PLAY PODCASTS
حزقیال ٣٣: ٣٢ - ٣٦: ٢٥
Season 43 · Episode 20

حزقیال ٣٣: ٣٢ - ٣٦: ٢٥

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

June 2, 202520m 23s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

حزقیال ٣٣: ٣٢ - ٣٦: ٢٥

  • 32لە ڕاستیدا تۆ بۆ ئەوان وەک کەسێکی دەنگ خۆشیت کە باش مۆسیقا دەژەنێت و گۆرانی خۆشەویستی دەڵێتەوە، جا گوێ لە قسەکانت دەگرن و کاری پێ ناکەن.
  • 33«کەی ئەمە بە ئەنجام گەیشت، بێگومان دەشگاتە ئەنجام، ئەو کاتە دەزانن کە پێغەمبەرێک لەنێویان بوو.»

حزقیال ٣٤

  • 1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
  • 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، لەسەر شوانەکانی ئیسرائیل پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر شوانەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی هەر خەریکی خۆیانن، ئایا نابێت شوانەکان مێگەل بلەوەڕێن؟
  • 3ئێوە چەورییەکەی دەخۆن و خورییەکەی لەبەر دەکەن و کامەشیان قەڵەوە سەری دەبڕن، بەڵام مێگەل نالەوەڕێنن.
  • 4لاوازتان بەهێز نەکرد، نەخۆشتان تیمار نەکرد، شکاوتان نەگرتەوە، دەرکراوتان نەگەڕاندەوە و بەدوای ونبوودا نەگەڕان، بەڵکو توندوتیژی خۆتان بەسەریاندا سەپاند.
  • 5جا بەبێ شوان پەرتەوازە بوون و بە پەرتەوازەیی بە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی بوون.
  • 6مێگەلی من بەسەر هەموو چیا و گردێکی بەرزدا وێڵ بوون، بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتەوازە بوون و کەسیش نەبوو لێیان بپرسێت و بەدوایاندا بگەڕێت.
  • 7«”لەبەر ئەوە ئەی شوانەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:
  • 8یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی مێگەلی من بەبێ شوان بوو بە تاڵانی، هەتا ببێتە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی، هەروەها شوانەکانم لە مێگەلی منیان نەپرسی، هەر خەریکی خۆیان بوون و مێگەلی منیان نەلەوەڕاند،
  • 9ئەی شوانەکان لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:
  • 10یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی شوانەکانم و داوای مێگەلی خۆم لە دەستیان دەکەم، لە لەوەڕاندنی مێگەلەکەم ڕایاندەگرم، لەمەودوا شوانەکان خەریکی خۆیان نابن، فریای مێگەلی خۆم دەکەوم لەناو دەمیان، ئیتر نابێت بە خۆراکیان.
  • 11«”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من بەدوای مێگەلی خۆمدا دەگەڕێم و بەسەریان دەکەمەوە،
  • 12وەک چۆن شوان مێگەلە پەرتەوازەکەی خۆی بەسەردەکاتەوە کاتێک لەنێویان دەبێت، ئاوا منیش مێگەلی خۆم بەسەردەکەمەوە و فریایان دەکەوم لە هەموو ئەو شوێنانەی کە لە ڕۆژی تەمومژدا بۆی پەرتەوازە بوون.
  • 13لەنێو گەلان دەریاندەهێنم و لە خاکەکان کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکی خۆیان، لەسەر چیاکانی ئیسرائیل و لە شیوەکان و لەناو هەموو ئاوەدانییەکانی خاکەکە دەیانلەوەڕێنم.
  • 14لە لەوەڕگایەکی چاک دەیانلەوەڕێنم و پاوەنیان لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەبێت و لەوێ لە پاوەنە باشەکان کاوێژ دەکەن، لە لەوەڕگا بەپیتەکان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەلەوەڕێن.
