PLAY PODCASTS
زه‌بوره‌كان ١٤٠: ١ - ١٤٣: ١٢
Season 29 · Episode 53

زه‌بوره‌كان ١٤٠: ١ - ١٤٣: ١٢

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

September 26, 202420m 11s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

زه‌بوره‌كان ١٤٠: ١ - ١٤٣: ١٢

  • 1ئەی یەزدان، لە کەسی بەدکار دەربازم بکە،
  • لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە،
  • 2ئەوانەی لە دڵەوە بیر لە خراپە دەکەنەوە و
  • هەموو ڕۆژێک خەریکی شەڕانگێزین.
  • 3زمانیان وەک زمانی مار تیژکردووە،
  • ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.
  • 4ئەی یەزدان، لە دەست بەدکار ئاگادارم بە،
  • لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە،
  • ئەوانەی پیلانیان داناوە بۆ ئەوەی قاچم بخلیسکێنن.
  • 5لووتبەرزان تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،
  • پەت و تۆڕیان بڵاو کردووەتەوە،
  • لە دەم ڕێگا داویان بۆم ناوەتەوە.
  • 6بە یەزدانم گوت: «تۆ خودای منی!»
  • ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە.
  • 7ئەی یەزدانی پەروەردگار، هێزی ڕزگاریم،
  • لە ڕۆژی شەڕدا سەری منت داپۆشی.
  • 8ئەی یەزدان، ئارەزووەکانی بەدکار مەهێنە دی،
  • لێمەگەڕێ پیلانەکانی سەربگرێت،
  • بۆ ئەوەی لووتبەرز نەبن.
  • 9با سەری ئەوانەی دەوریان داوم
  • بە خراپەی لێویان بپۆشرێن،
  • 10با پشکۆیان بەسەردا ببارێت،
  • بکەونە ناو ئاگرەوە،
  • بکەونە ناو چاڵەوە، ڕاست نەبنەوە.
  • 11با بوختانکەر لەسەر زەوی جێگیر نەبێت،
  • با کەسی توندوتیژ ببێتە نێچیری خراپە.
  • 12دەزانم یەزدان دادپەروەری دەکات بۆ هەژاران،
  • ماف دەدات بە نەداران.
  • 13بێگومان ڕاستودروستان ستایشی ناوت دەکەن،
  • سەرڕاستان لە ئامادەبوونت دادەنیشن.

زه‌بوره‌كان ١٤١

  • 1ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، خێرابە بۆ لام!
  • گوێ لە دەنگم بگرە کە هاوارت بۆ دەکەم.
  • 2با نوێژم وەک بخوور لەبەردەمت پەسەند بێت،
  • دەست بەرزکردنەوەم وەک قوربانی ئێوارە بێت.
  • 3ئەی یەزدان، پاسەوانێک دابنێ بۆ دەمم،
  • دەرگای لێوەکانم بپارێزە.
  • 4وا مەکە دڵم بەلای خراپەدا بچێت،
  • نەوەک خۆم بە کردەوەی بەد خەریک بکەم،
  • لەگەڵ ئەوانەی بەدکاری دەکەن؛
  • با لە شتە خۆشەکانی ئەوان نەخۆم.
  • 5با پیاوچاک لێم بدات، ئەمە خۆشەویستییە،
  • با سەرزەنشتم بکات، ئەمە وەک ڕۆنی بۆنخۆشی سەرە،
  • سەرم لاری نییە،
  • چونکە بەردەوام نوێژەکانم لە دژی خراپەکانیانە.
  • 6ڕابەرانیان لە خەرەند فڕێدەدرێنە خوارێ،
  • ئەوسا گوێ لە قسەم دەگرن چونکە ڕاستە.
  • 7وەک کێڵان و شەقکردنی زەوی،
  • ئاوا ئێسقانەکانیان لە دەمی گۆڕ پەرت دەکرێن.
  • 8بەڵام چاوەکانم سەرنجیان لەسەر تۆیە، ئەی یەزدانی پەروەردگار،
  • پەنا دێنمە بەر تۆ، با گیانم نەفەوتێت.
  • 9بمپارێزە لەو داوەی بۆیان ناومەتەوە،
  • لە تەڵەی بەدکاران.
  • 10با بەدکاران پێکەوە بکەونە تۆڕی خۆیانەوە،
  • لەو کاتەدا من بە ئاسوودەیی بپەڕمەوە.

