
Season 15 · Episode 14
سامۆئێلی یهكهم ٢٥: ٢٥ - ٢٦: ٢٥
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
December 24, 202319m 53s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
سامۆئێلی یهكهم ٢٥: ٢٥ - ٢٦: ٢٥
- 25تکایە با گەورەم دڵی خۆی بە نابالەوە خەریک نەکات، ئەو پیاوە بەدفەڕە، چونکە ناوی بە خۆیەوەیە، ناوی نابالە و گێلایەتی لەلای ئەوە. بەڵام من کارەکەری تۆم و ئەو خزمەتکارانەی تۆم نەبینی کە ناردبووتن.
- 26ئێستاش گەورەم، بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی خۆت، یەزدان کە ڕێگای لێ گرتوویت لە خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە بە دەستی خۆت، ئێستا با دوژمنەکانت وەک نابالیان لێ بێت لەگەڵ هەموو ئەوانەی داوای خراپەت بۆ دەکەن.
- 27ئێستاش ئەم دیارییەی کارەکەرەکەت هێناویەتی بۆ گەورەم، با بدرێتە ئەو خزمەتکارانە کە لەدوای گەورەمەوە دەڕۆن.
- 28«هەروەها لە تاوانی کارەکەرەکەت خۆشبە، لەبەر ئەوە بێگومان یەزدان بنەماڵەیەکی چەسپاو بۆ گەورەکەم دروستدەکات، چونکە گەورەکەم لە پێناوی یەزدان دەجەنگێت. با بە درێژایی ژیانت خراپەت تێدا بەدی نەکرێت.
- 29ئەگەر پیاوێک ڕاست بێتەوە و ڕاوت بنێت و بیەوێ بتکوژێت، یەزدانی پەروەردگارت ژیانی گەورەم لەگەڵ چەپکی ژیان دەپێچێتەوە، ژیانی دوژمنانیشت لەناو لەپی بەردەقانییەوە تووڕ دەدرێن.
- 30هەروەها کاتێک کە یەزدان هەموو ئەو چاکەیەی سەبارەت بە تۆ فەرموویەتی دەیکات، دەتکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل،
- 31با ئەمە نەبێتە بارێکی گران و کۆسپ لەسەر دڵی گەورەم، کە بڵێن خوێنێکی بەخۆڕاییت ڕشتووە، هەروەها گەورەم بە دەستی خۆی تۆڵەی خۆی کردووەتەوە. جا کە یەزدان چاکەی لەگەڵ گەورەمدا کرد، کارەکەرەکەت لەبیر بێت.»
- 32داودیش بە ئەبیگایلی گوت: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ تۆی ناردووە بۆ پێشوازیکردنم.
- 33بەرەکەتدار بیت بۆ ئەو ژیرییەی کە هەتە، چونکە تۆ ئەمڕۆ منت گەڕاندەوە لە خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە بە دەستی خۆم.
- 34بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەوەی نەیهێشت خراپەت لەگەڵ بکەم، ئەگەر بە پەلە بەپیرمەوە نەدەهاتیت، هەتا ڕووناکی بەرەبەیان نێرێکم بۆ نابال نەدەهێشتەوە.»
- 35ئینجا ئەوەی بۆی هێنابوو داود لە دەستی وەرگرت و پێی گوت: «بە سەلامەتی سەربکەوە بۆ ماڵەکەت و ببینە من گوێم لێ گرتیت و داواکارییەکەی تۆم بەجێهێنا.»
- 36پاشان ئەبیگایل هاتەوە لای نابال، بینی ئەوەتا لە ماڵەکەیدا خوان ئامادەکراوە وەک خوانی پاشا، نابال دڵخۆشە و زۆر سەرخۆش بووە. ئینجا هەتا ڕووناکی بەرەبەیان، نە کەم و نە زۆر هیچ شتێکی بۆ نەگێڕایەوە.
- 37ئەوە بوو بۆ بەیانی کاتێک سەرخۆشییەکە نابالی بەردا، ژنەکەی ئەو قسانەی بۆ گێڕایەوە، جا تووشی شۆک بوو، وەک بەردی لێ هات.
- 38ئیتر نزیکەی دوای دە ڕۆژ یەزدان لە نابالی دا و مرد.