  • 15من مەڕی خۆم دەلەوەڕێنم هەتا کاوێژ دەکەن، یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت،
  • 16بەدوای ونبوودا دەگەڕێم، دەرکراو دەگەڕێنمەوە، شکاو دەگرمەوە، نەخۆش بەهێز دەکەم، قەڵەو و بەهێز لەناودەبەم و بە دادپەروەری شوانایەتییان دەکەم.
  • 17«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێوەش ئەی مێگەلەکەم، سەیر بکەن، من لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکە دادوەری دەکەم، لەنێوان بەران و نێرییەکان.
  • 18ئایا بەس نییە بەلاتانەوە لە لەوەڕگای باش بلەوەڕێن، لەوەڕگاکانی دیکەش بە پێ دەپەستنەوە؟ ئایا بەس نییە کە لە ئاوە سازگارەکان بخۆنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بە پێتان دەیشڵەقێنن
  • 19هەتا مێگەلی من لە پێپەستی ئێوە بخوات و لە ئاوی شڵەقاوی پێیەکانتان بخواتەوە؟
  • 20«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمەیان پێ دەفەرموێت: من لەنێوان مەڕی قەڵەو و مەڕی لاواز دادوەری دەکەم.
  • 21لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو مەڕە لاوازەکان بە کەلەکەتان بەلاوە دەنێن و بە شانیشتان پاڵیان پێوە دەنێن و بە قۆچتان لێیان دەدەن هەتا دووریان بخەنەوە و پەرتەوازەیان بکەن،
  • 22من فریای مێگەلی خۆم دەکەوم و لەمەودوا نابێت بە تاڵانی، دادوەریش لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکەدا دەکەم.
  • 23یەک شوانی بۆ دادەنێم، کە داودی بەندەمە، ئەو دەیلەوەڕێنێت و ئەو دەبێت بە شوانی.
  • 24من یەزدانم دەبم بە خودایان و داودی بەندەشم لەنێویاندا دەبێت بە سەرۆک، من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
  • 25«”پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم و ئاژەڵە دڕندەکان لە خاکەکە دادەماڵم، جا بە ئاسوودەیی لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبن و لەناو دارستانەکان دەنوون.
  • 26ئەوان و دەوروبەری گردەکەم بەرەکەتدار دەکەم و لە کاتی خۆیدا بارانیان بەسەردا دەبارێنم و بارانی بەرەکەت دەبێت.
  • 27درەختی دەشتودەر بەری خۆی دەدات، زەویش بەروبوومی خۆی دەدات و لە خاکەکەیان ئاسوودە دەبن. کاتێک بەندی نیرەکەیان دەشکێنم و لە دەستی ئەوانە ڕزگاریان دەکەم کە کردبوونیان بە کۆیلە، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.
  • 28لەمەودوا نابن بە تاڵانی نەتەوەکان و گیانلەبەرەکانی خاکەکە نایانخۆن، بەڵکو بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن و کەس نایانترسێنێت.
  • 29نەمامێکیان بۆ دەڕوێنم بۆ ناوبانگ، لەمەودوا لە خاکەکەدا نابنە نێچیری قاتوقڕی و چیتر نابنە مایەی تانە و تەشەری نەتەوەکان.
  • 30ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم و لەگەڵیاندام، بنەماڵەی ئیسرائیلیش گەلی منن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
  • 31ئێوەش ئەی مەڕەکانم، مەڕەکانی لەوەڕگاکەم، ئێوە مرۆڤن و من خودای ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

