
- ڕیزی ددانەکانی ترسێنەرە.
- 15پشتی بە ڕیزێک قەڵغان داپۆشراوە،
- بە پتەوی بەیەکەوە بەستراوە؛
- 16بە شێوەیەک پێکەوە نووساون کە
- تەنانەت با بە نێوانیاندا ناڕوات.
- 17هەریەکەیان بەوی تەنیشتیەوە نووساوە؛
- پێکەوە بەستراون لێک نابنەوە.
- 18کە دەحیلێنێت بروسکەی ڕووناکی دەدات؛
- چاوەکانی وەک گزنگی بەیانن.
- 19لە دەمیەوە بڵێسەی ئاگر دێتە دەرەوە،
- پریشکی ئاگری لێ دەبێتەوە.
- 20لە کونە لووتییەوە دووکەڵ هەڵدەستێت،
- هەروەک سووتانی قامیش لەبن مەنجەڵێکی لە کوڵ.
- 21هەناسەی خەڵووز دادەگیرسێنێت،
- گڕیش لە دەمیەوە دەڕژێت.
- 22هێزەکەی لە ملیدایە،
- لەبەردەمی هەڵوەستەی لێ دەکەن.
- 23گۆشتەکەی قەدقەد پێکەوە نووساوە،
- بەسەر لەشیدا داڕێژراوە و ناجوڵێتەوە.
- 24سەرسەختە،
- بە جەرگ و چاونەوترسە.
- 25کە هەڵدەستێت بەهێزان دەتۆقن،
- لە ترسی خۆڕاتەکاندنەکەی پەنا دەگرن.
- 26شمشێری بەر دەکەوێت بەڵام نایپێکێت،
- نە ڕم و نە تیر.
- 27ئاسن لەلای وەک کا وایە،
- بڕۆنزیش وەک داری کلۆر.
- 28تیری کەوانەکان نایبەزێنن؛
- بەردی بەردەقانییەکان بەلایەوە وەک پووشن.
- 29گورز لەلای وەک کایە؛
- بە ڕاوەشاندنی ڕم پێدەکەنێت.
- 30ژێری پارچە گۆزەی تیژە،
- جەنجەڕ بەسەر قوڕدا ڕادەکێشێت.
- 31وا دەکات قووڵایی وەک مەنجەڵ بکوڵێت،
- دەریا وەک هیزەی زەیت لێ دەکات.
- 32لەدوای خۆی هێڵێکی سپی درەوشاوە بەجێدەهێڵێت،
- شەپۆلەکان وەک پرچی سپی لێ دەکات.
- 33لەسەر زەوی هاوشێوەی نییە،
- بۆ نەترسان دروستکراوە.
- 34بە سووکییەوە تەماشای لووتبەرزەکان دەکات؛
- پاشای هەموو لەخۆباییەکانە.»
ئهیوب ٤٢
- 1ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:
- 2«زانیم کە دەتوانیت هەموو شتێک بکەیت؛
- ئەوەی تۆ پلانت بۆ داناوە مەحاڵ نابێت.
- 3پرسیارت کرد: ”ئەمە کێیە، بێ زانیاری ڕاوێژی من دەشارێتەوە؟“
- بێگومان من ئەوەی تێی نەگەیشتم بە دەممدا هات،
- بە کارە سەرسوڕهێنەرەکان لەسەرمەوە کە نەمدەزانین.
- 4«فەرمووت: ”ئێستا گوێ بگرە من قسە دەکەم؛
- لێت دەپرسم و پێم دەڵێیت.“
- 5بە گوێی خۆم هەواڵەکانی تۆم بیست،
- ئێستاش چاوەکانم تۆیان بینی.
- 6لەبەر ئەوە خۆم ڕەت دەکەمەوە و
- لەناو خۆڵ و خۆڵەمێشدا تۆبە دەکەم.»
- بەشی کۆتایی
- 7دوای ئەوەی یەزدان بەم وشانە قسەی لەگەڵ ئەیوبدا کرد، یەزدان بە ئەلیفازی تێمانی فەرموو: «تووڕەییم لە تۆ و لە هاوڕێیەکانت جۆشا، چونکە ئێوە وەک ئەیوبی بەندەم بە ڕاستی سەبارەت بە من قسەی ڕاستتان نەکرد.
- 8ئێستاش ئێوە حەوت گا و حەوت بەران ببەن و بڕۆن بۆ لای ئەیوبی بەندەم، لە پێناوی خۆتان قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن. ئەو کاتە ئەیوبی بەندەم لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکات، منیش قبوڵی دەکەم. من بەپێی گێلایەتییەکەی خۆتان هەڵسوکەوتتان لەگەڵ ناکەم، لەبەر ئەوەی ئێوە وەک ئەیوبی بەندەم بە ڕاستی سەبارەت بە من قسەی ڕاستتان نەکرد.»
- 9ئیتر ئەلیفازی تێمانی و بیلدەدی شوحی و چۆفەری نەعماتی ڕۆیشتن و ئەوەیان کرد کە یەزدان پێی فەرموون، یەزدانیش نوێژەکەی ئەیوبی قبوڵ کرد.
- 10دوای ئەوەی ئەیوب لە پێناوی هاوڕێیەکانی پاڕایەوە، یەزدان ئەوەی هی ئەیوب بوو بۆی گەڕاندەوە، بە دووقاتیش ئەوەی هەیبوو بۆی زیاد کرد.
- 11ئەو کاتە هەموو خوشک و برا و ناسیاوەکانی پێشووی بۆ لای هاتن و لە ماڵەکەی نانیان لەگەڵی خوارد. سەرەخۆشییان لێکرد و دڵیان دایەوە لەسەر هەموو ئەو خراپەیەی یەزدان بەسەریدا هێنا، هەریەکەش پارچە زیوێک و ئەنگوستیلەیەکی زێڕیان پێ بەخشی.
- 12یەزدان بەشی کۆتایی ژیانی ئەیوبی لە ژیانی ڕابردووی زیاتر بەرەکەتدار کرد، ئەیوبیش چواردە هەزار سەر مەڕ و شەش هەزار وشتر و هەزار جووت مانگا و هەزار ماکەری هەبوو.
- 13هەروەها حەوت کوڕ و سێ کچیشی هەبوو.
- 14کچی یەکەمی ناو نا یەمیما و دووەم قەچیعا و سێیەم قەرەن هەپوک.
- 15لە هەموو خاکەکەشدا هیچ ئافرەتێک وەک کچەکانی ئەیوب جوان نەبوون، باوکیشیان لەنێو براکانیان میراتی پێدان.
- 16ئەیوبیش پاش ئەوەی کە چاک بووە، سەد و چل ساڵ ژیا و چوار نەوەی خۆی بینی.
- 17ئیتر ئەیوب تێری لە تەمەن خوارد و پیر بوو، پاشان مرد.