
Season 39 · Episode 12
ئیرمیا ٢١: ١ - ٢٣: ١٥
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
April 12, 202522m 43s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ئیرمیا ٢١: ١ - ٢٣: ١٥
- 1ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، کاتێک سدقیای پاشا پەشحوری کوڕی مەلکیا و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی ناردە لای و گوتی:
- 2«تکایە لە پێناوی ئێمە داوا لە یەزدان بکە، چونکە نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشمان دەکاتە سەر، بەڵکو یەزدان وەک ڕابردوو کاری سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ دەکات هەتا نەبوخودنەسر لەلای ئێمە بکشێتەوە.»
- 3بەڵام یەرمیا وەڵامی دانەوە: «بە سدقیا بڵێن،
- 4”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەو چەکانە لە دژتان بەکاردەهێنم کە لە دەستتاندایە و لەگەڵ پاشای بابل و بابلییەکان شەڕی پێ دەکەن، کە لە دەرەوەی شوورای شارەکان گەمارۆیان داون. لە ناوەڕاستی شار کۆیان دەکەمەوە.
- 5من خۆم بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی بە جۆشی گەورەوە لە دژتان دەجەنگم.
- 6دانیشتووانی ئەو شارە دەکوژم، مرۆڤ و ئاژەڵ پێکەوە، بە دەردێکی گەورەوە دەمرن.
- 7پاش ئەمەش، سدقیای پاشای یەهودا و خزمەتکارەکانی و ئەوەی لەم گەلە لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەدوای دەرد و شمشێر و قاتوقڕییەکە، دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دوژمنەکانیان و ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن. ئەوانیش دەیاندەنە بەر شمشێر و لەگەڵیان میهرەبان نابن و دڵیان پێیان ناسووتێت و بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 8«بەم گەلەش دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێستا من ڕێگای ژیان و ڕێگای مردنتان لەپێش دادەنێم.
- 9ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، ئەوەش بچێتە دەرەوە و ڕوو لە بابلییەکان بکات، ئەوانەی گەمارۆیان داون، دەژیێت و ژیانی خۆی دەرباز دەکات.
- 10لەبەر ئەوەی مکوڕم لەسەر ئەوەی خراپە بەسەر ئەو شارە بهێنم نەک باشە. دەدرێتە دەست پاشای بابل و بە ئاگر دەیسووتێنێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 11«بە بنەماڵەی پاشای یەهودا بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن.
- 12ئەی بنەماڵەی داود، یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «”هەموو بەیانییەک بە دادپەروەری حوکم بدەن،
- تاڵانکراو لە دەستی زۆردار ڕزگار بکەن،
- نەوەک تووڕەییم وەک ئاگر بتەقێتەوە،
- لەبەر ئەو خراپانەی کردووتانە،
- جا بسووتێنێت و کەس نەبێت بکوژێنێتەوە.
- 13ئەی ئۆرشەلیم، ئەوەی نیشتەجێی لەسەر دۆڵەکە،
- بەسەر دەشتی بەردەڵانی بەرز،
- ئەوەتا من لە دژی تۆم.
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- ئێوە دەڵێن: ’کێ بەسەرماندا دەدات؟
- کێ دێتە ناو نشینگەکانمانەوە؟‘
- 14بەڵام من سزای شایستەی کردارەکانتان دەدەم،
- ئاگر بەردەدەمە دارستانەکەی و
- هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.“»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ئیرمیا ٢٢
- 1یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دابەزە بۆ کۆشکی پاشای یەهودا و لەوێ ئەو پەیامە ڕابگەیەنە،
- 2بڵێ: ”ئەی پاشای یەهودا، ئەوەی لەسەر تەختی داود دانیشتووی، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە؛ تۆ و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە.
- 3یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ’ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. تاڵانکراو لە دەستی زۆردار دەرباز بکەن. نامۆ و هەتیو و بێوەژن مەچەوسێننەوە، ستەم مەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان مەڕێژن.‘
- 4ئەگەر بە گرنگییەوە ئەم فەرمانە پەیڕەو بکەن، ئەوا ئەو پاشایانەی لەسەر تەختی داود دانیشتوون لە دەروازەکانی ئەم کۆشکەوە دێنە ژوورەوە، بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە لەگەڵ خزمەتکاران و گەلەکەی.
- 5بەڵام ئەگەر گوێ لەم فەرمانە نەگرن، سوێند بە گیانی خۆم دەخۆم، کە ئەم کۆشکە وێران دەبێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 6یەزدان سەبارەت بە کۆشکی پاشای یەهودا ئەمەش دەفەرموێت:
- «هەرچەندە تۆ بۆ من وەک گلعادی،
- وەک لووتکەی لوبنانی،
- بەڵام وەک چۆڵەوانیت لێ دەکەم،
- وەک شاری بێ دانیشتووان.