حزقیال ٣٥

  • 1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
  • 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کێوی سێعیر بکە و پێشبینی لەسەر بکە و
  • 3پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی کێوی سێعیر، من لە دژی تۆم و دەستم درێژ دەکەم بۆ سەرت، چۆڵ و وێرانت دەکەم.
  • 4شارۆچکەکانت کاول دەکەم، تۆش چۆڵ دەبیت، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
  • 5«”لەبەر ئەوەی لەمێژە دوژمنایەتیت لە دڵە و لە کاتی تەنگانەی ئیسرائیلییەکان کە سزادانیان گەیشتبووە لووتکە، بە ناپاکی ئەوانت دایە دەست شمشێر،
  • 6لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من ئامادەت دەکەم خوێنت بڕژێت، خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت، چونکە ڕقت لە خوێنڕشتن نەبوو، لەبەر ئەوە خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت.
  • 7کێوی سێعیر دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، هاتوچۆی تێدا ڕیشەکێش دەکەم.
  • 8چیاکانت لە کوژراو پڕ دەکەم، گرد و دۆڵ و هەموو شیوەکانت کوژراوی بە شمشێر تێیدا دەکەون.
  • 9دەتکەمە وێرانەی هەتاهەتایی و شارۆچکەکانت ئاوەدان نابن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
  • 10«”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ئەم دوو نەتەوەیە و ئەم دوو خاکە بۆ من دەبن و ئێمە داگیریان دەکەین، ئەگەر یەزدانیش لەوێ بێت،‘
  • 11یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: لەبەر ئەوە بە گیانی خۆم، لەسەر تووڕەیی و بەغیلییەکەت سزات دەدەم، ڕەفتارت لەگەڵ دەکەم هەروەک چۆن تۆ بە قینەوە ڕەفتارت لەگەڵ ئەواندا کرد، خۆمیان پێ دەناسێنم کاتێک حوکمت دەدەم.
  • 12جا دەزانیت کە من یەزدانم و گوێم لە هەموو قسە سووکەکانت بوو، کە لە دژی چیاکانی ئیسرائیل کردت، کە گوتت: ’وێران کران و پێمان دران ببن بە خۆراکمان.‘
  • 13بە دەمتان خۆتان بەسەر مندا گەورە کرد و قسەی زۆرتان لە دژی من کرد، من گوێم لێبوو.
  • 14یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک هەموو زەوی دڵخۆشە، من وێرانت دەکەم.
  • 15وەک چۆن تۆ دڵخۆش بوویت بە میراتەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل چونکە بوو بە وێرانە، بە هەمان شێوەت پێ دەکەم. ئەی کێوی سێعیر، وێران دەبیت، تۆ و سەراپا هەموو ئەدۆم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»

