
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
حزقیال ٥: ١ - ٦: ١٤
- 1«ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، شمشێرێکی تیژ وەک گوێزانی سەرتاش بۆ خۆت ببە و بەسەر سەر و ڕیشتدا بیهێنە. تەرازووێک بۆ کێشان بۆ خۆت ببە مووەکە بەش بکە.
- 2کە ڕۆژانی گەمارۆکە تەواو دەبێت سێیەکی لە ناوەڕاستی شارەکەدا بە ئاگر بسووتێنە، سێیەکیشی ببە و لە دەوروبەری شارەکە بە شمشێر لێی بدە، سێیەکیشی بە بادا بکە، لەبەر ئەوەی من بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
- 3چەند تاڵێک مووی کەم بە ژمارە لێی ببە و بە دامێنی کراسەکەی خۆتەوە گرێی بدە.
- 4هەروەها هەندێکیشی ببە و فڕێیبدە ناو ئاگر و بە ئاگر بیسووتێنە. لەوەوە ئاگر دەردەچێت بۆ سەر هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل.
- 5«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەمە ئۆرشەلیمە کە لە ناوەڕاستی نەتەوەکاندا داممەزراند، چەند خاکێکیش بە چواردەوریدا.
- 6جا لە نەتەوەکان و لە خاکەکانی دەوروبەری خراپتر لە حوکم و لە فەرزەکانم یاخی بوو، چونکە حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن.
- 7«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو نەتەوانەی دەوروبەرتان زیاتر هاتوهەراتان کرد و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن و بەپێی حوکمەکانی منتان نەکرد. تەنانەت بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەریشتان نەڕۆیشتن.
- 8«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئۆرشەلیم، منیش لە دژی تۆم، لەبەرچاوی نەتەوەکان سزاکان بەسەرتدا دەسەپێنم.
- 9لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت، وات پێ دەکەم کە نەمکردووە، پاشان وەک ئەوە ناکەمەوە.
- 10لەبەر ئەوە لەناو تۆدا باوک کوڕ دەخوات و کوڕیش باوکی دەخوات، سزاکانم دەسەپێنم و هەموو پاشماوەکەت بە دەم هەموو بایەکەوە پەرتەوازە دەکەم.
- 11لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی بە هەموو پەیکەرە گڵاو و وێنە قێزەونەکانت پیرۆزگای منت گڵاوکرد، پاڵپشتیت ناکەم و بە چاوی بەزەییەوە تەماشات ناکەم و دەستم لێت ناپارێزم.
- 12سێیەکت بە دەرد دەمرێت و بە قاتوقڕی لە ناوەڕاستی تۆدا لەناودەچن، سێیەکیشت بە شمشێر لە دەوروبەرت دەکوژرێن، سێیەکیشت بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازە دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
- 13«ئینجا تووڕەییم تەواو دەبێت و هەڵچوونم دادەمرکێتەوە و تۆڵەیان لێ ناکەمەوە. کاتێک هەڵچوونم هەڵڕشت دەزانن کە من یەزدانم لە کاتی دڵگەرمیم فەرمووم.
- 14«وێران و ڕیسوات دەکەم لەنێو ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان، لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک.
- 15جا ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان لێت دەتۆقن و دەبیتە مایەی ڕیسوایی و جنێو و ئاگادارکردنەوە، کە بە تووڕەیی و هەڵچوون و سەرزەنشتی توندەوە سزام بەسەرتدا سەپاند. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
- 16کە تیری کوشندەی قاتوقڕیم تێگرتن، ئەوەی بۆ وێرانی دەبێت، بۆ وێرانیتان دەیهاوێم. نانتان لێ دەبڕم و قاتوقڕیتان لەسەر زیاد دەکەم.
- 17کاتێک قاتوقڕی و دڕندەی خراپ دەنێرمە سەرتان، جەرگتان دەسووتێنن. دەرد و خوێن بەناوتدا تێدەپەڕێت و شمشێر بەسەرتدا دەهێنم. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»
حزقیال ٦
- 1هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە چیاکانی ئیسرائیل بکە و پێشبینی لە دژی بکە.
- 3بڵێ: ”ئەی چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن. یەزدانی باڵادەست بە چیاکان و بە گردەکان، بە شیوەکان و بە دۆڵەکان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم شمشێرێکتان بەسەردا دەهێنم و نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانتان لەناودەبەم.
- 4جا قوربانگاکانتان وێران دەبن و قوربانگاکانی بخوورتان دەشکێن و کوژراوەکانتان فڕێدەدەمە بەردەم بتەکانتان.
- 5لاشەکانی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم بتەکانیان دادەنێم و ئێسکەکانتان لە دەوری قوربانگاکانتان بڵاو دەکەمەوە.
- 6لە هەموو نشینگەکانتان شارۆچکەکان چۆڵ دەبن، نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان کاول دەبن بۆ ئەوەی قوربانگاکانتان چۆڵ و وێران بن، بتەکانیشتان دەشکێن و نامێنن، قوربانگاکانی خۆرتان دەبڕێنەوە، دروستکراوەکانتان دەسڕێنەوە.
- 7خەڵکانێک لەنێوتان دەکوژرێن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
- 8«”لەگەڵ ئەوەشدا پاشماوەتان لێ دەهێڵمەوە، کاتێک لەنێو خاک و نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەبن و لە شمشێر دەرباز دەبن.
- 9دەربازبووانی ئەوان لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆیان ڕاپێچ کرابوون یادم دەکەنەوە و دێتەوە یادیان کە چۆن بەهۆی دڵە سۆزانییەکەیان و چاویان کە ئارەزووی بتیان دەکرد و بەهۆی بێوەفاییان بەرامبەر بە من دڵیان شکاندم. ئەو کاتە ڕقیان لە خۆیان دەبێتەوە لەبەر ئەو خراپەی کردوویانە و لەبەر هەموو نەریتە قێزەونەکانیان.
- 10ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، لەخۆڕایی نەمفەرموو کە ئەم کارەساتەیان بەسەردا دەهێنم.
- 11«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە دەستت لێ بدە و بە پێیەکانت بکوتە و بڵێ، ’ئای بە داخەوە!‘ لەبەر هەموو ئەو نەریتە خراپ و قێزەونانەی بنەماڵەی ئیسرائیل، کە بەهۆیەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەمرن.
- 12ئەوەی دوورە بە دەرد دەمرێت و ئەوەی نزیکە بە شمشێر دەکوژرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە و پارێزراوە بە قاتوقڕی دەمرێت. جا تووڕەییم بەسەریاندا هەڵدەڕێژم.
- 13ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک کوژراوەکانیان لەنێو بتەکانیان لە چواردەوری قوربانگاکانیان دەکەون، لەسەر هەموو گردێکی بەرز، لەسەر لووتکەی هەموو چیاکان، لەژێر هەموو دارێکی سەوز و دار بەڕووێکی گەڵادار، لە هەر شوێنێک بخووری بۆنخۆشیان پێشکەش بە بتەکانیان دەکرد.
- 14دەستم بۆیان درێژ دەکەم و خاکەکە چۆڵ و کاول دەکەم، لە چۆڵەوانییەوە هەتا دیڤلە، لە هەموو نشینگەکانیان. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»