
Season 21 · Episode 8
دووهم ههواڵی ڕۆژان ١٥: ١٣ - ١٧: ٩
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
April 1, 202418m 36s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دووهم ههواڵی ڕۆژان ١٥: ١٣ - ١٧: ٩
- 13هەموو ئەوانەی کە ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ناکەن، لە گەورە و بچووک و لە پیاو و ژن، دەکوژرێن.
- 14ئەوانیش سوێندیان بۆ یەزدان خوارد، بە دەنگی بەرز و بە هوتاف و زوڕنا و کەڕەنا لێدان.
- 15هەموو یەهودا بەو سوێندە دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە سوێندیان خوارد و بەوپەڕی ڕەزامەندییانەوە ڕوویان لە یەزدان کرد، ئەویش بۆیان دەرکەوت و یەزدان لە هەموو لایەکەوە ئەوانی حەواندەوە.
- 16ئاسای پاشا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و وردوخاشی کرد و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی.
- 17هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی لە ئیسرائیل تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو.
- 18هەروەها شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای خودا.
- 19هەتا ساڵی سی و پێنجەمی پاشایەتی ئاسا هیچ جەنگێکی دیکە هەڵنەگیرسا.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ١٦
- 1لە سی و شەشەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا، بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت.
- 2ئاساش زێڕ و زیوی لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا دەرهێنا و ناردی بۆ بەنهەدەدی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت و گوتی:
- 3«با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.»
- 4بەنهەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێل مایم و هەموو کۆگاکانی نەفتالی گرت.
- 5کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە، دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کارەکەی بەجێهێشت.
- 6ئاسای پاشاش هەموو پیاوانی یەهودای هێنا، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، گەڤەع و میچپای پێ ئاوەدان کردەوە.
- 7لەو کاتەدا حەنانی پێشبینیکەر هات بۆ لای ئاسای پاشای یەهودا و پێی گوت: «سوپای پاشای ئارام لە دەستت دەرباز بوو، لەبەر ئەوەی پشتت بە پاشای ئارام بەست و پشتت بە یەزدان خودات نەبەست.
- 8ئایا کوشییەکان و لیبییەکان سوپایەکی زۆر نەبوون بە گالیسکە و ئەسپ سواری یەک جار زۆرەوە؟ بەڵام کاتێک کە پشتت بە یەزدان بەست ئەوانی دا بە دەستتەوە،
- 9چونکە چاوەکانی یەزدان چاودێرن بەسەر هەموو زەویدا، بۆ ئەوەی ئەوانە بەهێز بکات کە بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵیدان. تۆ بە گێلی ڕەفتارت کرد، لە ئەمڕۆ بە دواوە هەمیشە لە جەنگدا دەبیت.»
- 10ئاسا لەبەر ئەمە لە پێشبینیکەرەکە تووڕە بوو و بە جۆرێک لێی هەڵچوو کە خستییە زیندانەوە، هەروەها ئاسا لەو کاتەدا هەندێک کەسی لە گەلەکەی چەوساندەوە.
- 11ڕووداوەکانی پاشایەتی ئاسا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.
- 12لە سی و نۆیەمین ساڵی پاشایەتییەکەیدا ئاسا پێیەکانی تووشی نەخۆشی بوون، هەتا نەخۆشییەکەی لێی پیس کرد، بەڵام لە نەخۆشییەکەشی داوای یەزدانی نەکرد، بەڵکو تەنها داوای یارمەتی لە پزیشکەکان کرد.
- 13ئاسا لە چل و یەکەمین ساڵی پاشایەتییەکەی مرد و لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.
- 14لەسەر دارەمەیتێک دایاننا کە پڕ بوو لە بۆنوبەرام و پێکهاتووی جۆراوجۆری بۆنخۆش بەپێی تێکەڵکردنەکەی. لەو گۆڕەی کە لە شاری داود بۆ خۆی هەڵکەندبوو ناشتیان و ئاگرێکی گەورەیان وەک ڕێزلێنان بۆ کردەوە.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ١٧
- 1یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا و خۆی لە بەرامبەر ئیسرائیل بەهێز کرد.
- 2لە هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا لەشکری دانا، لەناو خاکی یەهودا و لەو شارۆچکانەی خاکی ئەفرایمیش کە ئاسای باوکی گرتبووی سەربازگەی تێدا دامەزراندن.
- 3یەزدانیش لەگەڵ یەهۆشافات بوو، چونکە ڕێچکەی داودی باپیرە گەورەی گرتەبەر و ڕووی لە بتی بەعل نەکرد،
- 4بەڵکو ڕووی لە خودای باوکی کرد و فەرمانەکانی ئەوی پەیڕەو کرد، نەک نەریتەکانی ئیسرائیل.
- 5لەبەر ئەوە یەزدان جڵەوی پاشایەتییەکەی لە دەستیدا سەقامگیر کرد و هەموو یەهودا دیارییان پێشکەش بە یەهۆشافات کرد و دەوڵەمەندی و ڕێزی زۆری هەبوو.
- 6بە هەموو دڵەوە ڕێگای یەزدانی پەیڕەو کرد و هەروەها نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و ستوونە ئەشێراکانی لە یەهودا تێکدا.
- 7یەهۆشافات لە سێیەم ساڵی پاشایەتییەکەی بەنحەیل، عۆبەدیا، زەکەریا، نەتەنێل و میخایوی کاربەدەستەکانی خۆی ناردە شارۆچکەکانی یەهودا بۆ ئەوەی دانیشتووانەکانیان فێربکەن.
- 8ژمارەیەک لێڤییان لەگەڵ بوون، شەمەعیا، نەتەنیاهۆ، زەڤەدیا، عەساهێل، شەمیرامۆت، یەهۆناتان، ئەدۆنیا، تۆڤییاهو و تۆڤ ئەدۆنیا، هەروەها ئەلیشاماع و یەهۆرام کە هەردووکیان کاهین بوون.
- 9بەناو هەموو شارەکانی یەهودا دەگەڕان، پەڕتووکی تەوراتی یەزدانیان پێبوو و خەڵکیان فێردەکرد.