
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
حزقیال ٣٩: ١ - ٢٩
- 1«ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی لەسەر گۆگ بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گۆگی سەرۆکی میرانی مەشەک و توبال، من لە دژی تۆم.
- 2ئاراستەت وەردەگێڕم و دەتبەم. لەوپەڕی باکوورەوە سەرت دەخەم و دەتهێنمە چیاکانی ئیسرائیل.
- 3ئینجا لە کەوانەکەت دەدەم کە لە دەستی چەپتە، تیرەکانت لە دەستی ڕاستت بەردەدەمەوە.
- 4خۆت و هەموو سوپاکەت و ئەو گەلانەی لەگەڵتدان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەکوژرێن، دەتکەمە خۆراکی هەموو جۆرە باڵندەیەکی گۆشتخۆر و گیانلەبەرانی دەشتودەر.
- 5لەسەر ڕووی دەشتودەر دەکەویت، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 6ئاگر دەنێرمە سەر ماگۆگ و سەر ئەوانەی بە ئاسوودەیی لە کەنارەکان نیشتەجێن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
- 7«”ناوی پیرۆزیشم لەنێو ئیسرائیلی گەلم دەناسێنم، چیتر ناهێڵم ناوی پیرۆزم بزڕێنرێت، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلم.
- 8دێت و بەڕێوەیە، ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە باسم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 9«”دانیشتووانی شارۆچکەکانی ئیسرائیل دەردەچن، چەک دەسووتێنن و ئاگریان تێبەر دەدەن: قەڵغانی گەورە و بچووک، کەوان و تیر، کوتەک و ڕم. حەوت ساڵ بۆ سووتەمەنی بەکاریاندەهێنن.
- 10نە چیلکەیەک لە دەشتودەر کۆدەکەنەوە و نە لە دارستانەکان دار دەبڕن، چونکە چەک بۆ سووتەمەنی بەکاردەهێنن. ئەوانە تاڵان دەکەن کە تاڵانیان کردن و دەستکەوتی ئەوانە دەبەن کە دەستکەوتیان بردن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 11«”لەو ڕۆژەدا شوێنێک دەکەمە گۆڕ بۆ گۆگ لە ئیسرائیل، لە دۆڵی عەڤاریم لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مردوو. دەبێتە ڕێگرێک لەسەر ڕێگای ڕێبواران، گۆگ و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی لەوێ دەنێژن. لەبەر ئەوە ناوی لێ دەنێن دۆڵی ئاپۆرەی گۆگ.
- 12«”بنەماڵەی ئیسرائیل حەوت مانگ لە گۆڕیان دەنێن، هەتا خاکەکە پاک بکەنەوە.
- 13هەموو گەلی خاکەکە خەریکی لەگۆڕنان دەبن، ئەو ڕۆژەش کە من شکۆدار دەکرێم لەبیریان ناچێتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 14«”هەندێک پیاو هەڵدەبژێرن کە بە بەردەوامی بە خاکەکەدا تێبپەڕن، بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی کە مردووەکان دەنێژن، هەتا ئەوانەی کە لەسەر ڕووی زەوییەکە کوژراون و ماونەتەوە لە گۆڕیان بنێن بۆ پاککردنەوەی خاکەکە. دوای تەواوبوونی حەوت مانگەکە دەست بە پشکنین دەکەن.
- 15کاتێک بە خاکەکەدا تێدەپەڕن، ئەگەر یەکێک ئێسکێکی مرۆڤی بینی نیشانەیەکی لەتەنیشت دادەنێت، هەتا گۆڕهەڵکەنەکان لە دۆڵی ئاپۆرەی گۆگ لە گۆڕی بنێن،
- 16نزیکی شارۆچکەیەک لەوێیە کە ناوی هەمۆنایە. بەم شێوە خاکەکە پاک دەکەنەوە.“
- 17«ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆ بە هەموو باڵدارێک و هەموو گیانلەبەرێکی دەشتودەر بڵێ: ”کۆببنەوە و وەرن، لە هەموو لایەکەوە لە قوربانییەکەم خڕبنەوە، ئەوەی من لەسەر چیاکانی ئیسرائیل بۆ ئێوەم سەربڕیوە، قوربانییەکی گەورەیە، هەتا گۆشت بخۆن و خوێن بخۆنەوە.
- 18گۆشتی پاڵەوانەکان دەخۆن و خوێنی میرانی زەوی دەخۆنەوە، بەران و بەرخ و نێری و گا، هەموو لە دابەستەکانی باشانن.
- 19پیو دەخۆن هەتا تێر دەبن و خوێن دەخۆنەوە هەتا سەرخۆش دەبن لەو قوربانییەی بۆ ئێوەم سەربڕیوە.
- 20جا ئێوە لەسەر خوانەکەم لە گۆشتی ئەسپ و سوار و پاڵەوانەکان و هەموو جۆرێکی جەنگاوەران تێر دەبن.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 21«شکۆمەندی خۆم لەنێو نەتەوەکان پیشان دەدەم، هەموو نەتەوەکان حوکمەکەم دەبینن کە جێبەجێم کرد و کە دەستم خستە سەریان.
- 22جا لەو ڕۆژە بەدواوە بنەماڵەی ئیسرائیل دەزانن کە من یەزدانم و خودای ئەوانم.
- 23هەموو نەتەوەکانیش دەزانن کە بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەر تاوانی خۆیان بە دیل گیران و ڕاپێچ کران، چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم. منیش ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا و ئەوانم دایە دەست دوژمنەکانیانەوە، هەموو بە شمشێر کوژران.
- 24بەگوێرەی گڵاوی و یاخیبوونەکانی خۆیان لەگەڵیان جوڵامەوە و ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا.
- 25«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێستا ڕاپێچکراوەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە، بەزەییم بە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلدا دێتەوە، بۆ ناوی پیرۆزی خۆم دڵگەرم دەبم.
- 26جا ڕیسوایی خۆیان هەڵدەگرن لەگەڵ هەموو ناپاکییەکەیان کە لەگەڵ من ناپاکییان پێکرد، کاتێک بە ئاسوودەیی و بەبێ ترس لە خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ بوون.
- 27ئەو کاتەی لەنێو گەلان لە خاکی دوژمنەکانیانەوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمەوە، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم.
- 28ئەوسا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم، چونکە هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکان ڕاپێچم کردن، بەڵام پاشان کۆیان دەکەمەوە و دەیاننێرمەوە خاکەکەی خۆیان، چیتر کەسیان لەوێ بەجێناهێڵم.
- 29چیتر ڕووی خۆمیان لێ وەرناگێڕم، چونکە ڕۆحی خۆم بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەڕێژم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»