
Season 12 · Episode 6
دادوهران ٨: ١ - ١٠: ٢
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
October 24, 202322m 13s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دادوهران ٨: ١ - ١٠: ٢
- 1ئینجا پیاوانی ئەفرایم بە گدعۆنیان گوت: «ئەو کارە چی بوو بە ئێمەت کرد، بۆچی کە چوویت بۆ شەڕکردن لەگەڵ میدیانییەکان ئێمەت بانگ نەکرد؟» هەروەها ڕەخنەی توندیان لێ گرت.
- 2ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی من کردوومە چییە لەچاو ئەوەی ئێوە کردووتانە؟ ئایا چنینەوەی ترێی ئەفرایم لە ترێ ڕنینەوەی ئەبیعەزەر باشتر نییە؟
- 3خودا عۆرێڤ و زئێڤی هەردوو سەرکردەی میدیانییەکانی خستە ژێر دەستتانەوە. من توانیومە چی بکەم لەچاو ئێوەدا؟» جا لەو کاتەدا کە ئەم قسەیەی کرد، تووڕەییان بەرامبەری خاو بووەوە.
- 4ئینجا گدعۆن هات بۆ ڕووباری ئوردون و خۆی و سێ سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون پەڕینەوە، ماندوو بوون بەڵام بەردەوام بوون لە ڕاونانیان.
- 5گدعۆن بە خەڵکی سوکۆتی گوت: «نان بدەن بەو جەنگاوەرانەی لەگەڵمدان، چونکە ماندوون و من بەردەوام بەدوای زەڤەح و زەلموناعی هەردوو پاشای میدیان کەوتووم.»
- 6بەڵام کاربەدەستەکانی سوکۆت گوتیان: «ئایا ئێستا دەستی زەڤەح و زەلموناع لە دەستتە تاوەکو نان بدەینە سەربازەکانت؟»
- 7گدعۆنیش گوتی: «بۆیە کاتێک یەزدان زەڤەح و زەلموناع دەخاتە ژێر دەستم، لەشتان بە دڕکوداڵی دەشتودەر زامدار دەکەم.»
- 8لەوێشەوە سەرکەوت بۆ پەنیێل و هەمان داواکاری لێکردن. خەڵکی پەنیێلیش وەکو خەڵکی سوکۆت وەڵامیان دایەوە.
- 9هەروەها بە خەڵکی پەنیێلی گوت: «کاتێک بە سەرکەوتوویی دەگەڕێمەوە ئەم قوللەیە دەڕووخێنم.»
- 10زەڤەح و زەلموناعیش لە قەرقۆر بوون و سوپاکانیان لەگەڵیان بوون، کە نزیکەی پازدە هەزار بوون، هەموو ئەوانەی مابوونەوە لە هەموو سوپاکەی کوڕانی ڕۆژهەڵات بوون، ئەوانەش کە کەوتن سەد و بیست هەزار پیاوی شمشێر بەدەست بوون.
- 11ئیتر گدعۆن لە ڕێگای چادرنشینەکانەوە سەرکەوت، لە ڕۆژهەڵاتی نۆڤەح و یۆگبەهایەوە و لە سوپاکەی دا و سوپاکەش لەو کاتەدا ئاگادار نەبوون.
- 12جا زەڤەح و زەلموناع هەڵاتن و ئەویش دوایان کەوت و هەردوو پاشای میدیان زەڤەح و زەلموناعی گرت و هەموو سوپاکەی تەفروتونا کرد.
- 13ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش بەلای ڕێگای هەورازی حەرەس لە جەنگ گەڕایەوە.
- 14گەنجێکی لە خەڵکی سوکۆت گرت و پرسیاری لێکرد، ئەویش ناوی کاربەدەستەکانی سوکۆت و پیرەکانی بۆ نووسی کە حەفتا و حەوت پیاو بوون.
