
Season 15 · Episode 15
سامۆئێلی یهكهم ٢٧: ١ - ٢٨: ٢٥
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
December 25, 202320m 32s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
سامۆئێلی یهكهم ٢٧: ١ - ٢٨: ٢٥
- 1داود لە دڵی خۆیدا گوتی: «بێگومان ڕۆژێک بە دەستی شاول دەفەوتێم، لەبەر ئەوە باشترین شت بۆ من ئەوەیە هەڵبێم و خۆم دەرباز بکەم بۆ خاکی فەلەستییەکان، ئیتر شاول نائومێد دەبێت لە گەڕان بەدوامدا لەنێو سنوورەکانی ئیسرائیل و منیش لە دەستی دەرباز دەبم.»
- 2داود هەستا و خۆی و ئەو شەش سەد پیاوەی لەگەڵی بوون پەڕینەوە بۆ لای ئاخیشی کوڕی ماعۆخی پاشای گەت.
- 3ئیتر داود لە گەت لەلای ئاخیش مایەوە، خۆی و پیاوەکانی، هەریەکە و خێزانەکەی خۆی لەگەڵی بوو، داودیش لەگەڵ هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایلی کارمەلی کە بێوەژنی نابال بوو.
- 4بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود بۆ گەت هەڵاتووە، ئیتر ئەویش بەدوایدا نەگەڕا.
- 5داود بە ئاخیشی گوت: «ئەگەر لەبەرچاوت جێی ڕەزامەندی تۆم، لە یەکێک لە شارۆچکە دوورەدەستەکان شوێنێکم بدەرێ و با لەوێ نیشتەجێ بم، بۆچی خزمەتکارەکەت لەناو پایتەخت لەگەڵت نیشتەجێ بێت؟»
- 6لەبەر ئەوە لەو ڕۆژەدا ئاخیش چیقلەگی پێدا، بۆیە لەو ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆش چیقلەگ بووە بە هی پاشاکانی یەهودا.
- 7داود ساڵێک و چوار مانگ لە خاکی فەلەستییەکان نیشتەجێ بوو.
- 8لەو ماوەیەدا داود و پیاوەکانی سەردەکەوتن و پەلاماری گەشووری و گیرزی و عەمالێقییەکانیان دەدا، چونکە ئەمانە لە کۆنەوە دانیشتووانی خاکەکە بوون، لەلای شوورەوە هەتا خاکی میسر.
- 9هەر کاتێک داود هێرشی دەکردە سەر هەرێمێک پیاو و ئافرەتی بە زیندوویی نەدەهێشتەوە، مەڕ و مانگا و گوێدرێژ و وشتر و جلوبەرگی دەبرد و دەگەڕایەوە، دەهاتەوە لای ئاخیش.
- 10کاتێک ئاخیش پرسیاری لێ دەکرد: «ئەمڕۆ پەلاماری کوێتان داوە؟» داودیش دەیگوت: «نەقەبی یەهودا» یان «نەقەبی یەرەحمێلییەکان» یان «نەقەبی قێنییەکان.»
- 11داود پیاو و ئافرەتی بە زیندوویی نەدەهێشتەوە هەتا بێنە گەت، چونکە دەیگوت: «نەوەک لە گەت ڕابگەیەنن: ”داود ئەمەی کردووە.“» ئەمە پیشەی ڕۆژانەی بوو لە هەموو ئەو ماوەیەی لە خاکی فەلەستییەکان نیشتەجێ بوو.
- 12ئاخیش بڕوای بە داود دەکرد و دەیگوت: «داود لەلای ئیسرائیلی گەلی خۆی بە تەواوی قێزەون بووە، جا هەتاهەتایە دەبێتە بەندەم.»
سامۆئێلی یهكهم ٢٨
- 1ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا فەلەستییەکان سوپاکانیان بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل کۆکردەوە، جا ئاخیش بە داودی گوت: «دڵنیابە، خۆت و پیاوەکانت لە سوپاکەدا لەگەڵ من دەبن.»
- 2داودیش بە ئاخیشی گوت: «ئینجا دەزانیت خزمەتکارەکەت چی دەکات.»
- ئاخیش بە داودی گوت: «لەبەر ئەوە بە درێژایی ژیانت دەتکەمە پاسەوانی ژیانم.»
- 3کاتێک ساموئێل مردبوو و هەموو ئیسرائیل شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ڕامە لە شارۆچکەکەی خۆی ناشتیان. لەو ماوەیەدا شاول نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە دوورخستبووەوە.
- 4لەو کاتەدا فەلەستییەکان کۆبوونەوە و هاتن و لە شونێم خێوەتگایان هەڵدا، شاولیش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە گلبۆع خێوەتگایان هەڵدا.
- 5جا شاول کە سوپای فەلەستییەکانی بینی ترسا و دڵی زۆر شڵەژا.
- 6کاتێک شاول پرسیاری لە یەزدان کرد، یەزدان نە بە خەون و نە بە ئوریم و نە بە پێغەمبەرەکان وەڵامی نەدایەوە.