زه‌بوره‌كان ١٤٢

  • 1پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
  • بە دەنگی بەرز لە یەزدان دەپاڕێمەوە.
  • 2سکاڵای خۆمی لەبەردەم هەڵدەڕێژم،
  • لەبەردەمی باسی تەنگانەکانی خۆم دەکەم.
  • 3لە کاتی ورەبەردانی ڕۆحم،
  • تۆ شارەزای ڕێڕەوی منی.
  • لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم،
  • خەڵک تەڵەیان بۆم ناوەتەوە.
  • 4ئاوڕ بەلای ڕاستدا بدەوە و ببینە،
  • کوا ناسیاوی من؟
  • پەناگا بۆ من قڕبووە،
  • کوا پرسیارکەر لە ئەحواڵی من؟
  • 5ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد،
  • گوتم: «تۆ پەناگای منی،
  • لە خاکی زیندووان تۆ بەشی منی.»
  • 6بە وردی گوێ لە لاوانەوەم بگرە،
  • چونکە زۆر زەلیلم،
  • لە دەست ڕاونەرانم دەربازم بکە،
  • چونکە لە من بەهێزترن.
  • 7گیانم لە بەندیخانە دەربهێنە،
  • بۆ ئەوەی ستایشی ناوت بکەم.
  • ئینجا ڕاستودروستان دەورم دەگرن،
  • چونکە چاکەم لەگەڵ دەکەیت.

زه‌بوره‌كان ١٤٣

  • 1ئەی یەزدان، نوێژم ببیستە،
  • گوێ لە پاڕانەوەم بگرە،
  • بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی خۆت
  • وەڵامم بدەوە.
  • 2لەگەڵ خزمەتکاری خۆت مەکەوە دادگایی،
  • چونکە کەس نییە لەبەردەم تۆ بێتاوان دەربچێت.
  • 3دوژمن ڕاوم دەنێت،
  • ژیانمی بەرەو زەوی پێپەست کردووە،
  • لەناو تاریکی داینیشاندووم
  • وەک ئەوانەی دەمێکە مردوون.
  • 4ڕۆحم بێ ورە دەبێت،
  • لە ناخمەوە دڵم دەبەسترێت.
  • 5ڕۆژگاری دێرین دێتەوە یادم،
  • لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە،
  • سەرنج دەدەمە کردارەکانی دەستت.
  • 6دەستم بۆ تۆ پاندەکەمەوە،
  • گیانم بۆ تۆ وەک خاکێکی وشکە.
  • 7ئەی یەزدان، زوو وەڵامم بدەوە،
  • ڕۆحم لەناودەچێت،
  • ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
  • ئەگینا لەوانە دەچم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان.
  • 8با بەیانییان گوێم لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بێت،
  • چونکە من پشت بە تۆ دەبەستم.
  • ئەو ڕێگایەم پێ بناسێنە کە دەیگرمەبەر،
  • چونکە گیانی خۆم بە تۆ دەسپێرم.
  • 9ئەی یەزدان، لە دوژمنەکانم دەربازم بکە،
  • هانا بۆ تۆ دەهێنم.
  • 10فێرم بکە بە ڕەزامەندیی تۆ کار بکەم،
  • چونکە تۆ خودای منی.
  • با ڕۆحە چاکەکەت ڕێنماییم بکات
  • لە زەوییەکی ڕاست.
  • 11ئەی یەزدان، لەبەر ناوی خۆت بمژیێنەوە،
  • بە ڕاستودروستی خۆت گیانم لە تەنگانە دەربهێنە.
  • 12بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دوژمنانم دەمکوت بکە،
  • هەموو ئەوانە لەناوببە کە تەنگم پێ هەڵدەچنن،
  • چونکە من خزمەتکاری تۆم.