- 39کاتێک داود بیستییەوە کە نابال مردووە، گوتی: «ستایش بۆ یەزدان کە لە کێشەکەم دادپەروەری بۆ کردم، لەو سووکایەتییەی لەلایەن نابالەوە پێم کرا، بەندەکەی لە خراپەکردن پاراست، یەزدان خراپەکەی نابالی بەسەر خۆیدا هێنایەوە.»
- ئینجا داود ناردی و لەگەڵ ئەبیگایل قسەی کرد هەتا ببێتە ژنی.
- 40جا خزمەتکارەکانی داود هاتنە کارمەل بۆ لای ئەبیگایل و پێیان گوت: «داود ئێمەی بۆ لات ناردووە هەتا بتکاتە ژنی خۆی.»
- 41ئەویش هەستا و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی و گوتی: «ئەوەتا کارەکەرەکەت کەنیزەیە بۆ شوشتنی پێی خزمەتکارەکانی گەورەم.»
- 42بە پەلە هەستا و سواری گوێدرێژێک بوو، پێنج کچە کارەکەریش لەگەڵ پێیدا ڕۆیشتن و دوای نێردراوەکانی داود کەوت و بوو بە ژنی.
- 43هەروەها داود پێشتر ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی هێنابوو، جا هەردووکیان ژنی بوون.
- 44شاولیش میخەلی کچی کە ژنی داود بوو، دابوویە پەلتیێلی کوڕی لایش کە خەڵکی گەلیم بوو.
سامۆئێلی یهكهم ٢٦
- 1زیفییەکان هاتنە گیڤعا بۆ لای شاول و گوتیان: «ئایا داود لە گردی حەکیلای بەرامبەر یەشیمۆن خۆی نەشاردووەتەوە؟»
- 2شاولیش هەستا و دابەزی بۆ چۆڵەوانی زیف و سێ هەزار پیاوی هەڵبژاردەی ئیسرائیلیشی لەگەڵدا بوو، بۆ ئەوەی لە چۆڵەوانی زیف بەدوای داود بگەڕێت.
- 3ئینجا شاول لە گردی حەکیلا کە بەرامبەر یەشیمۆنە لەسەر ڕێگاکە چادری هەڵدا، داودیش لە چۆڵەوانییەکەدا مایەوە. کاتێک بینی وا شاول بەدوایدا هاتووە بۆ چۆڵەوانی،
- 4داود چەند سووسەکەرێکی نارد و بە دڵنیاییەوە زانی کە شاول هاتووە.
- 5ئینجا داود هەستا و چوو بۆ ئەو شوێنەی شاول چادری لێ هەڵداوە، داود سەیری ئەو شوێنەی کرد کە شاول و ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی تێیدا پاڵکەوتبوون. شاول لەناو ئۆردوگاکە پاڵکەوتبوو، سوپاکەش لە چواردەوریدا دامەزرابوون.
- 6ئینجا داود لە ئەحیمەلەخی حیتی و لە ئەبیشەیی کوڕی چەرویای برای یۆئابی پرسی: «کێ لەگەڵمدا دێتە خوارەوە، بۆ لای شاول بۆ ناو ئۆردوگاکە؟»
- ئەبیشەیش گوتی: «من لەگەڵتدا دێمە خوارەوە.»
- 7ئیتر داود و ئەبیشەی بە شەو هاتن بۆ لای سوپاکە و بینییان شاول لەناو ئۆردوگاکە پاڵکەوتووە و نوستووە، ڕمەکەشی لەلای سەرییەوە لە زەوی چەقیبوو، ئەبنێر و سوپاکەش لە چواردەوریدا پاڵکەوتبوون.
- 8ئەبیشەی بە داودی گوت: «ئەمڕۆ خودا دوژمنەکەتی داوە بەدەستەوە، ئێستاش لێمگەڕێ با بە یەک ڕم لێدان بە زەویدا بیچەقێنم و لێی دووبارە ناکەمەوە.»
- 9بەڵام داود بە ئەبیشەی گوت: «لەناوی مەبە، چونکە کێ دەستی بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژکردووە و بێتاوان بووە؟»
- 10هەروەها داود گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، یان یەزدان خۆی لێی دەدات یان ڕۆژی دێت و دەمرێت، یانیش دەچێت بۆ جەنگ و تێیدا لەناودەچێت.
- 11لەلایەن یەزدانەوە لە من بەدوور بێت کە دەست بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژ بکەم. ئێستاش ڕمەکە و گۆزە ئاوەکەی لای سەری بهێنە و با بڕۆین.»