- 7تێکدەرانت بۆ تەرخان دەکەم،
- هەریەکە و بە ئامێرەکەیەوە،
- جا باشترین داری ئورزت دەبڕنەوە و
- فڕێیدەدەنە ناو ئاگرەوە.
- 8«خەڵکی زۆر نەتەوە بە کەناری ئەم شارەدا تێدەپەڕن و لە یەکتری دەپرسن: ”لەسەر چی یەزدان وای لەم شارە گەورەیە کرد؟“
- 9جا دەڵێن: ”لەسەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و خوداوەندەکانی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن.“»
- 10بۆ پاشا مردووەکە مەگریێن و شینی بۆ مەگێڕن،
- بەڵکو بەکوڵ بگریێن بۆ ئەوەی بە دیل دەبردرێت،
- چونکە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە
- بۆ ئەوەی ئەو خاکە ببینێت کە لێی لەدایک بووە.
- 11سەبارەت بە شەلومی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەوەی لە جێی باوکی بوو بە پاشا، ئەوەی لەم شوێنە ڕۆیشت، یەزدان دەفەرموێت: «جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە ئێرە،
- 12بەڵکو لەو شوێنەی ڕاپێچیان کردووە بۆی هەر لەوێ دەمرێت، جارێکی دیکە ئەم خاکە نابینێتەوە.»
- 13«قوڕبەسەر ئەوەی کۆشکەکەی بە ناڕەوایی بنیاد دەنێت و
- ژوورەکانی سەرەوەشی بە ستەمکاری،
- ئەوەی بێگاری بە هاوڵاتییان دەکات،
- هەقی ماندووبوونەکەیان ناداتێ.
- 14دەڵێت: ”کۆشکێکی فراوان بۆ خۆم بنیاد دەنێم،
- ژوورەکانی سەرەوەی پانوبەرین.“
- پەنجەرەی گەورەی بۆ دەکاتەوە،
- دیوارەکانی بە تەختەی دار ئورز دادەپۆشێت،
- بە ڕەنگی سوور بۆیاخی دەکات.
- 15«ئایا ئەوە دەتکاتە پاشا،
- کە دار ئورزی زۆرت هەبێت؟
- ئایا باوکت نەیخوارد و نەیخواردەوە؟
- ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو کرد،
- جا سەرکەوتوو بوو.
- 16بە تەواوی پاڵپشتی لە مافی هەژار و نەدار کرد،
- جا سەرکەوتوو بوو.
- ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە من دەناسێت؟»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 17«بەڵام چاو و دڵی تۆ تەنها
- لەسەر دەستکەوتی ناڕەوایە،
- لەسەر ڕشتنی خوێنی بێتاوانە،
- لەسەر ستەم و دەستدرێژییە.»
- 18لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت:
- «بۆی نالاوێننەوە،
- ”براڕۆ! خوشکەڕۆ!“
- بۆی نالاوێننەوە،
- ”گەورەڕۆ! شکۆی ڕۆ!“
- 19بەڵکو وەک گوێدرێژ دەنێژرێت،
- ڕادەکێشرێت و فڕێدەدرێت
- دوور لە دەروازەکانی ئۆرشەلیم.»
- 20«ئەی ئۆرشەلیم، بڕۆ سەر لوبنان و هاوار بکە،
- با لە باشان دەنگت ببیسترێت،
- لە عەڤاریمەوە هاوار بکە،
- چونکە هەموو هاوپەیمانەکانت وردوخاش کران.
- 21لە ئاسوودەییت ئاگادارم کردیتەوە،
- بەڵام گوتت: ”گوێ ناگرم.“
- لە گەنجییەوە لەمە لێڕاهاتوویت،
- کە گوێڕایەڵی من نابیت.
- 22هەموو شوانەکانت با بەڕێوەیان دەبات و
- هاوپەیمانەکانت ڕاپێچ دەکرێن،
- ئەوسا ڕیسوا و شەرمەزار دەبیت
- لەبەر هەموو خراپەکانت.
- 23ئەی نیشتەجێی ”لوبنان“،
- ئەی ئەوەی لەناو دار ئورزەکان هێلانەت کردووە،
- چەند دەناڵێنیت کە ژان دەتگرێت،
- وەک ژنێک کە منداڵی دەبێت!»
- 24یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، ئەی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، تەنانەت ئەگەر ئەنگوستیلەیەک بیت لە دەستی ڕاستم، لە پەنجەی خۆمت دەکەمەوە و
- 25دەتدەمە دەستی ئەوانەی دەیانەوێ لەناوت ببەن، دەستی ئەوانەی تۆ لێیان دەترسیت، نەبوخودنەسری پاشای بابل و بابلییەکان.
- 26خۆت و دایکت، ئەوەی تۆی بووە فڕێتاندەدەمە سەر خاکێکی دیکە، کە لەوێ لەدایک نەبوونە، جا لەوێ دەمرن.
- 27هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو خاکەی بۆی پەرۆشن.»