حزقیال ٣٦

  • 1«ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بۆ چیاکانی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”هۆ چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
  • 2یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوژمن سەبارەت بە ئێوە گوتی: ’هۆیها! نزرگەی بەرزاییە دێرینەکان بوونە موڵکی ئێمە.‘ “
  • 3لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی لە هەموو لایەکەوە وێرانیان کردن و ڕاویان نان، هەتا ئێوە ببنە موڵکی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لەسەر هەموو زمانێک بوون و خەڵک زەمی کردن،
  • 4لەبەر ئەوە ئەی چیاکانی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست قسە بۆ چیا و گردەکان، شیو و دۆڵەکان، کەلاوە چۆڵەکان و شارۆچکە بەجێماوەکان دەکات کە بوونە مایەی تاڵانی و سووکایەتی پێکردن لەلایەن ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتان ماونەتەوە.
  • 5یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە ئاگری ئیرەیی خۆمدا، لە دژی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لە دژی هەموو ئەدۆم قسەم کرد، چونکە بەوپەڕی خۆشی و قینی دڵیانەوە خاکەکەی منیان کردە موڵکی خۆیان بۆ تاڵانکردنی لەوەڕگاکانی.“
  • 6لەبەر ئەوە پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و بە چیا و گردەکان، بە شیو و دۆڵەکان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دڵگەرمی و لە تووڕەیی خۆمدا قسەم کرد، لەبەر ئەوەی کەوتنە بەر تانە و تەشەری نەتەوەکان.
  • 7لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خۆم سوێند دەخۆم کە ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتانن خۆیان بکەونە بەر تانە و تەشەر.
  • 8«”بەڵام ئەی چیاکانی ئیسرائیل، ئێوە لقەکانی خۆتان دەڕوێنن و بەروبوومی خۆتان بۆ ئیسرائیلی گەلی من دەگرن، چونکە هاتنیان نزیکە.
  • 9من بۆ ئێوەم و ئاوڕتان لێ دەدەمەوە، جا دەکێڵدرێن و دەچێنرێن و
  • 10خەڵکتان لەسەر زۆر دەکەم، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل، جا شارۆچکەکان ئاوەدان دەکرێنەوە و کەلاوەکان بنیاد دەنرێنەوە.
  • 11خەڵک و ئاژەڵتان لەسەر زۆر دەکەم، جا زۆر دەبن و بە بەروبووم دەبن و وەک دۆخی جارانتان خەڵکتان تێدا نیشتەجێ دەکەم، زیاتر لە پێشینانتان بۆتان باش دەبم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
  • 12وا لە ئیسرائیلی گەلی خۆم دەکەم بەسەرتاندا بێن و بچن، جا دەتانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و دەبن بە میراتیان و چیتر ئێوە لە ڕۆڵەکانیان بێبەش ناکەن.
  • 13«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە ئێوە دەڵێن، ’ئێوە مرۆڤ دەخۆن و نەتەوەکەی خۆتان لە ڕۆڵەکانیان بێبەش دەکەن،‘
  • 14لەبەر ئەوە چیتر ئێوە مرۆڤ ناخۆن و چیتر جەرگی نەتەوەکەی خۆتان ناسووتێنن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
  • 15وا دەکەم ئەو گاڵتەجاڕییەی کە نەتەوەکان پێتان دەکەن چیتر ئێوە نەیبیستن، هەروەها چیتر تانە و تەشەری گەلان هەڵناگرن و چیتر نابنە هۆی کەوتنی نەتەوەکەتان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
  • 16هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
  • 17«ئەی کوڕی مرۆڤ، کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل لە خاکی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، بە ڕەفتار و کردەوەکانیان خۆیان گڵاوکرد. ڕەفتاریان لەبەرچاوی من وەک خوێنلێچوونی مانگانەی ئافرەتێک بوو.
  • 18جا تووڕەیی خۆمم بەسەریاندا ڕژاند، لەبەر ئەو خوێنەی لەسەر خاکەکە ڕژاندیان و بە بتەکانیان گڵاویان کرد.
  • 19بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازەم کردن و بەناو خاکەکاندا بڵاو بوونەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانیان حوکمم دان.
  • 20جا چوونە هەرکوێیەک لەنێو نەتەوەکان ناوی پیرۆزی منیان زڕاند، چونکە سەبارەت بەوان گوتراوە: ”ئا ئەمانەن گەلی یەزدان، کە لە خاکەکەی ئەوەوە دەرکراون.“
  • 21جا من خەمی ناوی پیرۆزی خۆمم خوارد، ئەوەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل زڕاندیان لەنێو ئەو نەتەوانەی کە بۆی چوون.
  • 22«لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من لەبەر ئێوە ئەمە ناکەم، بەڵکو لەبەر ناوی پیرۆزی خۆم کە لەنێو نەتەوەکان بۆ هەرکوێیەک چوون زڕاندتان.
  • 23جا پیرۆزی ناوی گەورەی خۆم دەردەخەم کە لەنێو نەتەوەکان زڕێنراوە، ئەوەی ئێوە لە ناوەڕاستیان زڕاندتان، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک لەبەرچاویان لە ئێوەدا پیرۆزی خۆم دەردەخەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
  • 24«”لەنێو نەتەوەکان دەتانبەم و لە هەموو خاکەکانەوە کۆتان دەکەمەوە و دەتانهێنمەوە خاکەکەتان.
  • 25ئاوێکی پاکتان بەسەردا دەپرژێنم و لە هەموو گڵاوییەکانتان پاک دەبنەوە، لە هەموو بتەکانتان پاکتان دەکەمەوە.