- 12ئیتر داود ڕمەکە و گۆزە ئاوەکەی لای سەری شاولی برد و ڕۆیشتن، کەس نەیبینی و نەیزانی و بەخەبەر نەهات. هەموویان نوستبوون، چونکە یەزدان ئەوانی خستبووە خەوێکی قووڵەوە.
- 13پاشان داود بۆ بەری ئەوبەر پەڕییەوە و لە دوورەوە لەسەر لووتکەی کێوێک وەستا، ماوەی نێوانیان زۆر بوو.
- 14ئینجا داود بانگی سوپاکە و ئەبنێری کوڕی نێری کرد و گوتی: «ئەبنێر وەڵام نادەیتەوە؟»
- ئەبنێریش گوتی: «تۆ کێیت بانگی پاشا دەکەیت؟»
- 15داود بە ئەبنێری گوت: «ئایا تۆ پیاو نیت، کێ لە ئیسرائیلدا وەک تۆ وایە؟ ئەی بۆچی پاشای گەورەی خۆتت نەپاراست، چونکە یەکێک لە گەل هات بۆ ئەوەی پاشای گەورەت لەناو ببات.
- 16ئەوەی تۆ کردت باش نەبوو. بە یەزدانی زیندوو، ئێوە شایانی سزای مردنن، چونکە پارێزگاریتان لە گەورەکەتان نەکرد، لە دەستنیشانکراوی یەزدان. ئێستاش سەیر بکە، کوا ڕمەکەی پاشا و ئەو گۆزە ئاوەی کە لەلای سەرییەوە بوو؟»
- 17لێرەدا شاول دەنگی داودی ناسییەوە و گوتی: «داود، کوڕم، ئەوە دەنگی تۆیە؟»
- داودیش گوتی: «گەورەم، پاشا، دەنگی منە.»
- 18ئینجا گوتی: «ئایا بۆچی گەورەم خزمەتکارەکەی ڕاو دەنێت، من چیم کردووە و چ خراپەیەکم هەیە؟
- 19ئێستاش با پاشای گەورەم گوێ لە قسەی خزمەتکارەکەی بگرێت: ئەگەر یەزدان لە دژی من هانی داویت، با پێشکەشکراوم لێ وەربگرێت؛ بەڵام ئەگەر ئادەمیزادیش هانی داویت، با لەبەردەم یەزدان نەفرەت لێکراو بن. ئەمڕۆ منیان لە هاتنە ناو ڕیزی بەشە میراتی یەزدان دەرکردووە، پێم دەڵێن: ”بڕۆ خودای دیکە بپەرستە.“
- 20با خوێنم دوور لە ئامادەبوونی یەزدان نەکەوێتە سەر زەوی، چونکە پاشای ئیسرائیل بەدوای کێچێکدا هاتووەتە دەرەوە، وەک یەکێک لە چیاکاندا کەوێک ڕاو بکات.»
- 21شاولیش پێی گوت: «من گوناهم کرد، داود کوڕم، بگەڕێوە، ئیتر خراپەت لەگەڵ ناکەم، پاش ئەوەی ئەمڕۆ ژیانی من لەبەرچاوی تۆ بەهادار بوو، من گێلایەتیم کرد و زۆر گومڕا بووم.»
- 22داودیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەوە ڕمەکەی پاشایە، با یەکێک لە خزمەتکارەکان بپەڕێتەوە و بیبات.
- 23یەزدانیش پاداشتی هەر پیاوێک بەپێی ڕاستودروستی و دەستپاکییەکەی دەداتەوە، چونکە ئەمڕۆ یەزدان تۆی بەدەستمەوە دا، بەڵام نەمویست دەست بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژ بکەم.
- 24وەک چۆن ئەمڕۆ ژیانت لەبەرچاوی من بەهادار بوو، با ژیانی منیش لەبەرچاوی یەزدان بەهادار بێت و لە هەموو تەنگانەیەک فریام بکەوێت.»
- 25ئینجا شاول بە داودی گوت: «داود کوڕم، تۆ بەرەکەتداریت، چونکە تۆ کاری گەورە دەکەیت و سەردەکەویت.»
- دوای ئەوە داود ڕێگای خۆی گرتەبەر، شاولیش بۆ شوێنەکەی خۆی گەڕایەوە.