- 7لەبەر ئەوە شاول بە خزمەتکارەکانی گوت: «بەدوای ژنێکی نێوانگردا بۆم بگەڕێن، هەتا بچمە لای و پرسیاری لێ بکەم.»
- خزمەتکارەکانیشی پێیان گوت: «ژنێکی نێوانگر لە کانی دۆر هەیە.»
- 8ئینجا شاول دەموچاوی خۆی گۆڕی و جلێکی دیکەی لەبەرکرد، دوو پیاوی لەگەڵ خۆی برد و بە شەو چوو بۆ لای ژنەکە، پێی گوت: «تکایە بەهۆی جنۆکەوە ڕۆح ئامادەکاریم بۆ بکە، ئەو کەسەم بۆ دەربخە کە پێتی دەڵێم.»
- 9بەڵام ژنەکە پێی گوت: «خۆت دەزانیت شاول چی کردووە و چۆن نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە بڕیوەتەوە، ئیتر بۆچی داو بۆ ژیانم دەنێیتەوە هەتا بکوژرێم؟»
- 10شاولیش بە یەزدان سوێندی بۆ خوارد و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، لەم کارەدا هیچ سزایەکت نادرێتە پاڵ.»
- 11جا ژنەکە گوتی: «کێت بۆ دەربخەم؟»
- ئەویش گوتی: «ساموئێلم بۆ دەربخە.»
- 12کە ژنەکە ساموئێلی بینی بە دەنگێکی بەرز قیژاندی و بە شاولی گوت: «بۆچی هەڵتخەڵەتاندم؟ تۆ شاولیت.»
- 13پاشاش پێی گوت: «مەترسە، چیت بینی؟»
- ژنەکە بە شاولی گوت: «ڕۆحێکم بینی لە زەوییەوە سەردەکەوت.»
- 14ئەویش پێی گوت: «شێوەی چۆنە؟»
- ژنەکە گوتی: «پیرەمێردێکە سەردەکەوێت و کەوایەکی لەبەردایە.»
- جا شاول زانی ئەوە ساموئێلە، سەری دانەواند و کڕنۆشی برد.
- 15ساموئێل بە شاولی گوت: «بۆچی ڕاتچڵەکاندم و سەرت خستم؟»
- شاولیش گوتی: «زۆر لە تەنگانەدام. فەلەستییەکان لە دژم دەجەنگن و خوداش لێم جیا بووەتەوە و چیدی وەڵامم ناداتەوە، نە بەهۆی پێغەمبەرەکانەوە و نە بە خەون، منیش بانگم کردیت هەتا پێم بڵێی چی بکەم.»
- 16ساموئێلیش گوتی: «بۆچی پرسیارم لێ دەکەیت لە کاتێکدا یەزدان لێت جیا بووەتەوە و بووە بە دوژمنت؟
- 17یەزدان ئەوەی بۆ داود کرد، کە لە ڕێگەی منەوە فەرمووی. یەزدان پاشایەتییەکەی لەژێر دەستت دەرهێنا و دای بە نزیکەکەت، کە داودە.
- 18وەک چۆن گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت و گڕی تووڕەیی ئەوت بەسەر عەمالێقییەکاندا نەباراند، لەبەر ئەوە یەزدان ئەمڕۆ ئەمەی بەسەرت هێناوە.
- 19هەروەها یەزدان، ئیسرائیلیش لەگەڵ تۆدا بە دەست فەلەستییەکانەوە دەدات، سبەینێ خۆت و کوڕەکانت لەگەڵ مندا دەبن، هەروەها یەزدان سوپای ئیسرائیلیش بەدەست فەلەستییەکانەوە دەدات.»
- 20شاول دەستبەجێ بە درێژایی خۆی کەوتە سەر زەوی و زۆر لە قسەکانی ساموئێل ترسا. هیچ هێزی تێدا نەما، چونکە بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە هیچ خواردنێکی نەخواردبوو.
- 21کاتێک ژنەکە هاتە لای شاول و بینی زۆر پەشۆکاوە، پێی گوت: «ئەوەتا کەنیزەکەت گوێڕایەڵی فەرمانت بوو و ژیانی خۆمم خستە ناو لەپی دەستمەوە و گوێم لەو قسەیەت گرت کە پێت گوتم.
- 22ئێستا تۆش گوێ لە کەنیزەکەت بگرە، پارچەیەک نان لەبەردەمتدا دادەنێم و بیخۆ، بۆ ئەوەی هێزت تێدابێت کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیت.»
- 23ئەویش ڕازی نەبوو و گوتی: «ناخۆم.»
- بەڵام دوو خزمەتکارەکەی و ژنەکەش زۆریان لێکرد، ئەویش گوێی لێیان گرت و لەسەر زەوییەکە هەستا و لەسەر جێگاکە دانیشت.
- 24ژنەکە جوانەگایەکی قەڵەوی لە ماڵەوە هەبوو، بە پەلە سەری بڕی و ئاردی برد و کردی بە هەویر و نانی فەتیرەی کرد.
- 25پاشان لەبەردەم شاول و دوو خزمەتکارەکەیدا داینا و خواردیان. ئینجا هەستان و لەو شەوەدا ڕۆیشتن.