- 15ئینجا گدعۆن هات بۆ لای خەڵکی سوکۆت و گوتی: «ئەوەتا زەڤەح و زەلموناع کە گاڵتەتان پێکردم و گوتتان: ”ئایا دەستی زەڤەح و زەلموناع ئێستا بە دەستتەوەیە هەتا نان بدەینە پیاوە ماندووەکانت؟“»
- 16جا پیرەکانی شارۆچکەکەی برد و بە دڕکوداڵی دەشتودەر سزای دان و کردنی بە پەند بۆ خەڵکی سوکۆت.
- 17هەروەها قوللەی پەنیێلی ڕووخاند و پیاوەکانی شارۆچکەکەی کوشت.
- 18بە زەڤەح و زەلموناعی گوت: «ئەو پیاوانەی کە لە تاڤۆر کوشتتان چۆن بوون؟»
- ئەوانیش گوتیان: «لە تۆ دەچوون، هەریەکەیان وەک شازادەیەک بوو.»
- 19گدعۆنیش گوتی: «ئەوان برای منن و کوڕی دایکمن. بە یەزدانی زیندوو، ئەگەر ئێوە بە زیندوویی بتانهێشبوونایەوە نەمدەکوشتن!»
- 20ئینجا بە یەتەری نۆبەرەی کوڕی گوت: «هەستە بیانکوژە!» بەڵام یەتەر شمشێرەکەی ڕانەکێشا، چونکە ترسا، لەبەر ئەوەی هێشتا مێردمنداڵ بوو.
- 21زەڤەح و زەلموناعیش گوتیان: «تۆ هەستە و بمانکوژە، چونکە ”پیاو چۆن بێت هێزیشی وایە.“» گدعۆنیش هەستا و زەڤەح و زەلموناعی کوشت و ئەو هیزارەی بە ملی وشترەکانیانەوە بوو بردی.
- 22ئیتر پیاوانی ئیسرائیل بە گدعۆنیان گوت: «فەرمانڕەوایەتیمان بکە، خۆت و کوڕەکەت و کوڕی کوڕەکەشت، چونکە ڕزگارت کردین لە دەستی میدیان.»
- 23بەڵام گدعۆن پێی گوتن: «من فەرمانڕەوایەتیتان ناکەم و کوڕەکەشم فەرمانڕەوایەتیتان ناکات. یەزدان فەرمانڕەوایەتیتان دەکات.»
- 24ئینجا گدعۆن پێی گوتن: «داوای شتێکتان لێ دەکەم، هەریەکەتان ئەو گوارانەی دەستیکەوتووە بمداتێ.» بەگوێرەی نەریتی ئیسماعیلییەکان، گوارەی زێڕیان لە گوێ کردبوو.
- 25ئەوانیش گوتیان: «بە خۆشحاڵییەوە.» ئینجا جبەیەکیان ڕاخست و هەریەکە و ئەو گوارانەی دەستی کەوتبوو فڕێیدایە سەری.
- 26کێشی ئەو گوارە زێڕانەی کە داوای کرد هەزار و حەوت سەد شاقل بوو، ئەمە بێجگە لە هیزارەکان کە لەسەر شێوەی مانگی نوێ بوون، هەروەها بازن و جبە و عەبای ئەرخەوانی کە لەبەر پاشایانی میدیان بوو، هەروەها بێجگە لەو ملوانکانەی کە لە ملی وشترەکانیان بوو.
- 27جا گدعۆن ئێفۆدێکی لێ دروستکردن و لە عۆفرا داینا کە شارۆچکەکەی خۆی بوو. هەموو ئیسرائیلیش بەدوایەوە لەوێ لەشفرۆشییان کرد، ئیتر ئەوە تەڵەیەک بوو بۆ گدعۆن و ماڵەکەی.
- 28میدیانیش لەبەردەم کوڕانی ئیسرائیلدا زەلیل بوون و ئیتر سەریان بەرز نەکردەوە. خاکەکەش لە سەردەمی گدعۆندا چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
- 29جا یەروبەعلی کوڕی یۆئاش ڕۆیشت و لە ماڵی خۆی دانیشت.
- 30گدعۆن حەفتا کوڕی لە پشتی خۆی هەبوو، چونکە ژنی زۆربوو.
- 31هەروەها کەنیزەکەشی کە لە شەخەم بوو، ئەویش کوڕێکی بۆی بوو، ناوی لێنا ئەبیمەلەخ.
