PLAY PODCASTS
سامۆئێلی یه‌كه‌م ٢٤: ١ - ٢٥: ٢٥
Season 15 · Episode 13

سامۆئێلی یه‌كه‌م ٢٤: ١ - ٢٥: ٢٥

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

December 23, 202321m 1s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

سامۆئێلی یه‌كه‌م ٢٤: ١ - ٢٥: ٢٥

  • 1پاش ئەوەی شاول لە ڕاونانی فەلەستییەکان گەڕایەوە پێی ڕاگەیەنرا و گوترا: «داود لە چۆڵەوانی کانی گەدییە.»
  • 2ئینجا شاول لە هەموو ئیسرائیلدا سێ هەزار پیاوی هەڵبژاردەی برد و چوو بۆ گەڕان بەدوای داود و پیاوەکانی، لەسەر هەڵدێرەکانی بزنە کێوییەکان.
  • 3شاول هاتە لای پەرژینە مەڕەکانی سەر ڕێگاکە، لەوێدا ئەشکەوتێکی لێبوو، چووە ژوورەوە هەتا دەست بەئاوبگەیەنێت. داود و پیاوەکانیشی لە قووڵایی ئەشکەوتەکەدا دانیشتبوون.
  • 4پیاوەکانی داود پێیان گوت: «ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان پێی فەرمووی: ”من دوژمنەکانت دەدەمە دەستت، تۆش ئەوەی پێت باشە پێیانی دەکەیت.“» داودیش هەستا و بەدزییەوە لایەکی کەواکەی شاولی بڕی.
  • 5پاش ئەمە، دڵی داود ئازاری دا، لەبەر ئەوەی لایەکی کەواکەی شاولی بڕی.
  • 6جا بە پیاوەکانی گوت: «لەلایەن یەزدانەوە بە دوور بێت کە کاری وا بە گەورەکەم بکەم، دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەگەر دەستی بۆ درێژ بکەم، چونکە ئەو دەستنیشانکراوی یەزدانە.»
  • 7داود بەم قسانە پیاوەکانی سەرزەنشت کرد و ڕێگای پێنەدان بۆ هێرشکردنە سەر شاول، شاولیش لە ئەشکەوتەکە هەستا و ڕێگای خۆی گرتەبەر.
  • 8پاش ئەمە داود هەستا و لە ئەشکەوتەکە چووە دەرەوە، بەدوای شاولدا هاواری کرد و گوتی: «پاشای گەورەم!» کاتێک شاول بەرەو دواوە ئاوڕی دایەوە، داود سەری دانەواند و کڕنۆشی برد.
  • 9ئینجا داود بە شاولی گوت: «بۆچی گوێ لە قسەی خەڵک دەگریت، ئەوانەی دەڵێن: ”ئەوەتا داود خراپەی تۆی دەوێت“؟
  • 10ئەوەتا ئەمڕۆ بە چاوەکانی خۆت بینیت کە چۆن یەزدان ئەمڕۆ تۆی لەو ئەشکەوتەدا دایە دەستم. پێم گوترا کە بتکوژم، بەڵام من بەزەییم پێتدا هاتەوە و گوتم: ”دەستم بۆ گەورەم درێژ ناکەم، چونکە ئەو دەستنیشانکراوی یەزدانە.“
  • 11باوکە، تەماشا بکە، تەماشا دامێنی کەواکەت بەدەستمەوەیە! من دامێنی کەواکەی تۆم بڕی بەڵام نەمکوشتیت، بزانە و ببینە کە من هیچ خراپە و ناپاکییەکم نییە، دەرهەق بە تۆ تاوانبار نیم. کەچی تۆ ڕاوم دەنێی هەتا بمکوژیت.
  • 12با یەزدان دادوەری لەنێوان من و تۆدا بکات، یەزدان تۆڵەی منت لێ بکاتەوە، بەڵام من دەستت لێ بەرز ناکەمەوە،
  • 13هەروەک پەندی پێشینان دەڵێت: ”خراپە لە خراپەکاران دەوەشێتەوە،“ لەبەر ئەوە من دەستت لێ بەرز ناکەمەوە.
  • 14«پاشای ئیسرائیل بەدوای کێ کەوتووە؟ تۆ کێ ڕاو دەنێیت؟ بەدوای سەگێکی تۆپیو؟ بەدوای کێچێک؟
  • 15با یەزدان ببێت بە دادوەر و حوکم لەنێوان من و تۆدا بکات، تەماشا بکات و ئەستۆپاکیم بسەلمێنێت، لە دەستی تۆ دەربازم بکات.»
  • 16ئەوە بوو کە داود لەم قسانە بووەوە بۆ شاول، شاول گوتی: «داود، کوڕم، ئەمە دەنگی تۆیە؟» جا شاول دەنگی بەرزکردەوە و گریا،
  • 17بە داودی گوت: «تۆ لە من ڕاستودروستتریت، چونکە تۆ بە چاکە پاداشتت دامەوە، بەڵام من بە خراپە.
  • 18هەروەها ئەمڕۆ تۆ دەرتخست کە چاکەت لەگەڵدا کردووم، چونکە یەزدان منی دا بە دەستتەوە، بەڵام تۆ نەتکوشتم.
  • 19ئەگەر پیاو دوژمنەکەی دەست بکەوێت، ئایا بەرەو ڕێگای باش بەڕەڵای دەکات؟ با یەزدان پاداشتی چاکەت بداتەوە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ مندا کردت.
  • 20ئێستاش بە دڵنیاییەوە من دەزانم تۆ دەبیت بە پاشا، بە دەستی تۆ پاشایەتی ئیسرائیل دەچەسپێت.
  • 21ئێستا بە یەزدان سوێندم بۆ بخۆ کە دوای خۆم نەوەکەم نابڕیتەوە و ناویشم لە ماڵی باوکمدا ناسڕیتەوە.»
  • 22ئیتر داود سوێندی بۆ شاول خوارد. پاشان شاول گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی، بەڵام داود و پیاوەکانی بەرەو قەڵاکە سەرکەوتن.