- 28ئایا ئەم پیاوە، یەهۆیاکین، قاپێکی ڕیسوا و شکاوە؟
- ئایا شتێکە کەس نایەوێت؟
- بۆچی خۆی و نەوەکانی فڕێدران،
- تێهەڵدرانە خاکێک کە نایناسن؟
- 29ئەی خاک! ئەی خاک! ئەی خاک!
- گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە!
- 30یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «ئەم پیاوە بە وەجاخکوێر بنووسن،
- پیاوێک کە لە ماوەی ژیانی خۆی سەرکەوتوو نابێت،
- کەس لە نەوەی ئەو سەرکەوتوو نابێت،
- کەسیان لەسەر تەختی داود دانانیشن و
- جارێکی دیکە فەرمانڕەوایەتی یەهودا ناکەن.»
ئیرمیا ٢٣
- 1یەزدان دەفەرموێت: «قوڕبەسەر ئەو شوانانەی مەڕی مێگەلەکەم دەفەوتێنن و پەرتوبڵاوی دەکەنەوە!»
- 2لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لەبارەی ئەو شوانانەی کە شوانایەتی گەلەکەی من دەکەن، ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە مەڕەکانی منتان پەرتوبڵاوکردەوە و دەرتانکرد و گرنگیتان پێنەدا، لەبەر ئەوە منیش لەسەر خراپی کردەوەکانتان سزاتان دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 3«بەڵام من پاشماوەی مێگەلەکەی خۆم لە هەموو ئەو خاکانە کۆدەکەمەوە کە دەرمکردن بۆی، دەیانگەڕێنمەوە بۆ لەوەڕگاکانیان و زاوزێ دەکەن و زۆر دەبن.
- 4ئینجا شوانیان بۆ دادەنێم و شوانایەتییان دەکەن، ئیتر ناترسن و ناتۆقن و ون نابن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 5یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت،
- لقێکی ڕاستودروست لە داودەوە هەڵدەستێنم،
- پاشایەک بە دانایی پاشایەتی دەکات،
- ڕاستودروستی و دادپەروەری لە زەویدا پەیڕەو دەکات.
- 6لە سەردەمی ئەودا یەهودا ڕزگاری دەبێت و
- ئیسرائیل بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت.
- ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت:
- ”یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»
- 7یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“
- 8بەڵکو دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ڕەچەڵەکی بنەماڵەی ئیسرائیلی لە خاکی باکوورەوە دەرهێنا و لە هەموو ئەو خاکانەوە بۆ ئەوێ دەریکردن.“ ئەوانیش لەسەر خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ دەبن.»
- 9سەبارەت بە پێغەمبەرەکان:
- دڵم لە ناخمدا وردوخاش بووە،
- هەموو ئێسکەکانم دەلەرزن.
- من وەک کەسێکی سەرخۆشم لێهات،
- وەک پیاوێک شەراب بەسەریدا زاڵ بووبێت،
- لەبەر یەزدان و
- لەبەر فەرموودە پیرۆزەکانی.
- 10خاکەکە پڕ بووە لە داوێنپیسان،
- خاکەکە لەبەر نەفرەت دەناڵێنێت،
- لەوەڕگاکانی چۆڵەوانی وشک بوون.
- پێغەمبەران لەسەر ڕێڕەوی خراپە دەڕۆن و
- دەسەڵاتیان بۆ ستەم بەکاردەهێنن.
- 11«پێغەمبەر و کاهین هەردووکیان گڵاوبوون،
- تەنانەت لە پەرستگاکەشم خراپەی ئەوانم بەرچاوکەوت.»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 12«لەبەر ئەوە ڕێگاکانیان خلیسکە بۆیان،
- بۆ ناو تاریکی دەردەکرێن و
- لەوێ دەخزێن،
- چونکە بەڵایان بەسەردا دەهێنم
- لە ساڵی سزادانیان.»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 13«لەنێو پێغەمبەرەکانی سامیرەدا
- قێزەونییەکەم بینی،
- بەهۆی بەعلەوە پێشبینی دەکەن و
- ئیسرائیلی گەلی من گومڕا دەکەن.
- 14لەنێو پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمیش
- ئەوەی بینیم موچڕکە بە لەشدا دەهێنێت:
- داوێنپیسی و ڕێی درۆیان گرتووەتەبەر،
- خراپەکاران هاندەدەن
- بۆ ئەوەی کەس لە خراپەکەی نەگەڕێتەوە.
- ئەوان بۆ من وەک سەدۆمیان لێهاتووە،
- خەڵکی ئۆرشەلیمیش وەک عەمۆرا.»
- 15لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار سەبارەت بە پێغەمبەرەکان ئەمە دەفەرموێت:
- «ئەوەتا من زەقنەبووتیان دەرخوارد دەدەم و
- ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم،
- چونکە لەلای پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمەوە
- گڵاوی بۆ هەموو زەوی بڵاو بووەوە.»