- 32ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە گۆڕی یۆئاشی باوکی لە عۆفرای ئەبیعەزەرییەکاندا نێژرا.
- 33هەر لەدوای مردنی گدعۆن نەوەی ئیسرائیل دیسان بەدوای بەعلەکانەوە لەشفرۆشییان کرد و بەعلبەریتیان بە خودای خۆیان دانا.
- 34نەوەی ئیسرائیل یەزدانی پەروەردگاری خۆیان بیر نەکەوتەوە، ئەوەی دەربازی کردن لە دەستی هەموو دوژمنەکانی دەوروبەریان.
- 35هەروەها لەگەڵ ماڵی یەروبەعل، واتا گدعۆن، دڵسۆز نەبوون بەرامبەر بە هەموو ئەو چاکانەی کە لەگەڵ ئیسرائیل کردی.
دادوهران ٩
- 1ئینجا ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەعل چوو بۆ شەخەم بۆ لای خاڵەکانی، بە هەموو هۆزی دایکی گوت:
- 2«بە هەموو خەڵکی شەخەم بڵێن: ”کامیان باشترە بۆ ئێوە، ئایا حەفتا کوڕەکەی یەروبەعل فەرمانڕەوایەتیتان بکەن، یان یەک پیاو فەرمانڕەوایەتیتان بکات؟“ ئەوەشتان لەبیر بێت کە من لە گۆشت و خوێنی خۆتانم.»
- 3ئیتر خاڵەکانی هەموو ئەم قسانەیان بە هەموو خەڵکی شەخەم گوت. ئەوانیش ئەبیمەلەخیان بەدڵ بوو، چونکە گوتیان «ئەو برامانە.»
- 4ئینجا حەفتا شاقل زیویان پێیدا لە پەرستگای بەعلبەریت، ئەبیمەلەخیش بەو پارەیە پیاوی یاخی و چاونەترسی بەکرێ گرت و ئەوانیش دوای کەوتن.
- 5ئینجا هات بۆ ماڵی باوکی لە عۆفرا و هەموو براکانی خۆی کوشت کە کوڕەکانی یەروبەعل بوون، حەفتا برا لەسەر یەک بەرد. تەنها یۆتامی کوڕی یەروبەعل کە لە هەمووان بچووکتر بوو مایەوە، چونکە خۆی شاردەوە.
- 6ئیتر شارنشینەکانی شەخەم و هەموو بێتمیلۆ کۆبوونەوە، چوون و لەلای دار بەڕووەکەی لای ستوونەکەی شەخەم ئەبیمەلەخیان کردە پاشا.
- 7ئینجا هەواڵی ئەمەیان دا بە یۆتام، ئەویش چوو لەسەر لووتکەی کێوی گەریزیم و وەستا، هاواری لێکردن و پێیانی گوت: «گوێم لێ بگرن ئەی خەڵکی شەخەم، بۆ ئەوەی خودا گوێتان لێ بگرێت.
- 8جارێکیان درەختەکان چوون پاشایەک دەستنیشان بکەن لەسەر خۆیان. جا بە دار زەیتوونیان گوت: ”پاشایەتیمان بکە.“
- 9«دار زەیتوونیش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە زەیتەکەم بهێنم، ئەوەی پێی ڕێز لە خوداوەندەکان و خەڵک دەگرن، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“
- 10«ئینجا درەختەکان بە دار هەنجیریان گوت: ”وەرە تۆ پاشایەتیمان بکە.“
- 11«دار هەنجیریش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە شیرینییەکەم و بەرە خۆشەکەم بهێنم، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“
- 12«ئیتر درەختەکان بە دار مێویان گوت: ”تۆ وەرە پاشایەتیمان بکە.“
- 13«دار مێویش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە شەرابەکەم بهێنم، ئەوەی دڵی خوداوەندەکان و خەڵک خۆش دەکات، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“
- 14«ئینجا هەموو درەختەکان بە دڕکوداڵیان گوت: ”تۆ وەرە پاشایەتیمان بکە.“
- 15«دڕکوداڵیش بە درەختەکانی گوت: ”ئەگەر ئێوە بەڕاستی دەتانەوێت بە پاشای خۆتان دەستنیشانم بکەن، وەرن لەژێر سێبەرەکەمدا خۆتان پەنا بدەن. بەڵام ئەگەر وا نەبوو ئاگرێک لە دڕکەکەوە دێتە دەرەوە و دارەکانی ئورزی لوبنان دەخوات!“
- 16«ئایا ئێوە بە دەستپاکی و بە ڕاستی کارتان کردووە کە ئەبیمەلەختان کردووە بە پاشا؟ ئایا چاکەتان لەگەڵ یەروبەعل و لەگەڵ ماڵەکەی کردووە؟ ئایا بەگوێرەی شایستەیی خۆی پاداشتتان داوەتەوە؟
- 17باوکم بۆ ئێوە جەنگا و خۆی خستە مەترسییەوە و لە چنگی میدیان دەربازی کردن.