سامۆئێلی یه‌كه‌م ٢٥

  • 1ئەوە بوو ساموئێل مرد، هەموو ئیسرائیل کۆبوونەوە و شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ماڵەکەی خۆیدا لە ڕامە ناشتیان. دوای ئەوە داود هەستا و بەرەو چۆڵەوانی ماعۆن دابەزی.
  • 2پیاوێک هەبوو لە ماعۆن موڵک و ماڵی لە کارمەل بوو. زۆر دەوڵەمەند بوو، سێ هەزار سەر مەڕ و هەزار سەر بزنی هەبوو، لە کارمەل دەیبڕینەوە.
  • 3پیاوەکە ناوی نابال بوو، ئەبیگایلی ژنی تێگەیشتوو و ڕوخسار جوان بوو، بەڵام پیاوەکە کە لە خێڵی کالێبی بوو، دڵڕەق و بەد ڕەفتار بوو.
  • 4داود لە چۆڵەوانییەوە بیستی کە نابال مەڕەکانی دەبڕێتەوە،
  • 5دە خزمەتکاری نارد و پێی گوتن: «سەربکەون بۆ کارمەل و بڕۆن بۆ لای نابال و بە ناوی منەوە سڵاوی لێ بکەن،
  • 6ئاوا بڵێن: ”تەمەن درێژ بیت، خۆت و خاووخێزانت سەلامەت بن و هەرچیت هەیە سەلامەت بێت!
  • 7«”ئێستا بیستوومە کە لەلای ئێوە کاتی بڕینەوەی مەڕەکانە. بە درێژایی ئەو ماوەیەی شوانەکانت لەگەڵ ئێمە لە کارمەل بوون ئازارمان نەدان و هیچیان لێ بزر نەبوو.
  • 8لە خزمەتکارەکانی خۆت بپرسە و ئەوان پێت دەڵێن. لەبەر ئەوە با ئەو خزمەتکارانەم پەسەند بن لەلات. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژێکی چاکدا هاتووین، ئەوەی لە دەستت دێت بیدە خزمەتکارەکانت و داودی کوڕت.“»
  • 9کاتێک خزمەتکارەکان هاتن و بە ناوی داودەوە تەواوی ئەم پەیامەیان بە نابال ڕاگەیاند، چاوەڕێیان کرد.
  • 10نابالیش وەڵامی خزمەتکارەکانی داودی دایەوە و گوتی: «داود کێیە و کوڕی یەسا کێیە؟ لەم ڕۆژانەدا ئەو خزمەتکارانە زۆر بوون کە هەریەکە و لەبەردەم گەورەکەی هەڵدێت.
  • 11ئایا نان و ئاو و ئەو ئاژەڵانەی سەرم بڕییوە بۆ ئەوانەی خوری مەڕەکانم دەبڕنەوە، بیبەم و بیدەمە خەڵکێک کە نازانم خەڵکی کوێن؟»
  • 12جا خزمەتکارەکانی داود بە ڕێگاکەیاندا گەڕانەوە، هاتن و هەموو ئەو قسانەیان پێی ڕاگەیاند.
  • 13داودیش بە پیاوەکانی گوت: «با هەریەکە و شمشێرەکەی لە خۆی ببەستێت!» جا هەریەکە و شمشێرەکەی لە خۆی بەست، داودیش شمشێرەکەی لە خۆی بەست. نزیکەی چوار سەد پیاو بەدوای داودەوە سەرکەوتن، دوو سەد کەسیش لەلای کەلوپەلەکان مانەوە.