- 18ئێوەش ئەمڕۆ بەگژ ماڵی باوکمدا چوون و کوڕەکانی ئەوتان کوشت، حەفتا پیاو لەسەر یەک بەرد و ئەبیمەلەخی کوڕی ژنە خزمەتکارەکەی ئەوتان کردە پاشای خەڵکی شەخەم، چونکە براتانە!
- 19جا ئەگەر بە دەستپاکی و بە ڕاستیتان کردبێت لەگەڵ یەروبەعل و لەگەڵ ماڵەکەی لەم ڕۆژەدا، ئەوا دڵتان خۆش بکەن بە ئەبیمەلەخ و با ئەویش دڵی پێتان خۆش بێت.
- 20بەڵام ئەگەر واتان نەکردبوو، ئەوا ئاگرێک لە ئەبیمەلەخەوە دێتە دەرەوە و شارنشینەکانی شەخەم و بێتمیلۆ دەخوات، ئاگرێکیش لە شارنشینەکانی شەخەم و لە بێتمیلۆ دێتە دەرەوە و ئەبیمەلەخ دەخوات!»
- 21ئینجا یۆتام ڕایکرد و هەڵات، لە ترسی ئەبیمەلەخی برای چوو بۆ بئێر و لەوێ ژیا.
- 22ئیتر ئەبیمەلەخ سێ ساڵ فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی کرد.
- 23ئینجا خودا ڕۆحێکی بەدکاری نارد بۆ نێوان ئەبیمەلەخ و شارنشینەکانی شەخەم، ئیتر شارنشینەکانی شەخەم ناپاکییان لە ئەبیمەلەخ کرد.
- 24خودا ئەمەی کرد هەتا ئەو تاوانەی لە حەفتا کوڕەکەی یەروبەعل کرا، خوێنڕشتنیان لە ئەستۆی ئەبیمەلەخی برایان بێت کە کوشتنی، هەروەها بەسەر شارنشینەکانی شەخەم، ئەوانەی هانیان دا بۆ کوشتنی براکانی.
- 25جا شارنشینەکانی شەخەم بۆسەیان لەسەر لووتکەی چیاکان لە دژی دانا و هەر یەکێک لەسەر ڕێگاکە بەلایاندا تێدەپەڕی ڕووتیان دەکردەوە. ئیتر هەواڵ گەیشت بە ئەبیمەلەخ.
- 26ئەوە بوو گەعەلی کوڕی عەبەد و براکانی هاتن و پەڕینەوە بۆ شەخەم، خەڵکی شەخەم متمانەیان پێکرد.
- 27چوونە دەرەوە بۆ سەر کێڵگەکانیان و ترێیەکانیان کۆکردەوە و بە پێیەکانیان گوشییان. لەدوای ئەوە چوونە پەرستگای خوداوەندەکەیان و ئاهەنگیان گێڕا. کاتێک خواردیان و خواردیانەوە، نەفرەتیان لە ئەبیمەلەخ کرد.
- 28ئینجا گەعەلی کوڕی عەبەد گوتی: «ئەبیمەلەخ کێیە و شەخەم کێیە هەتا ئێمە خزمەتی بکەین؟ ئایا ئەو کوڕی یەروبەعل نییە و زەڤول بریکاری نییە؟ ئیتر بۆچی ئێمە خزمەتی بکەین؟ خزمەتی پیاوەکانی حەمۆری باوکی شەخەم بکەن.
- 29خۆزگە ئەم گەلە لەژێر دەستی مندا دەبوون، ئەو کاتە ئەبیمەلەخم لا دەدا، پێم دەگوت: ”هەموو سوپاکەت ئامادە بکە و وەرە دەرەوە!“»
- 30کاتێک زەڤولی فەرمانڕەوای شار قسەکەی گەعەلی کوڕی عەبەدی بیست، زۆر تووڕە بوو و
- 31بە نهێنی پەیامنێری بۆ لای ئەبیمەلەخ نارد و گوتی: «وا گەعەلی کوڕی عەبەد و براکانی هاتن بۆ شەخەم و شارەکە لە دژی تۆ دەوروژێنن.
- 32ئێستا بە شەو خۆت و ئەو دارودەستانەی لەگەڵتدایە هەستن و لە کێڵگە بۆسە دابنێن.
- 33بەیانی کاتی خۆر هەڵاتن زوو هەستە و هێرش بەرە سەر شارەکە، ئینجا کاتێک گەعەل و ئەو دارودەستانەی کە لەگەڵیدان دێنە دەرەوە بۆت، تۆش ئەوەی لە دەستت دێ بیکە.»
- 34ئیتر ئەبیمەلەخ و هەموو دارودەستەکانی کە لەگەڵیدا بوون بە شەو هەستان و بوون بە چوار بەش و بۆسەیان دانا بۆ شەخەم.
- 35گەعەلی کوڕی عەبەدیش چووبووە دەرەوە و لەناو دەروازەی شارەکەدا ڕاوەستابوو. لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ و دارودەستەکانی کە لەگەڵیدا بوون لە بۆسەکە هاتنە دەرەوە.
- 36کاتێک گەعەل خەڵکەکەی بینی، بە زەڤولی گوت: «ئا ئەوە خەڵکن لە لووتکەی چیاکانەوە دێنە خوارەوە!»
- زەڤولیش پێی گوت: «ئەوە تۆ سێبەری چیاکان دەبینیت وا دەزانیت خەڵکە.»
- 37بەڵام گەعەل دیسان گوتی: «ئا ئەوە خەڵکن لە بەرزایی زەوییەکەوە دێنە خوارەوە و یەک تیپیش وا لە ڕێی دار بەڕووەکەی بەخت خوێنەرەکانەوە دێت.»
- 38زەڤولیش پێی گوت: «ئێستا ئەو دەمەت لەکوێیە کە پێی دوایت: ”ئەبیمەلەخ کێیە هەتا ئێمە خزمەتی بکەین؟“ ئایا ئەوە ئەو خەڵکە نین کە گاڵتەت پێیان کرد؟ دە ئێستا بڕۆ دەرەوە و لەگەڵیاندا بجەنگێ!»
- 39گەعەلیش لەبەردەم خەڵکی شەخەمدا چووە دەرەوە و لەگەڵ ئەبیمەلەخ جەنگا.
- 40ئەبیمەلەخیش بەزاندی، ئیتر لە دەستی هەڵات و بریندارێکی زۆر بە درێژایی ڕێگاکە هەتا بەردەم دەروازەکە کەوتن.
- 41ئینجا ئەبیمەلەخ لە شاری ئەروما دانیشت و زەڤولیش گەعەل و براکانی دەرکرد و نەیهێشت لە شەخەمدا بژین.
- 42ئینجا بۆ بەیانییەکەی خەڵکی شەخەم چوونە دەرەوە بۆ کێڵگە و هەواڵ درا بە ئەبیمەلەخ.
- 43ئەویش دارودەستەکانی برد و کردنی بە سێ بەشەوە و لە کێڵگەدا بۆسەی دانا، بینی وا خەڵکەکە لە شار دێنە دەرەوە، ئەویش بۆیان هەستا و لێیدان.