  • 14یەکێک لە خزمەتکارەکان بە ئەبیگایلی ژنی نابالی ڕاگەیاند و گوتی: «داود چەند نێردراوێکی لە چۆڵەوانییەوە نارد بۆ سڵاوکردن لە گەورەمان، بەڵام ئەو هاواری بەسەردا کردن.
  • 15ئەو پیاوانەش چاکەی زۆریان بۆمان بووە و ئەزیەتیان نەداوین و بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە لە کێڵگە لەگەڵیاندا بووین هیچمان لێ بزر نەبووە.
  • 16هەموو ئەو ماوەیەی کە لەگەڵیان بووین و مەڕمان دەلەوەڕاند، شەو و ڕۆژ شوورای دەورمان بوون.
  • 17ئێستاش بزانە و ببینە چی دەکەیت، چونکە بۆ گەورەمان و بۆ ماڵەکەی کارەسات بەڕێوەیە، گەورەمان کابرایەکی بەدفەڕە و قسەی لەگەڵدا ناکرێت.»
  • 18ئەبیگایلیش بە پەلە دوو سەد نان و دوو مەشکە شەراب و پێنج مەڕی کەوڵکراو و پێنج پێوانە دانەوێڵەی برژاو و سەد هێشووە کشمیش و دوو سەد نانە هەنجیری برد و لە گوێدرێژەکانی بارکرد،
  • 19بە خزمەتکارەکانی گوت: «لەپێشمەوە بڕۆن، منیش وا لە دواتانەوە دێم.» بەڵام بە نابالی مێردی نەگوت.
  • 20کاتێک بە سواری گوێدرێژەکەی بە شیوەکەدا دەڕۆیشت، چاوی بە داود و پیاوەکانی کەوت کە بەرەو ڕووی دەهاتنە خوارەوە.
  • 21داودیش قسەی دەکرد و دەیگوت: «بێ سوود هەموو شتەکانی ئەو پیاوەم لە چۆڵەوانیدا پاراست و لە هەموو ئەوەی هی ئەو بوو هیچ بزر نەبوو، کەچی لە جیاتی چاکە خراپەم دەداتەوە.
  • 22با خودا توندترین سزای داود بدات، ئەگەر هەتا بەرەبەیان نێرینەم هێشتەوە لە هەموو ئەوەی هی ئەوە!»
  • 23کاتێک ئەبیگایل داودی بینی، بە پەلە لە گوێدرێژەکە دابەزی و لەبەردەم داود لەسەر ڕوو کەوت، کڕنۆشی برد،
  • 24خۆی فڕێدا بەرپێی و گوتی: «گەورەم، ئەم تاوانە با لەسەر من بێت، با کارەکەرەکەت پێت بڵێت و گوێ لە قسەکانی بگرە.
  • 25تکایە با گەورەم دڵی خۆی بە نابالەوە خەریک نەکات، ئەو پیاوە بەدفەڕە، چونکە ناوی بە خۆیەوەیە، ناوی نابالە و گێلایەتی لەلای ئەوە. بەڵام من کارەکەری تۆم و ئەو خزمەتکارانەی تۆم نەبینی کە ناردبووتن.