- 44ئەبیمەلەخ و ئەو بەشەی لەگەڵیدا بوون هەڵمەتیان برد و لەناو دەروازەی شارەکەدا ڕاوەستان، بەڵام دوو بەشەکەی دیکە هێرشیان بردە سەر هەموو ئەوانەی کە لە کێڵگەدا بوون و لێیان دان.
- 45ئەبیمەلەخیش بە درێژایی ڕۆژ چوو بەگژ شارەکەدا و شارەکەی گرت، ئەو خەڵکەی تێیدا بوو کوشتنی، شارەکەی وێران کرد و خاکەکەی بە خوێ داپۆشی.
- 46ئینجا هەموو خەڵکی قوللەی شەخەم ئەمەیان بیست، بۆیە چوونە ناو قەڵای پەرستگای ئێل بەریت.
- 47ئیتر هەواڵیان دا بە ئەبیمەلەخ کە هەموو خەڵکی قوللەی شەخەم کۆبوونەتەوە.
- 48ئەبیمەلەخ خۆی و هەموو خەڵکەکەی کە لەگەڵی بوون سەرکەوتن بۆ کێوی چەلمۆن. ئینجا ئەبیمەلەخ دەستی دایە تەور و لقوپۆپی داری بڕییەوە و هەڵیگرت و خستییە سەر شانی، بەو خەڵکەی گوت کە لەگەڵیدا بوون: «چاوتان لێیە چیم کرد، ئێوەش خێرا وەکو من بکەن!»
- 49خەڵکەکەش هەریەکە و چەند لقوپۆپێکی بڕییەوە و لەدوای ئەبیمەلەخەوە ڕۆیشتن، بە چواردەوری قەڵاکەدا دایاننا و قەڵاکەیان بەسەردا سووتاندن. بەم جۆرە هەموو خەڵکەکەی ناو قوللەی شەخەم مردن کە نزیکەی هەزار پیاو و ژن بوون.
- 50ئینجا ئەبیمەلەخ چوو بۆ تێڤێچ و گەمارۆی تێڤێچی دا و گرتی.
- 51لە ناوەڕاستی شارەکەش قوللەیەکی قاییم هەبوو، هەموو پیاوان و ژنان و تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ ئەوێ هەڵاتن، دەرگاکانیان لەدوای خۆیانەوە داخست و سەرکەوتن بۆ سەربانی قوللەکە.
- 52ئەبیمەلەخیش هات بۆ قوللەکە و چوو بەگژیدا و نزیکی دەرگای قوللەکە بووەوە بۆ ئەوەی بە ئاگر بیسووتێنێت.
- 53ئینجا ژنێک بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی کێشا بە سەری ئەبیمەلەخدا و کەللەی سەری شەقکرد.
- 54ئەویش دەستبەجێ ئەو کوڕەی بانگکرد کە قەڵغان و ڕمەکانی بۆ هەڵگرتبوو، پێی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، بۆ ئەوەی پێم نەڵێن: ”ژنێک کوشتی.“» ئیتر کوڕەکە شمشێرەکەی پێدا کرد و مرد.
- 55کاتێک پیاوەکانی ئیسرائیل بینییان ئەبیمەلەخ مرد، هەریەکە و گەڕایەوە شوێنی خۆی.
- 56ئیتر خودا خراپەکارییەکەی ئەبیمەلەخی بەسەر خۆیدا هێنایەوە، ئەوەی دەرهەق بە باوکی کردی، کە حەفتا براکەی کوشت.
- 57هەروەها خودا هەموو خراپەکارییەکانی خەڵکی شەخەمی بەسەر هێنانەوە، نەفرەتەکەی یۆتامی کوڕی یەروبەعلیان بەسەرهات.
دادوهران ١٠
- 1لەدوای سەردەمی ئەبیمەلەخ تۆلاعی کوڕی پوڤە کوڕی دۆدۆ هەستا بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕزگار بکات، کە پیاوێک بوو لە هۆزی یەساخار، لە شامیر لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەژیا.
- 2بیست و سێ ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد، ئینجا مرد و لە شامیر نێژرا.